ما 3553 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

 سەلاح نیساری

 خاتێ، ئەو قەڵانە هەڵفڕێنە گوێزەکەیان خەڵاس کرد! ئای بابم ڕۆ وەختە تیغەرەی پشتم بشکێ. حەمەڕەش وێنجەکەی دووری و بەجێی هێشت، ناچار خۆم چووم کۆم کردەوە. ئەوەندەم باقە کێشاون لەوانەیە ڕێسی ملم بێتە دەرێ. گوێزەکان خەریکن دەوەرن! وەڵڵاهی ئەو ساڵ پیاوی بۆ ناگرم.

 

ئەوە ساردبۆوە

 

سەلاح نیساری

 

ئەرێ کابرا ئەوە چەند جارم ئەو نان و چێشتە گەرم کردەوە، دە ئەو ماشێن حیسابە، تەڕەماشە چییە، دەلایبە و وەرە نانەکەت بخۆ! تەختی خەوە سارد و سڕەوەی وەبیرهاتەوە.

- ژنەکە وەختی گوێزتەکاندنە، حیسێبی دەکەم بزانم ئەگەر پیاوی بۆ بگرم چەندەم خەرج دەبێ. خۆڕایی نییە نان و چایان دەوێ. خۆ هەر بە حەقەکەیان ڕازی نابن. دەرێ ناهێنێ ناچارم ئەو ساڵ خۆم بچم باغەکە بتەکێنم.

 

ژنە لە نێو پێخەفە ساردەکەدا خۆی گرمۆڵە کرد و خەوی لێکەوت.

 

- ئەو دەرمانانە بخۆ و بخەوە، دەرمانەکان خەوهێنن، بە خۆت نییە خەوت لێدەکەوێ، کەم هاوار بکە با ئەو نەخۆشانەش ئیسڕاحەت بکەن، عالەمت وەڕەز کردووە. ئەهااااا.

پەرەستار دەرمانەکانی پێدا و بەجێی هێشت. «تەیموور» مەلافەکەی وەسەر خۆی هەڵکێشا و پێلووی قورس بوون.

- پیاوەکە نەختێ ئیسڕاحەت بکە، کوڕە دەمری بەسە ئەو هەڵات هەڵاتەت بۆ کەنگێ دەوێ؟ وەڵڵا دەشیخۆن و دەشتکوتن! پاڵبدەوە و بۆخۆت وەحەسێ. ئەو هەموو سەروەتە بۆکێ وەسەر یەک دەنێی،... تەیموو گوێت لێمە؟

- ژنەکە جارێ دەچم دوو سەعاتێک تەکسییەکە دەگێڕم. برسیم نییە بابێمەوە. جارێ هەر ئێوارەیە، خەویشم نایات. چبکەم نازانم بێکار دانیشم. ئەو هەتیوە پووڵی ئەو ماشێنە گێچەی نەهێنا، ئەوە مانگێکە نیگەرانی کردووم. حاجی ڕەسووڵی چەنبەریش تۆنێک شەکر و قەندی بردووە، بەخودای تا ئەو پووڵەم دەداتێ دیقم پێدەکات. دەجارم تەلەفون بۆ کردووە، هەر دەڵێ ئەوە دەیهێنم. پیاو نازانی لەگەڵ خەڵکی ئەو زەمانەی چیبکات. خاتێ، ئەو قەڵانە هەڵفڕێنە گوێزەکەیان خەڵاس کرد! ئای بابم ڕۆ وەختە تیغەرەی پشتم بشکێ. حەمەڕەش وێنجەکەی دووری و بەجێی هێشت، ناچار خۆم چووم کۆم کردەوە. ئەوەندەم باقە کێشاون لەوانەیە ڕێسی ملم بێتە دەرێ. گوێزەکان خەریکن دەوەرن! وەڵڵاهی ئەو ساڵ پیاوی بۆ ناگرم، خۆ سەگباب کرێشت لێدەستێنن و دەبێ نان و چاشیان پێ بدەی، هێشتا بە جوانی کارەکەشت بۆ ناکەن. کچی خاتێ ئادەی ئەو قەلانە هەڵفڕێنە با ئەو گوێزە وەریوانە نەڕفێنن. ساڵ نییە ڕبەیەک گوێز نەخۆن، ئەی گوو بە کلکتان. باری نووستنەکەی گۆڕی:

- کابرا، مەچۆ سەر دارەکان، دار گوێز لووسن. تازە تۆ بۆسەر دار بۆ دەبی. دووکەسان بگرە و پووڵێکیان بدەیە با بۆت بتەکێنن. دەبا ئەو فەقیر و هەژارە نانێک لەدەستت بخۆن، کوڕە خۆ لەو هەموو ماڵەت کەم نابێتەوە.  

- ئاها، ئەو قشقەڕە سەگە، دەنکێ گوێزی ڕفاند ئەی گوو بەباڵت!

- تاکسی تاکسی. «کاکە کاکە دەچینە نەخۆش خانە، دەمان بەی؟» دەهەزار! - جابۆ؟ 

- شەوە شەو نرخی گرانترە!» ئای بابم ڕۆ پشتم شکا، زرمممم...

- پەرەستار، پەرەستار، بابە دەوەرن ئەو کابرایە لێرە لابەرن. کوڕە خۆ ئیسڕاحەتی لێ هەڵگرتووین. 

- دەرمانم پێدا ئەگەر خەوی لێبکەوێ.

- دەرمانی چی کامە دەرمان؛ پەرستار، ئەو کابرایە لە خەویشدا خەریکی باغداری و ئاڵ و وێرە! 

- پەرەستار، دەرمانی خەوی مەدەیە، دەرمانی بێدەنگی بکە بەگەروویدا، یان بیبە ژوورێکی دیکە.

- ئەو کابرایە قەت ناحەسێتەوە، لە منداڵیمەوە دەیناسم. ئەوە تا ئێستا هەر بەشوێن سەروەتەوە بووە و زۆریشی وەسەر یەک ناوە؛ ئێستاش کە لە سەر تەختی نەخۆشخانەیە دەبێ ئەوەی پەیدای کردووە لە خۆی خەرج بکات. 

- دوکتۆرگیان، دوکتۆر، بابم خۆماڵەکەم لەگەڵ بەش ناکەی، ئەو هەموو پارەیەم بۆ لێدەستێنی؟

- مامە کەیفی خۆتە، ئەگەر ئەو پووڵەت بۆ نادرێ، بچۆ لە ماڵی خۆت دانیشە تا....

- هەتا چی دوکتۆر، ئای بابە ڕۆ هاوار پشتم شکااااا...

- پەرەستار، پەرەستار، وەرە بزانە ئەو کابرایە بۆ لە پڕ بێدەنگ بوو؟!

- کاکە ڕزگارتان بوو! سارد بۆوە، ئەوە دەیبەینە ساردخانە.

 

Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت