ما 2291 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر بازنەیێکی خۆتیکرارکەرەوە سوڕاونەتەوە و لە قوڕی تەعەسوب و دەمارگرژی ئاینی چەقیون و ناتوانن راستییەکان ئەو جۆرەی کە هەن قبوڵ بکەن، بۆیە هەوڵدەدەن بە کاولکارییەکاندونیا وەک روانگەکەیان بەرەو دواوە بگەڕێنینەوە. تا ئەو کاتەی هێڵی رۆیشتنمان بازنەیی بێت، هیوایێک بۆ پێشکەوتن نییە.  

 

کۆنینەکان ناسنامەی گەلانن

رەسوڵ سەفەریانی

روم بە پێتەختی مەسیحییەت  ناسراوە و ئەم نازناوەش بە هۆی ڤاتیکان و مێژووی کۆنیەوە پڕبە پێستیەتی. رۆم یەکێک لەو شارە کۆنانەیە کە هەنگاو بە هەنگاوی پڕە لە کۆنەوار و ئاسەواری ئەو بەرە لە خەڵکی رۆم کە ئێستا لە دڵی مێژوودا خەوتون بەڵام شوێنی پێ و بیر و بۆچوون و هونەریان هەر لە سەر زەوی و لە هەموو شوێنێکی ئەو شارە کۆنە دەبیندرێت . رۆم و بینینی ئەو کۆنەوارانە هەر لە یەکەم نیگادا پێمان دەڵێت کە سەردەمانێک  شکۆ و عەزەمەتی تێدا بووە و شوێنی دەسەڵات و شانازی بووە. ئەوەی خەڵکی ئاسایی رۆمی کۆن چۆن ژیاون و بارودۆخی ژیانیان چۆن بووە، لەم ئاسەوارانەدا زۆردەرناکەوێت. ئەم ئاسەوارانە زۆرتر باس لە گوزەران و ژیانی چینی دەسەڵاتدار دەکات. بە دڵنیاییەوە ئەو خۆش گوزەرانی و سەروەت و سامان و کۆشک و تەلارانەی کە ئێستا وەک وێرانە یان نیوەوێرانە ماونەتەوە، هەمووی بە شان و باهۆی خەڵکی هەژار و ژێردەسەڵاتی چینی باڵادەست هاتوونەتە دروستکردن. تەماشای ئاسەوارێک وەک کولوسیوم (ئامفی تیاتر)ی بە ناوبانگ کە شوێنی بەشەڕدانی گلادیاتۆرەکانە، مرۆڤ دەباتە نێو تێفکرینێکی قووڵەوە کە تۆ بڵێی چەندها مرۆڤ لە کاتی دروستکردنیدا بوونەتە قوربانی. یان ئەو مرۆڤانە وا دژی دەسەڵات دەنگیان هەڵێناوە و دەسەڵاتیش سزای کوشتنی سەپاندوە بە سەریاندا و لە کولسیومدا خراونەتە بەردەم حەیوانی دڕندە یان لەو گۆڕەپانەدا دراون بە شەڕ لەگەڵ گلادیاتۆرەکانی دەرباری کۆشک. بۆ هەموو ئەم سزانەش خەڵک و دەست و پاوەنی خۆیان بانگ کراون تا ئەو بە ناو زۆران و بەشەڕدانە ببینن. ئاکامی هەمووشیان کوشتن و لە ناوچوونی لانیکەم لایەنێکی کێبەرکێکە بووە. بۆیە ئێستاش پاش نزیکەی دوو هەزار ساڵ بە سەیری ئەو کۆنینە دەتوانیت بۆنی خوێنی تێدا هەست پێبکەیت.

هەموو ئاسەوارەکان وەک وتمان باس لە هەبوونی دەسەڵات و دەسەڵاتداری چینێک لە رۆمی کۆن دەکات، بەڵام هاوکات نیشانە و ئاسەواری  شارستانییەتی دێرینەی رۆمە. ئەوانە باس لەوە دەکەن کە پێش هەزاران ساڵ لەو وڵاتە عەزەمەت و توانا و شکۆ هەبووە.  شکۆ و عەزەمەتێک کە تا ئەمڕۆش پەلی کێشاوە و هەموو کۆڵان و شەقامەکانی ئەو شارەی پڕ لە شکۆ کردوە و رێزە و حورمـەتی بینەران بۆ لای خۆی رادەکێشێت و هەموو بینەرێکی ئەو ئاسەوارانە دەگەیێنێتە ئەو قەناعەتەی کە سەری  رێز و کورنۆش بۆ ئەو شکۆ دوور و درێژ و بەردەوامە دابنەوێنێت. ئەمەش تەنیا کاتێک دێتە ئەنجام کە خەڵکی وڵاتەکە خۆیان وێڕای شانازی بە ڕابردویانەوە رێز دابنێن، بۆ ئەوەی هەیانە و هەیانبووە. یەکێک لە شێوازی رێزدانانەکەش پاراستن و بە دەروەست هاتنی کۆنینەکانیانە. خەلک و دەوڵەتی ئیتالیا بە پاراستن و چاودێری و راگرتنی ئاسەوارەکانیان گرینگی و بایەخی ئەو رابردوو و مێژووەی خۆیان سەد ئەوەندە کردوە. خەلکی هەر وڵاتێک خۆی دیاری دەکات کە خەڵکانی تری دونیا چەندە بایەخیان بۆ دابنێن ئەویش لە رێگای پاراستن و رێزدانان بۆ ئەوەی هەیانە و هەیانبووە. بە واتایێکی تر تۆ چەندە رێز لە خۆت و مێژووی خۆت دەگریت، خەڵکانی تریش هەر ئەوەندەت رێز لێدەگرن.

ئەوەی ئێستا لە رۆم رێز و سەرنجی هەمووان بۆ لای خۆی رادەکێشێت بەشێکی زۆری پاشماوەی دەسەڵاتی ئاینی کریستینە کە سەردەمانێک هەموو دەنگ و سەدایێکی کپ کردبوو و تەنیا دەنگ و رەنگی ئیشک و رەقی ئاین بەزۆرەملی خۆی دەسەپاند و بۆ چەندین سەدە لەسەر هێڵێکی بازنەیی مێژویان دەسوڕایەوە. ئەو سەردەمە وڵاتانی وەک ئێران بە دەس دەسەڵاتدارانی نائاینییەوە بوو. پاشان لە رۆنسانسەوە وردە وردە هێڵی پێشکەوتن لە رۆم و ئوروپا دەستی پێکرد و ئەو وڵاتانە کەوتنە سەر هێڵێکی راست و بۆ پێشەوە و بەردەوام بوون لە پێشکەوتن و گۆڕان و چاکسازی. بەڵام هاوکات ئایین و دەسەڵاتی ئایینی وردە وردە پەلی بەرەو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشا و سێبەری قورسی خستە سەر هێڵی پێشکەوتن و بەرەو پێشەوە چوونیان. لەو سەردەمەوە ئیتر مێژووی ئەو ناوچە چیتر لەسەر هێڵی راست و بەرەو پێشەوە نەماوە و ئەم هێڵە جێگەی خۆی داوە بە بازنەیێکی مێژوویی. ئەمەش یانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بازنەیێکی مێژووی دەسوڕێتەوە و بەردەوام بە شێوەیەک خۆی تیکرار دەکاتەوە. ئەم بازنەی دووپاتکردنەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئێستاش پاش هەزار و پێنسەد ساڵ هێشتا هەر لە قەفەسی ئاییندا زیندان بێت. هێڵی بازنەیی و تیکراربوونەوە کە تایبەتمەندی کۆمەڵگا ئاینییەکانە، وادەکات کە هەر چەند دەیە جارێک دەسەڵاتی ئایین خۆی تیژدەکاتەوە و بە بیانوی ئەوەی کە دەسەڵاتی پێشو ئاینداری راستەقینە نەبووە وێڕای تیکرارکردنەوەی مێژووی کۆن و گەڕانەوە بۆ بناخە شەرعییەکان بە بیانوی ئەوەی کە کۆنینەکانی ئەو وڵاتانە نیشانە و سیمبولی کفرن و لەگەڵ دین و یاسا شەرعییەکان نایەتەوە، دەستیان داوەتە وێرانکاری و لەناوبردنیان. ئەو کۆنینانەی کە دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی داهات و راکێشانی سەرنج و رێزی دونیا بۆ ئەو وڵاتانە، بەلام هەر وەک وتمان ئەگەر ئێمە خۆمان رێز لە مێژووی خۆمان نەگرین کەس رێزمان لێ ناگرێت.

ئەو ئاسەوارە کۆنانە و کۆنەوارانە کە لەم سالانەی رابردودا بە دەس دەسەڵاتە ئاینییەکان لە ئێران و ئەفغانستان و عێراق و سوریە لە ناوبران، هەموویان بناخەی ناسنامەیی و کلتوریی ئێمە بوون، کە لەوپەڕی نەزانیدا بە دەست دەسەڵاتە دواکەوتوەکانی ئەو وڵاتانە لەناوبران. ئەوان بەم کارەیان کەسایەتی و ئێعتباری مێژوویی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتانەیان وێران کرد.

بە بەراووردکردنی رۆم و هەندێ لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ یەک، بەو راستییە دەگەین کە رۆم پاش تێپەڕکردنی سەردەمی دەسەڵاتی ئایین، هەنگاوی بەرەو پێش هەلگرتووە و وازی لە دەمارگرژیی ئاینی هێناوە و  وەک ئینسانی مۆدێرن هەموو مێژوو و میراتی مێژوویی  خۆیان وەک سەروەت و سامان چاو لێکردوە و پاراستوویانە، بەڵام وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر وەک وتمان لە سەر بازنەیێکی خۆتیکرارکەرەوە سوڕاونەتەوە و لە قوڕی تەعەسوب و دەمارگرژی ئاینی چەقیون و ناتوانن راستییەکان ئەو جۆرەی کە هەن قبوڵ بکەن، بۆیە هەوڵدەدەن بە کاولکاریەکان دونیا وەک روانگەکەیان بەرەو دواوە بگەڕێنینەوە. تا ئەو کاتەی هێڵی رۆیشتنمان بازنەیی بێت، هیوایێک بۆ پێشکەوتن نییە. 

Image result for history palss

گەڕان بۆ بابەت