سەباح ڕەنجدەر

کاکە جەلال شیعرم یەکجار خۆش دەوێت، چونکە خودى خۆمە. تا ڕادەى توانەوە لەناویدا تواومەتەوە، بەڵام بە دەستى ئەوانەى هونەرى نووسین نازانن و قسەوقسەڵۆکەکانیانەوە ئازارى زۆرم تێیدا چەشت و ستەمیان لێ کردووم و بەدەستیانەوە ماندوو بووم و ماندووم. 

 

نامەیەکى کراوە بۆ جەلال بەرزنجى

سەباح ڕەنجدەر

کاکە جەلال بەرزنجى، کە گوێت لە هاوار بوو، ئاگرت کردەوە. ئاگر زەوى لە پیسى پاک دەکاتەوە و هێڵێکى داگیرساو بەرز دەکاتەوە. کۆشیعرى: (بەیەکەوە تەنیاین)، کە ساڵى 2015 لە خانەى موکریانى بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپ کرا. هەستى ڕاگرتم، هەست هەموو توانا نیشتووەکانى لە قووڵاییەکانەوەن پاڵیان پێوە دەنێت و سەریان دەخات و ئاراستەیان دەکات بۆ بینین، کە بیندراش فۆرمێکى گونجاو وەردەگرێت. فۆرمى نووسین، کە ئەم گەشەکردنەم ئاراستەى هەستەکانى خۆم کرد. هەستم کرد کۆمەڵێک شیعرى تۆ لە هەستەکانى مندا نیشتوون و سەردەکەونەوە لەم کۆشیعرەتدا دوا خراون و گفتوگۆم لەگەڵدا ناکەن، بەڵام زەینم دەیبردمەوە سەر ئەو شوێنانەى بەر زەینم کەوتوون، لە ڕۆژنامەى کوردستانی نوێدا گەڕام پێنج شیعرم دۆزییەوە.

1- هەڵبزڕکانى بڵندایى

2- ئاشتبوونەوە

3- شەوێکى تر نەچوومەوە گوێ چەمى منداڵیم

4- وەرە تا زووە شوێنێک لە مردن بۆ خۆمان بکەینەوە

5- شتە ئاسایییەکان و شتە نائاسایییەکان

تایپ و هەڵەگرى و ڕێنووسیشم کردوون. ئەوە بۆ ئیمێلەکەتى دەنێرم. خۆزگە لەو دانیشتنەى 18/1/2017، کە نەژاد عەزیز سورمێ و تۆ و من لە یانەى (سیپان دوو) لە هەولێر دانیشتین ئەو پرسیارمەم بهێنابووایە گۆڕێ، ئایا ئەم شیعرانە بۆ نەکەوتوونەتە ناو کۆشیعرەکەتەوە، کە شیعرى جوانیشن. بەدڵنیاییەکى ڕوونەوە لە تەواوى ئەم شیعرانەى لە کۆشیعرەکەتدان جوانترن. لە ژیانى شاعیرى داهێنەردا ئامانجێک هەیە و هەمیشە بە دوایدا دەچێت و بە چیادا هەڵدەگەڕێ. لە پێناو گەیشتن بە لووتکەدا نا، لە پێناو بەردەوام کۆششکردن و بنیادنانى کەسایەتیی ئەدەبی و بەسەر خۆداکرانەوە.

ئەم شێوازەى (شتە ئاسایییەکان و شتە نا ئاسایییەکان) بۆ ساڵى 1995 لە ئەزموونى تۆدا خۆگۆڕینێکە و شتێکى تر هاتووەتە ناو دنیاکەتەوە. واتە: شتێک لە بەهرەى تۆدا ڕووی داوە. گونجاندنێکى ئەفسوونیت لە نێوان ئەم دژانە بەکار هێناوە، کە تەنیا ناوت بردوون و لە ناوەکەشدا ئیحات داوە. واتە: وشەکەت لەڕووى دەروونییەوە گەرم و هەستیار کردووە و هەوڵت داوە لە وشەدا ئیحا بدرێت و وشەکەش وەک ڕستەیەکى شیعرى خۆى پێشکێش بکات، کارایى شاعیرێکە بنیادى تواناى ئەدەبى ناوە و وشەکە بەرز دەکاتەوە تا ئاستى خۆدرکاندن و بژارکردن بۆ هەڵبژاردن و پڕ ئیحاکردنى.

