ما 6449 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاورێ نەهرۆ

ئەوە بوو دواتر دام و دەزگاکانی میری لێ بە ئاگا هاتن ئەنجام ئەبو عەبدوڵا یان گرت و بە پینج ساڵ زیندانی حوکمیان کرد و دەستگیرا بەسەر ماڵو موڵکی گۆڕاو نەگۆڕی دا، بەم شیوەیە تراژیدییە ماڵی ئەبو عەبدوڵا دوای شکست و ئیفلاس بوون و لەدەست دانی دوو لە مناڵەکانی شارەکەیان جێهێشت.

 

تەندەرچی یەکە

هاورێ نەهرۆ

سەرەتای حەفتاکانە، نەوتی عیراق خۆماڵی کراوە، ئەوە بوو تەقینەوەیەکی ئابوری بەدوای داهات، تەندەرچی یەکی زۆر پەیدا بوو لەسەرتاسەری عیراق، یەکی لەو تەندەرچی یانە ناوی ئەبو عەبدوڵا بوو لەگەرەکی سەربازی شەست ماڵی بەقونتەرات گرتبوو، هەر زوو ناوی ئەبو عەبدوڵا وەک ئاگری ناو پووش بڵاوبووەوە، لەشارو گەرەکەکانی دەوروبەری شار ناوی لەسەر زارانی خەڵک بوو، لەبەر ئەوەی لە رێگای ئەوەوە خەڵک ئیشی دەست دەکەوت، تارادەیەک بێکار لە ناوچەکە نەما، ئەوەی توانای ئیشی هەبوایە لای ئەبو عەبدوڵا ئیشی دەست دەکەوت، ئیدی خەڵک وەکو فریشتە چاویان لێدەکرد.

