ما 5223 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە راستیدا ئەم مەودایە زیاتر مەودایەکی فکرییە تا فیزیکی و جەستەیی. بیر بۆ ئەوەی بگاتە بەرهەمی نوێ دەبێ لە دۆخی باو خۆی دوور رابگرێ بۆ ئەوەی بتوانێ لە گۆشەنیگای ترەوە بڕوانێتە دیاردەکان. لێرەوە دەبینین بەشێکی کێشمەکێشەکە دەبێتە کێشمەکێشی نێوان گۆڕانخواز و خودی ئەو کۆمەڵگایەی ئەو مشوری دەخوا. 

 

نامۆیی و چەند مانایەک

فەڕۆخ نێعمەتپوور

'نامۆیی' یان 'لەخۆنامۆبوون' دەستەواژەیەکە ئاشنا بۆ هەموو ئەوانەی خۆ بە دەقە سۆسیۆلۆژی، فەلسەفی و ئەدەبییەکانەوە سەرقاڵ دەکەن. بە گشتی نامۆیی یا لەخۆنامۆبوون چەمکێکی کۆمەڵایەتی و دەروونناسییە و، بە دیاردە یان رەوتێک دەگوترێ تێیدا لە نێوان تاک و دەورووبەری، یان لە نێوان تاک و خۆی مەودا دروست دەبێ و بەم شێوەیە نامۆیی سەرهەڵدەدات. ئەم چەمکە لە روانگەی مارکس دەورێکی سەرەکی لە پێناسەکردنی سیستمی کاپیتالیستی دا دەبینێ. لای ئەو، چینی کرێکار ئەگەرچی بەرهەمهێنەری سەرەکیی سەروەت و سامانە، بەڵام بە هۆی نەبوونی خاوەنداریەتی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەکەوێتە رەوتێکەوە تێیدا لە بەرهەمەکەی خۆی نامۆ دەبێ. دوواتر کاڵاپەرستی دەبێ بە شێوازێک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم نامۆییە.

دیارە نامۆیی و لەخۆنامۆبوون چەمکێکی یەکجار بەرفراوانە و دەکرێ تەعبیری گەلێک جۆراوجۆری لێبکرێ. بۆ وێنە هەم تەعبیری نگەتیڤی و هەم پوزەتیڤی. بە گشتی هەر جۆرە دوورکەوتنەوەیەک لەنێوان تاک و دەورووبەری، سەرەکیترین پێناسەی ئەم چەمکەیە. واتە فاسڵە یان دوورکەوتنەوە، هەوێنی پێناسەکەیە. ئەوجا دەکرێ ئەم خەسڵەتە وردبکرێتەوە و بدرێتە پاڵ دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە خودی خۆی لە رێگای دوورکەوتنەوەی لە بەرهەمی کارەکانی یاخود تواناکانی.

بیرمەندێک بە ناوی 'کاوفمان' کاتێک باس لە ئیفلاتون دەکا، دەڵێ کە هەر جۆرە سەرسوڕمانێکی فەلسەفی لە راستیدا جۆرێک لە نامۆیی لەگەڵ خۆی دێنێ. بەو مانایە کە ئەو سەرسوڕمانەی کاتی خوێندنەوەی دەقە فەلسەفییەکان لە مرۆڤدا چێ دەبن بە جۆرێک ئێمە لە واقعی دەورووبەرمان دووردەخنەوە و دەبنە هۆی نامۆییەک کە مەرجی چێبوونی رووانینی ترە بۆ سەر هەمان واقع. لێرەدا زیاتر لەگەڵ پێناسەی پۆزیتیڤی چەمکی نامۆیی رووبەرووین. دەقی فەلسەفەی دەتوانێ مرۆڤ لە واقعی دەورووبەری نامۆ بکات.

رەنگە یەکێک لە شێوازەکانی تری نامۆیی، نامۆیی گۆڕانخواز یان کەسی سیاسی بێت سەبارەت بە کۆمەڵگاکەی خۆی. کەسی سیاسی کاتێک دەگاتە ئەو ئاستەی ئەو شێوازەی کۆمەڵگا پێی بەڕێوەدەچێ شێوازێکی شیاو نیە و پێویستی بە گۆڕانە، لە راستیدا دەستبەجێ مەودایەک دەکەوێتە نێوان ئەو و دەورووبەری کە هەمان نامۆییە. واتە گەیشتن لە کۆمەڵگا و خواستی گۆڕان، دەستبەجێ جۆرێک لە مەودا دروست دەکا. ئەم مەودایە پێویستە بۆ بیرکردنەوە لە پرۆژەی گۆڕان و جێبەجێکردنی. نامۆیی دەبێتە هۆی تەریکبوونەوە و تەریکبوونەوەیش هۆکارێک بۆ بیرکردنەوە و داڕشتنی پلان.

بەڵام ئەم مەودایە بە مانای مەودایەکی هەمیشەیی نایەت. گۆڕانخواز، مەودایەک چێدەکا بۆ ئەوەی دوواتر بە شێوازی تر پڕی بکاتەوە. ئەم پڕکردنەوەیەیش ئەو کاتە مەیسر دەبێ خودی کۆمەڵگا پەلکێشی ئەو شوێنە بکرێ وا گۆڕانخواز مەبەستیەتی، نەک پەلکێش کردنەوەی گۆڕانخواز بۆ هەمان شوێنی لەوەپێش.

لە راستیدا ئەم مەودایە زیاتر مەودایەکی فکرییە تا فیزیکی و جەستەیی. بیر بۆ ئەوەی بگاتە بەرهەمی نوێ دەبێ لە دۆخی باو خۆی دوور رابگرێ بۆ ئەوەی بتوانێ لە گۆشەنیگای ترەوە بڕوانێتە دیاردەکان. لێرەوە دەبینین بەشێکی کێشمەکێشەکە دەبێتە کێشمەکێشی نێوان گۆڕانخواز و خودی ئەو کۆمەڵگایەی ئەو مشوری دەخوا.

کەواتە لەمەوداکان نەترسین. هەرچەند جاری وایە ترسناک دەنوێنن.

Related image

گەڕان بۆ بابەت