ما 279 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 رەسوڵ موحەممەدی

 هەر چەندە من و وەنەوشەکەم هاوارمان لێکرد، نەی بیست و فریوی زمانی لووسی مارەکەی خوارد. سێوێکی لە دارەکە کردەوە و قەپی لێگرت. لەپڕ هەورەبرووسکەیەکی تۆقێنەر دڵی داخستین. دنیا رەش داگیرسا. 

 

وەنەوشەی جادوو(١)

 رەسوڵ موحەممەدی  

  تف لە چارەت شەیتان ئاخر چۆن نەفرەت لە کانیاو دەکرێ؟ ئاخر شیلەی بەنەوش چۆن جۆنی بگرمەوە؟ بریسکەی رێواس و پرچی خەزان لە کوێ بێنم؟ هەموو پێدەشتەکانم کێڵابە هەموو شاخەکاندا هەڵزنامئاوارەی نێو هەموو دارستانەکان بوومهەموو وەرزەکانم وەڕەز کردبنی هەموو دەریا لووشەکانم پشکنیگژ و گیا نەما دەسکەنەی نەکەممار نەما پێوەی نەدەمتەنانەت دڵی رەشی هەورەکانیشم تەنگ کرد بەڵام… ئیتر سەردەرناکەمشەکەتمبێزراومبێزارم لە تۆلە هەموو خواوەندەکانلە خۆملە خاوەنەکەملە….

 

رۆژێ لە بناری شاخێکی سەرکەشدا دڵداریم لەگەڵ هەتاو دەکرد. شنەی با پرچی زێڕینی هەتاوی لە بیلبیلەی چاوەکانمدا شانە دەکرد. "مرواری زیخ و چەو" لە هەناومدا سەمایان دەکرد. کووزەڵە و پوونگە لە لێوارمدا تێکچڕژابوون. بۆنی وەنەوشە دەنگی دابووە دەنگی رووناکییەکەم و بە بەرامەیەکی روون گۆرانی عەشق و پاکی و رووناهیان بۆ سروشت دەچڕی. ئەو رۆژە مانای وەرز و ساڵ نەدەزانرا. گوڵ و گیا نەیاندەزانی ژاکان چییە. دار و دەوەن خەزانیان نەدیبوو. چیمەنی سەوز و گزنگی زێڕینی هەتاو بەرمووری شینی لاوکیان لەسەر سنگی ئاسمان نەخشاندبوو. لاوکە شینەکە تک تک دەبارییە سەر پەلکی وەنەوشەکە و پێلووی من و پرشەی هیمنی و ژیانی ئاڕاستەی کەزییەی چڵە رێواسەکە دەکرد کە وەک شۆڕە بی پەلکەی بەهەموو لایەکدا ئاوێزان کردبوو. شنە باکەش بێ ئەوەی واز لە پرچە زەردەکەی هەتاو بێنێ، دەستی بە کەزیەی رێواسەکەدا دهێنا. لەپڕ لاوێکی جوانچاک لە نێو پرژی رێواسەکەوە سەری هەڵدا. هەموو حەپەساین. یەکەم جار بوو بوونەوەری وامان دەبینی. لاوەکە بە هەموو لایەکدا چاوی گێڕا. ئەویش حەپەسابوو. پاشان پڕ بە سییەکانی هەوا شێدارەکەی هەڵمژی. ئەمجار ئاوڕی دایەوە بە لای رێواسەکەدا. دەستی بردە نێو کەزییەی رێواسەکە. دەستی ژنێکی شۆخی بە دەستەوە بوو. رایکێشا و گوتی'' وەرە مەشیانە ! (٢) وەرە سەیرکە. بڕوانە ئەو هەموو جوانییە!'' مەشیانە بە شەرمەوە چاوی بە هەموو لایەکدا گێڕا و بە تامەزرۆییەوە بۆن و بەرامەی تێکەڵ بە هەواکەی هەڵمژی. پاشان کەوتنە پیاسە.

