ما 3217 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

هیچ کات شووم نەکرد. ئەو کارەم کرد، چونکە دڵم ویستی. ئیستا کە ئەم بەسەرهاتە دەگێرمەوە زۆربەی ئەو کەسانەی  سەردەمی من کۆچیان کردووە و نەماون، بە تایبەتی دایک و باوکی خۆشەویستم. هیوادارم تۆش ئەم چیرۆکە بۆ خەڵکی تر بگێڕیتەوە!

 

بەسەرهاتێکی دڵتەزێن – کۆتایی

قادر نیکپوور

چەند پیاوی ژیر و وریا کۆدەبنەوە، هەریەک رایەک دەردەبڕن، تاکو بڕیارئەدەن بڕۆنە شوێنی بەردەکە! خەڵک بە نیشانەی رێز گرتن لە شازادە، شازادە وەپێش خۆیان دەدەن. کاتێک نزیک دەبنەوە، دەبینن پۆلێک باڵندە خەریکی چینەن. باڵندەکان بە هاتنی خەڵک دوور دەکەونەوە. یەكێک لە پیاوەکان دەڵێ: چەند رۆژ لەمە پێش ئێرە سیس و ژاکاو بوو، چ قەوماوە ئێستا هەموو سەوزە و گوڵ و گوڵزارە؟ سەرێکی لەقاندو وتی، لە ژیانمدا شتی وام نەدیوە! ئەمە زۆرتر لە سیحر دەچیت تاکو راستی.

بەم جۆرە سەرقاڵی قسان دەبن کە باوکم لەناکاو بازنەیەکی من کە خۆی بۆمی کڕیبوو لەوێ ئەدۆزێتەوە. بە ئارامی هەڵیدەگرێت، سەیرێکی دەکاتو دەڵێ: "هەوە خۆیەتی، ئەم بازنەیە ئی کچەکەی منە، کەواتە لێڕەوە بێ سەر و شوێن کراوە"! یەکێک لە پیاوە ریش سپییەکان دەست بە ریشی دادێنێو دەڵێ: "ئەمە کاری مرۆڤ نیە، کچەکەی تۆ بڵێین شتێک؛ ئەدی بەردەکە چی؟ من شکم لەوە دانیە هەردوویی کاری یەک کەسە"! خەڵکەکە هەموو بە تیگڕایی سەیرێکی پیاوە دەکەن و دەڵێن: چی، کاری یەک نەفەرە؟ پیاوە ریش سپییە دەڵێ: خۆتان لێکدەنەوە، ئەمە بازنەی کچەکەیە لە پێش چاوتانە، بەم حیسابە کچەکەش لێرە شتێکی بەسەر هاتووە.

شازادە دەڵێ، کەواتە ئەو کەسەی ئەو کارەی کردووە لە مرۆڤ زۆر بە هێزترە، دەبێ هەرچی زوو بیدۆزینەوە دەسبەسەری بکەین، تاکو شتێکی تازە رووینەداوە؛ هەروەها دەبێ هەرچی زوو بە سزایی خۆی بگات! یەکێک لەوان کە راوچی دەبێ دەڵێ: لەبەرزایی ئەو کێوە ئەشکەوتێک هەیە. زۆرجار دەچمە راو، سەگ و تاژییەکان بە بۆنکردن دەرۆنە لای ئەشکەوت، کە زۆر نزیک دەبنەوە لە ترسان دەگەڕێنەوە. عەقڵم پێم دەڵێ ئەو ئەشکەوتە شتێکی سامناکی تێدایە کە ئەم سەگانە لە ترسان دەگەڕێنەوە. بەڵێ، بە پێی ئەم قسەیە بڕیار دەدەن چەند سەگی باش لەگەڵ خۆیان بەرن. بەم بۆنەیە بەرەو ئەشکەوت رێدەکەون.

