ما 2298 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

جەلالى میرزا کەریم

- شە‌ڕ هە‌ر شە‌ڕە‌
تۆپ و بۆمبای وێرانکە‌رە‌
فڕۆکە‌ی ژە‌هر پڕژینی
خنکێنە‌رە‌
کە‌ڵبە‌ و نوخانی دوژمن و
عە‌زیایە‌کی داگیرکە‌رە‌

 

ڕۆژمێر و ڕاپە‌رین و خە‌می بێکۆتایی

 

جەلالى میرزا کەریم

 

1

ئاخۆ! .. شتێ

لە‌ دڵی ئاسمانا ماوە‌؟

ئاخۆ! .. شتێ

لە‌ سنگی مێژوودا ماوە‌؟

ئاخ! .. شتێ

لە‌ کاروانی مە‌رگا ماوە‌؟

ئاخۆ! .. شتێ

لە‌ ساڵنامە‌ی زوڵما ماوە‌؟

بۆ بەهاری: گە‌ڵاڕێزان

بۆ هاوینی: ڕێژنە‌ و لافاوی خوێن هە‌ڵسان

بۆ تە‌نیایی: منداڵانی ناو کوردستان

ببنە‌ پە‌رژین و پشتیوان.

*      *      *

ئاسمان! .. بۆ تۆ

سواری کام ئە‌سپی بۆراقی،

ئایین ببین؟

تا بنگە‌ینێ؟

مێژووی زە‌مینی ژان! .. بۆ تۆ

ڕێی کام دایکی

ئیفلاتوونی زایین بگرین؟

تا بنگە‌ینێ؟

کاروانی بیست سە‌دە‌ی هیوا و ڕامان! .. بۆ تۆ

چ پە‌یکە‌رێ بۆ هێرۆشیما و هە‌ڵە‌بجە‌ هە‌ڵببە‌ستین؟

تا بتگە‌ینێ؟

ساڵنامە‌ی سە‌ددامی باوکی،

هیتلە‌ری ژین سووتان! .. بۆ تۆ

سنوورە‌کان کیشوە‌ری مردن ئە‌بڕین

تا بتگە‌ینێ؟

تا بتگە‌ینێ و نە‌خشە‌ی کە‌للە‌ و دڵت بدڕین

تا فرمێسکی چاوی بە‌رلین و کە‌ربە‌لا و

کە‌رکووک بسرین!

ئە‌وسا سروە‌ی

پڕ لە‌ نە‌شئە‌ی

سروودێکی بێ کۆتایی،

ورد ورد بێشکە‌ی

خە‌ونی شایی

باڵە‌فڕێی پە‌ڕە‌سێلکە‌ ڕائە‌ژە‌نێ.

*      *      *

چیمان .. نە‌کرد!

مە‌گە‌ر .. بە‌ دیواری شە‌وی

زووحاکا هە‌ڵنە‌گە‌ڕاین و

بە‌رە‌بە‌یانی نە‌ورۆزمان

بە‌ ئاورنگی سە‌ر ڕوومە‌تی

گوڵاڵە‌ سوورە‌ ئاڵ نە‌کرد.

*      *      *

چیمان .. نە‌کرد!

مە‌گە‌ر دە‌ستمان

نە‌کردە‌ ملی (سیڤە‌ر) و

ئە‌و لا و ئە‌و لایمان ماچ نە‌کرد.

چیمان .. نە‌کرد!

مە‌گە‌ر بە‌ ڕووی

پە‌شیمانییە‌کە‌ی (لۆزان)دا

شە‌ڕمان نە‌کرد.

*      *      *

چیمان .. نە‌کرد!

مە‌گە‌ر دە‌ ئامۆژگارییە‌کە‌ی

(ولسن)مان وە‌ک

ئایە‌تێک لە‌ناو قورئانا لە‌بە‌ر نە‌کرد.

*      *      *

چیمان .. نە‌کرد!

مە‌گە‌ر پێنج ساڵ

بە‌ کۆش، بە ‌دە‌ست،

پشکۆی ڕە‌نگاوڕە‌نگمان

بە‌ پێپیلکە‌ی ئاگری داخا

بۆ تارای بووکی کوردستان

نە‌ْ  .. باڵای

ئاڵای شە‌کاوە‌مان .. نە‌برد.

*      *      *

چیمان.. نە‌کرد!

مە‌گە‌ر پێڵووی چرای ئە‌ستێرە‌ی شە‌قامی

کۆمارە‌ ساواکە‌ی سابڵاخمان پێ نە‌کرد.

