ما 127 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

کیفەکەم کردەوە. ئەوەی بینیم تەنیا فلاش میننەیێک و چەند وێنەیێک بوو. مێمورییەکەم خستە سەر کامپیوترەکەم. ئەوەی تێدا بوو  فایلی سەوتی بوو. گوێم لێگرت. فایلەکە ئاخاوتنێکی نێوان کابرایێک و ژنەکەی بوو کە وەک پەیام بۆ یەکیان دانابوو. ئەمەش دەقی وتووێژەکەیە هێناومەتە سەر کاغەز...

 

دووا وشە

رەسوڵ سەفەریانی

ماوەیێک پێش ئێستا ماڵێکم لە کابرایێک کڕی کە بەشێکی زۆری کەلوپەلی ماڵەکەی نەدەبرد. رێکەوتین و من بە پارەیێک هەڵمگرتەوە. پاش ماوەیێک زانیم لە نێۆ کەلوپەلەکەدا کیفێکی بچکۆلانەی تێدایە. وادیار بوو شت و مەکی پریڤات و شەخسی تێدا بێت. سەرەتا وتم لە بیری چووە، بۆیە لە سوچێک دامناو چاوەڕوان بووم رەنگە بۆی بێتەوە و بیبات. ماوەیێکی زۆری بەسەردا تێپەڕی، بەڵام کابرا دیار نەبوو. چووم بۆ دوکانی دەڵاڵی خانوبەرەکە کە ماڵەکەمیان بۆ دۆزیبوومەوە بۆ ئەوەی رەقەمی تەلەفونی کابرا وەرگرم. کابرای دوکاندار وتی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە، با بزانم بۆم دەدۆزرێتەوە. زۆرێک گەڕا و هەر لەبەرخۆیەوە بۆڵەی دەهات و پرسیاری کاتی عەقدی کڕینەکەی کرد. پێم وت. وتی هۆهۆ لەمێژە. عاقیبەت بۆمی دۆزیەوە و پێیدام. سپاسم کرد و هاتمە دەرەوە هەر بەدەم رێگاوە تێلم بۆ کرد، بەڵام رێک چووە سەر پەیام. دامخست و لە ماڵەوە دیسان چەند جار لە چەند رۆژی پشت سەری یەکدا  تەلەفونم بۆ کردەوە، بەڵام  پەیامگیرەکە لەوبەرەوە بەردەوام دەڵێت ئەو رەقەمە داخراوە یان ئیتر نەماوە. سەرئەنجام منیش لە رووی کونجکۆلی و فوزولییەوە کیفەکەم کردەوە. ئەوەی بینیم تەنیا فلاش میننەیێک و چەند وێنەیێک بوو. مێمورییەکەم خستە سەر کامپیوترەکەم. ئەوەی تێدا بوو  فایلی سەوتی بوو. گوێم لێگرت. فایلەکە ئاخاوتنێکی نێوان کابرایێک و ژنەکەی بوو کە وەک پەیام بۆ یەکیان دانابوو. ئەمەش دەقی وتووێژەکەیە هێناومەتە سەر کاغەز:

 

ژن: خۆت وتت باشە. ئەم کارە رەزای خۆتی لەسەر بوو. خۆت دەزانی چەندین ساڵە منت چاوەڕێ کردوە. هەموو ساڵێک بە بیانویێک پەکت خستوە. ئێستا وادیارە پەژیوان بوویتەوە و ئەتەوێت هەموو خەتاکان بخەیتە ئەستۆی من. ئەگەر تۆ ئەو کات، یەکەم ساڵەکە دەڵێم، پێش ئەوەی ئەوان بڕۆن، خۆت ئاگاداریت کە من زۆر پێش ئەوەی ئەوان هەر لە مێشکیشیان کەوتبێت باسی ئەوەم کرد، وتم هەستە با بڕۆین ئێرە جێگەی ژیان نییە، لانیکەم جێگەی خەیاڵەکانی منی تێدا نابێتەوە. پێم وتی ئێرە زۆر بەر تەسکە خەیاڵی من بەرزە، ناتوانم لێرە بژیم. بەڵام تۆ هەر وتت ئەمساڵ مناڵەکەمان وردە، ئەوکات تەنیا تاکە مناڵێکمان هەبوو. ئەوان رۆیشتن، دیسان پێم وتی، وتم من لەوان کەمتر نیم، منیش حەزدەکەم بڕۆم. ئەوە بۆ من تەحمول ناکرێت کە ئەو ژنە لادەییە بەسەرما قیافە بگرێ و خۆی بەرز فەرز بکات بۆ ئەوەی ئەو چووەتە دەرەوە. پۆز لێبدات و خزمەکانت باسی بکەن. وتم من تاقەتی ئەوانەم نییە. وتت باشە دەڕۆین، بەڵام دواتر قسەکەی خۆت خواردەوە. ئەوە بوو بە کێشەمان، تەنانەت بڕیاری جیابوونەوەم دا، بەڵام تۆ دونیات کردە تکاکار و بوویتە هۆی ئەوەی من دەس لە خەوەکانم هەڵگرم. وتم قەیدی ناکات هەوڵمدا هەر لێرە دوای حەز و خەیاڵەکانم بکەوم وبژیم. هەوڵم دا وەک دونیای فیلمەکان بە ئازادی و ئازاد بژیم. بەڵام نەکرا. هەمیشە کەسێک لەبەردەممدا قوت دەبووەوە. هەموو کەسیێک خۆی بە خاوەنم دەزانی. بۆ تۆیان دەگێڕاویەوە. دەتکرد بە شەڕ، بەڵام وردە وردە بۆ راگرتنی من هەوڵت دەدا خۆت گێل کەیت. بەڵام لە دڵەوە لەگەڵ خۆت موشکلەت بوو. خۆت دەخواردەوە. جەستەت ببووە قوربانی دەرونت. هەتا دەهات لاواز دەبوویت و کەم تەحەمول. بەڵام من هەر تەحەمولم دەکردی بۆ ئەوەی ناوی پیاوێکم لەسەر بێت. ئەگینا نە تۆ ئەوە بوویت کە من پێت قایل بم و نە منیش ئەو کەسە بووم کە تۆ ئاواتت بوو.

