ما 2162 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەعیدە سائێب

ڕۆیشتن و دابڕان لە وڵات و ئاوارەی هەندەران بوون و گیروگرفتەکانی هیچکات نەبوونە هۆی ئەوەی کە هونەرمەندان دوورکەونەوە یان دابڕێن لە ناوەڕۆک و پرسە کۆمەڵایەتیەکانی خۆیان و کۆی ئەمانە ڕەنگدانەوەی بووە لە بەرهەمە هونەرییەکانیاندا.

 

تراژێدیی تاراوگە و هونەری کۆمەڵایەتیی کوردستان

چەند تێبینییەکی ڕەخنەگرانە لەمەڕ بۆچوونەکانی هونەرمەند، ناسر قازیزادە

سەعیدە سائێب

له‌ ده‌یه‌كانی ڕابردوودا‌ جه‌سته‌ی هونه‌رمه‌ند له‌ پێرفۆرمانس، ڤیدیۆ ئارت‌ و فۆتۆگرافیدا به‌ ڕێژەیەکی زۆر ببوه‌ ناوه‌ندی هونه‌ری هاوچه‌رخ. له‌مڕۆدا ده‌توانین بڵێین كه‌ڵكه‌ڵه‌ ڕۆژانه‌كانی هونه‌رمه‌ند، كه‌وتنه‌به‌ر چاوی جه‌سته‌یه‌تی ‌وه‌ك جه‌سته‌ی كرێكاریك.

بۆریس گرۆیس(1)

 

لە درێژەی ئەو وتووێژانەدا کە بەڕێز محەممەد خاکی لەژێرناوی "مێژووی زارەکیی چەپ لە کوردستان" لەگەڵ کەسایەتە سیاسیەکانی ئێستا و سەردەمی ڕاپەڕینی ئێراندا کردوویەتی، وتووێژێکی تێدایە لەگەڵ هونەرمەندی بەڕێز و تێکۆشەر، ناسر قازیزادە(2)  سەبارەت بە دەور و نەقشی هونەر لە سیاسەت یان پێوەندیی نیوان ئەم دوانە. ئەم زنجیرە وتووێژە جگە لەوەی ڕەنگە لە سەرەتادا وەک پڕۆژەیەکی فەردی خۆی بنوێنێ بەڵام لەو هەوڵ و کارە پڕ بایەخ و بەهادارانەیە کە توانیویەتی بەشێکی زۆری ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی مێژووی سیاسیی هاوچەرخی کوردستان بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە و دوور لە شەرم و تەعارفی میدیای ڕەسمی پێشکەش بە خوازیاران و هۆگرانی ئەو مێژووە و ڕووداوەکانی بکات (بەش بە حاڵی خۆم لێرەوە دەسخۆشیان لێدەکەم و هیوادارم پەیگیرانە بەردەوامبن لەسەر درێژەدانی ئەم پڕۆژە سەرکەوتووە). لەو زنجیرە وتووێژەدا ئەو وتووێژەی زیاتر لە وتوویێژەکانی دیکە سەرنجی ڕاکێشام وتووێژە لەگەڵ هونەرمەندی بەڕێز ناسر قازیزادە، لەبەر چەند هۆکار. یەکەم، لەبەر ئەوەی کە خۆم لەو بوارەدا کار دەکەم و دەخوێنمەوە دووهەم، لەبەر ئەوەی کە هونەر و پێوەندیەکانی لەگەڵ کۆمەڵگا و کێشەکانی ناو دنیای هونەر بۆ خۆی، هەمیشە کەڵکەڵە و جێگەی پرسیار و سەرنجم بووە چ لە بواری تیۆریک و چ لە بواری پراکتیکدا.  

پانتای هونەر بەگشتی و پانتای شێوەکاری بە تایبەتی لە کوردستاندا پانتایەکی ساوایە و کاری تیۆریک و شیکارانەی ئەوتۆ یان شیاوی بۆ نەکراوە و بەشێوەیەکی تایبەتیتریش لە بواری ڕەخنە و خوێندنەوەی جیدیی و زانستیدا زۆر لاوازە. بەڵام لەباری کردارییەوە هەنگاوی باش نراوە. تا ئەو شوێنەی دەگەڕێتەوە سەر هونەر و دەوری هونەر لە کوردستاندا پرسیارە گەڵاڵە کراوەکان و وڵامەکانی تایبەت بەم بوارە، هەردووکیان هەندێک پرسیاری تر دێننە گۆڕی کە بەردەوام پرسی هونەرە لە کۆمەڵگادا و تا ئێستایش وڵامێکی شایستە، گونجا و عەسریی پێ نەدراوەتەوە. لەوانەیە سەرچاوەکانی کێشە و ناکۆکییەکانی هونەر و دۆخ یان پێگەی هونەر و بەدواشیدا هونەرمەندان ئەوە بێت کە هێشتا پێوەندییەکی ئەوتۆ لە نێوان هونەر و جومگەکانیتری کۆمەڵگادا درووست نەبوو بێ و هەمیشە وەک ئەویدیەک تماشای هونەر، بە تایبەتی هونەری شێوەکاری، لە کوردستاندا کراوە. خاڵێکی گرینگی دیکەش ئەوەیە کە هەرکات باس لە هونەری کوردستان کراوە کەم و زۆر ئاماژە بە گیروگرفتەکانی هونەرمەند و هونەرەکەی کراوە بە ڵام ئەمە هەر لە ئاستی گلەیی  و دەردە دڵ نەترازوە و هەنگاوی پراتیک و تیۆریکی جدی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە هەڵنەگیراوە. دوورودرێژیی وتووێژەکە و زۆر بوونی باسەکان و دەرفەتی کەمی ئەم دەقە، ڕێگرە لەوەی یەک بەیەکی پرسیار و وڵامەکان لێکبدەینەوە و لەسەر بدوێین. لێردا تەنیا پرژاومەتە سەر بابەتە بەرچاوەکان و دواتریش لەسەر هەندێک لە بەرهەمەکان دەدوێم. دەمانەوێ لەلایەکەوە لەڕێگەی ڕەخنە و خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی وڵامەکانی بەڕێز قازیزادەوە باسی هونەر و هونەرمەندان و گرفتەکانیان بکەین لە کوردستان و مێژووەکەیدا. لەلایەکی دیکەشەوە وڵامەکانی ئەو وتووێژە و واقعی هەنووکەی هونەری کوردستان و پرسی تاراوگە و زیان و خەسارەکانی، تا ئەو شوێنەی بکرێ و لە تاقەتی ئەم بابەتەدا بێ، باس بکەین و لەو بوارەدا هەندێک ڕوونکاری و شیکردنەوە بخەینە بەر چاوی خوێنەرانی ئەم دەقە و بەردەنگەکانی ئەو وتووێژە. خاڵێکی گرینگ کە پێوستە پێش چونە ناوی ئەسڵی بابەتەکە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە لای من مفروزە کە خوێنەری ئەم بابەتە پێشتر وتووێژەکەی بینیوە بۆیە بە تەواوەتی و دانە دانە فاکتەکانم نەهێناوەتەوە تەنیا ئاماژەم بە هەندێک لە فاکتەکان کردووە و لەسەری دواوم.

دیارە هەر پارچەیەک لە چوار پارچەی کوردستان خاوەن مێژووی هونەریی تایبەت بەخۆیەتی و ناوچەیەکیشە کە شارستانیەتە کەونینە و سەرەتایەکان تێیدا سەریان هەڵداوە و هەنووکەش هونەرمەندانی ئەم چوار پارچە بە دڵسۆزی و دڵفراوانیەوە، سەرباری ئەو کێشە و گرفتانەی کە لەسەر ڕێیانن و زۆربەیان دیاری و دەست کردی مێژووی داگیرکەرانن، درێژەدەری ئەوە ڕێچکە و ڕێگەیەن و کاری باشیان لەو بوارەدا کردووە. دوان لەسەر هونەری چوارپارچەی کوردستان لە تاقەتی ئەم وتارە کورتەدا نییە و هەوڵێ چڕوپڕ بۆ کۆ کردنەوەی ئەو سەرچاوانەی پێوەندیان بەم باسەوە هەیە و کۆمەڵێک ڕێکار و زاویەی تێۆریک و توێژەرانەی پێویستە کە ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان هەوڵ و هیمەتێک بۆ کردنی ئەو ئەرکە پەیدا بێ و تا ئەو شوێنەی دەگەڕێتەوە سەر خۆشم، بەشێکە لە ستراتیژیی کاری داهاتووم و کاری بۆ دەکەم و هێوادارم بتوانم ئەنجامی بدەم. کەواتە، مەبەستی سەرەکیی ئێمە لێرەدا دەوری هونەرە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا یان باشترە بڵێین هونەری کوردستانی ڕۆژهەڵات بەشێوەیەکی تایبەتی.

ئەگەر نەڵێین گریمان، لانیکەم بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین پانتای کولتوور لە کوردستاندا پانتایەکی پڕکێشە و گیروگرفتە. بێگومان جوگرافیا، سیاسەت، ئابووری و ئایین و ئایینزا جیاوازەکان هۆکارێکی گرینگ بوون بۆ درووست بوون و بەرهەمهاتنی دۆخی ئێستا و ئەمانە پاکیان هەندێک هۆکاری گرینگن لەسەر دواکەوتن یاخود پێشکەوتی ئاستی کولتوور و هونەر لە کۆمەڵگای کوردستان  لە خولە جیاوازەکاندا هەندێک جار بەربەست بوون لە گەشەکردن و باڵاکردنی هونەر و هەندێ جاریش کە کەشێکی کراوە و تۆزە ئازادیەک هاتۆەتە ئاراوە، هونەر وەک باقیی پانتاکانی دیکە گەشەی بە خۆیەوە بینیوە. ئەم هۆکارانەش بوونەتە هۆی ئەوەی هونەر نەتوانێت ڕەوتی سرووشتیی خۆی بپێوێ و بەردەوام تووشی پچڕان و دابڕان بێ لەیەکدی. واتە بەبێ خوێندنەوەی خول، زەمان و شوێنی بەرهەمهاتنی بەرهەم و کارە هونەرییەکان، دەشێ دەربڕینی بۆچوون کارێکی هەڵە بێ. ئەوەیە کە هونەری ئێمە وەک هونەری ڕۆژاوا نەیتوانیوە قۆناغەکانی بە شێوەیەکی سرووشتی و بەبێ گیروگرفت تێپەڕێنێ و دوابەدوای ئەمە گەیشتووەتە دەستی هونەرخوازان و هونەرمەندانی جیلی نوێ و بەبێ زەبت و ڕەبتی مەفهوومی و تەکنیکی خولاوخول خۆی ڕاکێشاوە و لە ئاستی پێناسە و دیاریکردنی سنوور و ڕووبەرە زانستی، مانایی و پۆلێنبەندییەکاندا بەبێ ڕەخنە و شیکاری لەم خولەوە بە خولێکی دیکە و لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکە خۆی ڕاکێشاوە و لێکەوتە و بەدواهاتی مەترسیداری ئەم سەقەتی و پارچە پارچەییە هونەرێکی ئفلیج و کەرت کەرتی لێکەوتووەتەوە. لێرەوە، ئەرکێکی زۆر قورس دەخاتە سەر هونەرمەندانی هاوچەرخ بۆ سەرلەنوێ بینا و درووست کردنەوەی ئەم هونەرە، بەڵام هونەرمەندانی کورد سەرباقیی ئەم هەمووە کێشە و گرفتانە کەڵکیان لە هونەری ڕابردوو وەرگرتوە و نەیانهێشتوە لە ڕەوتە هونەرییە نوێ و سەردەمیەکانیش دواکەون و خۆیان لەسەر شێوازە جیهانییەکان ڕاهێناوە و بەرهەمیان خولقاندوە.

دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357دا کوردستانیش لەم گۆڕانانە بێبەری نەبوو و ئاڵۆزی و ئاڵوگۆڕێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەرینی بەسەردا هات. ئەم دۆخە تازەیە کاریگەریی زۆری لەسەر هونەرمەند و بەرهەمە هونەرییەکانیان دانا و مێژووی سیاسی و بیرکردنەوەی کۆمەڵگا و هەموو ڕووبەرە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و... بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ و ڕێشەیی گۆڕا و ئەم گۆڕانەش بووە هۆی سەرهەڵدان و پەیدا بوونی ڕوانگە و بۆچوونگەلی هەمەجۆر و فرەچەشن (بۆ پەیگریکردنی ئەم ڕوانگە و بۆچوونە جیاوازانە باقیی وتووێژەکانی ئەم زنجیرە وتووێژە زۆر بەکەڵکن و ئێمەش زیاتر لەوە باسی لەسەر ناکەین).

دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و باڵادەست بوونی لە کوردستاندا، سەرجەم هێزە سیاسییەکان و چالاکانی سیاسیی ئەو سەردەمە بۆشایی و درزێکی گەروە هاتەنێو کەشی سیاسیی کوردستانەوە و هەموو ئەو چالاکە سیاسیانە، کە جگە لە سیاسەت خاوەن حەز و ویستی جیاوازی هونەری و ئەدەبی و بەگشتی کولتووری بوون، ڕوویان لە هەندران کرد. ئەم درز و کەلێنە گەورەیە بووبە هۆی دابڕانی هەندێک لە هونەرمەندان، و وەک پێشتر باسکرا بەشێکیان ئاوارەی هەندەران دەبن و بەشێکی دیکەشیان لە ناوەوەی وڵاتدا درێژە بە کار و چالاکییەکانیان دەدەن. یەکێک لە ترسناکترین بە دواهاتەکانی ئەم درز و دابڕانە گەورەیە، دابڕان و بۆشایی گەورەی نێوان هونەرمەندانی دەرەوە و ناوەی وڵات بوو کە بە هەمان ڕادەش بۆشایی درووست کرد لە نێوان هونەرەکەیاندا. بە گوتەیەکی دیکە، دابڕانی هونەرمەندان لە یەکتر بووبە هۆی دابڕانی هونەرەکەشیان.

ڕۆیشتن و دابڕان لە وڵات و ئاوارەی هەندەران بوون و گیروگرفتەکانی هیچکات نەبوونە هۆی ئەوەی کە هونەرمەندان دوورکەونەوە یان دابڕێن لە ناوەڕۆک و پرسە کۆمەڵایەتیەکانی خۆیان و کۆی ئەمانە ڕەنگدانەوەی بووە لە بەرهەمە هونەرییەکانیاندا. لە ڕووی شێوازی هونەریشەوە لە شێوازە جیهانیەکان کەڵکیان وەرگرتوە بۆ دەربڕینی مەبەست و ئامانجیان و لەوەها دۆخێکدا درێژەیان بە کاری هونەری داوە. دیارە هونەرمەندانی دەرەوەی وڵات کێشە و گەرفتەکانیان لە بواری هونەریدا زۆرن و سەرەتا هونەرمەند تووشی سەرلێشێواوی دەکا لەنێوان کەشی کولتووریی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا و ماوەیەکی درێژ لە گێژاوی کەڵکەڵەی نێوان هەڵبژاردنی ئەم یان ئەویاندا دەسووڕێتەوە و نازانێ خۆی بە کامیان پێناسە بکا؛ گەر بیەوێ وەک هونەرمەندێکی ڕۆژاوایی کار بکات ئەوە کارەکە بۆی ئەستمەمتر دەبێ چونکە هونەرمەندان زۆرن و کێبڕکێکەش دژوارتر و ئەستەمترە و ئیتر دەستی بازاڕ و سەرمایەدار و گالێریدارانیش بوەسێت، کە لە ئێستادا بەدوای هونەری ئۆرجیناڵەوەن لە نێو نەتەوە جیاوازەکانی جیهاندا بە تایبەت ڕۆژهەڵات. لەملاشەوە، هونەرمەندانی ناوەوەی وڵاتمان هەیە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگا و گرفتەکان و کەموکوڕیکانیدا ڕووبەڕوون. هونەر و هونەرمەندانی ڕاستەقینەی ناوەوەی کوردستان لە ئێراندا  کە دۆخێکی چەقبەستوو و داخراوە زاڵە بەسەریدا و لە کوردستانیش ئەم کێشەیە بەچەندین قات زیاترە، درێژەدان بەکار و چالاکی ئەستەمە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە هونەرمەند و هونەرەکەی لەڕاستیدا ئەستەمە بتوانێ بێ پشتیوانیی میدیایی، فرۆشتنی بەرهەمەکان و کردنەوەی گالێری و پیشانگا کار بکا و بەرهەمی هونەری بخولقێنێ. بەم پێیە، کاری ڕاستەقینەی هونەری و هونەرمەندی ڕاستەقینە پێویستی بە دڵێکی گەورە و  ئیرادەیەکی پۆڵاین هەیە.

هونەرمەندانی زۆرمان هەن و نموونەیان زۆرە کە دڵسوزانە و لێبڕاوانە لەبەرامبەر دۆخی هەبوودا سینگیان کردۆەتە قەڵغان بۆ ئەوەی ڕاشکاوانە لەڕێگەی بەرهەمە هونەریەکانیانەوە دۆخی هەبووی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێران نەفی بکەنەوە و لەو ڕێگەوە جیهانێ بخولقێنن کە تێیدا جیاوازی و هەڵاواردنی ڕەگەز، زمان، نەتەوە، چین و وڵات نەبێ و بە گشتی بۆ جیهانێکی ئینسانی تێدەکۆشن.

 حەز دەکەم بەم پرسیارەی بەڕێز خاکی و وڵاکمەکەی بەڕێز قازی زادەوە دەست پێ بکەم. پرسیارەکە ئەمەیە: باسی پرۆژەی هونەری و پەروەردە و و ڕاهێنانی بەردەنگ و دواتریش کۆمەڵگای ڕۆژئاوا دەکرێ و دواجار بەراورد دەکرێت لەگەڵ هونەر و شێوەی پەروەردەکرنی هونەری لە کۆمەڵگای کوردستاندا و ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆی کۆمەڵگا بەگشتی و وڵامەکەش بەو ئاراستەدا دەچێت کە لەوێ، واتە ڕۆژئاوا هەوڵی چڕو پڕدراوە و لە کوردستان ئەو هەڵە نەدراوە، بۆیە هونەر لە ئاستێکدا ماوەتەوە.

کەس نکۆڵی لە سەرکەوتنەکانی ڕۆژاوا لە هەموو بورەکاندا ناکا، بەڵام خۆ بەکەم زانین لەبەرامبەر هونەری وڵاتانی پێشکەوتوودا قەبوڵکراو نییە، ئێمە دەبێت هونەری هەر وڵاتێک لە کانتێکست و ئەو زەمینەی کە تیایدا سەری هەڵداوە بیخوێنینەوە. ئەم دیدە، سەرەتا لەلایەن شرۆڤەکارانی مۆدێرنیتەوە درووست بوو کە پێیان وابوو یان باشتر وایە بڵێین، ئەو زێهنیەتەیان بە نیسبەت هونەری ڕۆژهەڵاتەوە درووست کرد کە بریتی بوو لەوەی کە هونەری ئۆرووپا و ئەمریکاشی لەگەڵدا بێت، هونەرێکی پڕ جووڵە و زیندوو و بزۆزە و بە پێچەوانەوە هونەری ناڕۆژاوایی تەنیا لە حاڵەتی وەستان و نەگۆڕیی خۆیدا دەگاتە کوالیتی و تایبەتمەندیی خۆی. لە ئەنجامدا ڕۆژئاوا بەو ئەنجامە گەیشت کە هونەرەکەی لە پلەیەکی بەرزدایە بە نیسبەت هونەری ڕۆژهەڵاتەوە. بەڵام لەم چەن سەدەی ڕابردووەدا و بەهۆی هاتنی میدیا و مەسمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانەوە، ئەم تیۆرییە پوچەڵ و بێمانا بۆتەوە و سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بەمانا کلاسیکەکەی نەماوە و هونەرمەندان لە هەر کوێ بن لە کورت و کەمترین چرکە و کاتدا دەتوانن بەرهەمەکانیان بگوازنەوە بۆ ئەو پەڕ و گشت جیهان. ئەم گۆڕانکارییە تێکنۆلۆژیک و میدیاییە یان ئەو شتەی کە ئێستا زۆربەی بیرمەندان ناوی دەنێن کۆمەڵگای ئینفۆرماتیک، لەسەر هونەر، کاری هونەری و هونەرمەندان کاریگەریەکی قووڵی داناوە. بۆ نموونە، هونەرمەندێک دەتوانێ پێشانگایەکی شێوەکاری لەسەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتی دابنێ و هەزاران کەس لە شوێنە جیاوازەکانی جیهاندا بیبینن یان بیبیستن(3).

لەبەشێکی دیکەی وتووێژەکەدا بەڕێز قازیزادە بانگەشەی ئەوە دەکا کە هونەری کوردی بوونی نییە  و جاجم و گلیم و باقی ئیشە سونەتیەکان، کە کاری هونەرمەندانی ئاسایین، نابێتە پێناسە و هونەری کوردستان. بەڕێز قازیزادە لەوانەیە لەمن باشتر بزانن چونکوو تەمەنی هونەرییان لە من زیاترە و بە ئەزمونترن لەم بوارەدا، لە نێو دنیایی هونەردا پۆلێنبەندییەک هەیە بۆ کۆی قۆناغە هونەرییەکان و هەرکامەیان دەکەوێتە نێو شێوازێکی هونەریی تایبەتەوە. ئەم بەشەیش لە هونەر کە لە کوردستان و تەواو جیهاندا بوونی هەیە  بریتییە لە ئیشی دەست و هونەڕێکی خۆڕسکە خراوەتە خانەی فۆڵک ئارتەوە(4). هەر شێوازێک بەپێی زەمان و سەردەمی بەرهەمهاتنی گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە، بەڕای من ئەم بەشەش وەک قۆناغێکی هونەری دەبێ ڕێزی لێ بگیردرێ و لە مووزەدا پارێزگاریی لێبکرێ.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بدەم بە بۆچون و ئەو پۆلێنبەندیەی کە هونەرمەند ناسر فەیزۆڵەبەگی(4) بۆ هونەری کوردستانی کردووە و یەکەم کەسە کە هونەری ڕابردوو و هاوچەرخی  لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بەسەر سێ قۆناغدا دابەش کردووە (هەڵبەت ئەوە بەو مانا نییە کە نووسەری ئەم وتارە هەموو ئەو پۆلێنبەندییە قبووڵە و بە تەواوی پەسەندی دەکا، بەڵام لانیکەم دەتوانێ وەک دەسپێکێک کاری پێبکا یان لەلای گریمانکراو و مەفرووز بێ).

 قۆناغی یه‌كه‌م، ئه‌م قۆناغه‌ له‌ حكوومه‌تی ماد و هه‌خامه‌نشی و ساسانیه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كا و خسووسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی بنیات ناوه‌ و تا ئێستاش له‌ شێوه‌كاریی ئێرانیدا به‌دی ده‌كرێ. قۆناغی دووهەم، له‌سه‌د ساڵی ڕابردووه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و له‌ ساڵی 1367ی هه‌تاویدا به‌ كۆچی دوایی فه‌یزوڵاخان ناهید كۆتایی پێدێ. له‌م به‌شه‌دا ده‌توانین ئاماژە‌ بكه‌ین به‌: سالار ئاڵبڵاخ، تاج خانم (دایكی فه‌یزوڵاخان) كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ خۆشنووس و شێوه‌كارێكی باش بووه‌ نازناوی تاجی ده‌وڵه‌تی پێدراوه‌. ئێفتخار ناهید، فه‌یزوڵاخان ناهید، ڕەحمان قازی، ئیبراهیم قازی، جه‌عفه‌ر قازی، مسته‌فا شێرزاد، حاجی حه‌مه‌ڕەشید به‌گ ئه‌حمه‌دی بله‌كێ، ئازاد ئه‌حمه‌دی، نیك په‌ی، حسه‌ین ئابسه‌واران، (مه‌حموود مه‌حدوود، ئیبراهیم ناهید، ڕەئووف قورئانی)، عوسمان موباره‌كی، ڕەحمان فه‌تاحی، كه‌ماڵ تاتایی، سه‌عید مه‌ولایی، محه‌مه‌د ساڵح شه‌مسی، محه‌مه‌د مه‌لكی، لوقمان كه‌ریمی، ئیبراهیم نه‌قشی و هونه‌رمه‌ندان و مامۆستایانێكی تر كه‌ من یان نایانناسم یان بیرم نییە‌ كه‌ ئێستا‌ ناویان ببه‌م. هه‌ڵبه‌ت پێویسته‌ لێره‌دا ئاماژە بكه‌ین به‌ هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری ده‌وره‌ی كۆماری كوردستان كه‌ له‌ ساڵه‌كانی (1945_1946) له‌ مه‌هاباد و باكۆدا پێشانگای شێوه‌كارییان كردۆ‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ناوه‌كانیان نازانم. له‌م قۆناغەدا شێوه‌كارانی كورد به‌ شێوه‌یه‌كی خۆڕسك و به‌ توانا و به‌هره‌ی زاتیی خۆیانه‌وه‌ كاریان كردووه‌ و شێوه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیان بنیات ناوه‌ كه‌ من به‌ ناوی شێوه‌كارانی كلاسیكی كورد ناودێریان دەکەم.

قۆناغی سێهه‌م، له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ دەست پێدەکات تا ئەم سەردەمەی ئێستا. نه‌وه‌ی سێهه‌می شێوه‌كارانی كورد له‌ ژێر كاریگه‌ریی گۆڕانی باری سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها شێوه‌كارانی قۆناغی دووهه‌م، دنیای شێعر و ئه‌ده‌بیات و به‌ره‌و دنیای مۆدێرن هه‌نگاویان هه‌ڵگرتووه‌ و بینین و ئاشنابوون له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می شێوه‌كارانی ئۆرووپا و ئه‌مریكای لاتین و ڕوسیا و شێوازە هونەرییەکان وەک (ڕیالیزم، سەمبۆلیزم، فوویزم، کوبیزم و... دەرد و ئازاری نەتەوەکەیانیان گواستۆتەوە و له‌م به‌شه‌شدا ده‌توانین ئاماژە‌ بكه‌ین به‌: هادی زیادینی، محه‌مه‌د ڕۆسته‌م زاده‌، ئه‌كبه‌ر مه‌نسووری، مه‌هدی زیادینی، فه‌ردین سادق ئه‌یوبی، مه‌سعوود ڕەحیمی، ڕە‌وف نادری (په‌شێو)، ناسر قازی زاده‌، ماشه‌ڵا محه‌مه‌دی، حه‌سه‌ن ڕەحیم زاده‌، خه‌لیل ڕە‌حیم پور، ئه‌حه‌مد خه‌لیلی فه‌رد. ئەگەر ئەم گریمانەمان بەلاوە پەسەند نەبێ یان تەنانەت قایل بەم دابەشکارییەش نەبین دەتوانین ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین کە ئایا دەکرێ بەم هەمووە شێوەکارەوە نەشێ چرۆی هونەری کوردی ڕسکابێ؟ ئایا بەپێی ئەم مێژووە چۆن دەتوانین بڵێن هونەری کوردی بوونی نیە؟ لە کاتێکدا تەنانەت بەپێی ئەو دابەشکارییە فۆرماڵەی سەرەوە بەڕێز قازیزادە، بۆخۆی دەکەوێتە قۆناغی سێهەمی ئەم پۆلێنبەندی و دابەشکارییەوە.

مەبەستی من لێرەدا ئەوە نییە بە ڕوانگەیەکی ناسیۆنالیستیی تاکڕەوانەوە لەسەر هونەری کوردی بدوێم یان بەرگری لێ بکەم بەڵام هەندێك واقعییەتی مێژوویی و کولتووری لە ئارادایە کە ناکرێ لەبەرچاویان نەگرین. هیچ نەتەوەیەک نییە کە جیا بێت لەو جوگرافییەی کە تیادا دەژیت بەڵکوو گرێدراوە و هەڵقوڵاوی ئەو جوگرافیایە و هونەرەکشی بەهەمان ڕادە وابەستەیە بەو چوارچێوەوە. ئەوەشی کە هونەری جیهان بەیەکەوە گرێدەدا و دەیکاتە زمانێکی جیهانی، ئەوە شێوازە هونەرییەکانە کە لە هەموو دنیادا کەڵکی لێوەردەگیرێ، واتە لە باری کردارییەوە ئەوە لە زمانی جیهانی کەڵک وەردەگیرێت بەڵام هەر بەرهەمێک لە ڕووی ناوەڕۆکەوە هەڵگری کۆمەڵێک چەمکەو مانایە کە تەنیا تایبەتە بەو شوێنە و جوگرافیایەی کە لیی هەڵقوڵاوە. بۆنموونە، هونەرمەندێکی ئەمریکایی ناتوانێت گیروگرفتەکانی ئێمە بێنێتە سەر تابلۆکەیەوە و ئێمەش ناتوانین لە گیروگرفتەکانی ئەوان بگەین و بیکەینە بەرهەمی هونەری. بەڵام دەتوانین لە ڕێگەی بەرهەمە هونەریەکانەوە گاریگەریمان لەسەر یەکتر ببێ و بە زمانی هونەر، کە زمانێکی یونێڤێرساڵ، یەکگرتوو و بێسنوورە، یەکتر بدوێنین و بکەوینە گفتەوە. ڕەنگە پابلۆ پیکاسۆ نمونەیەکی باش بێ بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم مەبەست و باسە. پیکاسۆ بۆ خۆی خەڵکی سپانیا بووە و دواتر دوورخراوەتەوە لە وڵاتەکەی و لە فەڕەنسا نیشتەجێ بوو بەڵام بەو شێوی کە بەرهەمە هونەرییەکانی دەریدەخەن، هیچکات نەیتوانی لەباری دەروونی و سۆز و هۆگرییەوە لە زێدەکەی داببڕێ. کاتێک گوێرنیکا (گوندێکی ئیسپانیا) لە ئەنجامی شەڕێ ناوخۆدا لەلایەن نازییەکانەوە بۆمباران دەکرێ، هەستی هونەرمەند بریندار دەکا و لە ئەنجامدا گوێرنیکا_ تابلۆ بەناوبانگەکەی_ دەخولقێنێ. ئەم بەرهەمە هونەرییە هەڵگری هەندێک هێما و سەمبۆلە وەک ئەسپ، گا، گڵۆپی برق و بەکارهێنانی ڕەنگی ڕەش و سپی، کۆی ئەم سەمبۆل و شێوازە هونەرییە مردن، تووندوتیژی، دڵڕەقی، ئێش و دۆشداماویی دەگوازرێتەوە بۆ بینەر و لەسەر هەستی مرۆڤ کاریگەری دادەنێ و بەشێوەیەکی قووڵ کاری تێدەکا. ئەمەیە ئەو زمانە یوونیڤێرساڵ و گشتییەی هونەر و پێوەندییەکەی بە جوگرافیا یان مێژوو یان نەتەوەیەکی تایبەتەوە. لێرەوە، هونەرمەند لە هەر کوێ بێ گیرۆدەی خاک و وڵات و زێدی خۆیەتی، ئەگەر بەڕواڵەت ئینکاریشی بکا بەڵام ئەو نەست یان هەستە ناووشیارە لە بەرهەمی هونەریەکەیدا ڕەنگ دەداتەوە. ناسر قازیزادە خۆی نموونەیەکی باشە بۆ ئەم مەبەستە و تابلۆ شێوەکارییەکانی بەشێکی زۆری بانگەشەکانی نەفی دەکەنەوە، بەڕێز قازیزادە ساڵانێکی زۆری تەمەنی لە تاراوگە و دوورە وڵاتیدا ژیاوە. سەرەڕای ئەو ماوە دوور و درێژەی دووری لە نیشتمان نەیتوانیوە خۆی لە کۆمەڵگای کوردستان جیا بکاتەوە یان داببڕێ و بە دڵ و ڕۆح هۆگری وڵاتەکەیەتی و ئەم گرێدراویە لە تابلۆکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو سیما و کارەکتێرانەی لە تابلۆکانیدان خەڵکی کوردستانن ڕێک بە هەمان جلوبەرگ و  کولتووری کوردەواری و تەنیا شێوازی نەخشاندنەکەی شێوازێ ئۆرووپاییە و لە ناوەڕۆکدا هەمان ئەو بابەتانەن.

تابلۆکانی بەڕێز قازیزادە، لە ڕابردوودا ڕەنگدانەوەی دۆخی سیاسی و ئاڵۆزی سەردەمی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بۆنموونە تراژیدیای جەنگ، کوشتاری خەڵک، ماتەمین و شینگێڕی بۆ جەستەی بێ گیانی گیان بەختکردووان، ڕەنگدانەوەی بووە لە تابلۆکانیدا و بەپێی دۆخی ئەو کاتە و شێوازی باو لە هونەری ئەو سەردەمەدا کەڵکی لە ڕیالیزمی سۆسیالیستی وەرگرتووە و لەم تابلۆ دوایانەشیدا تراژێدییەکە بە شێوەیەکی دیکە دووپات دەبێتەوە و کوشتاری خەڵکی کوردستان وەک جەوهەرێکی نەگۆڕ پابەرجا و لەسەر جێگەی خۆیەتی و ئەمجارەیان لە ڕێگەی نان و بە ماتریالی نانەوە دەستی پێکردووەتەوە. لەڕووی جلوبەرگەوە پەیکەرەکان جلوبەرگی کوردییان لەبەردایە بەهەمان ستایل و مۆدی ڕابردوو چونکوو لەم سەردەمەدا جلوبەرگی کوردی تووشی گۆڕان هاتووە و مۆدێرنیتە وەک پڕۆسەیەکی سەرتاسەریی هەمەگیر لەسەر ئەو بەشەش کاریگەریی قووڵی بووە.

وەکیتر، لە چەند شوێندا پەیکەری ڕووت لە بەرهەمەکانی هونەرمەندا دەبینین کە بۆخۆی دەشێ کردەیەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە بێ تا ئەو شوێنەی کە پێوەندیی بە ڕووبەری هونەرەوە هەیە لە کوردستاندابەڵام ئەگەر بنمای ئەم ڕووتییە بە هونەری ئەورووپا بەراوەرد بکەین ئەوکات مەحدوودیەت و سنووردارێتییەکانی ئەم کردەیە هەست پێدەکەین. کاتێک چاو لەم بەرهەمانە دەکەین وا هەست ناکەین پەیکەرێکی ڕووت دەبینین و بە تەواوی ئێسک و پرووسکەوە شەرمێک دەبینین کە بەرهەمی کۆمەڵگای سونەتییە و زۆر ناووشیارانە ڕێگرە لەوەی  هونەرمەند بتوانێ جۆرێک نیشانی بدا کە بینەر هەست بکا بەڕاستی ئەو فیگوورە ڕووتە. واتە شەرمی ناڕستەوخۆ یان ناووشیارانەی هونەرمەند وادەکا ڕووتیی ناو تابلۆکە چما شاردراوەتەوە یان پەچەیەکی بەسەردا دراوە. ئەسپ کە هێمای نجابەت، شەرافەت و ئازادییە  لەم شێوەکاریانەدا زیاد لە فیگۆرەکانی دیکە ڕۆڵ دەگێڕێت و لە بەشێکی زۆری تابلۆکانیدا دووپات دەبێتەوە، هۆکارێکیان دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی منداڵی هونەرمەند کە وەک خۆیان باسی دەکەن لە منداڵیەوە خولیایی ئەسپ بووە کاتێک شێوەکاری کردووە پتر وێنەی ئەسپی کێشاوە و بەشێکی دیکەشی دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو، ئەسپ هەمیشە لە هەموو کات و ساتەکاندا لەگەڵ مرۆڤی کورد بووە و یارمەتیدەری بووە بۆ ئیش و کارەکانی. گرینگتر لەمانە ڕفێق و هاوڕێیەکی باشی تێکۆشەرانی کورد بووە لە مێژووی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورددا.

بەگشتی بەرهەمەکانی بەڕێز قازیزادە لە ژێر کاریگەریی شێوازە ئۆرووپایەکاندایە زیاد لە هەموویان کاریگەریی شێوازەکانی فوویزم و ئێکپێرسیون و تا ڕادەیەکیش کووبیزمی سێزانی پێوە دیارە و لە هەندێک لە تابلۆکانیدا لە ڕووی کۆمپۆزیسیۆن و وەستانی فیگۆرەکانەوە بە ئاشکرا و زەق گاریگەریی پۆل گووگێن بە تابلۆکانیەوە دیارن. هونەرمەند لە بەشی کۆتایی وتووێژەکەدا بە پێچەوانەی ئەو وتەنی کە دەڵێت هونەری کوردی بوونی نییە، هونەری خۆی وەکوو کەسێتیەکی کورد لە هونەری هونەرمەندانی فارس جیا دەکاتەوە و دەڵێت دەردی نەتەوەی من لەوان جیایە و من ناتوانم کێشە و گرفت و ئەو تراژیدیایانەی بەسەر کومەڵگا و  نەتەوەکەمدا هاتووە پشت گوێ بخەم. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییە کە هەر نەتەوەیەک کشێە و گرفتی تایبەتی خۆی هەیە و بەو پێیە و لەسەر ئەو بنەما، هونەرمەندان ڕادێن و دەبن بە زمانی نەتەوەکەیان لە جیهاندا و بەو تایبەتمەندیانەوە دەچنە نێو ڕەوتی هونەری جیهانییەوە. هونەرمەندان بۆ دەربڕینی ڕاو و بۆچوونەکانیان لە شێوازە جیهانیەکان و زماکی یەکگرتوو و جیهانیی هونەر کەڵک وەردەگرن بۆ گواستنەوەی مەبەستیان. هونەری کوردی بوونی هەیە بەڵام هونەرمەندی کورد خۆی لەبەرامبەر هونەری ڕۆژاوادا بە کەم زاینوە.

نموونەیەکی دیکەی ئەم باسە، واتە زمانی جیهانیی هونەر و دەوری نەتەوە و ڕەگەزەکانیش لە هونەردا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. لە دەیەی 1920 بەدواوە هونەرمەندانی ئافریقایی– ئامریکایی هەوڵیاندا وەک کەمینەیەکی زۆڵملێکراو بە زمانی هونەریی تایبەت بەخۆیان دەنگیان بگەیێننە هەموو جیهان و ئەم کارەیان لە چند قۆناغێ جیاوازدا کرد. یەکەم، شێوەکارانی رنێسانسی هارلێم، کە یەکەمین گرووپی هونەرمەندانی ئافریقایی– ئامریکاییان پێکدەهێنا. دووهەم،  لە ڕێگەی جوڵەی یاکوب لورێنس و ڕۆمێر بێردن سێهەم، بزووتنەوی مافە مەدەنیەکان و هەندێک بەشی هونەری ئافریقایی– ئامریکایی دەیەی 1960. کۆی ئەم قۆناغانە مانیفێستیان بۆ نووسرا و ناوەڕۆک و درووشمی سیاسیان هەبوو. کارناسێکی مووزە لە پشتگیریی ئەم هەوڵە هونەریانەدا دەنوسێت؛ هونەری ڕەشپێسەکان هونەرێکی ڕاهێنەرانەیە کە سەرچاوەکەی بنەڕەتێکی بەهێزی ناسیوناڵیستیە، دەتوانین تایبەتمەندیی شوناسدارانەی ئەم هونەرە لە ڕێگەی سەرنجدانی دەربەستانەیان بەم خاڵانەی خوارەوەدا بناسینەوە. یەکەم، گەڕاننەوە بۆ ڕابردوو و کەڵکوەرگرتن لە قارەمانانی ڕەشپێستەکان و لەهەمان کاتدا ئایدیا حەماسی و شۆڕشگێڕانەکانیان. دووهەم، کەڵکوەرگرتن لە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەو دواییانە بۆ بەهێزکردنی ناسین و خەبات لە پێناو  لەناوبردنی دوژمندا. سێهەم، نیگارکردن و کێشانی داهاتوویەک کە پاش سەرکەوتن چاوەڕێی نەتەوەی ڕەشە.

هونەر و کاری هونەری لە ڕووبەرێکدا لە کۆمەڵگای کوردستاندا هێشتا وەک زەروورەت و پێویستیەک چاوی لێنەکراوە و لەوانەیە بەشێکی گرینگی ئەم کێشەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشە و گرفتە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە ڕۆژانە و لە سیماگەلی جۆراجۆرادا ڕووبەڕووی  خەڵك دەبێتەوە و بەشێکی دیکەشی دەگەڕێتەوە بۆ  هونەرمەندان و ڕۆشنبیران کە بەپێی پیویست کاریان لەو بوارەدا نەکردووە. لێرەدا جێگەی زمان و نووسینی ڕەخنە و تەفسیری هونەری بەتاڵ و خاڵیە. سەردەمی ئەوە نەماوە شێوەکار بەپێی پێوەرەکانی ڕابردوو تەنیا شێوەکار بێ و بەس بەڵکوو دەبێت لە بواری تیۆریکیشدا کار بکا لەبەر ئەوەی بتوانێ کارەکەی خۆی و جیهانی دەوروبەری بە شێوەیەکی تیۆریک شیبکاتەوە. لە ڕووبەرێکی دیکەشدا دابڕانی هونەرمەندانی دەرەوەی وڵات و ناخۆی وڵات ئەو ڕوانگەیەی بەرهەمهێناوە کە لە ناوخۆدا چما کار و چالاکیی هونەری نییە، ئەگەر ئەم دوو بەشە یەکبگرنەوە لە نێوانیاندا پێوەندی درووست بێ، ئەوا دەتوانن ئەزموونەکانیان بۆ یەک بگوازننەوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هونەرەکەیان بە هێزتر بێ و بەو ڕادەیش پێگەی لە ناو خودی کۆمەڵگادا پتەوتر و ڕنگدانەوەیشی لە وڵاتان زیاتر دەبێ.

 

ژێدەرەکان:

(1)مارکس دوای دووشان، بۆریس گرۆیس، وەرگێڕانی سەعیدە سائێب:

http://kurdish.artakurdo.com/%D9%88%D8%AA%D8%A7%D8%B1%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/57-marx.html

(2)لینکی وتووێژی بەڕێز محەممەد خاکی لەگەڵ هونەرمەند ناسر قازیزادە:

https://www.youtube.com/watch?v=lcirXR63zRY&feature=share&app=desktop

 

(3) نموونەیەکی دیکەی لۆکاڵیی ئەم ئەزموونە هونەرییە، کە لە کوردستانی ئێراندا بۆ یەکەم جار لە شاری سەقز لەلایەن فێرگەی ناهیدەوە بە شێوەی ڕادیۆیی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئارتا کۆردۆ* بڵاوکراوەتەوە. لێرەدا گۆشەیەک لە کاریگەری ئەو دابڕان و بۆشاییە لە نێوان هونەرمەندانی دەرەوە و ناوەوەی وڵات دەردەکەوێت کە نەبوونی پێوەندی و بەئاگا نەبوون لە کار و چالاکیی یەکتر ئەو باسە درووست دەکات کە هیچ کار و چالاکییەک لەناوەوە نەکراوە.

 (4) بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر چەمکی فۆڵک ئارت و نموونە و کاریگەریی ئەم چەشنە هونەرە لە کوردستان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وتارێکی دیکەی نووسەری ئەم وتارە لەم دوو لینکەی خوارەوەدا:

http://rewanmedia.org/ku/item.php?id=764#.WljDj1SnHIV

http://kurdish.artakurdo.com/%D9%88%D8%AA%D8%A7%D8%B1%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/59-jianawey.html

 

(5)ناسر فەیزۆڵڵابەگی خەڵکی شاری سەقزە و لەو هونەرمەندانەیە کە قۆناغە سووننەتیەکانی بواری شێوەکاریی تێپەڕاندوە و بەشێوەیەکی ئاوانگاڕد کار دەکات. بەڕێز فەیزۆڵڵابەگی لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ ژمارەی 5691 ) هونەری کوردستان بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەکا:

 

http://kurdish.artakurdo.com/%D9%88%D8%AA%D9%88%D9%88%DB%8E%DA%98/48-didadri-honari.html

Bilderesultat for art kunst

گەڕان بۆ بابەت