*      *      *

چیمان .. نە‌کرد؟

هەموویمان .. کرد!

ئە‌وە‌تا .. هە‌زاران ساڵە‌

گوڵە‌ ژاڵە‌

لە‌ وە‌رزی حە‌زمانا ئە‌ژی و

پێمان ئە‌ڵێ:

(بۆ ئێوە‌ ڕە‌نگم زۆر ئاڵە‌

بۆ دوژمن تامم زۆر تاڵە‌).

 

2

دڵ .. هە‌ر دڵە‌

یە‌کە ‌و.. ئە‌گە‌رچی چوار بە‌شە‌

کوردستان هە‌ر کوردستانە‌

گە‌رچی چوار کە‌رتی یە‌ک لە‌شە‌

ئا.. لە‌م بە‌شە‌ی

کانی خوارووی هە‌ڵقوڵانا

نە‌ْ  .. لە‌م لە‌شە‌ی

ئە‌نجن بوونی شە‌قاو نانا

ئاخ! کە‌ بانگی

سە‌دان نوێژی

راپە‌ڕینی تێدا نە‌درا

ئاخ! کە‌ مانگی

زییون ڕێژی

هەزاران مێشکی تیا نە‌پژا.

*      *      *

ئاخ! شە‌شی ڕە‌شی ئە‌یلوولی سلێمانی

کام ڕە‌شە‌با

کام قوربانی بە‌بێ پە‌روا

لە‌ ئە‌لبوومی بازیانا هە‌ڵیانسانی.

*      *      *

شاخ! شە‌شی گە‌شی ئە‌یلوولی خۆڕاگرتن

لە‌ عێراقا

لە‌ ڕووباری دوو چاوی بزە ‌و مە‌راقا

ئە‌رێ چۆن بویتە‌ ئاوێنە‌ی

ڕووی تریفە‌ی

خە‌رمانە‌ی ڕۆژی مانگرتن.

*      *      *

تۆش! یانزە‌ی ئە‌یلوولی تفە‌نگ

تێشووی گوللە‌.

قوڕگی هاوینە‌ تینووە‌کە‌ی

تە‌مە‌نی هە‌ڵۆی ناو فە‌رهە‌نگ!

چۆن باڵت گرت!

بە: بناری

تارمایی ڕە‌زی گە‌رمیانت

بە‌: کڕێوە‌ی

پشتێنی بە‌فری کوێستانت

چۆن بۆ کە‌شکە‌ڵانی فە‌لە‌ک سە‌ریانتخست.

*      *      *

چیمان .. نە‌کرد؟

ئە‌وە ‌(30) ساڵی ڕە‌بە‌قە‌

لیستی خە‌زانی شەهیدان

پە‌یتا پە‌یتا

بە‌ بیلبیلە‌ی

ناخمانە‌وە‌ هە‌ڵئە‌واسرێ.

*      *      *

هەموویمان .. کرد!

ئە‌وە‌تا (30) ساڵی دە‌قە‌

کوردستانە‌کە‌ی چە‌ک لە‌ شان

لە‌ سە‌نگە‌را..

پێشمەر‌گە‌کە‌ی!

گرمە‌ی هە‌ور و برووسکە‌کە‌ی

هەرگیز .. هە‌رگیز

ئارام ناگرێ.

 

3

- وا (30) ساڵە‌ دار بە‌ڕوومان

بە‌رناگرێ.

گوڵئە‌ستێرە‌ی چۆلە‌کە‌مان

هە‌ڵنافڕێ.

نیگای وێڵی منداڵانمان

لە‌ شە‌پۆلی سۆزی مە‌مکا پێناکە‌نێ.

ئە‌ڵقە‌ڕێزی

شە‌ققە‌ی بە‌ردە‌م دە‌رگاکانمان

نۆتە‌ی گە‌ڵای

ئاوازێکمان بۆ ناچنێ.

- وا (30) ساڵە‌

بە‌ڕێوە‌ین و

ژوان بۆ دیل دائە‌نێین و

ڕۆژژمێری زیندانە‌کان،

پۆڵاڕێژن و

ناکرێنە‌وە‌.

- وا (30) ساڵە‌

ئە‌وە‌ندە‌ ڕوو!

لە‌ناو تابلۆی

حە‌وزی تێزابا قرچاوە‌

لە‌ش وە‌ک ئوردوو هە‌ڵچنراوە‌

وێنە‌ی کە‌س ناناسرێتە‌وە‌.

