ما 4101 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

بەڵام ئەو خۆی بە زلتر لەوانە دەزانی کە گوێ بداتە ئەو هەڕەشانە، بە عەکسەوە، وردە وردە پێی دەکێشا نێو هەرێمی گروپەکەیان و دەیویست بە هەڵس و کەوت و کارەکانی گروپەکەی ئەوان بگرێتە دەست، یان لایان بدات و خۆی بکاتە رێبەری مەدرەسەکەیان و بەم شێوە بڕیاردەری یەکەم بێت. 

 

 

سوڵتانی باوکی

رەسوڵ سەفەریانی

ئێستاش هەر لە خەیاڵ و حەسرەتی ساڵانی منداڵیدا دەژی. هەر خەون بەو رۆژانەوە دبینێت. بەڵام بەشێک لە خەونەکانی وەک مۆتەکە جار و بار لەسەر دڵی دەنیشێت. تەواوی تەمەنی پەنجا و بڕێ ساڵانەی هەر بەو خەون و خەیاڵانەوە بردووەتە سەر. ئێستاش جار و بار کە لەسەر کورسی کارەکەی دادەنیشێت، خۆی لەسەر قەنەفەکەی ماڵەوەی کاتی مناڵی دەبینێت. ئەو دەمەی وا باوکی بە بەژن و باڵایدا هەڵیدەدا و دەیگوت: "من لام روونە تۆ لە داهاتودا دەبیتە سەرۆکێ یان کەسێکی گەورە، وەک سەرۆکی وڵات یان شتێکی لەو بارانە." باوکی ئەم جۆرە قسانەی بەردەوام هەموو رۆژێک دووپاتدەکردەوە، بەتایبەت ئەو کاتەی کە ئەو لە کار دەهاتەوە و پارەکەی دەدایە بابی.

