ما 1110 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 شاهۆ حەسەنپوور

کارکردن لە سەر زمان و فێربوونی زمان هێمنی و پشتکاری دەوێت. زمان شتێک نیە بە بۆماوەیی بێ و پێویستی بە رەخسانی ژینگەیەکی لەبارە کە تێیدا بە شێوەیەکی سرووشتی گەشە بکات. شوناسی تاک (نەک شوناسی نەتەوەیی) لە پێوەندی کۆمەڵایەتییەکان دەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەرهەم دێ. 

 

زمانی کوردی، ئێمە و منداڵەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی وەڵات

شاهۆ حەسەنپوور

فێربوونی زمانی کوردی بۆ منداڵانی دەرەوەی وەڵات بابەتێکە باس هەڵگڕ. زۆر جار ئێمە گوێ بیستی ئەوە دەبین کە منداڵانی هەندەران ئاستی زمانیان بە بەراورد لە گەڵ منداڵانی وەڵات لە خوارترە و کۆمەڵێک هەڵسەنگاندی دیکە کە هەڵقووڵای ئەزموونەکانی خۆمانن یان ئەوەی کە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە بۆچوونە ئیدیۆلۆژییەکانمان سەرچاوە دەگرن.  تەوەری ئەم وتارە: زمانی دایک، شوناس و فرەزمانییە. هەر لەو چوارچێوەیەدا هەوڵ  دەدەم بە کورتی باسی ئەو فاکتەرانە بکەم کە دەبنە هۆی گەشە و تۆکمە بوونی زمانی دایک.  

زمانی دایک

بە پێێ پێناسەکان زمانی دایک بەو زمانە دەگوترێ کە منداڵ لە سەرەتای لەدایکبوونیەوە لە دایک و باوک و دەورووبەرییەوە فێری دەبێت. ئەو زانیارییانەی لە بواری زانستی زمانەوە هەیە ئاماژە بەوە دەکەن کە منداڵێک لە تەمەنی شەش ساڵیدا بە شێوەیەکی خۆرسکی زمانی دایکی فێر دەبێ و لە تەمەنی شەش یان حەوت ساڵی کە دەچێتە مەدرەسە زمانی ئاکادیمی لە سەر بنەمای زمانی دایکی هەڵدەچنێ و ئەم هەڵچنینی زمانییە لە قۆناغەکانی خوێندن ودوای خوێندنیش بەردەوام دەبێت؛ بەو تێبینییەوە کە کەسەکە لە کارکردن لەبواری ئاکادێمی بەردەوام بیت.

بەڵام وەک دەزانین منداڵانی ئیمە لە دەرەوەی وەڵات ئەو دەرفەتی فێربوونەیان بە بەروارد لە گەڵ منداڵانی ناو وەڵات بەرتەسکترە کە زمانی دایک بەشێوەیەکی خۆرسک لە دەوورووبەرییانەوە فێر بن. سەرچاوەی فێربوونی زمان لە دەرەوەی وەڵات بنەماڵە و پێوەندییە نزیکەکان بە بنەماڵەوە. پرۆفیسۆر جیم کامینس (Jim Cummins, 2017)  کە لێکۆلەر لە بواری فرەزمانی و منداڵانە لە زانکۆی تۆرێنتۆی کانادا ئاماژە بەوە دەکات کە شاری تۆرێنتۆ ،کە یەکێک لە شارە فرەزمان و کلتوورەکانی دنیایە، بۆتە گۆرستانێک کە زمانەکان تێدا دەمرن. ئەم قسەیەی کامینس ڕاستییەکی حاشالێینەکراوە کە ئێمە لە هەندەران ئەزموونی دەکەین.

هەروەک باس کرا بنەماڵە یەکێک لەو سەرچاوە گرینگانەیە کە منداڵانی فرەزمان زمانی دایکی لێ فێر دەبن. دایک و باوکان زۆر ڕیگە دەگرنە بەر بۆ ئەوەی منداڵەکانیان فێری زمانی دایک بکەن. بۆ وینە ستراتیژییەک کە دایک و باوکان کاری پێ دەکەن یەک کەس یەک زمانە (One person – One Language). یەک کەس یەک زمان بەو واتەیە دێ کە ئەگەر لە بنەماڵەیەکدا دایک و باوک دوو زمانی جیاوازیان هەبێ، هەریەک لەوان بە زمانی خۆی دەگەڵ منداڵەکە دەدوێ بۆ ئەوەی منداڵەکە هاوکات فێری هەردووک زمانەکە ببێت. ستراتیژییەکانی بەکارهێنانی زمان لە بنەماڵە فرەزمانەکان زۆرن وەک: Mixed Languages, None- dominant Home Language (Lanza, 2007). دیارە ئەم ستراتیژیانە لایەنێ باش و خراپیان هەیە، کە باسی ئەم وتارە نیە.