ئەبو عەبدوڵا پیاوێکی ئەسمەری باڵا بەرز بوو، چاویلکەیەکی پزیشکی لە چاوی بوو، تەمەنی نزیکەی پەنجا ساڵ بوو، ماوەیەکی پێ چوو هاوسەرەکەی لەگەڵ چوار منداڵ دا هینا لەو شارە نیشتەجێ بوو کە کارەکەی لێ بوو، دوو کوری هەبوو بە نێوی عەبدوڵاو غەسان، عەبدوڵا تەمەنی شازدە ساڵان بوو غەسانیش تەمەنی چوار ساڵان، هەروا دوو کچی هەبوون بە نێوی نیزال و رەوعە، نیزال تەمەنی چواردە ساڵان بوو رەوعەش یانزدە ساڵان، ئەبو عەبدوڵا لەسەرەتا دا ماشینیکی فوگس فاوگنی بچوکی هەبوو دواتر کە شەست ماڵەکەی تەواو کرد قازانجێکی زۆری کرد هەر بۆیە گۆرانکاری بەسەر ماشینەکانی هات هەر ساڵەو مۆدێلیکی بەرزتری کڕی. دوای ئەوەی شەست ماڵەکەی گەرەکی سەربازی تەواو کرد، سەد ماڵی دیکە لەشوێنیکی تر بۆی دەرچوو شان بەشانی ئەوە سەد ماڵی دیکە لەگەرەکی پولیس بۆی دەرچوو، پاش ماوەیەک دوو سەربازگەی بۆ دەرچوو لەدەرەوەی شار، ئیدی تادەهات دەوڵەمەندو دەوڵەمەندتر دەبوو تەنانەت سەفەری کرد بۆ پاکستان لەوی سەد کرێکاری بە مووچەی هەرزان هینا تاوەکو کارەکانی پێ مەیسەر بکا، نزیکەی شەش چاودێری مووچە خوڕی هەبوون بەسەر ئیشەکان دا دابەشیان کردبوو، هەر کارەو پاسەوانێکی بۆ دانا بوو، شەش ئەندازیاری هەبوون وەک مووچەخوڕ پلانیان دائەناو سەرپەرشتی کارەکانیان دەکرد، رۆژ لە دوای رۆژ پلان و پروژەی تازەی هەبوو بۆ نموونە پێشتر کاشی شتایگەری سەربانی دەکڕی بەڵام کە زانی گرانی لەسەر ئەکەوێ، بیری کردەوە بە هاوکاری یەکی لە چاودێرانی کارگەیەکی دروست کردنی شتایگەر دامەزراند، لە کوێ پیویستی بە شتایگەر هەبوایە لەوێ بەرهەمی دەهینا وێرای ئەوەی زیادە بەرهەمی لێ دەفرۆشتەوە بە نرخێکی گونجاو، چەند لوریەک هەبوون سەرەتا لە خان بەنی سەعدەوە کە ڵپوچی برژاوو کەچ و لمیان بۆ دەهێنا بە کرێ، ئەبو عەبدوڵا بیری کردەوە کرێی لوریەکان گرانی لەسەر دەکەوێ هەر بۆیە سەفەری کرد بۆ لوبنان لەوێ دوو لۆری و تراکتۆرێک و چەند خەباتەیەکی تازەی کڕی تا وەکو ئیشەکانی پێ مەیسەر بکا. یەکەم جار کاتی لوریەکانی هینایە سەر کار بەم بۆنەیەوە دووسەر مەڕی سەر بڕی و بە لەپی دەستی خوێناوی دوو نەخش لەسەر چامولغی لوریەکان دروست کرد وەک چاوزارو دوورخستنەوەی دەردو بەڵا. لەگەڵ پان و بەرینی ئیشەکانی دا، خەڵکێکی زۆرتر لای ئەو ئیشیان دەکرد تەنانەت لەشارەکانی دەوروبەر ناوی بڵاوبووەوە بە شیوەیەک کەس نەبوو لەو شارانە نەیناسێ، کە پینج شەممان دەهات، پارەی سیلفەی دەهیناو بەسەر وەستاو کرێکارەکاندا دابەشی دەکرد، ئەبو عەبدوڵا ببووە ئۆمیدی هەژارەکان، لە نێو خیزانی کرێکارەکاندا بە رێزەوە ناویان دەهیناو باسیان دەکرد، بەڵام مەخا بن سەرکەوتن و شکست هاوتەریبن. یەکەم کارەسات کە رووی لە ئەبو عەبدوڵا کرد، تەقینەوەی بۆتڵی گاز بوو لە ماڵەکەی، بووە هۆی کوشتنی کچە یازدە ساڵەکەی بە نێوی رەوعە، کوڕی یەکی لە خێزانی چاودێرەکان کە تەمەنی دوازدە ساڵان بوو رەوعەی زۆر خوش دەویست لەبەر ئەوەی باوکی دەینارد بۆ ماڵەوەیان کە ئیشی هەبووایە، رەوعەش پێکەنینێکی بۆ دەکرد و دەرگایەکەی بۆ دەکردەوە، چەندین جار ئەم دیمەنە دووبارە بووەوە تا وایلێهات خوشەویسی لە نێوانیان دروست بێ، کاتێ باوکی هەواڵی مردنی رەوعەی پێ دا، بۆ هەفتەیەک نان و خوراکی نەخوارد.