بەڵام ئەو رۆژە رۆژێکی تایبەت بوو، وشەی تایبەت لە زاری بابی هاتبووە دەرەوە، بۆیە ئەو قەت نەیتوانی ئەو رۆژە لە بیربەرێتەوە و قەتیش ئەو رۆژەی لەبیر ناچێتەوە و بەردەوام بە درێژایی تەمەنی هەموو رۆژێک ئەو دەنگەی بابی لە گوێیدایە و دەزرنگێتەوە. ئەو رۆژەی وا تازە لە کارهاتبوەوە و لەسەر قەنەفەکە راکشابوو. باوکی پاش پێداهەڵگوتنەکانی هەمیشەیی، ئەمەیشی زیاد کرد و وتی:" بۆچی نا، رەنگە ببیتە سوڵتانێک!" هەڵبەت کاتی وتنی ئەم رستەیە، کە گەیشتە وشەی سوڵتان بزەییک لێوەکانی باوکی گرت و لە دڵی خۆیدا گوتی ئەم بەشەی ئیتر قسەی قۆڕە، لەبەر ئەوەی ئێستاش باوی سوڵتان نەماوە چ بگاتە کاتی گەورە بوونی ئەو. بەڵام گرینگ نییە، خۆ ئەو ئێستا پێی دڵخۆش دەبێت. کە گەورەش بوو بەدڵنیاییەوە ئەو دەمەش خۆ ئەوەندە گەوج نابێت بیر لەوشتانە بکاتەوە. پاشان بە پێکەنینەوە روویکردەوە کوڕەکەی و بە دەنگێکی بەرز گوتی تۆ هەر لە ئێستاوە سوڵتانی خۆمی، سوڵتانی باوکت. باوکی ئەم نازناوەی بەسەردا بڕی و لەوە بەدوا هەر بە "سوڵتانی باوکی" بانگی دەکرد. بەم هۆیەوە "سوڵتانی باوکی" وردە وردە جێگا نێوکەی خۆی گرتەوە. دایک و  بابی و تەنانەت برا و خوشکەکانی هەر بەو نازناوە بانگیان دەکرد. ئەڵبەتە خوشک و براکانی لە هەوەڵەوە بە گاڵتە و بۆ ئەزیەت وا بانگیان لێدەکرد. سوڵتانی باوکی بۆ دابینکردنی بەشێک لە خەرجەکانی ماڵەوە یارمەتی باوکە دەستەنگ و مەزهەبییەکەی دەدا. ئەو بەڕۆژا دەستفرۆشی دەکرد و بە شەوانەش دەچووە مەکتەب. سوڵتانی باوکی کە زۆر گوێڕایەڵی باوکی بوو، زۆریش لە ژێر کارتێکردنی بیرو باوڕەکانی باوکیدا بوو. باوکی فێری کردبوو کە بڕێک لە ئینسانەکان بە هۆی ئەوەی کە بڕوایان بە ئاینی ئیسڵام نییە، لە روانگەی دینییەوە نەجس و گڵاون. باوکی باسی رۆژان و سەردەمانی گەشەی ئیسلامی و دەسەڵاتی سوڵتانەکانی عوسمانی بۆ دەکرد. جار و باریش پێی دەگوت کە حەزدەکەم تۆش ببیتە جێگرەویان و بتوانیت هەموو موسڵمانان رێبەری بکەیت. ئەم قسانە وایکردبوو کە سولتانی باوکی همیشە هەم بە لوتبەرزی لەگەڵ خەڵک و هاوتەمەنەکانی قسە بکات و هەمیش ئەوانەی وا موسڵمان نەبوون بە گڵاو بزانێت. ئەم بۆچوونە لە مەدرەسەچوونیدا رنگی دەایەوە. وایکرد کە خۆی لە لا زۆر زیرەک و رێبەرانە بێتە بەرچاو. هەوڵیدەدا هاوبیرەکانی کۆ بکاتەوەو بەرانبەر بێ دینەکان و نادیندارەکان هەڵوێست بنوێنێت و دژیان قسە بکات. وردە وردە وا لە خۆ بایی بوو کە بەرانبەر ئەوانە وا تەنانەت لە خۆی گەورەتر بوون رکابەركێ بکات و، خۆی بە سەردەستە و رێبەری هەمووان بزانێت. بەڵام هەمووان، بە تایبەت تاقمێک لە و کەسانەی کە بڕوایان بە ئایین و دین نەبوو، گاڵتەیان پێدەکرد و ناویان نابوو مەڵا ماتۆڕ. ئاخر سوڵتانی باوکی ماتۆڕێکی گازی کڕیبوو کە بەوە دەچوو بۆ مەدرەسە و رۆژانی پشوی حەوتەش، شت ومەکی سەردەخست و دەیفرۆشت. مەلا ماتۆر زۆر جار لە سەر ئەم ناوە لەگەڵ هاومەکتەبییەکانی بەشەڕ دەهات. ئەم  شەڕ و هەرا و گاڵتە پێکردنە پەرەی سند و وای لێهات  کە بەشێک لە مناڵانی هاو بیری مەلا ماتۆر لەدەوری کۆبوونەوە و هانیان دا کە لەگەڵ گروپێک کە زۆربەیان لە خۆی گەورەتر بوون و دوو سێ کەس لە رێبەرەکانیان خەڵکی شارکانی تر بوون و بە زبانێکی تر قسەیان دەکرد، هەڵوێستی توند بنوێنێت و ئەوان بە نەزان و لادەیی و کێوی و کافر ناوزەد بکات. ئەم خۆی بە نەتەوەی باڵادەس دەزانی و پێی وابوو کە بە هۆی موسڵمان بوون و رەگەزییەوە پلەی لەوانەی تر بەرزترە. ئەم هەڵانەی سوڵتانی باوکی وایکرد کە چەند جار ئەو کوڕانە هەڕەشەیان لێکرد. بەڵام ئەو خۆی بە زلتر لەوانە دەزانی کە گوێ بداتە ئەو هەڕەشانە، بە عەکسەوە، وردە وردە پێی دەکێشا نێو هەرێمی گروپەکەیان و دەیویست  بە هەڵس و کەوت و کارەکانی گروپەکەی ئەوان بگرێتە دەست، یان لایان بدات و خۆی بکاتە رێبەری مەدرەسەکەیان و بەم شێوە بڕیاردەری یەکەم بێت. کاتێ ئەو کوڕانە زانیان ئەو کەسەی کە ئەوان بە گەوج و شێتی دەزانن و گاڵتەی پێدەکەن دەیەوێت دەس وەربداتە کاروباریان و گروپەکەیان لێ تێک بدات، ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی ئەمان لەگەڵ بیر و بۆچونی ئەودا نین، پیلانێکیان بۆ دانا. بەو پیلانە رۆژێک لە مەدرەسە کێشایانە کردە دەرەوە و بردیان بۆ شوێنێک کە کەس بە هاواری نەگات. لەوێ پاش لێدانێکی زۆر پێیان وت یا دەتکوژین یان دەبێ وات لێبکەین. سوڵتانی باوکی کە بینی بارودۆخەکە خراپە و ئیتر لێرە نە سوڵتانە و نە مەلا، قبوڵی کرد کە نەیکوژن، بەڵام پارایەوە کە ئەمە سڕێک بێت کە لەو دوو سێ کەسە زیاتر کەس نەزانێت. وایدابنێن کە ئیتر پێکەوە هاوڕێ! ئەوانیش وادیان پێدا کە دەنگی دەرنەهێنن و باسی نەکەن بە مەرجێک ئەم پێ لە بەڕەی خۆی درێژتر نەکاتەوە.  لەو رۆژەوە ئیتر مەلا ماتۆڕ کاری بە کەس نەبوو، بەڵام بەردەوام لە دڵەوە بیری لە تۆڵە دەکردەوە. بۆ ئەوەی ئیتر ئەوەندە ئەو کەسانە نەبینێت و بە بینینیان زامی نەکولێتەوە، داوای لە باوکی کرد مەکتەبەکەی بگۆرێت. بەو بیانوەی کە دەیەوێت لە مەکتەبی ئیسلامییەکان بخوێنێت. باوکی خۆشحاڵ بوو لەوەی کوڕەکەی ئەوەندە بە دەربەستی دینەکەیەوەیە کە دەیەوێت دەوامی خوێندنی لەوێ بکات، بۆیە هەر زوو قبووڵی کرد و گواستیەوە ئەوێ. رەگەز و نەتەوەپەرەستییەکانی سوڵتانی باوکی لەم مەکتەبەدا رەنگێکی تۆخی ئایینیشی وەرگرت  و روانگەکەی توندتر کرد و لەوێشەوە لەرێگەی مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی مەدرەسەکەوە وردە وردە تێکەڵاوی سیاسەت بوو.

ئێستاش پاش ساڵها گەیشتوەتە لوتکە و لەسەر کورسیی کارەکەی دانیشتوە، بەڵام مێشکی هەرسەرقاڵی ئەو وێنە کۆنانەن کە ساڵەهایە وەک فیلمێک بەردەوام بە بەرچاویەوە خۆیان دەنوێنن. هەر دوو ئانیشکی دەستەکانی داناوە لەسەر مێزەکەی بەردەمی و دەمووچاوی لە نێو ناوپەلی هەردوو دەستیدا شاردوەتەو و دالغەی لێداوە و لە درزی بەینی ئەنگوستەکانیەوە لە پەنجەرە پڕاوپڕ لە تاریکییەکەی بەرانبەری مۆڕ بووەتەوە کە بەرووی باشوردا دەكرێتەوە و بە پەردەیەکی رەش کە گوڵ و خەتی سپی پێوەیە داپۆشراوە. بوغزێک وەک لافاوی قوڕاوی و ماڵ وێرانکەر لە بینگیدا پەنگی خواردوەتەوە و وەک ماری بریندار دەهوشێنێ. ئەو زۆری حەز لە رەنگی رەشە. هەر لە منداڵییەوە، لەو کاتەوە کە بابی بە سوڵتانی باوکی بانگی دەکرد، لە خەیاڵی خۆیدا لەشکرێکی هەبوو کە هەمووان جلی رەشیان لەبەردا بوو و بە ئاڵای رەشەوە هەموو رۆژێ بە بەردەمیدا نمایشی سەربازیان دەکرد. ئەڵڵا و ئەکبەریان بۆ دەکرد و ئەمیش  بە دەست سڵاوی لێدەکردن و لە ژێر لێویشەوە ئەڵڵا وئەکبەری دەوتەوە  و فەرمانی شەڕی پێدەدان. حەزی لە وشەی هێرش بوو. هەمیشە بە خۆی دەگوت هێرشکردن داخی دڵ دەرژێنێت و دەروون فێنک دەکاتەوە. دەیگوت داخۆ ئەورۆژە کەی بێت کە لەشکرەکەم لە ژێر ئاڵای رەشدا و ریشێکی تا سەرسنگ درێژ و پان وەک هێزەکەی ئیسلام بە فەرمانی من هەموو نەیارانم بکوژن و ماڵ و منداڵیان بە غەنیمەت بگرن. ئەوکات تەنیا منم من، کە دیاری دەکەم کێ مافی ژیانی هەیە، رێک وەک سەردەمانی سوڵتانەکانی باپیرەم. هەر بە ئاماژەی پەنجەیێک ئاراستەی هێرشەکەم  دیاری دەکەم. من دەمەوێت ژیان لە چاوەکانی خەلیفەکانەوە مانا بکەمەوە.

 دواتریش کە گەورەتربوو ئەو خەونانەی هەر لە مێشکدا مابوو. پلانەکانی گەورەتر گەورەتر دەبوون. ئیتر تەنیا تۆڵە لە چەند کەس لە مێشکیدا نەبوو ئەمجارەیان هێرشکردنە سەر کەس و دوو کەس ئامانجی نەبوو. ئەمجار چەقۆی رقی بۆ گەردنی نەتەوەیەک تیژ دەکرد. ئەو نەتەوەی وا ئامادەنەبوون فەرمانی ئەو وەربگرن. ئەو نەتەوە هەر هەمان نەتەوە بوون کە گەنجەکانی دەورانی مەکتەبیان تێدا هەڵکەوتبوو. ئەوان ئەوکاتیش ئامادە نەبوون رێگا بدەن ئەم لە مەکتەب ئەسپی خۆبەزلزنی غار بدات، بۆیە هەرچی ئەو نەتەوەی بیر دەکەوێتەوە جێگایێکی تایبەتی دێشێت.

لە خەیاڵات دا وەک پەلی دەم با و گێژەڵوکە دەخولایەوە کە لە پڕ درگای ژووری کارەکەی تەقەی لێدانێکی نەرم، کە لە  لێکدانی پشت بەنجەی دەستێکی نادڵنیا و ترساو لەگەڵ جەستەی درگاکەدا دروست دەبوو، دەرژێنێتە نێو ژوورە پڕ لە بێدەنگییەکەی و وەک دوو زەربەی سەرەتای ئاهەنگێکی خەمناکی پڕ لە هەواڵی ناخۆش، لە گێژاوی خەیاڵ دەری دێنێ و دەیخاتە دەریای تۆفانیی و ترسەوە و خورپە دەخاتە دڵییەوە. بەڵام هەوڵ دەدات خۆی نەژاکێنێ و دڵە خورپەکەی تەنیا لە سنگیدا حەپس بکات و ئارامیی لە رواڵەتیدا بنوێنێ. بۆیە بە بێ ئەوەی هیچ جوڵەیێک بە خۆی بدات، هەر لەو بارەی کە دانیشتوە بە ئارامی دەپرسێت کێیە؟ دەنگی پیاوێک لەودیو درگاکەوە دەڵێت منم قوربان. دەنگەکە دەناسێتەوە. پاش چرکەیەک بە بێ مەیلیەوە دەڵێت: وەرە ژورەوە. هاوکات چڕوچاوی لە گەمارۆی دەستەکانی دەردێنێت و سەری بەرەو درگاکە وەردەچەرخێنێت. کابراکە جلی نیزامی لەبەردایە هەر لەبەر درگاکەوە سڵاوێکی سەربازی پێشکەش دەکات.

ئەم کە لەم ساڵانەی ئەخیردا قەت هەواڵێکی خۆشی پێ نەگەیشتووە، دڵی وەک تەپڵی شڕ لێدەدات و سەروچاوی وەک پورەی هەنگی هێلانە سوتاو پەرێشانی لێدەبارێت. دەپرسێت چیت پێیە؟

کابرا دەڵێت هێزەکانمان تا ئێستا نەیانتوانیوە تەنیا یەک بستیش پێشڕەوی بکەن، لە قوڕ و خوێن چەقیون.

سەری بەرزدەکاتەوە و دەڵێت بە هەرچی هێز و چەکی ئاسمانی و دەریایی و زەوینییە لێیاندەن. دەبێ بشکێن. دەبێ یەک منداڵیشیان نەمێنێ. تەنانەت مریشک و قەل و مەڕ و ماڵاتیشیان لێدەن. ئەوەی نەمرێت وەک غەنیمەت بیانگرن. حەڵاڵی خۆتانە. ئەوان هۆی هەموو شکستە یەک لەدوای یەکی هەموو خەونەکانی منن!

پاشان بە دەست ئاماژەی پێدەکات کە بڕوات. کابرا دەڕوات. لەبەر خۆیەوە دەڵێت  تاکە یەک منداڵیشتان ناهێڵم ئەی خێڵی نەگبەت. دەبێ تۆڵەی هەموو شکستەکانی پێشوشم بکەمەوە. ئەگەر ئێوە نەبوایتن ئەوا من ئێستا سوڵتانێکی راستەقینەی بەهێز بووم، بە لەشکری رەشپۆشمەوە. ئێستا هەموو دونیا بە سوڵتان دەیانناسیم. سوڵتان سوڵتان سول ـــ ـ ـ ـان.

 Bilderesultat for sultan kunst

 

گەڕان بۆ بابەت