فەڕۆخ نێعمەتپوور

کات لە ژمارەدایە مانای خۆی دەسازێنێ. هەتا ژمارەکانیش زیاتر، ئەوا مانا قەبەتر و قورستر. لە راستیدا ژمارە توانایەکی سەیری هەیە بۆ ئەوەی لە خۆی دەرچێت و ببێ بە مانایەکی زیاتر لەوەی وا دەینوێنێ!

 

گەنجیەتی و مانای کات

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە حەڵقەیەکی فیلمی 'بۆنانزا' قارەمانی چیرۆکەکە روودەکاتە یەکێکی تر لە ئەکتەرەکان و، دەڵێ "ئەوەندە گەنجی هێشتا لە لات رابردوو نەبووە بە خاوەن مانا."

کەواتە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە مانای رابردوو بگات، دەبێ تەمەنێکی باش ژیابێت و بیرەوەری تێیدا چێ بووبێ. یاخود دەبێ ئەوەندە ژیابێ کە بیری یادێک یان رووداوێک، خەم و نۆستالۆژیای رابردوو بەسەریدا زاڵ بکات. کە باشترین یاد یان رووداو، دەکرێ خۆشەویستی بێت.

کەواتە بەشێک لە هۆکاری چۆنیەتی هەستی ئێمە وابەستەیە بە ژمارەی ئەو ساڵانەی وا دەژین. گەیشتن لە کات راستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە کات، واتە ئەو ساڵانەی ژیاوین. کات کە لە مرۆڤدا کەڵەکە بوو، ئەوکات مانای خۆی لە مێشک و دەروونماندا دەردەخات! کات لە ژمارەدایە مانای خۆی دەسازێنێ. هەتا ژمارەکانیش زیاتر، ئەوا مانا قەبەتر و قورستر. لە راستیدا ژمارە توانایەکی سەیری هەیە بۆ ئەوەی لە خۆی دەرچێت و ببێ بە مانایەکی زیاتر لەوەی وا دەینوێنێ!

بەڵام داخۆ مرۆڤ دەبێ تەنیا لە رێگای کەڵەکەبوونی ساڵەکانی تەمەوە لە کات بگات؟ یاخود ئەوەیکە رێگای تریش هەیە؟ داخۆ گەیشتن لە مانای کات بەم پێیە تەواو خاوەن مانایەکی تاکەکەسییە و فڕی بە ئەقڵ، وەک تایبەتمەندییەکی تری گرینگی مرۆڤەوە نیە؟

رەنگە بگوترێ کە ئەقڵیش پەیوەندی بە کاتەوە هەیە و لە راستیدا لە تەمەنی بچووکتردا چونکە هێشتا ئەقڵ لەسەرەتای گەشەی خۆیدایە، کەواتە ناکرێ چاوەڕوانی بەرجەستەبوونی مانای کاتی لێ بکەین.

بەڵام دەکرێ ئەم بۆچوونە بخرێتە بەر گومانەوە. چۆن؟

بۆ ئەم مەبەستە دەتوانین لە دوو رووداو لە ژیانی مرۆڤ ناوبەرین کە دەکرێ لە تەمەنی بچووکتردا رووبدەن و مانای کات سەرەڕای بچووکیی تەمەن لە مرۆڤدا چێ بکەن.

ئەم دوو رووداوە یەکیان دەتوانێ ئەزموونی مەرگ بێت لە تەمەنی کەمدا. بۆ وێنە خۆشەویستی کەسێک بمرێ. دووهەم ئاشناکردنی مرۆڤ لەتەمەنی کەمدا بە مێژوو و بە ژیانی مرۆڤە گەورەکان بێت.

رووداوی یەکەم دەتوانێ وەک کارەسات لە دەروونی مرۆڤدا کێشەی کات بهاژێنێ و بۆ هەمیشە چەکەرەکانی جۆرێک لە قووڵبوونەوە دروست بکا. بۆ وێنە بڕوانە رۆمانی 'دکتۆر ژیواگۆ' کە چلۆن مەرگی دایکی دکتۆر لە کاتی منداڵی، شۆڕشێکی دەروونی و هەست ئامێزی تیا چێ دەکا کە لە تەواوی ساڵەکانی داهاتووی تەمەنی دەوری سەرەکی دەگێڕێ .

رووداوی دووهەم کە خوێندنەوەی مێژوو و ژیانی مرۆڤە گەورەکانە، لە رێگای نیشاندانی رەقەمی ساڵەکان و ئەو نەوانەی کە وەک ئێمە ژیاون و ئێستا نەماون، مرۆڤ لەپێش ئەزموونکردنی کەڵەکەبوونی ساڵەکانی تەمەنی، بخاتە بیری جیددییەوە.

هەڵبەت رەنگە بەڕاستی پێویست نەبێ مرۆڤ ئەوەندە زوو لە مانای کات تێ بگات. رەنگە وا باشتر بێت لێیگەڕێین بۆ خۆی و بە گوێرەی کەڵەکەبوونی ساڵەکان بگاتە ئەم تێگەیشتنە. ئەوەیکە بە هەستی منداڵی و گەنجیەتییەوە سەرقاڵ بێت و کەمێک خۆش رابوەێرێت. ئەگەرچی ئەم رابواردنەیش یەکجار کورتە.

ئەوەیکە بەشێک لە هۆکاری خۆشی رەگی لە نەزانیندا هەیە، بۆچوونێکی راستە. بەڵام زانینیش خۆی چێژێکی تایبەتی خۆی هەیە کە جیاوازە لەو خۆشییەی لەسەر نەزانین رۆنراوە.

لانیکەم ئەوەیکە زانین دەتوانێ ورەی رووبەڕووبوونەوەمان پێ ببەخشێ و ئامادەترمان دەکا بۆ پێشوازی لە رووداوەکان. مرۆڤ دەبێ لە مانای کات بگا، بۆ ئەوەی هەم بزانێ ژیان چ چێژێکی هەیە و هەم بزانێ مەرگ چ کۆتاییەکی پێویستە. ئەگەر من درووستکەری ئەو حەڵقەیەی فیلمی بۆنانزا بوومایە، لە وەڵامی ئەو ئەکتەرەدا ئەم گوتەیەم دەخستە زاری ئەکتەرەکەی ترەوە: "تۆیش ئەوەندە ژیاوی کە دەزانی مانای کات چییە!"

Image result for tid kunst

بازدید: 849