 بە پێێ ئەو ئەزموونانەی کە من وەک دانیشتوویەک و مامۆستای زمانی دایک لە وەڵاتی سوید هەمە زۆربەی بنەماڵەکان پێێان خۆشە و هەوڵ دەدەن منداڵەکانیان فێری زمانی دایکیان ببێت. بۆ نموونە بەشێک لە دایک و باوکان هەوڵ دەدەن تەنیا بە زمانی دایک لە گەڵ منداڵەکانیان قسە بکەن و بنەماڵەی دیکەش هەیە کە زۆرتر بایەخ دەدەن بە زمانی وەڵاتەکە هەتا زمانی دایک. دیارە بنەماڵەش هەن کە زوونێکی ئازادی بەکارهێنانی زمانیان هەیە کە منداڵ ئازادە لە بەکارهێنانی ئەو زمانانەی کە دەیەوێ بەکاری بێنێت.  

شوناس و فرەزمانی

شوناس کە یەکێک لە چەمکە هەرە کار پێکراوەکانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکانە لە روانگەی تیۆریدارێژەرەکانی دوای مۆدێرنیتەوە (Late Modernity) وەک پرۆسەیەکی دینامیکی پیناسە دەکرێ. بە پێی ئەو پێناسەیە پرسی شوناس شتێک نیە کە دیاریکراو نەگۆڕ بێ، بەڵکوو دیاردەیەکە کە لە پێوەندی کۆمەڵایەتی دەگەڵ ئەوانی دیکەدا مانا دەبەخشێ. هەر لەم پێوەندییەدا زمان وەسیلەی گەیاندنە و لە کاتی پێوەندی دەگەڵ ئەوانی دیکەدا تاک خۆی پێ پیناسەدەکات. هەر لێرش دایە دەتوانین بگەینە ئەو ئاکامەی کە تاک دەتوانێ پێناسەی خۆی بکات لە رێگای زمانەوە، بەو مەرجەی زمانەکە هەتا رادەیەک بە بێ کێشە بەکار بێنێ (Musk, 2010). لەپێوەندی دەگەڵ منداڵانی کۆچەر یان ئەو منداڵانەی کە لە دایک و باوکی کۆچەرن بابەت و لێکۆڵینەوە لە سەر پرسی شوناس و زمان یەکجار زۆرە و ئەوەی بۆ ئاماژە دەبێ کە لێکۆڵینەوەکان جەخت لە گرینگی زانینی چەند زمانیی دەکەن لە پێوەندی دەگەڵ پرسی فێربووندا. هەروەها پرسی شوناسی زمانیش دیاردەیەکە کە باسی لێوە دەکرێت.   