بە درێژایی ئەو ساڵانە هەوڵمدا بە خۆ دوور خستنەوە و بڕینی پێوەندی لەگەڵ ئەوان، ئاگام لە بارودۆخی ئەوان نەبێت و لە بیر خۆمی بەرمەوە و ئیتر باسی ئەوان نەکەم بۆ ئەوەی داخی ئەو ماننەوەو لێرەچەقینەم لا تازە نەبێتەوە، بەڵام خۆ ئەم باسە کۆتایی نایێت. بە دەسپێکردنی هاتۆ چۆی باوکت و خوشکەکانی خۆت و  ئەو ژنە و سەردانیان بۆ لای ئەوان دیسان باسەکەیان گەرم کرا. ئیتر بەراستی تاقەتم لێ بڕا. من ناتوانم بەم هەموو حەز و خواستانەوە خۆم بە تۆ و ئەو شارە بچکۆلە دواکەوتوەوە ببەستمەوە.

 

پیاو: خۆت چاک دەزانیت کە هەموو ژیانم تەنیا لە پێناوی تۆدا بەخت کرد. من بە ئیزنی تۆ و لە بەر دڵی تۆ پشتم کردە هەموو حەز و ئارەزووەکانی خۆم. هەر چی تۆ ویستت من وام کرد لە کێ توڕە بووایەتی من لێی توورە دەبووم. ڕقت لە کێ بوو من رقم لێهەڵدەگرت. بە دەم هەرکەسەوە پێدەکەنیت لەگەڵتا پێدەکەنیم بە روویدا. کێت خۆشدەویست، لە پیاو  و لە ژن، منیش خۆشمدەویست. لەگەڵ کێ هاورێ بوویت لەگەڵی هاوڕێ بووم. پشتم لە هەموو خزم و کەس و هاوڕێی خۆم کرد. لە قوماشفرۆش و بەقاڵ و چەقاڵ و مامۆستا و ناسراو و نەناسراو کە تۆ حەزت پێدەکرد من لەگەڵی دەبووم بە هاوڕێ و هاتووچۆیم دەکرد. من دەمزانی تۆ خەریکی چیت، بەڵام جۆرە هەستێک گوێرایەڵ و دەستەمۆی تۆی دەکردم. هەستێک وەک خۆشەویستی یان ترس یان تێکەڵاوێک لەو دووانە. هەرکەسیش باسی ئەو راستیانە رەفتار و کرداری تۆی بۆ دەکردم لەگەڵی دەبوومە دووژمن. کێ لەدڵی تۆ دا رێگا و جێگای نەبووایە لە دڵی منیش توڕدەدرا. من وەک سەربازێک تەنیا لە ئەمری تۆدا بووم و هەموو خواستەکانتم بە بێ بۆچی و لەبەرچیێک جێبەجێ دەکرد. لەبەر تۆ دەیان ماڵم گۆڕی و هەموو جارێک بە کۆڵێ زەرەر دەمفرۆشت لەبەر ئەوەی فڵان جیران و دراوسێت پێ خۆش نەبوو. لە بیرتە لەبەر دڵی تۆ چیم کرد بەو ژنە بێ گوناهە وا تۆ بە لادەی ناوی دەبەیت. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە ئەرکی راستەقینەی من ئەوە بوو کە وەک برا لەگەڵیان ببوایێم و ئاگام لە خۆی و مناڵەکەی بووایە. هەر ئەو ژنە چەند ساڵ بە تەنیا ژیا و کەس نەیتوانی یەک تاکە وشەی پشت سەر دروست بکا. کەچی من لەبەر دڵی تۆ پشتم تێکرد و شەڕم پێفرۆشت. هەموو ئەمانەم کرد بۆ هێشتنەوەی تۆ، بۆ ئەوەی مناڵەکانم بێدایک نەبن. هەستە سەیر  وسەمەرەکەم رێگرم بوو لەوەی تەنیا یەک کاژێر خۆم بم. هەموو ئەمانەم قبول کرد و هیوادار بووم رۆژێک لەم رێگا بگەریتەوە و دامرکیت و ژیانی ئاسایی بێتە ماڵەکەم. هیوادار بووم زەمان و تەمەن بتگۆڕێ.

