ما 2292 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

هەستێکی ناخۆش دەروونمی پڕکردبوو. خۆم بە سەرباری دایکم دەزانی. بیرم لە خۆکوشتن دەکردەوە، بەڵام هاوکات سیمای خەمبار و تەنیای دایکم دەهاتە بەرچاوم کە پاش من چی بەسەر دێت. بۆیە سەرەڕای ئەوەی چەند جار پلانی خۆکوشتنم داڕشت بەڵام بیری دایکم بەری پێگرتم. 

 

دەریا

رەسوڵ سەفەریانی

 

دەریا بووەتە تەنیا رێگایێک بۆ پەڕینەوە. ئەو دەریایە وا هەر لە تەمەنی منداڵییمەوە خەو و خولیای من بوو. ئەو خۆی دەڵێت ئەو دەمەی وا کچێکی بچکۆلانە بووم و لەگەڵ خوشک و براکانم لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنە بچوکەکەی مالەوە دەریا گەورەکانی وڵاتە دوورەکانم دەبینی کە خەلک مەلەیان تێدا دەکرد و بە جلی مەلەوە لە سەر لمەکانی کەنارە ئارامەکەیدا رادەکشان و ئایسکریمیان دەخوارد و کتێبیان دەخوێندەوە، لە دونیای خۆمدا بە خەیاڵ و خەو لەگەڵیان دادەنیشتم و، تاوم دەگرت.  لەو دەمانەوە دەریام خۆش ویستوە و حەزم لێ بووە. لەو چەند ساڵە کەمەیدا کە چوومە مەدرەسە، ساتە خۆشەکانم ئەو کاتانە بوو کە مامۆستا دەیگوت ئێستا دەبێت کاغەز و قەڵەم دەربێنن و بە دڵی خۆتان وێنە بکێشنەوە. خەیاڵ و فانتازیای من هەر دەریا بوو. هەر خێرا دەریایێکی بەرین و کەنارێکی لمین و کەشتیێکم دەکێشا کە بەسەر ئاوەکەدا لە بەر تیشکی خۆرەتاوەکەدا بەئارامی رێی دەکرد. بە خەیاڵ خۆم لەوێدا ئەدی لەسەر کەشتییەکە، جار و باریش لە سەر لمی کەنارەکەدا رادەکشام، سەیری رێکردنی کەشتی سەر ئاوەکەم دەکرد. هەمیشە حەزم دەکرد ناوم دەریا بووایێت. هەر کە کەسێکم دەبینی کە ناوی دەریا بووایێت، سەیری چاوەکانیم دەکرد و هەستێکی خۆش دەستی پێدەدام، بەڵام هاوکات بەخیلیم پێدەبرد. دەریا قیبلەی من بوو و رووگەی ئاواتەکانم بوو. لە لای من هەمیشە دەریا وەک خەیاڵ نەرم و وەک زولف خاو دەینواند.

تۆفانی رووداو، دەریای نائارام و پر لە مەترسی ژیانمی دایە بەر و باوکمی لە وڵاتی نامۆ و بی کەسیدا لێسەندینەوە. ئیتر دایکم و من گەورەی ماڵ بووین. دایکم ئیشی ماڵانی دەکرد. منیش دەبووا بە رۆژا ئاگام لە برا بچوکەکەم بووایە. ناچار بووم واز لە خوێندن بهێنم. لەو رۆژەوە ئیتر بۆم نەبوو تەنانەت بە خەیالیش لە دەریا بم، یان رەسمی دەریا بکێشم. من کە خۆم تەمەنم دەساڵ بوو دەبووا وێڕای کاری ماڵ و خواردن دروست کردن. ئاگام لە برا تەمەن چوار ساڵانەکەیشم بووایێت.

من لەدایکبووی ئەفغانستانم، بەڵام براکەم لە ئێران لەدایک بووە. باوکم لە بینا سازی کرێکراری دەکرد تا ئەو رۆژەی لە بینایێکی نیوە تەواو بەربووەوە و مرد. پاش باوکم منداڵی منیش مرد. ئیتر وەک منداڵ نەمدەتوانی بیربکەمەوە یان باشترە بڵێم بۆم نەبوو منداڵ بم. من هەرلە منداڵییەوە دایک بووم. ئەوەندەی بیرم لای بەخێوکردنی براکەم بوو ئەوەندە بیرم لای دونیای منداڵی خۆم نەبوو. هاوکات زۆر زگیشم بە دایکم دەسوتا. هەر لە مەلا بانگدانەوە بەرەو ماڵان رێدەکەوت و تا شەو درەنگان لە چەند ماڵ ئیشی دەکرد بەڵام قەت ئەوەندەیان پارە پێنەدەدا کە ئێمە بتوانین کرێی خانوەکەمان بە بێ موشکلە و درەنگ کەوتن بدەینە خاوەن خانوەکە.  ئەمە وایکرد کە خاون خانوەکە دەری کردین. لە بەر نەبوونی خانوو نزیکەی یەک حەوتو لە کەناری شەقامەکان دا رۆژمان دەکردەوە. ئەو ماوە بە تایبەت زۆر ئازارمان کێشا. شەوانە لە لایەن گەنجانی ئێرانییەوە زۆر ئەزیەت دەبووین. زۆریان دەهاتن و پەلاماری ناموسییان دەداین. من زۆر دەترسام. دایکم ئیتر نەیدەوێرا زۆر بەجێمان بێڵێت. دایکم توانی پاش حەوتویێک ژورێک بدۆزێتەوە بۆمان. ژوورەکە لە ژێرخانی ماڵێکدا بوو کە دایکم بە رۆژا لەوێ ئیشی دەکرد و منیس ئاگام لە منداڵە بچوکەکەیان بوو. بەم شێوە منی دوازدەساڵانەش کەوتمە ناو ئیش. زۆر جار لە بەر ئەوەی دایکم بتوانێت بڕێک زۆرتر ئیش بکات بۆ ئەوەی داهاتی بەرزتر بێت و بەشی ژیانمان بکات، من ئەرکەکانی ئەوماڵەم تێدەپەڕاند و دایکیشم دەچوو بۆ ماڵیتریش بۆ ئیش.

سەرەڕای سەرقاڵیم بە ئەرکی قورسی رۆژانەوە، لە باری جەستەییەوە گەشەم دەکرد. هێشتا سێزدەساڵم پڕ نەکردبووەوە کە مەمکم کرد و عادەتی مانگانەم دەستی پێکرد. بۆیە وردە وردە بوومە جێی تەماحی پیاوان و گەنجانی چاوپیس و هەوەسباز. لە ترسی مەتەلەک و قسە فڕێدانی گەنجانی بێکاری گەڕک نەمدەوێرا بە تەنیا بچمە دەرەوە. شوێنم دەکەوتن. پەلاماریان دەدام. زۆر دەترسام.

لەبەرئەەوەی ئێمە ئەفغانی بووین و پیاومان لە ماڵەوە نەبوو، بە بێ ترس رێگایان پێدەگرتین و پێشنیاری پارەیان دەکرد بۆ ئەوەی لەگەڵیان بڕۆین. زۆر جار سەیارەدارەکان هێواشیان دەکردەوە و چاوە شوشەکەیان دادەداوە و هاواریان دەکرد"بە چەند، وەرە سوار بە" .ئەمە وای کردبوو هەر کە دەنگی  ماشینم لە نزیکمەوە دەبیست، جۆرێک لە ترس و شەرم و دڵەڕاوکێ  هەموو جەستەمی دادەگرت.و پێم پێکدا دەهات کە دەرۆشتم. قەت نەموێراوە سەیری ماشینەکانی تەنیشتم بکەم. نەمدەوێرا سواری تاکسی بم.  لە هەموو شوێنێک بە جۆرێک ئازاریان دەدام. کاتێ لە بازار و قەرەبالغیدا دەرۆشتم لە دواوە پەلاماری ران و سمتمیان دەدا. دەیانگرت یان دەستیان پێدا دێنا. نەمدەوێرا قسە بکەم لەبەر ئەوەی ئابروم نەچێت و سەرنجی کەس بۆ لای خۆم رانەکێشم. ئەم ئازارانە لە هەموو شوێن و هوموو کاتێکدا بەردەوام بوو. تەنانەت کاتێ لەگەڵ دایکیشم دەرۆشتم ئەو گەنجانەی ئێران لە دایکیشم شەرمیان نەدەکرد. ئەمە وایکردبوو حەزم نەدەکرد قەت لەماڵ بچمەدەرەوە. قەت ئەو شەوەم بیر ناچێتەوە کە لە گەڵ دایکم و برا بچوکەکەم بێ خانوو و سەرپەنا لە شەقامەکان دەسوڕاینەوە. براکەم لە کۆشی دایکمدا خەوی  لێکەوتبوو. دڵمان پڕ بوو لە خەم و ترس. کەس نەبوو بپرسێت لە حاڵ و وەزعمان، لەوەی بۆچی بەو نیوە شەوە لە شەقامەکان بە مناڵێکی بچکۆلانەوە دەسوڕینەوە. بەڵام دەیان پیاوو گەنجی بێ ئینساف و چەپەڵ رێگایان پێ دەگرتین و دەیانویست دەستدرێژی جنسیمان لێبکەن. هەر ئەوشەوە چەند گەنجی  بەرەڵا رێگایان پێگرتین. لە بەر چاوی دایکمەوە پەلاماریان داین. دایکم ناچار بوو دەستی کرد بە قیژە قیژ بۆ ئەوەی گەنجەکان دوورکاتەوە. باش بوو ماشینێک هات و گەنجەکان هەڵاتن.  ماشینەکە هی شارەبانی بوو پێمان دەڵێت "ئەگەر حەزتان لەو کارانە نییە بۆ بەم شەوە لەم خیابانەدا بەرەڵا دەخولێنوە". ئێمەش لە بەر ئەوەی نەزانن کە ئێمە ئەفغانین و شوێنی ژیانمان نییە و لە بەر ئەوەی نەمانێرنەوە بۆ ئەفغانستان. دەنگمان نەکرد و سەرمان داخست و رۆشتین. ئەم بارودۆخە وەهای کردبوو کە من ئیتر نەمدەوێرا لە ماڵ بچمە دەرەوە. ئەرکەکان هەمووی کەوتبووە سەرشانی دایکم. هەستێکی ناخۆش دەروونمی پڕ کردبوو. خۆم بە سەرباری دایکم دەزانی. بیرم لە خۆکوشتن دەکردەوە، بەڵام هاوکات سیمای خەمبار و تەنیای دایکم دەهاتە بەرچاوم کە پاش من چی بەسەر دێت. بۆیە سەرەڕای ئەوەی چەند جار پلانی خۆکوشتنم داڕشت بەڵام بیری دایکم بەری پێگرتم. رقم لە هەموو کەسێک بوو بە تایبەت لە پیاو. لە دڵی منەوە هەموو پیاوەکان دەستدرێژکەر و خراپ بوون. لییان دەترسام و رقم لێیان بوو. زۆر جار بیرم دەکردەوە لەوەی کە باوکیشم پیاو بووە و گمانی ئەوەم دەکرد کە ئەویش هەر وەها روانیویەتە ژنان. بەڵام لەبەر ئەوەی باوکم بوو نەمدەتوانی رقم لیبێت. بڕێ جار کە خزمەتی برا بچوکەکەم دەکرد بە خۆمم دەوت تۆ بە دەستی خۆت خەریکی کەسێکی تر بە کۆی پیاوان زیاد دەکەی کە دەتوانێت لە داهاتودا گورگێک بێت بۆ هاورەگەزەکانت. هاوکاتیش بە خۆمم دەگوت کە ئەمە هەلێکە بۆ ئەوەی بتوانم براکەم وا رابێنم کە دوا رۆژ جیاوازی ببێت لەگەڵ پیاوانیتر. بە دایکم دەوت کە گوناهی دایکانە وا کورەکانیان وا راناهێنن کە رێز لە رەگەزی بەرانبەریان بگرن و تەنیا بە چاوی سێکسەوە سەیریان نەکەن. دایکان کە خۆیان ئەم هەلسوکەوتە نالەبارانەی پیاوانیان بینیوە و ئەو بێڕێزی و سوکایەتییان چێشتوە نابێت ئەوەندە کەمتەرخەم بن. پیاوەکان هەموویان دایکیان هەیە و دەبێ دایکان فێریان بکەن کە ژنەکانیشیان و ژنان و کچانیتریش دایکن و دەبێت رێزیان لێبگیردرێت. بەڵام دایکم هەموو جارێک دەیگوت خودا خۆی باشتر دەزانێت.  خودا خۆی وای  دروست کردوون و بە من و تۆ ناگۆردرێت. بەڵام من بڕوام بەوە نەبوو. هاوکات کە رقم لە پیاو بوو، دیشمزانی کە دەبێت لانی کەم بۆ دابینکردنی داهاتوم و کەم کردنەوەی گوشاری سەر دایکم رۆژێک دەبێت شوبکەم. هەمیشە حەزم دەکرد ئەگەر شومکرد مناڵەکانم کوڕ بن. بە دوو هۆ، یەکەمیان بۆ ئەوەی دەمزانی کچان لە کۆمەڵگای ئێمەدا ژێر چەپۆکە و مافخوراون. دووهەمیان بۆ ئەوەی کوڕەکانم وا ڕابێنم کە پێچەوانەی کوڕانی  کۆمەڵگا، رێز لە ژنان و کچان بگرن و بە چاوی یەکسان لەگەڵ پیاوان، تەنیا وەک ئینسان، سەیریان بکەن.

بەڵام ئێستا نازانم بڵێم بەداخەوە یان بە خۆشییەوە تەنیا خاوەن دوو  کچم و لە دوو کوڕ هیچیانم بۆنەماوتەوە. کچەکانیشم خۆش دەوێت. پێش بە دایکبوونم وام هەست دەکرد من قەت ناتوانم روحمم بۆ کور و پیاو ببێت. بەڵام دایکبوون شتێکیترە. لای دایک کوڕ هەرچەند خراپیش بێت، لای دایک ئەولادە و حیسابی  پیاوی بۆ ناکرێت، بۆیە ناتوانم بەو چاوە سەیریان بکەم کە کوڕانی گەڕەک و کۆڵان و شەقامەکانم پێ دەبینی. هەر چەند تا ئێستا ژیان شانس و دەرفەتی وەهای بە من نەداوە تا ئەو حەز و خەوەم بێنمە دی کە بتوام بە پەروەردە کوڕەکەم بکەمە پیاوێکی جیاواز لە کۆمەلگادا و چاوەکانی وا رابێنم کە ژنان وەک کەرەسە و ئامرازی خۆشگوزەرانی و رابواردن نەبینن. فێر بن کە ژنان وەک پیاوان خاوەن خواست و حەز و ئیرادەی خۆیانن و دەبێت لە  مافێکی یەکسان لەگەڵ کۆمەلگادا بن. ژیان تا ئێستا هەر رووە تاڵەکانی بە زۆرەملی سەپاندوە بە سەرمدا. بە تەنیا بیست و پێنج ساڵ تەمەنەوە دوو جار بەناو شوم کردوە و دوو جار کۆستی منداڵ مردنم کەوتوە و دوو کچم هەیە و ئێستاش دوو ساڵە لێرەم، لە هەندەران، لە وڵاتی سوید. لێرە بە گوێرەی یاسای تەندروستی بۆ هەموو ئەوانەی بە مەبەستی ماننەوە دێنە ئەم وڵاتە، پشکنینێکی عامی تەندروستیان بۆ دەکرێت. بەڵام بۆ من بە هۆی گۆزهەڵگۆز و کێشەی خێزانییەوە کە هەمووتان بۆ باس دەکەم، پاش دووساڵ ئەو پشکنینانەم بۆ کرا. یانی نزیکەی دوو مانگە بۆ ئەم پشکنینانە بڕێک خوێنیان لێگرتین. پاشان نامەیێکم بۆ هاتە ماڵەوە. لێی تێنەدەگەیشتم. بەڵام ئەوەندەی بە یارمەتی فەرهەنگی لوغەت و گوگلە لێی تێگەیشتم کە لە لای دوکتورێک کاتیان بۆ دیاریکردبووم. هەرچۆنێک بێت ئادرەسەکەی کە لە نامەکەدا هاتبوو دۆزیمەوە. لە شوێنەکە متەرجمیشیان بۆ گرتبووم.

دوکتورەکە لێی پرسیم دەزانی بۆ لێرەیت؟ وتم نا، چون نامەکە بە سویدیە و منیش زۆر بە زەحمەتیش توانیم ئادرەسەکەیشی بخوێنمەوە و بیدۆزمەوە چون لە زبانەکە نازانم.  دوکتورەکە دەستیکرد بە پرسیار کردنی لەم چەشنە:

د: کۆکەت هەیە؟

م : نەخێر

د: شەوانە بەدەم خەوەوە ئارەق دەکەی، ئەوەندەی کە مەلافەکەت تەر بێت؟

م :نەخێر

د : ئەم ئەخیرانە کێشت دابەزیوە؟

م : نە زۆر

د: "تا"ت نییە؟

م : نەخێر

پاشان دوکتورەکە دەڵێت زۆر باشە بەڵام دەبێت پێت بڵێم کە تاقیکردنەوەکانی خوێنت پیشانی داوە کە لەشت هەم باکتریای سیلی تێدایە و هەم وایرۆسی هێپاتیتی ب. ئایا کەس لە خزمانی نزیکت یانی ماڵی خوتان یان کەسانێک کە لەگەڵیدا لە ماڵێکدا ژیابێتی، ئەم نەخۆشینانەی بووە؟

وتم نازانم، پێم وانەبێت کەسیان وەها نەخۆشینێکیان بوبێت. بەڵام چۆن دیارە؟ دوکتورەکە دەڵێت بۆ سیل ئەوانەی شەوانە ئارەق دەکەن و کۆکەی زۆر و درێژ خایەنیان بێت گومانی ئەو نەخۆشینەیان هەیە. ئەمەش لە کەسێکەوە بۆ ئەویتر دەگوازرێتەوە بە هۆی هاوژینی و پێوەندی لەشی و تەنانەت لە هەناسەشەوە.

 لەم قسە بەولاوە ئیترهەموو هێڵە پیوەندییەکانی لەگەڵ دیلمانجەکە و دوکتورەکەدا بڕا. چاوەکانی مۆلەق بوون و جوڵەی لەشی کەم بووەوە و ئاگای لەدوونیا نەما.  خۆی پاش وەهۆش هاتنی دەڵێت کە بەم قسە مێشکم وەک تەندور دایسا و لەشم کەوتە لەرزین و فرمێسک وەک کانیاوی تەقیو بەربوونەوە. بە جەستە لە ژوورەکە بووم بەڵام ئاگام لە کەس نەبوو وێنەکان منیان بردەوە بۆ ئەو ساڵانە. بۆ لای حاجی،حاجی عوبەیدولا. کۆکە بەردەوامەکانی کە جار وبار خوێنیان لەگەڵ بەڵغەم دەهێنا دەمی و ئەویش بەدەسماڵەکەی دەیسڕی و دایدەنا. ئارەقەکانی شەوانەی کە دەهاتە لام، کە من بە حیسابی ماندوو بوونی لە کاتی سکس کردندا دامدەنا. سکس لەگەڵ حاجی بۆ من وەک ئەشکەنجەی بێ کۆتایی بوو. لە جەستەی بێزم دەکرد. حاجی شەست ساڵی بوو، منیش تەنیا هەفدەساڵم بوو.

تەمەنم ببووە هەفدەدە ساڵ کە رۆژێک دایان لە درگا. وەک هەمیشە دایکم چوو درگای کردەوە. ئەو رۆژەی پاش سالەها خاڵم هات بوو بۆ ماڵمان. من نەمدەناسییەوە، لەبەر ئەوەی من زۆر بچوک بووم کاتێک لە ئەفغانستان هاتینەدەر، لەوکاتەشەوە خالم نەبینی بوو. رێک ئەو دەمانەی وا من رقم لە پیاو بوو. خاڵم باسی شوکردنی منی بۆ دایکم دەکرد. دایکم سەرەتا توڕە بوو. وتی کچەکەم هێشتا مناڵە، بەڵام خاڵم ئەوەندەی باسی شەرع و حەدیث و کەلامی خودای بۆکرد تا نەرمیکرد. من خۆم زۆر دەترسام و نەمدەویست شو بکەم. رقم لە هەموو پیاوێک بوو. بەڵام خاڵم زۆری بۆ هێنام. وتی تۆ کچی و هەر دەبێت رۆژێک شوبکەیت، جیا لەوەش تۆ دەزانیت کە ئێستا گوزەرانی ئێوە باش نییە و دایکیشت ناتوانێ بە تەنیا ئێوە بەخێو بکات. تۆ دەبێ بیر لە دایکت بکەیتەوە. ئەگەر تۆ شوبکەیت هەم خەرجی دایکت کەم دەبێتەوە و هەمیش مێردەکەت دەتوانێت یارمەتی دایکت بدات. جگە لەوە تۆ پێویستت بە هاوسەرێکە کە لە بەرانبەر تەماح و هەوەسی پیاواندا ببێتە قەڵغان و بتپارێزێت. ئەمە گوناحە کە کچی عازەب و بێ باوک لە ماڵدا بێت.

من بیرم لە گوناحبوون و  کەلامی خودا و پێغەمبەر بوونەکەی نەدەکردەوە. بەڵام تەنیا خاڵی لاوازم بێ باوکی و تەنیادەس بوونی دایکم بوو. باری ئابوریمان زۆر خراپ بوو، دایکم زۆر ماندو دەبوو خۆم بە سەرباردەزانی. هاوکات نەمدەوێرا لە هیچ کوێ داوای ئیش بکەم. دەمزانی وەک گورگی دڕ ددانی تەماحیان بۆ جەستەی شلکی بەرخێکی بێ کەس تیژ کردوە. بڕوام بە هیچ پیاوێک نەبوو، تەنانەت بە ژنەکانیش چون دەمزانی یان بە پارەت دەفرۆشن یان بە دینت دەبەخشن و قوربانیت دەکەن.

 

دوکتورەکە دەپرسێت حاجی کێیە؟ دەڵێم مێردم بوو. دوکتور دەڵێت یانی باوکی ئەم منداڵانەت؟ دەڵێم نا. لەو تەنیا بیرەوەری ساڵێک ئەشکەنجە و ئەم نەخۆشینەم بۆ ماوەتەوە.

دوکتور دەپرسێت ئاخۆ لە گەڵ کەسیتر سێکست هەبووە، یان وەکو ئاگادار بیت دایکت هێپاتیت B ی هەبووە؟ ئاخر تۆ جگە لە باکتێریای سیل هەڵگری وایرۆسی هێپاتیتی B یشی.

 دیسان حەملەیێکی تر و دابران. ئەمجارەیان خراپتر دەڕوات. ترس لە هەموو گیانی دەتکێت. هاوار دەکات و دەڵێت:

نا،نا مەکەن. تکاتان لێدەکەم، پێڵاوەکانتان ماچ دەکەم. هەرچی بڵێن بە قسەتان دەکەم بەڵام ئەمکارەم لەگەڵ مەکەن. تکایە من مێردم هەیە. تازە مناڵم بووە، وام لەگەڵ مەکەن. تو خوا روحمم پێبکەن. بەزەیتان بەو دوو منداڵەمدا بێت. من هێشتا گیانم برینە مناڵدانم برینە وام لێمەکەن. مەکەن… توخوا…

کە هاتمەوە سەرخۆ لەسەر تەختی نەخۆشخانە رایانکێشابووم و موتەرجمەکە و دوکتورەکە و پەرەستارێک بە دەور تەختەکەمەوە وێستا بوون. پەرستارەکە  بڕێک حەبی پێدام و خواردم بۆ ئەوەی بڕێک هێور ببمەوە. پرسیم من لە کوێم، بۆ لێرەم. دوکتورەکە وتی تۆ تووشی شۆکی دوارووداو بوویت. وا دیارە پرسیارەکەی من تۆی بیری روودای ناخۆش خستەوە. لەپڕ ماقبوویت و بێدەنگ  لە حاڵێکدا کە چاوەکانت نەدەتروکاند هاوارت دەکرد مەکەن ، توخوا مەکەن. بە دەم هاوارەکانەوە بوورایتەوە. ئێستا وا دیارە بڕێک باشتری.

وتم بەڵێ  وابوو. بیری ئەو رۆژە ناخۆشە کەوتمەوە کە دوو قاچاخچییەکە لە یونان بە بەرچاوی مناڵەکانمەوە دەسدرێژیان لێکردم و پاشان بە گیانی خوێناییەوە بردمیان و لە شەقامێک بە دوو مناڵەوە بەرەڵایان کردم و هەڕەشەیان لێکردم کە ئەگەر باسیان بکەم کوڕەکەم و مێردەکەیشم دەکوژن.

ـ ئەوان لە کوێ بوون؟

ـ ئەوان هێشتا لە تورکییە بوون. قەرار بوو هەموومان پێکەوە بەڕێ بکەن بەڵام ئەو رۆژە بە بیانوی ئەوەی کە سەرەتا مناڵەکان و ژنەکان بەڕێ دەکەن منیان لە مێردەکەم جیا کردەوە. من و کچە دوو ساڵانەکەم و کۆرپە بچکۆلانەکەم کە هێشتا چلەی نەچووبوو لەگەڵ گروپێکیتر ژن و مناڵ و چەند پیاو بەڕێ کراین بۆ یونان. شەو گەیشتینە بەرۆ. قەرار بوو مێردەکەیشم بە دوای ئێمەدا بنێرن بەڵام  پاش یەک حەوتو لە رێگای قاچاخچیێکیترەوە خۆی گەیاندبووە یونان. من لە رێگای گروپە ئینساندۆستەکان و خاچی سورەوە مێردەکەم پاش مانگێک دۆزیەوە. کە هات بە تەنیا بوو.

ئەو دەریای کە رۆژگارێک هەموو هیوایەت و ئاواتی من و خەو و خەیاڵی من بووو وایکردبوو کە ناوی یەکەم کچم نا دەریا، بووبە ئەژدیها و تاقە کوڕەکەم و خۆشییەکان و خەونەکانی منی هەڵوشی و زامێکی قووڵی لە سەر رۆح و دەروونم رۆکرد. زامێک کە لەگەڵ بینینی هەر دەریایێک، شەپۆلی ئازار و ژان بەردەبێتە جەستەم. دەریا ئیتر لە لای من کەنارێکی ئارام و لمێکی گەرمی بەرتاوی هاوین نایێنێتە یاد، بەڵکو دەریا کەنارەکانی پڕە لە جەستەی بێگیان کە شەوانە هەڵیانیلوشیوە و لمە ساردەکەی بەیانیانی بە کەفی لێوی جەستەی مناڵانی دەم شەپۆلەکانی سپی هەڵدەگەڕێ. ئەو مناڵانەی بێ بەزەییەکانە شەپۆلەکانی دەریا وەک قاچاخچییەکان لە شەقامی کەنارە بێناونیشانە بەرداوییەکاندا فڕییان دەدەن. من ئەمڕۆ دەریا وەک قاتڵی کوڕەکەم دەبینم و چاوم بەرایی نایەت چیتر لە کەناریدا دانیشم. تەنانەت ناوی کچەکەیشم گۆڕیوە.  

 Bilderesultat for rasismen

 

                     

گەڕان بۆ بابەت