ئەم کۆشیعرەت بریتییە لە بنیادى گەڕان بەدواى نیشتیمانێکى دیارنەماو، یان هەستێکى سەرگەردان و بزربوو تێیدا. تۆ و عەبدۆڵڵا پەشێو بەشێکى زۆرى شیعرەکانتان لە دەرەوەى وڵات نووسیوە، پێچەوانەى ئەزموونى تۆ، ئەو بنیادى نیشتیمانێک دیار دەکات و هەستى تێدا دەجۆشێنێت. شوناس لە ئەزموونى هەردووکتان هاوبەش نییە. هى تۆ گەڕانە بەدواى شوناسى هەستى و هى ئەو پێشکێشکردنى شوناسى بەڵگەییی. هەست لە گەڕان بەدواى شوناسدا بەهێزترە لە شوناس پێشکێشکردن. هەردووکیان گوزارشت لە ماناى بوون دەکەن و خوێنەر سەرسام دەکەن. یەک بوونێکى هەستى و ئەوی تر بوونێکى بەڵگەیی.

کۆشیعرى یەکەمت: (سەماى بەفرى ئێواران – 1979). دوو تایبەتمەندیى گرینگى تێدایە:

یەکەم: لەم کۆشیعرەدا پەخشانە شیعرى کوردى تەواو دەردەکەوێت. پێشتر وەک تاڵەتیشک هەبووە، بەڵام وەک دەرکەوتن ئەم کۆشیعرە دەستپێکە. دواتر شیعرى: ( هاتیت – ی محەمەد موکرى – گۆڤارى بەیان، ژمارە (59) 1980 و سووتانى ڕەنگەکان - ی دڵشاد عەبدوڵڵا – گۆڤارى بەیان، ژمارە (95) 1984) تیشکى زیاد و بەهێزتریان خستە سەر پەخشانە شیعرى کوردى.

دووەم: یەکەم کۆشیعرى نەوەى ئێوەیە تەواو لە کەشوهەواى شاعیرانى پێشە خۆیان چووبێتە دەرەوە و قەڵەمبازێک بێت بۆ خۆجیاکردنەوە و نوێبەخشییەکى تر، لەم کۆشیعرەدا، شیعرى کوردى پرسیارى قووڵتر لە خۆى دەکات.

 ژیان پڕ بەهرەیە، دەتوانیت بەهرە لە بەهرەکانى ژیان وەرگریت بە سوودوەرگرتن لە تواناییەکانت بیکەیت بە پاڵپشت و نیشانەى کارکردنى بەرپرسیارێتى و قوربانیدان، ئەم توانینە هێزێکى پێگەیشتووى پێویستە بۆ پڕ ئیحاکردنى وشەى بەرپرسیارێتى و قوربانیدان. دەست بە داهێنانە جوانەکانمانەوە دەگرم و وەک نموونەى باڵا دەیانهێڵمەوە و دەیانهێنمەوە بەرچاوى نەوەى نوێ و خوێنەرى نموونەیی. قەت ناتوانم پشت لە جوانییە ڕاستەقینەکان بکەم. ئەزموونى تۆ لەناو شیعرى هاوچەرخى کوردیدا جوانییەکى ڕاستەقینەیە و هانى داوم و هاوکاریى کردووم بۆ جۆش و گەڕانى بێسرەوت و خۆشەویستیى زیاترم بۆ شیعر و خۆلادان لە زمان و فۆرمى باو.