دیاردەیەک کە کۆمەڵگا پاشمۆدێرنەکان لە سەردەمی بەجیهانی بووندا هەیانە دیاردەی فرەزمانیە. لەم کۆمەڵگایانەدا فرەکلتووریی و فرەزمانی دیاردەیەکی ئاساییە. زۆربەی منداڵان، بە تایبەتی ئەوانەی کە خەڵکی وەڵاتی "خانەخوێ" نین و بە هۆی جۆراوجۆر کۆچیان کردووە، هەر لە سەرەتای منداڵەییەوە هاوکات چەند زمان فێر دەبن. بۆیە لە پێناسەکاندا زۆرتر زمانی یەکەم و زمانی دووهەم و سێهەم بەکاردێ هەتا زمانی دایک. کۆمەڵێک لە منداڵان سەرەرایی زمانی وەڵاتەکە زمانی دایک و زمانێکی دیکەش فێر دەبن. بۆ نمونە بەشێکی زۆر لە مندالانی کورد سەرەرای زمانی کوردی، سویدی و ئینگلیزی زمانێکی دیکەش دەخوێنن و کەم نین ئەو مندالانە کە لە تەمەنی لاویدا دەتوانن بە سێ هەتا چوار زمان ئاخاوتن بکەن. پێوانەیەک کە زۆر بەکاردێ لە پێوەندی دەگەڵ چەمکی فرەزمانیدا پێوانەی سکوتناب- کانگاسە (Skutnabb-Kangas 1981). کانگاس چووار پێوەری پێشینە، توانایی، کارکرد و هەڵسووکەوت مەزەندە دەکات بۆ ئەوەی بزانین کەسیک فرەزمانە یان نا. پێشینە ئەوەیە کاتێ کەسێک لە سەردەمی منداڵی دوو زمان هاوکات فێربووبێ. توانایی لە زمانەکاندا پێوەری دووهەمە و بە واتای زاڵ بوون بەسەر بەکارهێنانی زمانەکاندا هاتووە. کارکرد باس لە بەکارهێنانی زمانەکانە لە پێوەندییە جیاوازەکاندا دەکات و سەرئەنجام هەڵسووکەوت ویست و حەزی تاکەکەیە کە بیەوێ خۆی بە ئەو زمانانە پێناسە بکات. بەو پێی ئەم پێناسەیە هەر کەسێک ئەم چوار تایبەتمەندییەی هەبێ دەتوانین پێی بڵێن ئەو کەسە کەسێکی فرەزمانە.  

فاکتەرەکانی گەشە و تۆکمە بوونی زمانی دایک
زمان دیاردەیەکی ژینیتیکی نیە کە لە دایک یان باوکە بۆمان بمێنیتەوە. ئەگەر ئێمە بمانەوێ زمانێک فێر بین کۆمەڵێک مەرج هەن دەبی ڕچاویان بکەین. منداڵانی ئێمە لە دەرەوەی وەڵات لە بەر ئەوەی کە لە دایک و باوکێکی کوردن ئەوە ناگەیەنێ کە ئەوان ئوتوماتیکی زمانەکە فێر دەبن. بۆ فێربوونی زمان دەبێ بەستێنەکانی فێربوون بوونیان هەبێ. ئاخاوتن بە زمانی دایک بۆ بنەماڵە کوردەکان لە دەرەوەی وەڵات، دانانی بەردی یەکەمە بەڵام ئەمە تەنیا بەس نییە بۆ ئەوەی منداڵێک فێری زمانی دایکی بێ. زمان بە گشتی دوو بەشی هەیە: بەشی ژێرخان کە لە تەمەنی لەدایکبوونەوە هەتا شەش ساڵی بنیات دەنرێ و منداڵان ئەم قۆناغە زۆر خۆرسکانە فێر دەبن. بەشی سەرخان کە بە زمانی ئاکادیمی ناودەبرێ لە مەدرەسە و دوایش زانکۆ و ناوەندەکانی دیکەی فێربوون بنیات دەنرێت.

بۆ ئەوەی ژێرخانی زمانی منداڵێک توکمە بێ و گەشە بکات تەنیا قسەکردن بەس نیە. گۆرانی گووتن، گێرانەوەی بەیت و حیکایەت، یاری کردن دەگەڵ منداڵان، کتێب خوێندنەوە و  زۆر شێوازی دیکەی کارکردن گرینگە کە رەچاو بکرێت بۆ ئەوەی منداڵەکە زمانێکی بناغەدار و قووڵی هەبێت. زۆربەی منداڵان کە بۆ خوێندنی زمانی دایک دێن بۆ پۆلەکانی زمانی دایک ئاستی ژیرخانی زمانیان قووڵ نیە. ئەوەش وا دەکات کە کاری فێربوون ئەستم بکات. بە پێچەوانەوە ئەو منداڵانەی کە ژێرخانی زمانیان قووڵە، زۆر ئاسان فێری زمانی ئاکادیمی دەبن. دیارە دەزانین کە ژینگەی ماڵەوە سنووردارەو منداڵان بەشێکی زۆری ژیانی ڕۆژانەیان لە پێش‌قوتابخانەکان بەسەر دەبەن و بە گشتی هەموو پێوەندییەکان لە ئاستی کۆمەڵگادا بە زمانێک دەکرێ کە زمانی دایکیی نیە. بۆ پڕ کردنەوەی بۆشاییەکان، دایکاو باوکان پەنا دەبەنە بەر کۆمەلێک ستراتیژی کە هەمووی ئەوانە دەکرێ هەم لایەنی باشیان هەبی هەم خراپ. ئەوەی مووهیمە ئەوەیە کە منداڵان بۆ فێربوونی زمان فشاریان نەخرێتە سەر و هەر کارێک دەکرێ ڕەچاوی مافەکانی منداڵ بکرێت و کارەکە بە خۆشی و بە حەز و ویستەوە بکرێ.