لە ئەشکەوت نزیک دەبنەوە، سەگەکان بە بۆنکردن بەرەو ئەشکەوت دەڕۆن، بەڵام ئەمجارەیان ناگەڕێنەوە. خەڵکیش بە شوێنیاندا دەڕۆن تاکو تەواو لە ئەشکەوت نزیک دەبنەوە. ئەو کەسانەی بەردیان بە چاوی خۆیان دیوە سەریان سووڕ دەمێنێت. هەر کەس شتێک دەڵێ، شتی وا چۆن دەبێ؟ کەواتە هەڵگرتنی ئەم بەردە کاری مرۆڤ نیە، کێ دەتوانێت ئەم کارە بکات؟

پیاوە ریش سپییە دیسان دەستێک بە ریشیدا دێنیو دەڵێ، کوڕینە ئەمە تەڵەیە، با هەرچی زوو دوور بکەوینەوە! ئێمەنازانین لەپشت ئەو بەردە چ شتێک خۆی شاردۆتەوە، و ناشزانین تاوێکیتر چ دەقەومێت؟ کێ دەڵێ ئێستا گوێی لە قسەکانی ئێمە نێە؟ باشتر وایە لەم شوێنە دوور بکەوینەوە، هەم تەگبیر و رایەکی تازە بەکین، و هەم لە دوورەوە چاوەدێری بکەین بزانین چ دەقەومێت، چونکە ئەم بەردە زلە بە ئاسانی و بە ئێمە لاناچێت! باوکم کە دڵنیا دەبێت پێش ئەشکەوەت بە برد گیراوە دەڵێ: ئەمن دڵنیام کچەکەم لە نێو ئەم ئەشکەوتە دایە، و تاکو کچەکەم رزگار نەکەم لێرە ناڕۆم! دڵنیام ئەو لە نێو ئەم ئەشکەوتە دەسبەسەر کراوە، و ئێستا ترس و ئازارێکی ئەکجار زۆری لەسەرە.

خەڵک دڵخۆشی باوکم ئەدەن، تۆ تەنیا نی، ئێمە هاتووین پێکەوە كچەکەت رزگار بکەین، تاکو دڵنیا نەبین ئەم ئەشکەوتە چی تێدایە ناگەڕێینەوە! بەڵام عاقڵانەترین کار ئەمەیە لێرە دوور بکەوینەوە! باوکم بەو قسەیە دڵی نەرم دەبێت، و وێڕای خەڵک لە ئەشکەوت دوور دەبێتەوە. ئەوان لە دوورەوە لە پشت داران و تەپکێک خۆیان دەشارنەوە، و بە نۆبە پاسەوانی ئەشکەوت دەکەن. یەکێک لە پیاوەکان دڵێ: بێگومان پشوودان و حەسانەوە دوایی ئەم هەموو هیلاکییە زۆر پیویستە، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ دێو رووبەڕوو ببینەوە پێویستمان بە حەسانەوەیەکی باش هەیە.

بۆ ماوەیەکی کورت هەموو لایەک بێدەنگ دەبن. خەڵک بە نیشانەی رێزگرتن لە شازادە خواردنەکان لە پێش ئەو دانەنێن، و شازادەش بۆ رێزگرتن لە پیاوە ریش سپییەکان دوایی ئەوان دەست بۆ خواردن درێژ دەکات. بەڵێ، فەرموو فەرموو لە ئەم و ئەو دەست پێدەکات تاکو هەموو دەست بە خواردن دەکەن. لەسەرتا هەموو بێدەنگ دەبن، بەڵام دوایی تاوێک قسەیەک لەم و قسەیەک لەو کۆڕەکە گەرم دەکەن. جاروبار پارچە نانێک بۆ سەگەکان داوێن.

یەکێک لە پیاوەکان کە پاسەوانی دەکات هات و هاواری لێ پەیدا دەبێت. وەرن سەیر کەن! بەردەکە جووڵایەوە لە شوێنی خۆی لاچوو. بە چاوی خۆم دیتم دەستێکی زەلام بەردەکەی پاڵ پێوەنا! کەس هۆشی خواردنی نامێنێ، هەموو بە پەلە دەڕۆن بزانن چ باسە. ئەوانیش ئەو شتە دەبینن، دەستێکی زەلام کە لە ئی مرۆڤ ناچێ، بەردە وەلادەنێت. کەس هۆشی کەسی نامێنێ، کەسیش دەنگی دەرنایەت. بەردەکە زۆرتر لادەچێت، تا ئەو جێگەی دێوە لە ئەشکەوت دێتەدەر و لە پێش ئەشکەوت دەوەستێ. پیاوەکان بە ورووژاوی سەیری دێوە دەکەن. سەگەکان بە غاردان بەروە ئەشکەوت دەڕۆن، سەگەکانیتر بە دوایدا هەڵدێن.

دێوە کە ئەم هەموو خەڵک و سەگانە دەبینێ دەس پاچە دەبێت و ئەشکەوت جێ دێڵێت، لە بیری دەچێت بەردەکە لە شوێنی خۆی دانێت. ئیتر سەگەکان واز نایەنن و دەکەونە دوایی دێوە! خەڵک کە خاترجەم دەبن دێو دوور کەوتۆتەوە ئەڕۆن پێش ئەشکەوت و هاوار دەکەن. من کە بەردەوام لە دەرفەتێک دەگەڕام تاکو شوێنێک بدۆزمەوە بۆ راکردن، هەروەها چاوم وەک رادار بە دوایی دێو دەگێڕا تا بزانم کەی لە ئەشکەوت دوور دەکەوێتەوە تاکو هەڵێم. ئەوەندەم لە بیرە دێوە رۆیشتە لای بەردەکە، بەردەکەی پاڵ پێوەنا. نەمزانی لە دەرەوە چ باسە تاکو لە پڕ دەنگە دەنگی خەڵکم گوێ لێ بوو.

لە نێو دەنگەکان دەنگی باوکم و دراوسێیەکانم ناسییەوە، زانیم بە دوایی مندا هاتوون، بە هەڵاتن رۆیشتمە دەروەوە. کاتێک هاتمە دەروە چاوم لە بەر تیشکی هەتاو هەڵنەدەهات، کەمێک دەستم بە چاوم گرت و بە ئارامی چاوم هەڵێنا، ئەمەش لە نێو ئەشکەوت فێر ببووم. ئەوەندەم زانی خەڵکەکە بە هەڵاتن هاتنە لام و یەکەم کەس باوکم منی گرتە باوەش. باوەڕم نەدەکرد کە ئەمە خەونە یان راستە. باوکم هیچ کات منی وا بە گەرمی لە باوەش نەگرتبوو، ئیتر تێر لە باوەشی باوکمدا گریام. هەم شەرمم دەکرد، هەم خۆشحال بووم کە رزگار کرابووم. هەرچەند باوکم لە بەر خەڵک شەرمی دەکرد بگری، بەڵام دەزانم لە دەرووندا لە من باشتر دەگریا، چونکە دڵی وەک مناڵ لێدەدا.

کاتێک تێر بە دڵی خۆم گریام سەیرێکی باوکم کرد، لە شەرمان سەرم هەڵنەدەهات. خەڵکەکە هەموو بە دیتنی من خۆشحاڵ بوون و رووی قسەکانیان لە باوکم بوو. باوکم بە دیتنی من زۆر شاد بوو، بەڵام عارەقەی شەرم دەوری نێو چاوانی دابوو. کە باوکم بەم جۆرە بینی زۆر ترسام، لە خۆم شەرمم کرد، ئەمزانی وا بە ئاسانی لێم خۆش نابێت. لای خۆم وتم، هەرچی بێت باوکمە و منی خۆش دەوێت، ئەگینا بە دوایی منا نەدەهات. لە نێو خەلکەکە چاوم بە کوڕیکی جوان چاک و خۆش دیمەن کە بۆ من نائاشنا بوو کەوت کە سەیری دەکردم، بەڵام سەیر کردنێکی نائاسایی، سەیر کردنێکی عاشقانە، ئەو سەیر کردنەی کە پەردە لەسەر حوجب و حەیا لادەدات. کەس تا ئەوکات بەم جۆرە سەیری نەکردبووم. ئەو چەند رۆژە ئەوەندە ترسا و حەبەسابووم نەمدەزانی کێ بە کێیە. هەوڵمدا بیر بکەمەوە تا بزانم ئەو کەسە کێیە، بەڵام سەیر کردنی ئەو ئەوەندە سەیر بوو کە مەجالی بیر کردنەوەی پێنەدام.

کە ئەوم بینی هەموو خەم و ترسەکانم پەڕی، هەستم بە خۆشەویستییەکی گەورە دەکرد. حەزم دەکرد منیش سەیری ئەو بکەم، بەڵام بۆمن ئەو بەڵایە گەورەیە روویی دابوو، چۆن دەمتوانی بە دڵی خۆم سەیری بکەم؛ شەرمیش لە جێی خۆی. لە بەد شانسی من ژنێکی لێ نەبوو لێی بپرسم بزانم ئەو کەسە کێیە، یان دوایی من چیتر قەوماوە، من بۆ لێرەم، لە ناو ئەشکەوت چ دەکەم؟ ئەو شوێنەی ئێمە لێی بووین بۆم تازە بوو، نەمدەزانی چەند لە ماڵەوە دوورە. بەرەو ماڵ رێکەوتین. جوان بە بیرمە، کاتێک هاتینەوە ماڵ ئێوارە بوو. خەڵکێی زۆر بەرەو پیرمان هاتن، بە تایبەتی دایکم پێش هەموو خەڵکەکە بە هەلاتن دەهات بۆ لامان. کە چاوم بە دایکم کەوت، بە هەڵاتن رۆیشتمە لای، منی لە باوەش گرت و هەردووکمان دەستمان کرد بە گریان.

حەزم دەکرد لە خەڵک دوور بکەوینەو خێرا لە دایکم بپرسم بزانم ئەو کوڕە لاوە کێیە، و دوایی چەند رۆژ منیان دۆزیوەتەوە؟ خەڵکێکی زۆر ئەو شەو هاتنە ماڵی ئێمە، یانی ئەوە یەکەمجار بوو ماڵی ئێمە ئاوا قەرەباڵغ بوو. دوایی چەند رۆژ خەڵک رۆیشتنە لای ئەشکەوت و ئەگەڕان بە دوایی دێو. هەرچەند دێو بێ سەر و شوێن بوو، بەڵام خەڵک ترسیان هەبوو. زۆر باش ئامۆژگارییان لە ماڵ و مناڵیان دەکرد. منیش کەم کەم توانیم بزانم ئەو کوڕە لاوە کێیە، هەروەها چەند جاریش بە دزی یەکترمان بینی.

لە هەمان کاتدا ئەویش لە دەرفەتێک گەڕابوو تاکو لە شوێنێک چاوی بە من بکەوێت و قسەم لەگەڵ بکات. بە خۆشییەوە ئەو کارە روویدا. خۆشەویستییەکی زۆر پاک و خاوێن کەوتە نێو دڵم کە هیچ شتێک غەیری ئەو لام گرینگ نەبوو. بەڵی شازادە ئەو کوڕی لاو و ئازا هەوای عیشق لەسەری ئەدات و بە بیستنی ئەو رووداوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری هەستی دەروونی و بڕیار ئەدا هەر جۆرێک بێت دێو لەبەین بەرێت، نەکا جارێکیتر بگەڕێتەوە بەڵایەک بەسەر من بێنێت.

ئەو وای بیر دەکردەوە کە دێو بۆتە بەرگری لە نێوان خۆشەویستی من و خۆی. بەداخەوە کەس ئاگادار ناکات و زۆرجاران بە تەنیایی لە شاخ و کێوان دەگەڕێت بە دوای دێو، تاکو رۆژێک لەگەڵ دێو بەرەنگار دەبێت و دێویش وەک شتێک خەبەری پیدرابێت کە ئێمە یەکترمان خۆش دەوێت، زور بە خراپی ئەو لاوی ئازاو و بە غیرەت بریندار دەکات و لە پاشان بە ناهومێدی ماڵئاوایی لە ژیان دەکات. بە هۆی ئەم کارە ساتە دڵتەزێنە، گشت خەڵک  بۆی تازیە داربوون. هەر بەم بۆنەیەش دێویان بە سزای خۆی گەیاند و ئارامی و ئاسوودەیی کەوتە نێو وڵات.

ئیتر دوایی ئەو هەواڵە دڵ تەزێنە، نەمتوانی کەسم خۆش بوێت. لەو رۆژەوە رەش پۆش بووم، هەروەها کەسم بە دڵ خۆش نەویست، وە هیچ کات شووم نەکرد. ئەو کارەم کرد، چونکە دڵم ویستی. ئیستا کە ئەم بەسەرهاتە دەگێرمەوە زۆربەی ئەو کەسانەی  سەردەمی من کۆچیان کردووە و نەماون، بە تایبەتی دایک و باوکی خۆشەویستم. هیوادارم تۆش ئەم چیرۆکە بۆ خەڵکی تر بگێڕیتەوە!

 

       Image result for ‫عشق‬‎

 

       

      

      

 

 

  

 

 

 

            

    

 

 

 

 

 

 

 

  

 

   

 

 

گەڕان بۆ بابەت