ما 5238 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بە کۆبوونەوەی جەماوەرێکی بەرفراوان لە مووچەخۆری سەر بە لیستی حیزب و چەکداری حیزبی، ئەو وەهمە دروست بوو کە توانیوویانە بۆ ماوەیەکی یەکجار درێژ بە چێ کردنی جەماوەری حیزبی (کە هەوڵدەدرا ناوی نەتەوەی کوردیان لێ بنێن)، شەرعییەتی خۆیان بەرهەم بێننەوە و بۆ هەمیشە گارانتی بکەن. 

 

کاتێک شەرعییەتی شۆڕشگێڕانە خیانەت لە خۆی دەکا

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە دووای راپەڕینی ١٩٩١ەوە پرۆژەی درووستکردنی نەتەوە لە هەرێمی کوردستان پێدەچوو بە گوێرەی رێکلامە و پرۆگرامی حیزبە سیاسییەکان بیرێکی گونجاو و لەجێی خۆی بێت. ئەگەر هەرێمی کوردستان لە قۆناغی خەباتی چەکداری رزگاری ببوو و لە رێگای راپەڕینێکی جەماوەرییەوە توانیبووی پانتاییەکی بەرفراوانی خاکی خۆی بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، هەموو لۆژیکێک ئاماژەی بەوەی دەدا رەنگە هەرێم بەرەبەرە بتوانێ هەندێ پرۆژە ساغ بکاتەوە کە بە درێژایی زاڵبوونی دەسەڵاتی حکومەتە ناوەندەکان نەیانتوانیبوو رایپەڕێنن، کە یەک لەوان پرۆژەی نەتەوە سازی بوو. بەڵام ئەم ئەرکە نەک تەنیا بەڕێوە نەچوو، بەڵکو لە هەمان چرکەساتەکانی یەکەمەوە دەرکەوت هەیمەنەی دەسەڵاتی حیزب و بەرژەوەندیی حیزبی لەوە گرینگتر و گەورەترە هەرێم بتوانێ بکەوێتە ناو رەوتی وەها پرۆژەیەکەوە.

بەڵام بۆچی ئایدیایەک کە هەموو حیزبەکان خۆیان پێوە دەناساند، واتە ئایدیای کوردایەتی، نەیتوانی ئەمانجەکانی خۆی بپێکێ؟ چی بووە هۆکاری هەرەسهێنانی بیرێک کە ئایدیای پشت هەموو بزووتنەوە چەکدارییەکان بوو؟

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قۆناغی راپەڕین و پاش راپەڕین دەبینین فەزای زاڵی ئەو سەردەمە فەزای زاڵی شەرعیەتی شۆڕشگێڕانە بوو. هەموو ئەو حیزبانەی پشت ئەستوور بە خەباتی چەکداری بوون، لەم شەرعییەتە کەڵکیان وەرگرت و لە دەنگدانە سەرەتاییەکاندا دوو حیزبی سەرەکی واتە پارتی و یەکیەتی توانیان جڵەوی دەسەڵات بەدەستەوە بگرن و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە لۆژیکی پەنجا ـ پەنجا بنیات بێنن. ئەو سەردەمە هەموو هیوایەتەکە ئەوە بوو بەرەبەرە ئەو عەقڵە حاکم دەبێ کە سەرئەنجام لە رەوتێکی مەعقولدا حیزبەکان فێری ململانێی دیمۆکراتیانە بن و ئیتر لە داهاتوودا کۆتایی بە مەنتقی فیفتی ـ فیفتی دەهێنرێ، بەڵام نەک تەنیا ئەمە بەدی نەهات، بەڵکو لە دوو سێ ساڵی داهاتوودا کۆمەڵگای کوردستان ئەزموونی شەڕێکی ناوخۆی بەخۆیەوە بینی کە لەوەی کاتی شاخی جیا دەکردەوە و هەرێمی بەتووش کارەساتێکی گەورەوە کرد. لە راستیدا شەڕی ناوخۆ، بنەمای دەست تێوەردانە دەرەکییەکانی، بەتایبەت لە لایەن ئێران و تورکیاوە رەخساند و ئیتر هەرێم کەوتە ناو قۆناغێکەوە کە قەت نەیتوانی حکومەتی هەرێم لە مانای ئاسایی خۆیدا پێک بێنێ. ئەوەی درێژەی کێشا لە راستیدا دەسەڵات و هەیمەنەی حیزب بوو بەسەر ناوچەیەکدا لە ژێر ناوی حکومەتی هەرێم. حکومەتێک کە بە درێژایی ٢٦ ساڵ تەنیا ناو بوو و بەس.

کەواتە دەتوانین بڵێین کە پرۆژەی نەتەوە سازی، ئەگەرچی ئەو حیزبانە پشت ئەستوور بە شەرعیەتی شۆڕشگێڕانە بوون، هەر لە کاتی لە دایکبوونی دەسەڵاتی فیفتی ـ فیفتی و دوواتر شەڕی ناوخۆ و دەست تێوەردانی هێزە ئیقلیمییەکان بەتووش کیشەی جیددی و گرینگەوە بوو.

بەڵام دۆخەکە هەر بەمە رانەوەستا. دوو حیزبی دەسەڵاتدار کە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەی خۆیان دڵنیا نەبوون، بەرە بەرە بە مەبەستی زاڵکردن و هێشتنەوە درێژخایەنی خۆیان دەستیان برد بۆ هەندێ کار و کردەوەی تر کە بە تەواوی بەپێچەوانەی شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەکەیان بوو. دەستگرتن بە سەر جمگە سەرەکییەکانی داهاتی وڵات، هەر لە خالە سنوورییەکانی بازرگانییەوە بگرە تا زەوەی و زار و بازاڕ، قۆرغکردنی خاوەندارییەتی  شەریکە جۆربەجۆرەکان و لەم دوواییانەیش دا دەستبەسەراگرتنی چاڵە نەوتییەکان و پاڵاوگەکان، وای کرد کە بۆ ئەوەی بتوانن وەک حیزبی سەرەکی بمێننەوە، خەڵک چاو لەدەستی خۆیان بکەن. جگە لەمە سازکردنی لیستی زەرد و سەوز بەمەبەستی دامەزراندنی خەڵک (فەرمانبەربوون تەنیا بە گوێرەی ئەم لیستانە بوو)، هەروەها شێوازێکی تر بوو بۆ وابەستە کردنی خەڵک بەخۆیان. هاوکات بەرەبەرە بە هۆی زیادکردنی داهاتیان، هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و... لە ئاستیکی فراواندا پەرە پیدا و جۆرەهای تریشیان دروستکرد. گەر هەموو ئەمانە لەبەرچاو بگرین، دەبینین کە بە کۆبوونەوەی جەماوەرێکی یەکجار بەرفراوان لە مووچەخۆری سەر بە لیستی حیزب و چەکداری حیزبی، ئەو وەهمە لەلای ئەم دوو حیزبە سەرەکییە دروست بوو کە توانیوویانە بۆ ماوەیەکی یەکجار درێژ بە چێ کردنی جەماوەری حیزبی (کە هەوڵدەدرا ناوی نەتەوەی کوردیان لێ بنێن)، شەرعییەتی خۆیان بەرهەم بێننەوە و بۆ هەمیشە گارانتی بکەن. لە راستیدا مەنتقی فیفتی ـ فیفتی و بەرژەوەندیی حیزبی شێوازی شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەی بۆ شەرعییەتێکی تر گواستەوە کە بە تەواوی پێچەوانەی ئەوی پێشوو بوو.

بەڵام دەرئەنجامەکانی وەها دۆخێک چی بوون؟

دەتوانین بڵێین کە دەرئەنجامەکان ئەمانە بوون:

ـ لە هەرێمی کوردستان نەتەوە لەدایک نەبوو. ئەوەی هەیە جەماوەرێکە بە ناوی جەماوەری حیزبی،

ـ لە هەرێم، دەوڵەت، تەنانەت بە مانا هەرێمییەکەیشی، لە دایک نەبوو، ئەوەی هەبوو دەسەڵاتی حیزبی بوو،

ـ لە هەرێمی کوردستان کەواتە دەوڵەت ـ نەتەوە کە فۆڕمی دەوڵەتە لەم سەردەمەدا، لەدایک نەبوو،

ـ لە بارودۆخێکدا کە دەسەڵاتی ناوەند لە هەرێم غایب بوو، نەبوونی دەسەڵات لە فۆرمی هەرێمیشدا لە راستیدا بە واتای پشێوییە. پشێوییەک کە جۆر و شێوازی هەیە، هەر لە شێوازی شاراوەیەوە بگرە تا شێوازی تەقاوەی،

ـ لە غیابی نەتەوە و دەوڵەتدا، ئەو پێشبڕکێیەی کە هەیە بۆ گیرفان پڕکردن، لە حیزبەوە شۆڕدەبێتەروە بۆ ناو جەماوەری حیزبی و ئیتر فەساد و گەندەڵی سەرتاپای کۆمەڵگا دادەگرێ،

ـ ئەم جەماوەرە حیزبییە چونکە بە گوێرەی پارە و پوول دروستکراوە، بێ ئینتیمایە،

ـ ئەم جەماوەرە حیزبییە، بە رواڵەت چونکە زۆرن گوایا دەتوانن رۆڵی نەتەوە بگێڕن، بەڵام نەتەوە نین،

ـ لەو کاتانەیدا حیزب پێی خۆشە ئەم جەماوەرە هەڵدەخڕێنێ و گەمەی شەرعییەت پێ بەخشینی کردەکانی خۆی پێدەکا، بەڵام ئەم جەماوەرە حیزبییە چونکە گەندەڵە، لە راستیدا ناتوانرێ پشتی پێ ببەسترێ،

ـ لە کاتی قەیرانەکاندا و بە تایبەت لە کاتی بەرنگارییەکاندا هەر هەموویان (واتە چەکداری حیزبی و ئەم جەماوەرە) پێکەوە هەڵدێن.

کۆتاقسە ئەوەیکە نەتەوە پێناسەی خۆی هەیە. نەتەوە کۆیەکە خاوەن کەسایەتی کە هەست بە کارتێکەری خۆی لە سەر دەسەڵات دەکا و هەروەها لەگەڵ دەوڵەت و دام و دەزگاکانی رووبەڕووە، نەک لەگەڵ حیزب. نەتەوە کەسایەتی خۆی لە دەوڵەتدا دەبینێتەوە نەک لە حیزبدا. حیزب بۆ ئەو ئامرازە، بەڵام دەوڵەت (واتە دام و دەزگاکانی راپەڕاندنی ژیانی خەڵکی لە هەموو بوارەکاندا)، نەک ئامراز نیە، بەڵکو بریتییە لە خودی نەزم و ژیانی ناو کۆمەڵگا. کە دەوڵەتیش بزر بوو، هیچ کەس ناتوانێ جێگای بگرێتەوە، تەنانەت حیزبەکانیش بە هەموو سەروەت و سامانیانەوە. بۆیە سەرئەنجام سەرەڕای دۆخی بەڕوالەت ئارام، رۆژێک وەزعەکە دەتەقێتەوە و ئەو خەڵکەی جەماوەری حیزبی نیە و لەدەرەوەی ئەم رەوتەیە لێی رادەپەڕێ و بگرە جەماوەرە حیزبییەکەیش لەگەڵ خۆی رێک دەخا.

راستە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ هەتا سەر پشت ئەستوور بە شەرعییەتی شۆڕشگێڕانە بمێنێتەوە و دەبێ شەرعییەتی تر چێبکا، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە دەتوانرێ بە شەرعییەتی شۆڕشگێڕانە شەرعییەتی نادیمۆکراتی و پڕ لە گەندەڵێ سازبکرێ. تەنیا جێگرەوەی شەرعییەتی شۆڕشگێڕانە، شەرعییەتی دیمۆکراتیانەیە. حیزبی شۆڕشگێڕ لە پرۆسەی درووستکردنی دەوڵەتدایە و دەوڵەتیش دیاردەیەکە یەکجار بەرفراوانتر لە حیزب.

 

 Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت