نەژاد عزیز سورمێ

بە کەنارێکدا دەڕۆین
تاریکیمان بەپێش کەوتووە
تاریکیمان لە دوو دەڕوا
هاوارمان
لە هاوارى ناو مۆتەکان دەچێ

 

وانەیەک لە سپێدەوە

نەژاد عزیز سورمێ

 

ئەى ئێستا!

(ئێستا)ى لەتاراوگەى ڕەهاوە هاتوو

وەک قسە سادە و قووڵەکانى مندڵان

خەیاڵى ئێوارە خەمبارەکانى ئاو و

کەزیى ئەستێرە داڕژاوەکان دەکەى

نیگەرانییەگى برووسکەدار

بەسەر ڕۆژ و مانگ و ساڵمان تێدەپەڕێ

زەماوەندێک بوو

قەسیدەى

بەکڵاوڕۆژنەى کۆڵیتان

بەردەدانەوە ..

 

ئەى ئێستا!

سوڵتانى ون بووى بیابانان

کەشتى بێ چارۆگە

نامۆى لەگەڵ ئاودا ئێشکگر

شەوى گڕگرتووى

جەستەى ڕووتى

ئاوازە جەنازەییە کڵۆڵەکان

لەوێ ،

لەبەرزایی وەحشەتناکى ئیرۆتیکادا

بوارێکى دژوار چاوەرێمانە

دەنگ و ڕەنگى

لەبۆشایی مێینەتیدا دەلەرێنەوە

 

ئەى ئێستا!

گوایە تێشتت لە (هەزارمێرد) و

فراڤینت لە (چەرمۆ)دا خواردووە و

شەو لە مەیخانەکانى (ئوور)دا

مەست بووى ..

کوا ؟

کوا تێزى ئیرۆتیکا؟

کوا باڵاى ئەبەنووسیى

ساقییە چاوکاڵەکان

زرنگانەوە و کێشمانەى شارستانییەت کوانێ؟

 

 

ئەى ئێستا!

بە کەنارێکدا دەڕۆین

تاریکیمان بەپێش کەوتووە

تاریکیمان لە دوو دەڕوا

هاوارمان

لە هاوارى ناو مۆتەکان دەچێ

بە هەناسەبڕکێى خۆمان ڕادەپەڕی

بێدار دەبینەوە .

 

ئەى ئێستا !

مێینەتى مێژوو چى لێ هات؟

پیاوەتى جوغرافیا کوانێ؟

بە سۆزى (ئێستا)ى ئەوساوە

گوڵێکمان بداتێ

ماچێکمان بکا

لە ڕووناکییەوە هەڵێنجرابێ.

 

کە ئێستا

پەرچەمى بەردەداتەوە

تەنیا ڕەشایی

لە ئاوێنەدا دەبینێ

ئەوە تۆى ئێستا

ئێرۆتیکانە

لەسەر کلیلى ژەنگاوى

بانکەکان

بە دیار گۆڕى

چەند جار هەڵدراوەى مێژوو و

نگینى چێژ

ڕاکشاوى

بیر لە ئاگرەى دەبەنگایەتى دەکەیەوە.

                             **

 

 

پڕشنگى خۆر

بەناو قژى ئاڵۆزکاودا

دەچێتەوە سەر

ئەو توولە ڕێیانەى

بانگى پەرستگایانى ناگاتێ

(ئێستا) لەوێدا

بە هێمنى

غەریبانە گیان دەسپێرێ

لەوساوە وێنەى لێچووەتەوە

لەوساوە

بە لاپرسەنى نەدیتکان

لەگەڵ ئاودا دەنوێ و

لەگەڵ ئاودا

خۆى بە تاشەبەرد و

ڕەگى سپیدارەکانى کەنار دادەدا

ئەنکیدۆیانە

بەجەستەى ژنێکى ڕشکاو هەڵدەخەڵەتێ

لەوساوە (ئێستا)

بووە بە مەملەکەتێکى کەس بە کەس نەبووى

بێ تەخت و بێ ناونیشان

لە غەفڵەتى بارانى ئێواران و

ئاسمانەى نەسیمێکى لەریو

لە شەوێکى نووتەک دەکا

هەراهەرایەتى مردووانى

تێدا زیندوو دەبێتەوە.

                             **

ئەى ئێستا !

وێنەى هاوچەرخى دێرینى

لە خوێنێکدا گەوزاو

ڕەنگدانەوەى مانگە

بەئاسمانى تۆراوەوە

لەو ئاوێنانەى

لە شەڕەکاندا شکێنران و

لە دیمەنێکى نەدیتراودا

(ئێستا)ى دێرین

دێرینى (ئێستا)

دەدەنەوە

 

ئەى ئێستا!

تۆ نووکە ڕووناهییەکى سپی

بە لووتکە بێباک و ماندووەکانەوە شۆڕ دەبییەوە

گەردانەیەکى پچڕاوى

بەسەر جەستە ڕاشکاوەکان وەربووى

جوانییەکى

نە لار دەبێتەوە، نە دەشکێتەوە

بەڵام هەرگیز ساف نابێتەوە

ئەوە دووکەڵى پەرت بووى سپێدەدەمانى شارە

لە نهێنى هەڵدێ

بچێتەوە ناو نهێنى

خەون بە خەونەوە دەبینێ

ئاهەنگ لە ئاهەنگدا دەگێڕێ

گریان بەگریان دێنێ ..

لەوێ

لە پەژمووردەیى جەستە ئیرۆتیکاییەکاندا

لەبن باخەڵى سۆزاوى مێینایەتیدا

ژیان گوناهێکى بەردەوامە

لە پرسیارە بێ وەڵامەکان

شێوازێکە لە شێتیى

بەناو هاڕمۆنیاى ڕەنگە گەرمەکانى

تابلۆیەکدا تێدەپەڕێ

ڕووت

ئاسودە

دڵخۆش بە کورتە خەونەکان ..

دڵخۆش بەو ئایکۆنانەى

نە وێنەى دێرینیان پێوە ماوە

نە ڕووناکى ئێستا!

 

ئەى ئێستا!

بۆشاییە

بۆشاییە

بۆشاییە (ئێستا)

بە ڕووباران خوێنى

لەبەر دەڕوا

دەشتە بە پیتەکانى سۆمەر

لە (ئێستا)ى ئەوسادا

لەقووڵایی سەقامگرتووى زەوى

دەگیرسێتەوە ..

شەوى بۆیەکراو بە خۆڵ و خاشاکى

شەقامی مەیخانەکان

بە تریفەى وەهم دەدرەوشێنەوە.

 

ئەى ئێستا!

تاجەگوڵینەى

وەسوەسەى جەستە پاڵکەوتووەکان!

مەڕۆ.. بمێنەوە

شەبەنگى ئەبەدییەت

بەکوێریش دەبینرێ

چاو

هێزى بینین

لە ڕووناکى نا

لە زەردەخەنەى خوداوەندان وەردەگرێ

قەسیدەکان بە ڕێگاوەن

ئێش

لەززەت

هێڵە چەماوەکانی ئیرۆتیکا

ئاسمان و زەوى

سێبەرى شارستانییەتیان

حەشار داوە.

ئێوارەت باش

پەلکەزێڕینەى هەوکردوو!

ئێوارەت باش

بێدەنگى دێرین!

هێزى تۆ

لە (ئێستا)وە هاتووە

(ئێستا)ى دێرین

دوا قسەى بە گوێى

دار و درەختان دەچرپێنێ

ئەمە ئەو (ئێستا)یەیە

ڕۆژانە لە دێرینى دەخوازین

تا لە باڵ (ئێستا)ى ئێستاى بکەین

ئەو سرووتە نەخشە بۆ کێشراوانەیە

ڕۆژانە دووبارەى دەکەینەوە

ئەو قوولکە بەردانەن

لێمان بوون بە گۆڕستانى

بارانە مردووەکان

لێمان بوون بە دروشمى ئەفسانان

لە گۆشەگیرییەکى خۆڵەمێشیدا کۆ دەبنەوە

نیگایان لەو چاوانەیە

گلێنەیان تیا نەماوە

خاچى تێدا بچەقێنن

ڕێ لە پەپوولەى بناران و

کارمامزى دوندان بگرن.

 

ئەى ئێستا!

خۆش بوو هەمیشە

بە گەنجیمان دیتباى

گەرم... بە شەنگ...

ئەفسووس

نە (ئێستا)ى ئێستاى

نە ئێستاى دێرین

خۆت دیوە

بەناوى گەشت

بەناوى ئاییندە

بەناوى هەناسەى کوێستانان

سوارى چ کەشتییەکى ڕەشیان کردووى

دەتبەن

لە بەحرى زوڵوماتدا بەجێت دێڵن

قاقاى پێکەنینیان

دەریایان تەى دەکا

ئۆقیانووسان دەبڕێ ..

درێغ تۆیش

ئێستایەتى خۆت

لە ئێستادا نەکرد

ئەى ئێستا!

سوڵتانى بێ تەختى ون بووى لمى بیابانان.

حوزەیرانى / 2017

 

 Bilderesultat for eksil kunst

بازدید: 850