- وا (30) ساڵە‌

لە‌ناو دێڕی

ڕۆمانی هە‌موو شارێکا

لە‌ ئە‌شکە‌وتی

مێشکی هە‌موو شاعیرێکا

وشە‌ وە‌کو

یاریی قە‌ڵا قە‌ڵا و چاوە‌شارکێ

جارێ سە‌رنیشانە‌ و دیارە‌

جارێ چاوە‌دزێ و جارێ سە‌رە‌تاتکێ

جارێکیتر خۆشاردنە‌وە‌.

گە‌ر تۆ نە‌بای

ئێستا چریکە‌ی ئە‌م دە‌نگە‌

نووزە‌ی گۆڕی

کێلێکی ڕیسوا و سە‌رشۆڕی

نێو دوو لنگی

سوڵتانە‌کە‌ی بە‌غدا ئە‌بوو.

- ئاخ! .. پێشمە‌رگە‌!

گە‌ر تۆ نە‌بای

ئێستاکێ گە‌شە‌ی ئە‌م ڕە‌نگە‌

پە‌شتە‌ماڵی

بە‌ خوێن تاڵی

خوار ناوکی

سە‌رۆکە‌کە‌ی بە‌غدا ئە‌بوو.

 

4

لە‌ پڕ چ بارانێ دایکرد؟

گێژە‌لووکە‌ی چ ڕاپە‌ڕینێ هە‌ڵی کرد؟

کۆڵان لە‌ خۆیە‌وە‌ هە‌ڵسا

مە‌شخە‌ڵ هە‌ر بۆ خۆی هە‌ڵگیرسا

ئە‌مجارە‌یان

تفە‌نگ بە‌خۆی چووە‌ سە‌رشان

جۆگە‌ی هاوار

بە‌ تە‌وژم ڕژایە‌ نێو گە‌رووی تینوو

بۆ یە‌کە‌مجار

وڵاتی ترس ئاوا هە‌ڵچوو

تیشکی ئاوێنە‌ی شە‌پۆلی دیجلە‌ و فورات

لە‌گە‌ڵ لە‌نجە‌ی زێ و سیروانا

لە‌ ڕە‌وتی بێ وچانیانا

وا لە‌ یە‌کتری ئاڵابوون

وات ئە‌زانی بە‌ زگێ بوون

یان بوونە‌تە‌ یە‌ک سە‌رچاوە‌ی هیوا و ئاوات.

*      *      *

بە‌ڵام، ئە‌فسووس

کوانێ حە‌یا .. کوانێ نامووس

ئە‌وە‌ دیسان

ڕە‌وە‌ گورگی زامار و هاری بە‌عسییان

پاش ڕاونانیان

سمێڵی بە‌ڕێز سە‌رۆکیان

وە‌کو کلکیان

شۆڕکردە‌وە‌ بۆ ناو گە‌ڵیان

کە‌وتنە‌وە‌ خۆر سە‌ربڕین

مانگ سە‌ربڕین

لە‌ تۆڵە‌ی دۆڕاندنیانا

لە‌ کاتی گیانە‌ڵاویانا.

زریکە‌یان بە‌ردایە‌ سە‌ر هە‌موو لێوێ

گڕیان بە‌ردایە‌ گە‌ردنی هە‌موو کێوێ

دە‌ستی حە‌سە‌ن و حوسێنیان

لە‌بن بڕی

ئە‌گریجە‌ی خورمای بە‌سرایان

هەموو ڕنی.

*      *      *

ئاخ! کوردستانی خۆشە‌ویست

چیکە‌ی تریان بە‌تۆ نە‌ڕشت

مە‌گە‌ر ڕک و کینە‌ی ڕە‌شیان

بە‌ بارووت و خوێن نە‌شێلاو

نە‌یانکردە‌

نێرگزە‌جاڕی ئە‌مساڵی گرانە‌تا و

لە‌ بسکی هە‌ڵپڕووزکاوی

دووکە‌ڵاوی

باوە‌ گوڕگوڕ و قە‌ڵای هە‌ولێریان نە‌دا و؟

کردیانە‌ شاپڵیتە‌یە‌کی رە‌ش هە‌ڵگیرساو.

*      *      *

ئە‌وا لە‌سە‌ر سنگی خۆما

تارای ڕاپە‌ڕینێکت لە‌بۆ ئە‌چنم.

لە‌ناو دڵی پڕ هە‌نسکما

نە‌خشە‌ی شیعری کوردستانت بۆ هە‌ڵئە‌گرم.

لە‌سە‌ر بە‌ردی ناوچە‌وانی زە‌بوونیما

وێنە‌ی تفە‌نگێکی کە‌ت بۆ هە‌ڵئە‌کە‌نم.

لە‌ناو سۆزی تە‌نیاییما

ئاوازی عیشقێکی تازە‌ت بۆ ئە‌ژە‌نم.

 

5

- ئاخ ..! پێشمە‌رگە‌!

پاش کارە‌سات

لە‌گە‌ڵمان بە‌!

لە‌ناو ئۆردووگای دڵمان بە‌!

چە‌ک دامە‌نێ

خۆت ڕاومە‌نێ

لە‌مە‌ زیاتر!

چاوی ڕە‌شی قە‌رە‌ هە‌نجیریان هە‌ڵکۆڵی!

توخوا.. لە‌ هە‌ڵە‌بجە‌ زیاتر

ئیتر چیتر ماوە‌ بیکە‌ن

مە‌گە‌ر هە‌ر لە‌ پردی دە‌لالی زاخۆوە‌

هەتا دە‌مارە‌کانی نە‌وتی خانە‌قین

خاک و خۆڵی

شیرینیان وە‌ک بێژنگ لێکرد

چە‌ک دامە‌نێ

چاو لێکمە‌نێ

دوێنێ ئە‌وە‌ندە‌یان لێ قە‌ڵاچۆ کردین

نایە‌تە‌ ژمارە‌ و پرسین

بە‌ ملیۆن و

دوو .. سێ ملیۆن

پیر و مناڵانیان بێ سە‌روشوێن کردین

لە‌ ماڵ و حاڵمانیان کردین.

- دە‌سا.. تو خوا ئە‌ی پێشمە‌رگە‌!

کوردستانت

ئیمشە‌و لە‌شی بێ ڕایە‌خە‌..

تکایە‌ گیانتی بۆ ڕاخە‌.

 

6

دوای هە‌موو ئە‌م بەسەرهاتە‌

کە‌چی تازە‌ وە‌فد ڕێکئە‌خرێ

یە‌ک لە‌ دوای یە‌ک

بۆ لای قە‌سابە‌کە‌ی بە‌غدا

بە‌ڕێ ئە‌کرێ

گوایە‌ نوخشە‌ و نۆبە‌رە‌ی مفاوە‌زاتە‌.

*      *      *

لێم ببوورە‌!

کوورە‌ گڕی شیعری تووڕە‌!

جارە‌ جارێ

داخی دڵم وا بە‌ ساکاری هە‌ڵڕێژم

ڕستە‌ جریوە‌ شاکارێ

لە‌ زمانی ناو بازاڕا وا بنێژم.

*      *      *

کونە‌ شاری زە‌ردە‌واڵە‌ و

ڕێچکە‌ی ڕە‌ژوو،

لێت ناترسم!

ئە‌م هە‌ڵوێستە‌م بخنکێنی

وە‌ستا و بە‌ هەر‌زانی وانە‌ و

قوتابخانە‌ی مژدە‌ی سووتوو،

لێت ناپرسم!

لە‌ (فندق الرشید)ە‌وە‌ چیم بۆ دێنی.

*      *      *

خۆتان ئە‌ڕۆن!

چاو بە‌ستە‌ش بن .. هە‌ر شارە‌زان،

بۆیە‌ سە‌رقاڵی هاتوچۆن،

تا لە‌سە‌ر خوانی ئا‌ژانسی

کوشت و بڕ و دە‌نگوباسی

ڕشانەوە‌ی سە‌رۆک بخۆن

تا بە‌ ئابڕووی تکێنراوی

خۆتان زامی سە‌ددام بشۆن.

*      *      *

لە‌جیاتی کێ؟

ئە‌و مناڵە‌ی لە‌ تاوی بێ شیری ئە‌مری

یا ئە‌و دایکە‌ی

تاقانە‌ جگە‌رگۆشە‌کە‌ی

بە‌ دە‌ستی خۆی لە‌ چاڵ ناشت و

پە‌نجە‌یە‌ک نە‌بوو ر‌ِەهێڵە‌ی

خوڕی چاوی بە‌ر پە‌نجە‌رە‌ی

لە‌بۆ بسڕێ.

*      *      *

لە‌جیاتی کێ؟

باوە‌ش ئە‌کە‌ن

بە‌ سە‌رتاپای تاوانێکا و

ئە‌م لا و ئە‌و لای

داڕزاوی بۆگە‌نی سە‌ددام ماچ ئە‌کە‌ن.

*      *      *

لە‌جیاتی کێ؟

مانگێ زیاتر لە‌ باوە‌شی

بە‌عسا کڕبوون

نە‌خێر وڕبوون

پێشمان ئە‌ڵێن:

- بە‌ڕێز سە‌رۆک لوتفی هە‌یە‌ -

ئە‌مجارە‌یان

لە‌ جێی حە‌کە‌م

بە‌ (مهندس الحکم الژاتی) ناوئە‌برێ.

*      *      *

لە‌جیاتی کێ؟

لە‌ جێی قە‌ڵغانی قە‌ڵە‌م و

بە‌یتە‌ شیعرێ؟

کە‌ لە‌ داخا سە‌ر و قژی خۆی ئە‌ڕنێ و

هاوار ئە‌کا و ئە‌نە‌ڕێنێ

ئە‌بێ ئێستاکە‌ بنووسرێ.

 

7

لە‌پاش چی؟

گلە‌یی لە‌ سە‌نگە‌ر ئە‌کە‌ن

گلە‌یی لە‌ خە‌نجە‌ر ئە‌کە‌ن

ناوی (شۆڕش)

بە‌ - شە‌ڕ – ئە‌بە‌ن

ئە‌گە‌نە‌ ئە‌و قە‌ناعە‌تە‌ی

هەر بە‌ ئاشتی

نە‌وە‌ک بە‌ شە‌ڕ

ئە‌م ئاواتە‌ی

کورد سە‌ر ئە‌خە‌ن.

*      *      *

- شە‌ڕ هە‌ر شە‌ڕە‌

تۆپ و بۆمبای وێرانکە‌رە‌

فڕۆکە‌ی ژە‌هر پڕژینی

خنکێنە‌رە‌

کە‌ڵبە‌ و نوخانی دوژمن و

عە‌زیایە‌کی داگیرکە‌رە‌

- بە‌ڵام .. شۆڕش

چۆڕاوگە‌کە‌ی خوێن و کۆشش،

تە‌نیا لێزمە‌ی

بارانێکی داهێنە‌رە‌

تاکە‌ هە‌گبە‌ی

ڕێ بە‌رە‌و لووتکە‌ی سە‌رخە‌رە‌

شۆڕش .. نامە‌ی

گە‌ردوونی ڕزگاریکە‌رە‌

تاقە‌ لانە‌ی

هە‌ڵۆیە‌کی ئە‌شکە‌وتگرە‌

لە‌ بۆ ئاشتیش

لە‌نجە‌ باڵی

شین ساماڵی

پۆلە‌ کوتری ژوورووی هە‌ورە‌.

*      *      *

خواست و ئامانجە‌کانیشمان

کە‌لوپە‌ل و

هە‌یتو هاواری ناو مە‌زاتخانە‌ نییە‌

خوێن و گۆڕی

هە‌زاران هە‌زار شەهیدی

تێیدا وە‌کو

جاجمە‌شڕی،

قە‌نە‌فە‌ کۆنێ بفرۆشرێ،

یان دووکانی بە‌رگدرووی

ژنانە‌ و پیاوانە‌ نییە‌

جل و بە‌رگی گڕ خڵتانی

کوردستانی

تێیدا وە‌کو

ڕانک و چۆغە‌ و ستارخانی

لە‌م لا قارسکا و

بیداتە‌وە‌ دە‌می ئە‌و لا و

بە‌ مە‌قە‌ستی تیژ دە‌بانی

دە‌رزی و داوی بێ ئامانی

سنوورە‌کانی جە‌ستە‌مان

لە‌ت و کوتکا و

ئە‌وسا ئۆتۆنۆمی خۆیان

بە‌ باڵامانا هە‌ڵکێشێ.

 

8

لە‌ ئاستی شیعری خە‌مخوارا

قە‌ڵە‌می هە‌نسک ژارا

پە‌ڕە‌ی ڕووی دە‌فتە‌ری کزا

ڕوو لە‌ کام خوا کە‌م بۆ نزا

- بڕۆ بڕۆ...

گوێ مە‌دە‌رە‌ یاساوڵێ، لێت بخوڕێ و داواى شوناسنامە‌ی

دە‌وڵە‌تێکی قە‌حپە‌ت لێ بکا و لێشت بپرسێ:

ناوت چییە‌؟

(ابن العوجە‌) یان (کوردستان)؟

- بڵێَ و بڵێ .. دایکم تە‌نیا منی هە‌بوو،

باوکم لە‌من زیاتر کە‌سی تری نە‌بوو،

هەر منیان بوو

منیشیان ناونا کوردستان.

Relatert bilde

 

 

بە‌هاری 1991

 

 

•          گۆڤارى ڕێگاى ئاشتى و سۆسیالیزم، ژمارە (27) 1991.

 

  

گەڕان بۆ بابەت