 

ژن: هەموو ئەوانەی کە کردت تەنیا لەبەر من نەبوو. تەنیا لەبەر خۆشویستنی من نەبوو. وەک خۆت دەڵێیت و منیش چاک دەزانم تۆ ترسێکی گەورەت لەگەڵدا بوو. ترسێک کە تۆی کردبوو بە گوێڕایەڵی بێ ئەملا و ئەوڵای من. تۆ تەنیا لەوە نەدەترسایت کە منت لە کیس بچێت، چون تۆ چاکت دەزانی کە من نەک هەر تۆ بەڵکو کەسم بە دڵ و بە قووڵی خۆش ناوێت. هاوکات خۆت بەکەمتر لە من دەزانی. تۆ دەترسایت من دەستت لێهەڵگرم و ئیتر کەسی ترت بۆ نەدۆزرێتەوە و نەتوانی هاوسەرێکیتر بۆ خۆت پەیدا بکەیت. تۆ دەترسایت کە پاش من کەست پێ قایل نەبێت. تۆ بە گشتی کەسێکی ترسنۆکی و قەت نەتوێراوە قسەی دڵت بەرانبەر بە من بکەی. بە ئاواتەوە بووم بۆ تەنیا یەکجاریش بووە بەرانبەر کردەکانی من هەلوێست بنوێنی و پیاوانە توڕە بیت و شەرت و مەرج و سنورم بۆ دابنیت و زۆر جیدی هەڵوێست بنوێنیت. ئەمە وایکرد کە من بەربڵاو بەدوای حەزە بێ سنورەکانمدا بچم و ئەم شتەم لێ ببێتە جۆرێک لە گیرۆدەیی، وەها گیرۆدەییێک کە ئەمڕۆ ئیتر بووەتە بەشێک لە کەسایەتیم و خووم پێگرتوە. رەنگە ئەگەر تۆ پیاوێکی راستەقینە ببووایێتی ئەمڕۆمان وا نەدەبوو. پێم خۆشە لێرەدا شتێکت پێ بڵێم، ئەگەر تا ئێستا نەتزانیبێت، ئەویش ئەوەیە من ئیتر ئەمڕۆ بڕوام بە شتێک بە ناوی ئەشق و خۆشەویستی و ژیانی خێزانی و لەم بەزمانە نییە. ئەمەش هەست و سروشت و رەوشتی منی پێکهێناوە و شتێک نییە کە بە زەمان و تەمەن لەمندا بگۆردرێت. بە عەکسەوە ئەمە بە گوزەری  زەمان و تێپەربوونی تەمەن و  ژیانی هاوبەشی لەگەڵ تۆ لەمندا دروستی کردووە و بووەتە بەشێک لە پێناسەی منە. من وام ێهاتووە کە حەز دەکەم هەر ماوەیێک لەگەڵ کەسێک کە بە هەر هۆیێک پێم جوانە یان حەزم لێیەتی بژیم و جووت بم. بەڵام قەت خۆم بە کەسەوە نەبەستوەتەوە و نابەسمەوە. تەنانەت بە مندالیشەوە. منداڵیش هەر زۆری تۆ بوو، هەڵبەت زۆریش دڵت خۆش نەکەیت بەوەی منداڵەکانم هەموو هەر لە تۆ بێت. من خۆم بەراستی لەوەدا دڵنیا نیم و بۆیشم گرینگ نەبووە و نییە. لەبەر ئەوەی تا ئێستاش هەر تۆ گەورەت کردوون. خۆشییانم دەوێت بەڵام خۆمم پێش هەموو شتێک و هەموو کەس خۆشتر دەوێت. دەزانم ژیان هەر یەکجار بە هەموو کەس دەبەخشرێت، بۆیە دەمەوێت بە دڵی خۆم بژیم.

 

 

پیاو: ئەو ترسەی تۆ باسی دەکەی راستە، بەڵام ترسەکەم لەوە نەبوو کە نەتوانم  کەسی تر وەک هاوسەر ببینمەوە، بەڵکو من  لەسەرەتاوە هیوام بە باشتر بوونی تۆ بوو، بەڵام دواتر بیرم لە منداڵەکانم دەکردەوە. لەوە  دەترسام و بیرم دەکردەوە کە مناڵەکانم بێ دایک گەورە بن. تۆ دەبێت ئەوە بزانی کە ئەگەر تەنیا ژنی من نەبوویت، وەکو خۆت دەڵێیت شکت لەوە هەیە کە من باوکی مناڵەکان بم، بەڵام هەردووکمان دەزانین کە تۆ تەنیا دایکیانیت، هەر چەند قەت دەوری دایکایەتی راستەقینە و ئەرکی دروستی دایکایەتیت بە ئەستۆ نەگرت و ئەنجامت نەدا، بەڵام بۆ ئەوان دایک دایکە و نەبوونی هەتیویی دروست دەکات و هەست بە بۆشاییەکەی دەکەن. بەڵام بەداخەوە تۆ قەت لەم  دەردەی من نەگەیشتیت یان نەتویست تێبگەیت چون تێگەیشتن ئەرک و بەرپرسایەتی دێنێت، ئەوەش ئەو دوو شتەیە کە تۆ هەمیشە لێی هەڵاتویت و پشتت تێکردووە. بەڵام من ئێستاش پاش ئەم دوا ونبوونەت کە زۆری خایاندوە و ناشزانم لەکوێیت، ئەگەر بێتو دەسهەڵبگری  لەو رێگا و بگەڕیتەوە، من ئامادەم  ماڵەکەمان جارێکیتریش بفرۆشم و بگوێزینەوە بۆ شارێکی تر، شارێ شوێنێک کە کەس نەماناسێت و نەزانێت لە کوێوە هاتووین. وەک وتم ئێستاش ئامادەم سێبەری دایکایەتیت بەسەر مناڵەکانتەوە قبول بکەم و چاوپۆشی لە هەموو هەڵەکانت بکەمەوە و جارێکیتر هێلانەی هاوبەش سازبکەین و جوجکەکانمان خۆشحاڵ بکەین و کۆتایی بە چاوەڕوانی و بێ دایکیان بێنین. لە بیرت نەچی بتەوێت و نەتەوێت دایکیت.

 

 ژن: بە دایکبوونی من، بەشێکی بە زۆری تۆ بوو و بەشێکیشی، مەبەستم یەکەم مناڵە، بە هۆی مناڵی و کاڵفامی خۆم بوو. دواتریش جۆرە سەرپۆشێک بوو بۆ ئەوکاتانەی وا ئێستا ناومناوە مناڵە جێ گومانەکان. من خۆم ئاگاداری ئەوەش هەم کە ئامێزی تۆ هەمیشە کراوەیە بۆ من و قەت ناتوانیت ئەو درگا دابخەیت. ئەزانم وەک هەمیشە ناتەوێت باس لەوە بکەیت کە من تا ئێستا لە کوێ بووگم، تەنانەت ناتەوێت بزانیت ئەم ماوە لە گەل کێ و چۆن ژیاوم. ئەمە عادەتی تۆییە. بەڵام دەمەوێت ئەوەت پێ بڵێم کە من ئێستا وەک پەلێکی سوک و ئازاد خۆم داوەتە دەس بای ژیان و دەمبات. هەر تاوێک لە شوێنێک دەمنیشێنێتەوە. ژیان بەو چەشنە دەروات کە من دەمویست. هەمیشە کەسانێک هەن کە ئامادەن ئامێزت بۆ بکەنەوە، بۆیە  من ئیتر دەروەستی ئامێزی تۆ نیم. ئەگەر تۆ هەست دەکەیت کە هێشتا گیرۆدەی ئامێزی منیت و پێت خۆشە تۆش پشکێکت لەو گەرمایە بەرکەوێت ماڵەکەمان بفرۆشە و دەستی دوو مناڵە بچوکەکان بگرە و وەرە بەرەولای من. کاتێک رێکەوتی ئاگادارم بکەوە ئەوکات پێت دەڵێم کە لە کوێم. ئەگینا لەوانەیە ئەمە دوا وتە و دوا وشەیێک بێت کە لە منی دەبیستیت. بڕیاری خۆت بدە.

 Bilderesultat for skjul love kunst

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت