ما 1081 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ 

لە فولکەکەی ناو بازار بای دایەوە ئۆتۆمبیل لە پشتەوە لێی دا! ئەوە بوو ئازاد قاچی شکا و پایسکلەکەشی زەرەرمەند بوو. هەر بۆیە ئازاد شەش مانگ کەوتە سەر جێگا. لەو میانە نەوزاد پەیتا پەیتا پایسکلەکەی چاک کردەوە و ئیزنی لە ئازاد وەرگرت کە لەمەولا پایسکلەکە لێدەخوڕێ. 

 

پایسکل و هەژاری

هاوڕێ نەهرۆ              

دوو برا هەبوون بە نێوی ئازاد و نەوزاد، ئازاد تەمەنی پانزدە ساڵ بوو نەوزادیش چواردە. نەوزاد پێ وابوو ئازادی برای زۆر لەوی ئاقڵترە، ئاخر پەندێکی پێشینان هەیە گوایە (ئەوەی رۆژێ لە تۆ گەورەتر بێ بە درێژایی ساڵێک لە تۆ زاناترە!) ئازاد و نەوزاد ڕەنگی چاویان شینی کاڵ بوو روومەتیشیان سپییەکی زەردباو بوو. هەموو ساڵێک لەقوتابخانە یەکەم دەردەچوون. لەهاوینانیشدا ئازاد ئیشی کرێکاریی دەکرد و نەوزادی برای نیوەڕوان خواردنی بۆ دەبرد. شوێنی کارەکە بەدووریی کیلومەترێک لە ماڵەوەیان دوورە. ماوەیەکە بە تەندەر خانوو دروست دەکەن بۆ سەربازەکان. ئازاد لەوێ ئیشی دەکرد. وەستاکەیان ناوی ئەبو عەمار بوو خەڵکی گەڕەکی شوڕشی شاری بەغدا بوو. گەرەکی شوڕش موڵگەی شێعەو شیوعی بوون. ئەو ماڵانەی لە مەندەلی و خانەقین دەرکرابوون زۆربەیان لەوێ دەژیان. کاتی خۆی لەساڵی ١٩٥٨ بەم لاوە سەرۆک کۆماری ئەو دەم عەبدولکەریم قاسم گەرەکی شوڕشی دروست کردبوو بۆ هەژارەکانی باشوڕی عیراق کە لەبەغدا بوون خانوویان نەبوو. هەر ئەویش ناوی نابوو شوڕش (الثورة) تا دواتر بووە شاری شوڕش. وەستاکانی ئەو تەندەرچی یە هەموو خەڵکی ئەو گەڕەکە بوون چ ئەوانەی دیوار دروست دەکەن یان کاری گەچ و لەبغ کاری و کاشی دانان ئەکەن! ئەوان دەهاتن دوای ئیش کردن لەسەر شوێنی کارەکە دەخەوتن و ئیوارەی پینج شەممەو هەینی دەگەڕانەوە بۆ لای کەس و کاریان! ئازاد لەبەر دەستی ئەبو عەمار ئیشی دەکرد، گەچی بۆ دەگرتەوە ئەویش دیواری دروست دەکرد.