 لەسەر پەلکی وەنەوشەکەوە پەپوولەیەک هەڵفڕی. مەشیانە سەیری کرد. گوتی ''مەشیا گیان ئەوە چییە؟ سەیرکە جەندە جوانە! وەرە،  وەرە بۆمی بگرە.'' دەست لە نێو دەست کەوتنە دووی پەپوولەکە. رەشمارێک بە دارسێوەکەدا هەڵگەڕا. چاوی بڕیبووە مەشیا و مەشیانە. زمانی دەرکێشابوو. لوولی دەدا. ئەوان سەرقاڵی پەپوولەکە بوون. بۆیان نەدەگیرا. لەپڕ پەپوولەکە بەرەو لای ئێمە هاتەوە. بە ئەسپایی بالەکانی بە گۆنامدا خشاند و لەسەر پەلکی وەنەوشەکەم نیشتەوە.مەشیا و مەشیانە بە دوویدا هاتن. تازە هەستیان بە بوونی من کرد. چاویان بریسکایەوە. بە کاوەخۆ لێم نزیک بوونەوە. چاویان بڕییە نێو چاوم. جوانییەکەیان مەستی کردم. خۆیان لەنێو جاوەکانمدا بینی. بە سەرسووڕمانەوە سەریان هەڵبڕی و لەیەکتریان روانی. دیسان چاویان بڕییە چاوەکانم. وەک ئەوەی دڵنیا نەبن وێنەی خۆیان دەبینن، پەیتا پەیتا سەریان هەڵدەبڕی، لێکیان دەڕوانی و دیسانەوە لە من رادەمان. کە دڵنیا بوون، بزەیان هاتێ و بە هێوری دەستیان تێوەردام. لەگەڵ وێنەکەیان شڵەژام.

 مارەکە ئۆقرەی لێبڕابوو. لەنێو لق و پۆی دارسێوەکەدا گێنگڵی دەدا. بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا ترسم لێ نیشت. هەستم بە پیلانێکی شەیتانی لە بیلبیلەی چاوەکانیدا کرد. وەنەوشەکەم گوتی '' با بە مەشیا و مەشیانە بڵێین خۆیان بپارێزن.'' بەڵام ئەوان خەریکی دڵداری بوون. گوناه بوو لێیان تێکدەین. لێبڕاین جارێ وازیان لێ بێنین و دواتر بە شێنەیی لەو مەترسییە ئاگاداریان بکەین. مارەکە هەستی کردبوو من و وەنەوشەکەم لە چی دەدوێین. خێسەی لێدەکردین.

 ماوەیەک تێپەڕی. لەگەڵ مەشیا و مەشیانە بە تەواوی هۆگری یەکتر ببووین. کە سەیریانم دەکرد، هەستم دەکرد واین لە هەناوی یەکتردا. من ئەوان بووم. ئەوانیش من. هەر ئەمەش مارەکەی شێتگیر کردبوومەشیا و مەشیانەم تێگەیاند کە ئاگایان لە مارەکە بێ هەڵیان نەفریوێنێ. بەڵام مەشیانە بێزووی بە سێو دەکرد. کە رەنگی سووری سێوەکە دەبریسکایەوە دەبووە گڕێ تامەزرۆیی و لە هەناوی مەشیانەدا دادەگیرسا. هەوڵی من و وەنەوشەکەم بێ سوود بوو. مارەکە چەند جارێک هەڕەشەی لێکردم کە وەنەوشەکەم لێ دەدزێ. شیلە بەنەوشەکەی هەڵدەمژێ و تووشی ئازاری تا هەتاییم دەکا. دەیزانی کە بە بێ وەنەشەکەم ژیانم لێ تاڵ دەبێ. دەیزانی بێ ئەو توانای بیرکردنەوەم نامێنێ. بەڵام من و وەنەوشەکەم هاوڕێی مەشیا و مەشیانە بووین و گوێمان نەدایە هەڕەشە و گوڕەشەی مارەکە.