کاکە جەلال شیعرم یەکجار خۆش دەوێت، چونکە خودى خۆمە. تا ڕادەى توانەوە لەناویدا تواومەتەوە، بەڵام بە دەستى ئەوانەى هونەرى نووسین نازانن و قسەوقسەڵۆکەکانیانەوە ئازارى زۆرم تێیدا چەشت و ستەمیان لێ کردووم و بەدەستیانەوە ماندوو بووم و ماندووم. ئێمە ئازارى زۆرى ئەوانە دەدەین، کە داهێنەران. لەو مەیلە ناقوڵایەوە چەندان بەهرە و خولیا تێکدەشکێن، بەڵام من وەک بڕوادارێک بڕوام بە تۆڵەى خودایى هەیە، کە خودا پارێزەرى هەموومانە. ئەوەى چاکەى لەگەڵدا کردووم، لەبەر چاومە. ئەوەى خراپەشى لەگەڵدا کردووم. لەبیرى ناکەم، بەڵام هەوڵ دەدەم لە خۆمى دوور بخەمەوە. بەرانبەر شیعر چاوەکانم کردوونەوە و ئەویش سەیرى من دەکات.

لە 4/1/1983 تازە چەند شیعرێکى سەرەتاییم لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کرابوونەوە. لە دەفتەرێکى بەرگ ئاسمانیدا بە دڵوداو نووسیبوومنەوە. ناوم نابوو : (قووڵایییەکانی ئا و نا: ئا = مردن، نا = ژیان). پێشانی یەک لە شاعیرە بەئەزموونەکانى شارەکەم، مەدحەت بێخەوم دا. بە جۆرێک ستایشى شیعرەکانى کرد، هەر هێندەم مابوو خۆم لێ بگۆڕێت و خۆم بە پاشاى بێ تاج بزانم. ناونیشانى دەزگاى ڕۆشنبیرى و بڵاوکردنەوەى کوردیم وەرگرت و چوومە بەغدا. لە گەراج تەکسییەکم بۆ ناونیشانى وەرگیراو گرت و یارمەتیم لە پرسگە وەرگرت و بەژوور کەوتم. لە مەمەڕەکەدا ڕووبەڕووى پیاوێکى باڵا بەرز بوومەوە، بە کەم ئەزموونى و سادە و ساکاریی خۆم گوتم: ( من شاعیرم و لە هەولێرەوە هاتووم و دیوانم هەیە دەمەوێ چاپى بکەم). ئەمیش بەبێ ئەوەى هیچ بایەخم پێ بدا و قسەیەکم لەگەڵدا بکات، چەند هەنگاوێک لە من دوورکەوتەوە و سەرى بە ژوورێکدا گرت، بە دەنگێکى تەوساوى و گاڵتەئامێزەوە، گوتى: (مەحموو، مەحموو ئەو گەنجە هەولێرییە هاتووە و دەڵێ شاعیرم و دیوانم هەیە). جا نازانم لە هەڵزەقینەوەى گاڵتەئامێزى ئەو پیاوە بوو، یان هەر خۆى مێوان دۆست بوو. منى زۆر بە گەرموگوڕى وەرگرت و لە ژوورەکەى خۆى داینام و چایەکیشى بە دەستى خۆى بۆ هێنام. دەفتەرەکەى لێ وەرگرتم، لێرە و لەوێ چەند لاپەڕەیەکى خوێندەوە و گوتى: (ئەمانە شیعر نین، ئەمانە سۆزن، بڕۆرەوە ماڵى خۆت و بخوێنەوە، تا هەست نەکەیت شیعر پێویستى بە تۆیە بینووسیت مەینووسە، کە هەستت کرد پێویستى پێت هەیە بینووسیت بینووسە). دواى تاوێ بێدەنگى، وەک ئەوەى لە شەڕدا بێ دووبارە گوتییەوە: (وەک گەنجێک ئەگەر داهێنەر بووى، هەرچى یارمەتییەک پێویست بوو، دەتدەم. ئەگەر داهێنەریش نەبووى، یەک دوو بڵمە بڵمى کرد، زانیم ناڕەزایی بوو، بەڵام بە ئاڵۆزى گوتى نەیهێشت من تێیگەم). تەنیا بە ناونیشانەکەى گوت جوانە و زۆریش پێى کاریگەر بوو.