لەم پێوەندییەدا ئەو منداڵانەی کە هەر لە سەرەتای تەمەنەوە ژینگەیەکی لەباری گەشەی زمانیان بۆ دەرەخسێ بێگومان حەزیان بۆ زمانەکە هەیە و بێ کێشە پەسەندی دەکەن. بەڵام ئەگەر منداڵێک ژینگەیەکی لەباری بۆ نەرەخسابێ زۆر بە زەحمەت فێری زمان دەبێت، و بەدوور نیە کە کاردانەوەی پێچەوانەی لە سەر درووست بکات. فاکتەرێکی کاریگەری دیکە سەفەرە بۆ وەڵاتی دایک. ئەو منداڵانەی کە ساڵی جارێک سەفەری نیشتمان دەکەن و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لەوی دەژین زۆر باش زمانی دایکیان فێر دەبن. ئێمە دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە بەسەربردن و ژیان لە ژینگەیەکدا کە زمانی سەرەکیی تێدا بوونی هەیە، فێربوونی زمان زۆر سروشتی و لە ئاکامدا ئاسان دەکات.

ئاکامگرتن

کارکردن لە سەر زمان و فێربوونی زمان هێمنی و پشتکاری دەوێت. زمان شتێک نیە بە بۆماوەیی بێ و پێویستی بە رەخسانی ژینگەیەکی لەبارە کە تێیدا بە شێوەیەکی سرووشتی گەشە بکات. شوناسی تاک (نەک شوناسی نەتەوەیی) لە پێوەندی کۆمەڵایەتییەکان دەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەرهەم دێ. کاتێ ئێمە زمانێک دەزانین دەتوانین هەستەکانمانی پێ دەربڕین هەست بە شوناسی زمانی خۆمان دەکەین کە گرینگە بۆ هەستی باوەڕبەخۆبوون. منداڵانی هەندەران چ ئەوانەی کۆچیان کردووە چ ئەوانەی لە وەڵاتی خانەخوێ لە دایک بوون باشە(زۆر جاریش گرینگە) بەسەر زمانی دایکیاندا زاڵ بن لە گەڵ ئەوەشدا ئەوەی گرینگە زانینی زمانێکە لە ئاستێکدا بتوانی ژیانی ئەورۆ و دوارۆژی پێ دابین بکات. ئەو منداڵانەی زمان بە شێوەیەکی سرووشتی بۆتە بەشێک لە شوناسی زمانیان بە خۆشییەوە کار دەکەن لە سەر زمانی دایک و ئەوانەی کە ژینگە بۆ گەشەی زمانیان نەرەخساوە (بە هەر هۆیەک بێ) زۆر بۆیان ئەستەمە کە زمانەکە وەرگرن. دایک و باوکان لە سەریانە ئەوە دەرک بکەن ئەگەر منداڵێک زمانی دایکی فێر نەبوو، یان زمانەکە لە ئاستێکدا کە ئەوان چاوەرێی دەکەن نەزانن هۆکار منداڵەکان نین. بوونی ژینگەیەک کە گونجاو بێ زمان تێدا گەشە بکات، بەرپرسایەتی دایک و باوکان و کۆمەڵگایە بە گشتی نەک منداڵەکان.    

 

ژێدەرەکان

Cummins, Jim (2017), Flerspråkiga elever- Effektiv undervisning i en utmanande tid, Stockholm: Natur och Kultur.

Lanza, Elizabeth (2007), Multilingualism and the family. I: Auer, Peter & Wei, Li (red). Handbook of Multilingualism and Multilingual Communication. Berlin: Mouton de Gruyter. S. 45-68

Musk, Nigel & Wedin, Åsa (2010), Flerspråkighet, identitet och lärande. Lund: Studentlitteratur

 

Related image

گەڕان بۆ بابەت