 رۆژێ لە رۆژان مەشیانە لە دارسیوەکە نزیک بووەوە. چما ترووسکەی سووری سێوەکە بەو رۆژە رووناکە بە شەوارەی خستبوو. هەر چەندە من و وەنەوشەکەم هاوارمان لێکرد، نەی بیست و فریوی زمانی لووسی مارەکەی خوارد. سێوێکی لە دارەکە کردەوە و قەپی لێگرت. لەپڕ هەورەبرووسکەیەکی تۆقێنەر دڵی داخستین. دنیا رەش داگیرسا. لە نێو تەم و مژ و تاریکیدا دەنگی  هەورە برووسکەکە و قاقای پێکەنینی مارەکە تێکەڵ بوون. کاس بووم بەڵام ئاگام لە دەنگی مارەکەبوو. ''هەی کانیاوی قوڕبەسەر! ئیتر تاهەتایە رووی خۆشی نابینی. ئەوا شیلەی وەنەوشەکەتم کێشا. جادووم لێکردوون. ئێستا ئیتر تۆ کانیاو نیت. ئاوێنەیەکی سارد و سڕ و بێ هزریت. ئیتر مەشیا و مەشیانە نابینیت و رووناکییەکەت نابێتە جێ نزرگەی چاوەکانیانهەی قوڕت بەسەر. ئێستا ئیتر ئاوێنەیەکی نەفرەت لێکراویت. تەلیسم کراوی. ئیتر مالاوایی بکە لە هێمنی و بەختیاری و وەنەوشە. بڕۆ! بڕۆ لەگەڵ گێلێ بژی وەک خۆت. ئیتر وەنەوشەکەت نابینیتەوە. مەگەرمەگەر بتوانی لەباتی چریکەی لاوکە شینەکەی ئاسمان و بەرامەی سووری گوڵالەێ گؤنای مەشیانە، بریسکەی سەوزی رێواسی شاخی بەهاران و گزنگی زێڕینی خەزانی دارستان تێکەڵ کەی بۆ ئەوەی شیلەی بەنەوش بگێڕیتەوە نێو رەگ و پەلکی وەنەوشەکەت.

 ئیتر ئاگام لە هەورە تریشقە و دەنگە شەیتانییەکە نەما. بوورامەوە.

 

                                                                 ###

 مەشیا و مەشیانە نەماون. وەنەوشەکەم وون بووە. تەنانەت مارەکەش بەدی ناکەم. بەڵام دەنگە نەگریسەکەی هێشتا لە نێو کاسەی سەرمدا دەنگ دەداتەوە. لەشم بەستوویەتی. لە ژوورێکدام. دەرگا و پەنجەرەی ژوورەکە ئاوەڵان. مرۆڤێکی جوان و نەشمیل، شۆڕە ژنێکی باڵا بەرز چاوی بڕیوەتە نێو چاوم. جی ببینم؟ لەش و لارێکی شۆخ و شەنگ، دەست و پلێکی سپی و سۆڵ، سنگ و گەردنێکی نەرم و نۆڵ. دەم و لێوێکی ئاڵ، جووتێ چاوی سەوز و پرچێکی زێڕین، دیمەنێکی تا بڵێی شیرین. بەڵام نیگایەکی بۆش. وەک بڵێی لە پشت نیگاکەوە هزرێک نەبێ. بەڵێ، بە نیگایەکی بۆشەوە دەڕوانێتە بەژن و باڵام. بێ وەنەوشەکەم هەست بە بۆشاییەکی سەیر دەکەم لە ناخمدا. لەگەڵ مرۆڤەکەی بەرانبەرم لەیەکدی دەڕوانین. لە یەک نامۆین و نامۆیش نین. سەرم سووڕ ماوە. شتێکی سەیر لە سیمایدا دڕی بە جوانییەکەی داوە. وەک بڵێی چاوە سەوزەکانی حەزیان  لە رەنگی پرچە زەردەکەی نییە. بە بێزەوە مۆڕەی لێدەکا. پرچەکەش چما دڕووی زەردە و دەیەوێ چاوەکان هەڵکۆڵێ. سەرم لێ شێواوە. دەستم تێ وەردەدا. بەڵام سەیر ئەوەیە نە من نە وێنەکەی ئەو ناشڵەژێین. ئاااای تێگەیشتم. من ئیتر کانیاوە بەختەوەرەکە نیم. ئێستا ئاوێنەیەکی نەفرەت لێکراوی  شەیتانم. لە خۆم دەڕوانم. درزم بردووە. نەء. درز نە. کەلێنێکی رەشی قەترانی وەک جەستەی مارە نەگریسەکە. لە قووڵایی کەلێنەکەوە دەنگی قاقای رەشی مارەکە دێتە گوێم. پەستم دەکا. وێدەچێ مرۆڤە گێلەکەی بەرانبەرم گوێی لێ نەبێ. وردە وردە دڵم دەگیرێ و ژەنگی خەفەت لە روخسارم دەنیشێ و تەنگ بە رووناکییە زوڵالەکەم هەڵدەچنێ. هیچم پێناکرێ. دەستەوەستان گێل گێل دەڕوانمە مرۆفەکەی بەرانبەرم کە ئیستا دەزانم خاوەنمە. ئەمە ئەو کەسەیە کە مارەکە گوتی دەبێ لەگەڵی بژیم.