باوکی ئازاد و نەوزاد بە مووچەیەکی دیاریکراو ئیشی دەکرد. جگە لە ئازاد و نەوزاد چەند منداڵیکی دیکەی هەبوو. وەک پیویست مووچەکە بەشیانی نەدەکرد. ئازاد و نەوزادیش درکیان بەوە کردبوو کە باوکیان کەم دەستە هەر بۆیە پەڵپیان لە باوکیان نەئەگرت و خواستەکانی خۆیان خەفە ئەکرد. کە هاوینان ئازاد ئیشی دەکرد خەرجی خۆی و براکەی دەرئەکرد بەڵام ماوەیەکە خولیای کڕینی پایسکل لە کەللەی ئازاد داوە، نرخی پایسکلیش هەژدە دینار بوو لەسەرەتای هەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو، دەبوایە ئازاد مانگ و نیوێک تا دوو مانگ ئیشی تاقەت پروکین بکا و پارە پاشکەوت بکا ئەوجا دەتوانی بەدڵی خۆی پایسکلی بکڕێ! لەو رۆژەوە خولیای کڕینی پایسکل لەکەلەی ئازاد داوە کاتێ کە لە تەلەفزیونە رەش و سپییەکەیان فیلمێکیان بینی بە نێوی دووچەرخە، فیلمی دووچەرخە باس لە خێزانێکی هەژار دەکا کە باوکەکەیان دوو چەرخەی هەیە. کاتێ کە مناڵەکەیان نەخۆش دەکەوێ پارەیان نییە بیبەن بۆ دوکتۆر ناچار باوکی بەشداری کێ بەرکێ دووچەرخە ئەکا، ئەوەی ئەم یارییە بباتەوە بەخشیشێکی چاک وەردەگرێ بەڵام کێ بەرکێ یەکە سەختە، دەبوایە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ بە دەوری بازنەیەک دا بسوڕێتەوە، لە کاتێ سوڕانەوە خەیاڵی باوک لای مناڵە نەخۆشەکەی بوو، خەونی بەوەوە دەبینی کێ بەر کێ یەکە بباتەوەو مناڵە نەخۆشەکەی لە مردن رزگار بکا ئیدی زۆر هەوڵ ئەدا تەنانەت زۆر هیلاک ئەبێ، چارەکێک ماوە یاریەکە بباتەوە مناڵەکەی دەمرێ لە دواجار هەم مناڵەکەی دەمرێ هەمیش یاریەکە دەدۆرینێ! ئەم فیلمە باس لە پایسکل و هەژاری دەکا!

ئازاد لەگەڵ بەسەرهاتی ئەم فیلمە ئاوێتە ببوو، دەیگووت من لە باتی پیرەمێردەکەی باوکی بومایە گرەوەکەم دەبردەوەو مناڵەکەشم لە مردن رزگار دەکرد! ئازاد کە ئیشی دەکرد هەفتانەکەی سێ دینارو شەسەد فلس بوو. رۆژی پینج شەممان تەندەرچی یەکە دەهات و پارەی بەسەر ئیشکەرەکان دا دابەش ئەکرد، پینج شەممان لای ئازاد تام و بۆنێکی خۆشی هەبوو. ئازاد خۆی دەشووشت و جلی پاکی لەبەر دەکرد هەموو خەیاڵی لای بەیانی بوو کە رۆژی پشووەو زوو لە خەو هەڵناسێ و بچی بۆ سەر کاری تاقەت پروکێن.

نەوزاد لە ئازادی برای دەپرسی ئەگەر پایسکلت کڕی لێدەگەری لێبخوڕم، ئازادیش ئەیدا لە قاقای پێکەنین و پێی دەگووت تۆ بڕۆ جارێ خۆت فێر بکە ئەوجا داخوازیەکەت قبوڵ ئەکەم.

نەوزاد لەبەر ئەوەی ساڵێک مناڵتر بوو لە براکەی ئیشی کرێکاریی دەست نەدەکەوت. ناچار خۆی بە یارمەتی دانی براکەیەوە خەریک دەکرد وەک لە سەرەتا ئاماژەمان پێ دا نیوەڕوان خواردنی بۆ دەبردە سەرکار. خواردنەکەش بریتی بوو لە پاقلەی کوڵاوو لە نێو رۆن و پیاز چێ کراو، لەبەر ئەوەی لە گەرەکەکەیان بەیانیان پاقلە فرۆش هەبوو هەموو بەیانییەک نەوزاد چەند جێ قاپێکی لێ دەکڕی و دایکی لە نێو رۆن و پیاز چێ دەکرد. کاتێ نیوەڕوان ئازاد و نەوزاد خواردنەکەیان پێکەوە دەخوارد، نەوزاد بە پارێزەوە دەستی بۆ پارووەکەی دەبرد لەدڵی خۆی دا دەیگووت ئازادی برام ماندووە با ئەو زۆرتر خواردنەکە بخوا، کە لە خواردنەکە دەبونەوە ئازاد دەچوو بۆ نیمچە دوکانەکە لەوێ دوو بیبسی ساردی دەکڕی کە بایەی شەست فلس بوو وەک پاداشتێک بۆ ماندووبوونی براکەی کە خواردنی گەرمی بۆ هێناوە. بەم شێوەیە کە نەوزاد خواردنی دەبرد بۆ براکەی هەموو رۆژێ وەک پاداشت بیبسی یەکی ساردی دەست دەکەوت.

ئیدی لە نێوان خۆیان دا باسی پارەی پاشکەوت و ئیش و نرخی پایسکل و هتد دەکرد. رۆژ هات و رۆژ چوو پارەی پایسکلەکەی بەزیادەوە پاشکەوت کرد. هەر بۆیە بریاریان دا رۆژی هەینی پێکەوە بچن بۆ بازارو لە مەغازەیەکی شار پایسکلێکی تازەی رەشیان کرێ. هەر ئەو رۆژە چوون بۆ لای پایسکل چی دەبڵ ماشەیەکیان بۆ کڕی نەوەکو ماشەی پێشەوە بشکێ هەروا گڵوپ و دینەمۆیان تێ خست و هینایان بۆ ماڵەوە یان باشتر بڵێن سواری بوون ئازاد لێدەخوڕی نەوزادیش لە پشتەوەی دادەنیشت. ئازاد دەیگووت تازە چی دی بە پێ نارۆم بۆ قوتابخانە لەبەر ئەوەی قوتابخانەکەیان دوو کیلومەتر لە ماڵەوەیان دوور بوو. نەوزاد دەیگووت ئەی من؟ ئازاد لە وەڵامی دا دەیگووت تۆیش دەگەیەنم. رۆژێکیان بەهار بوو ئاو هەوا زۆر خۆش بوو دەمەو خۆر ئاوابوون بوو ئازاد نەوزادی برای لە پشتەوە سوار کردوو چوون بۆ دەم رووبارەکەی لای ماڵیان لەوێ تازە رووەکی قەڵغانە پێ گەیی بوو، ئازاد چەقۆیەکی بچکۆڵانەی پێ بوو چەند لاسكێکی قەڵغانەی بڕی و پاکی کرد و بەشی نەوزادی برای دا. بەقسەی نەوزاد ئەوە خۆشترین ساتەکانی ژیانی بووە کە ئازادی برای سۆزی بێ هاوتای پێ بەخشیوە، بەڵام مەخابن وەک دەڵێن با هەمیشە بەدڵی کەشتی یەوان هەڵ ناکا.

رۆژێکیان ئازاد بە تەنیا بە پایسکل دەچوو بۆ قوتابخانە لە فولکەکەی ناو بازار بای دایەوە ئۆتۆمبیل لە پشتەوە لێ دا! ئەوە بوو ئازاد قاچی شکا و پایسکلەکەشی زەرەرمەند بوو. هەر بۆیە ئازاد شەش مانگ کەوتە سەر جێگا. لەو میانە نەوزاد پەیتا پەیتا پایسکلەکەی چاک کردەوە و ئیزنی لە ئازاد وەرگرت کە لەمەولا پایسکلەکە لێدەخوڕێ. تەنیا قسەی ئازاد ئەوەبوو بە دڵشکاوییەوە پێدەگووت وریا بە برام وەکو منت لێ نێ، بەڵام نەوزاد زۆر بەوریاییەوە پایسکلەکەی دەهاویشت و لەبەر خۆیەوە گۆرانی دڵداری دەچری. هەر وا لەدڵی خۆی دا دەیگووت سوپاس بۆ خوا لەم رووداوە ئازادی برام هیچی لێ نەهات تەنیا قاچی شکا. سوپاس  بۆ ماندووبوونی ئازاد کە بە ئارەقەی نێوچاوانی و بەکاری تاقەت پڕوکێن ئەو پایسکلەی کڕی کە ئێستا من دەیهاژوم!

       Bilderesultat for bysykkel karikatur                                           

 

                                                    

گەڕان بۆ بابەت