بەڵام ئەبو عەبدوڵا بەسەر خۆی نەهیناو کارەساتەکەی تیپەڕاند، هەواڵی مردنی کچەکەی وەک ئاگری ناو پووش بە نێو کرێکارەکاندا بڵاو بوەوە، زۆر کەس هاوخەمیان بۆ دەردەبڕی، هەندێ لە کرێکارەکان جلی رەشیان لەبەر دەکرد، ئەبو عەبدوڵا بە هۆی کارەکانییەوە خەڵکیکی زۆری دەناسی لە گەورە لیپرسراوانی نێو دام و دەزگاکانی میری، هەر بۆیە هەر کرێکارێک تووشی تەنگ و چەڵەمە بوایە لەگەڵ میری، ئەو هەوڵی ئەدا قورتاری بکا، بە بیرم دێ وەستایەکی کارەبایی هەبوو ویستی ببێتە فەرمانبەر لای میری، ئەبو عەبدوڵا ریپورتاجی پاڵپشتی بۆ نووسی، دەنگ و دۆیکی لاواز هەبوو لەنێو خەڵک گوایا ئەم کابرایە پێش ئەوەی ببێتە تەندەرچی شیوعی بووە ! هەر بۆیە خەڵکی هەژاری خوشدەویست و دەرفەتی بۆیان دەرەخساند کە هەمیشە ئیشیان دەستکەوێ، بە بیرم دێ چاودێرەکان بە تویتایەکی پێکابەوە چوون بۆ لێواری ئەڵوەن بۆ ڕاوەماسی بە ژهرو قڕژاڵ، سێ ماسی گەورەیان دەستکەوت بە ئۆتۆمبیلەوە چوون بۆ ماڵیان تا یەکێکی هەڵبژێری ئەویش مام ناوەندیەکەی هەڵبژارد، ئەنجام گەورەو بچوکەکەیان بەسەر خویاندا دابەش کرد، ئەبو عەبدوڵا هەمیشە هەوڵی ئەدا لەگەڵ ئەو مناڵانەی لەسەر ئیش بوون بە تایبەتی منداڵی چاودێرەکان کە درێژە بە خوێندن بدەن، دەیگوت ژیان زەحمەتە بۆیە دەبێ ئایندەیەکی باش بۆ خوتان و خێزانەکانتان دابین بکەن، هەر بەم هۆیانە پەیوەندییەکی ویژدانی لە نێوان کرێکارەکان و ئەبو عەبدوڵا دروست ببوو.

لەماوەی دوایی دا ئەوەندە کارەکانی زۆر ببوون لە هەفتەی جارێک ئەگەر دەربکەوتایە ئەگینا هەر خەریکی سیلفەو کڕینی شت و مەک بوو ! دووەم کارەسات کە رووی لە ئەبو عەبدوڵا کرد، کوڕە گەورەکەی کە نێوی عەبدوڵا بوو ئۆتۆمبیلێکی تویتای دەبڵ قەمەرەی هەبوو، پێ چوو بوو بۆ کەنعان کە ناوچەیەکی کاولی نشین بوو، لەوێ کوشتبوویان و فڕی یان دابووە نێو ئۆتۆمبیلەکەیەوە، ئەم کارەساتە کاریگەری خۆی دانا لەسەر دڵ و دەروون و سەرو سیمای ئەبو عەبدوڵا چونکە لەدەست دانی کوڕی گەورەی بوو، بەتایبەتی کە ئۆمیدی ئەوەی هەبوو لە ئایندەی نزیک پشتی پێ ببەستێ و سەرپەرشتی کارەکانی بکا.

مردنی رەوعەو کوشتنی عەبدوڵا دوو کارەسات بوون هەرگیز لە بیر نەدەکران بە تایبەتی لای دایکیان کە هەمیشە خەفت بار بوو، کراسی رەشی دەپۆشی.

وەک پێشینان گوتویانە تەماح سەری نەخویت سەرت دەخوا. یەکی لە ئەندازیارەکانی بە نێوی مەحەمەد پلانی بۆ ئەبو عەبدوڵا دانا بوو کە کاتێ سیلفە وەردەگرێ چەند نوقتەیەک بۆ بڕی پارەکە زیاد بکا تا وەکو پارەیەکی زۆرتر وەرگرێ بەشێوەیەکی فێڵ و تەزویر.

ئەوە بوو دواتر دام و دەزگاکانی میری لێ بە ئاگا هاتن ئەنجام ئەبو عەبدوڵا یان گرت و بە پینج ساڵ زیندانی حوکمیان کرد و دەستگیرا بەسەر ماڵو موڵکی گۆڕاو نەگۆڕی دا، بەم شیوەیە تراژیدییە ماڵی ئەبو عەبدوڵا دوای شکست و ئیفلاس بوون و لەدەست دانی دوو لە مناڵەکانی شارەکەیان جێهێشت.

             Bilderesultat for katastrofe kunst                                     

 

 

گەڕان بۆ بابەت