 قاقا رەشەکە تێکەڵ بە دەنگێکی نەگریسی دی دەبێ کە لە پەنجەرەکەوە دێتە گوێم. بڵێی دەنگی چی بێت؟ دۆعا یا خود وێردی سیحراوی؟ هەست دەکەم لەنێو کۆڵانەکەدا کابرایەک بە زارەوەیەکی نا عەرەبییەوە قورعان دەخوێنێ و مۆعیزەی قۆڕ دەکانوشتە و جادوو دەکا و فتوای سەیرو سمەرە دەدات. خاوەنەکەم ئەم دەنگە دەبیسێ. خراپتر مۆڕە لە پرچەکەی دەکا. دەنگی پێیەک لە لای دەرگاکەوە نزیک دەبێتەوە. خاوەنەکەم ئەم دەنگەش دەبیستێ. هەر بۆیە چڕوچاوی پتر مۆن دەبی. پرچەکەش ئاڵۆزتر دەبێ. نازانم لەبەرچی دەنگی دۆعا و وێردی نێو کۆڵانەکە و دەنگی ئەو پێیە کە لە دەرگاکە نزیک دەبێتەوە، پەستم دەکەن. سەرم کاس بووە. ناتوانم بیر بکەمەوە. هێندەی تر هەست بە دڵتەنگی دەکەم. دەڵێی دەنگی پێیەکە نزیکتر بووەوە؟

 زەلامێکی زەبەلاحی گۆشت تاڵ نێو دەرگاکەی تاریک کرد. سەیر لەوەدایە دەیناسم. دراوسێمانە. عەرەبێکی قەسابە. بە بینینی  بێزم دێتەوە. ووردە گۆشت و چەوری و خوێن بە جل و بەرگ و دەست و پلیەوە ووشک بووەتەوە. بە چاوە زەقەکانی لە دواوە سەیری بەژن و باڵا و پرچی زەردی خاوەنەکەم دەکا. هەست بە بریقەی حەزێکی شەیتانی لە بیلبیلەی چاوەکانیدا دەکەمبێزم دێتەوە. لەپڕ دەنگی دۆعا و وێردە سێحراوی و لە خشتەبەرەکانی کابرای نووشتەنووس لە پەنجەرەکە نزیک دەبێتەوە. ئەوا سەری هەڵدا. لە پەنجەرەکەوە مل دەکێشێ و بە سەرو سەکوتێکی دزێۆ وچاوی کوت و کوێرەوە لێمان دەڕوانێ. کە سەیری چاوە سەوزەکانی خاوەنەکەم دەکا، بزەیەکی شەیتانی دەکەوێتە سەر لێوە درۆزنەکانی. ئەوە ئیتر با داخی ئەو ئەفەندییە تەقیلە سوورەش بوەستێ کە بەردەوام دەست بە کەزییەی زەردی خاوەنەکەمدا دەکێشێ و لە خشتەی بردووە. دڵم تێکەڵ دێ. خوایە ئەم خاوەنە دەبەنگەی من دەڵێی هەست بە مەترسی کابرای قساب و نووشتە نووسەکە و ئەفەندییە بێ شەرمەکە ناکا. نازانم لەبەرچی لەباتی ئەوەی مۆڕە لە پرچی خۆی بکا و چاوی خۆی هەڵبکۆڵێ، دەریان ناکا و دەرگا و پەننجەرە داناخا؟ ئەها چۆن  بە بێ شەرمییەوە چاوە پڕ شەهوەتەکانیان بڕیوەتە لەش ولارە نەشمیلەکەی. ئەو سێ دڕەندە ناو بە ناو سەیرێکی یەکدی دەکەن . بەڵام تەماشا کردنێکی سەیر و سەر سووڕ هێنەر. بە چاو خێسە لە یەکدی دەکەن بەڵام بە دەم بزەیان دێ.

 سیمای دزێوی ئەو سێ کابرا تەنگی پێ هەڵچنیوم. پەژارەیەکی خەست دڵی تەنیوم. گریانێکی پڕ لە بێ دەرەتانی و شەرم و  ڕق و بێزاری چنگی لە قورگم ناوە. بە نائومێدییەوە دەڕوانمە خاوەنە گێلەکەم. بە زمانی بێ زمانی داوای یارمەتی لێدەکەم. بەڵکوو لێم بگا و یارمەتیم بدا بۆ دۆزینەوەی وەنەوشەکەم. ئاخر هەرچەند سەیری دەکەم، تیشکی چاوە سەوزەکانی دەڵێی بریسکەی رێواسی شاخی بەهارانە و رەنگی پرچی دەڵێی گزنگی زێڕینی خەزانی دارستانە. ئەو تیشکە و ئەو گزنگە ئەگەر یەکدی لە ئامێز بگرن، شیلەی بەنەوشی لێ درووست دەبێ. دەبێتە دەریالووشێک و نووشتە نووس، قەساب و ئەفەندی بەدفەڕ و هەموو پیسی و پۆخڵی ئەوان و ژەنگاری سەر گۆنام و گێلی خاوەنەکەم ڕادەماڵێ و کەلێنە قەترانییەکەی سەر جەستەم پڕ دەکاتەوە. جادوو بەتاڵ دەکا، تەلیسم دەشکێنێ و لە گەڵ وەنەوشەکەم دەست لە ملان دەبینەوە. دەبمەوە بە کانیاوەکەی جاران و بەڵام ئەم دەبەنگە ئەوە نییە یارمەتیم بدا. مارەکە راستی دەکرد. دەبێ تا هەتایە ….

 

                                                                  ###

 تف لە چارەت شەیتان ئاخر چۆن نەفرەت لە کانیاو دەکرێ؟ ئاخر شیلەی بەنەوش چۆن جۆنی بگرمەوە؟ بریسکەی رێواس و پرچی خەزان لە کوێ بێنم؟ هەموو پێدەشتەکانم کێڵا. بە هەموو شاخەکاندا هەڵزنام. ئاوارەی نێو هەموو دارستانەکان بووم. هەموو وەرزەکانم وەڕەز کرد. بنی هەموو دەریا لووشەکانم پشکنی. گژ و گیا نەما دەسکەنەی نەکەم. مار نەما پێوەی نەدەم. تەنانەت دڵی رەشی هەورەکانیشم تەنگ کرد بەڵامئیتر سەردەرناکەم. شەکەتم. بێزراوم. بێزارم لە تۆ. لە هەموو خواوەندەکان. لە خۆم. لە خاوەنەکەم. لە….

 

Relatert bilde

 

                                                                                           سلێمانی،  ٢٥/ ١٠/ ٩٦

 

١# ئەم چیرۆکەم لە ساڵی ١٩٩٦ دا و لەو بارو دۆخەی کە باشووری کوردستانی تێکەوتبوو، نووسی. لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٧دا لە یەکەمین فستیواڵی گەلاوێژدا پێشکەشم کرد. ساڵی ١٩٩٨  لە گۆڤاری گزینگدا کە لە ستۆکهۆڵم دەردەچوو، بڵاو کرایەوە.

 

٢# بە پێی ئایینی زەروانی کە ئایینیکی کۆنی کوردییە  و کۆنتر لە ئایینی زەڕدەشتییە، یەکەم ژن و پیاو بە ناوی مەشیا و مەشیانە لە چڵێ رێواسەوە سەر هەڵدەدەن.

         

 

                                             

 

                                                               

گەڕان بۆ بابەت