منیش بەدڵى شکاوە و بێ ماڵئاوایی لە ژوورەکەى چوومە دەرەوەى. لە دەرگاوە دووبارە تەکسیەکى ترم گرت و یەکسەر بۆ گەراج. لە ڕێگادا، هەر لە بەغداوە تا هەولێر هەرچى جوێنى دنیا هەیە بە مەحموود زمدارم دا، نەک هەر خۆى تا هەژدە پشتیشى. ئێستاش دەفتەرەکەمم پاراستووە. هەر چەند جارێک تەماشاى دەکەم. ئەوجا دەزانم مەحموود زامدار چ یارمەتییەکى منى تازەکوورەى داوە و چ ڕاستگۆ بوو لەگەڵ ئەزموونى نووسین. سوپاس بۆ ئەو بە ڕەقییە هەڵسوکەوت کردنەى لەگەڵمدا. بە ڕێگاى خۆمدا ڕۆیشتم و دروود بۆ ئەو، دروود بۆ ڕاستگۆیی لەگەڵ ئەزموونى نووسین. قسەکانى بە پیرۆز دەزانم. دواى ماوەیەک کارەکەى گواستەوە لقى هەولێرى دەزگاى ڕۆشنبیرى و بڵاوکردنەوەى کوردى، بەشى پێنجەمى (زێوان)م پێشان دا، پێى گوتم (حەڵاڵزادە)ى شیعر و شیرپاکى نوێبەخشى، چاک بەسەر شێواز و زماندا زاڵ بووى.

سەڵاح شوان و عەبدوڵڵا عەباس کۆڕێکى شیعرییان لە 16/2/1983 لە هۆڵى بەڕێوەبەرایەتیى ڕۆشنبیرى جەماوەرى لە هەولێر پێشکێش کرد. لە کۆڕەکەدا، ئەوجا زانیم ئەو پیاوەى لە مەمەڕەکەدا پرسیارم لێى کرد عەبدوڵڵا عەباس بوو، ئەو شاعیرەى پێشتر دوو کۆشیعریم. (1- سێ سەمفۆنیە و شەش سروود. 2- تۆ لە نێوان کۆچى شەو و ماچى ڕۆژدا)م خوێندبووەوە و خۆشم ویستبوو.                                                                                                                                                                                       

ئێستا خەریکى ئامادەکردنى سەرجەم شیعرەکانى خۆمم و تەنکە دەستکاریەکیشم کردوون. بەنیازم دەرفەتێکم بۆ هەڵکەوێت چاپیان بکەم. لە خوێندنەوەى سەرجەم شیعرەکانمەوە زۆر بە ڕوونى ڕووبەڕووى ئەوە بوومەوە. باڵندە و پەلەوەر و ئاژەڵ و گیانەوەر و ڕووەک شانبەشانى مرۆڤ کارەکتەرى سەرەکیى ئەدەبى منن و قورسایی خۆیان داناوە و بەبایەخەوە دەرکەوتوون و هێماى سادەیی جوانین. هەندێک غەفڵەتى وێنەشم بەدى کرد، ئەوانیشم چارە کردوون.

زۆربەى خوێندنەوە و نووسینم لەناو دانیشتنەکانى ماڵ و منداڵەوەیە. نە بێزار دەبم، نە دەکەومە بارێکى نائاساییەوەش. تەنیا هەندێ جار لە ناوەختدا بانگم دەکەن. ئەرێ قاوەیەکت بۆ بکەین، یان میوەیەکت بۆ بهێنین. حەزم لەو بانگکردنە نییە، بەڵام بێزاریم بەڕوویانەوە دەرنەبڕیوە. تا هەست بە تووڕەییم، یان دڵگرانیم بکەن. تەنیا قەڵەمەکەم بەرز دەکەمەوە خۆیان دەزانن ئاماژەى بەڵێیە.

چەند ساڵێکە تووشى سێ نەخۆشیى درێژ خایەن، شەکرە و پاڵەپەستۆى خوێن و لەرزەیەکى دڵ بوویمە. کاتێک میوە دادەنێن ئەو میوانەى بۆ نەخۆشیەکەم زیانیان هەیە داینانێن، یان لە پێشە من نایخۆن. نەک من حەزم بچیتێ و نەتوانیشم بیخۆم. لەو بارەیەوە زۆر دڵڕاگریم دەکەن. نزیکەى 1300 لاپەڕەیەک شیعر و 700 لاپەڕەیەکم لەبارەى شیعرەوە نووسیوە. لە هیچیان نەک پەشیمان نیم، بەڵکو دوودڵیش نیم. تەنیا لە هەڵبژاردنى ئەو پاشناوەم نەک هەردوو دڵم، بەڵکو پەشیمانشم. وەک ئەوەى دەستبەردارى باوکم بووبم. ناوى سیانیم زۆر مۆسیقییە. (سەباح سابیر حەسەن). نازانم ئەو مەیلە ناقۆڵایە چى بوو فریوى دام.

ئەو شەوەى هەرسێکمان: نەژاد و تۆ و من دانیشتبووین. دانیشتنێکى ئێجکار ڕۆشنبیریی بوو، هەرسێکمان بە هێمنییەکى ئەدەبییەوە لە ئەزموونى یەکترى و شیعرى کوردى دەدواین، بۆ خۆپاراستن لەم و لەو نموونەشمان دەهێنایەوە. هیچ بارگرژییەک لە گفتوگۆکانمان ڕووى نەدا. تەنیا تۆ گلەییەکت لە دەسەڵات هەبوو، کە گەندەڵى ناقۆڵا لە بەڕێوەبردن کراوە و ستەم و کەمتەرخەمیش لە خانەنشینییەکەى تۆ. دەسەڵات وەک تراژیدیایەک تێکەڵ بە کۆمیدیا دەبێت.

قەت خەم لەو کەمتەرخەمییە مەخۆ، کە بەرانبەر یەک لە داهێنەرەکان ڕووی داوە و قوربانى زۆریشى داوە و زیندانیش کراوە. بێ هیچ دڵ لە دڵدانێک ئەوان سەرکردەیەکى سیاسین و تۆش سەرکردیەکى ئەدەبیت. ئەوان بە بڕیار بوونەتە سەرکردە. تۆش بە بەهرە و سرووش. دەسەڵاتى ئەدەبی لە دەسەڵاتى سیاسی زۆر گرینگترە. بەختیار بە و فیکەیەک بە ڕوویاندا بکێشە. شاعیرم دیوە لە ئاست بەرپرسى پلە پازدەدا لێوى تەتەڵەى کردووە. ئەمانە نەک ناتوانن بێگەرد و خاوەن خۆبوونى خۆیان بن، بەڵکو ناتوانن لەناو پانتۆڵەکەى خۆشیاندا تڕێکى بە ئیسراحەت بکەن و تەماشاى دەوروبەرى خۆیان نەکەن. 

کوردستان وڵاتێکى ژیان گرانە، نەک هەر لە ڕووى ئابوورییەوە، بەڵکو لە ڕووى قسەوقسوڵۆکى نامەردانەوەش، جۆرە ژیانێکى سۆفیانەم بۆ خۆم هەڵبژاردووە و لە دەوروبەر دوور کەوتوومەتەوە. خۆم کردووە بە ناوەندێک هەمیشە بۆ ئەو ناوەندە دەگەڕێمەوە و بەردەوامیش لە جووڵەى ڕۆحیدام و لەَگەڵ خۆمدا کار دەکەم. واتە: لەگەڵ نووسین و خوێندنەوە و خودادا، نە تەورات، نە ئینجیل، نە قورئان نەیانتوانیوە خودا بۆ بوونەوەر ئیکتیشاف بکەن. هەمیشەش ئەو بیرکردنەوەیە خولیام گەرم و هەستیار دەکات، هەموو داهێنەرێک وەک کۆلارە هەڵدەدەمە ئاسمان تا لە ئەسێرەکان نزیک ببنەوە، داهێنەر ئەگەر بێگەرد و خاوەن خۆبوونى خۆى بوو، نەببووە پێخوستى دەسەڵات، دەتوانێت ببێتە ئەستێرە.

لەم ڕۆژانەدا: (دڵشاد عەبدۆڵڵا) لە ژمارە (3)ى گۆڤارى (باران)دا شیعرێکى پڕاوپڕى بڵاو کردووەتەوە و خۆگۆڕینێکە لە خۆى، وردەکاریى گەرم و هەستیارى تێدا بەکار هێناوە، دڵم پێى خۆش بوو. حەزدەکەم تۆش هەوڵ دەى بیبینى و لەو بڕوایەدام وەک نموونەیەکى باش دڵت پێى خۆش دەبێت.

هەر لەم دەرفەتەدا هەلێک وەردەگرم و قسەیەک دەکەم: هیچ وشە و دەستەواژە و دانەپەیڤێک ناسوێ و لە سوانیدا بێزراو  نابێت. دەبێ ڕوانینێکى تر بۆ ئەم بۆچوونە بەرهەم بهێندرێتەوە. سوان و نەسوان لە هێزى بەکاربردنیدا دەردەکەوێت. دڵشاد ناونیشانێکى یەکجار سواوى بۆ شیعرەکەى هەڵبژاردووە: (گۆرانییەک بۆ باوکم)، کە چەندان ساڵە ترپە و ئاوازى ئەم ناونیشانانە دووبارە دەبێتەوە. تا ئاستى سوانێکى بێزارکەر، بەڵام ناونیشان لەم شیعرەدا هێزێکى ئەفسووناوى لەبابەتەوە وەرگرتووە و کردوویەتى بە خوێ و ڕۆنى نانێکى تر و لە هەموو سوانێک دەربازى کردووە، دەڵێى یەکەم جارە ئەم ڕستەیە دەبیندرێت و گیرۆدەى ئەفسوونى خۆیت دەکات، شاعیرى دۆخگۆڕ هێز دەداتە وشە و ئەفسوون لە پەیوەندى نێوان وشەکان پەیدا دەکات

کاکە جەلال: ساڵى 1985، کە کۆشیعرى: (گەرم نەبوونەوە)ت چاپ کرد. هەڵەى چاپى تێدابوو، داوات لە من و فەیسەڵ دیهاتى کرد یارمەتیت بدەین و هەڵەکان لەسەر کتێبەکە ڕاست بکەینەوە، ئەوجا دابەشى سەر کتێبخانەکانى بکەى. بە سێ دانیشتن بە هەموو کتێبەکاندا هاتینەوە و هەڵەکانمان بەقەڵەم ڕاست کردەوە. ئەو کات (ئێوار) منداڵێکى بچووک بوو، وەک کەروێشکێکى خرپن لەناومان دەهات و دەچوو. خودى تۆیە، ئومێدم ئەوەیە بە قووڵى پێبگات و لە هەموو تەمەنى لەڕووناکیدا ئۆقرە بگرێت و وزەى پێ بدات. وا بەرەبەیانە. خەریکە نامەکە ئیمزا دەکەم و بەسەر دڵمدا دێمەوە، گەرمایی ئەو ئاگرم پێ دەگات، کە داهێنەریى تێدا دەسووتێت. قاوەم خستووەتە سەر ئاگر، کتێبى سۆفیگەرێتى نیکۆس کازانتزاکیس، کە جەلیل کاکەوەیس وەریگێڕاوە دادەنێم. بۆ جارى دووەم دەست بە خوێندنەوەى بکەم. ئاى ئەفسوونى ئەو کتێبانە چەند بکوژن. ئاگاشت لە خۆت نییە ناچارت دەکەن دوو جار و سێ جار بیانخوێنیتەوە، یان دەبنە کتێبى هەموو تەمەن. تەنیا ئەو کتێبانەن دەتوانن وەڵامى پرسیارەکانى دڵ بدەنەوە و بەسەر دڵیشماندا بێنەوە.

 

            19/4/2017 هەولێر        

 Bilderesultat for brev kunst

بازدید: 761