ما 2288 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئیستایش بیردەکەمەوە بۆچی لەو کاتەوەی سواری زیلەکەیان کردم خاڵم لەبیر نەما! بۆچی تەنیا کاتێک بە سەر دیوارەکەدا هەڵگەڕام کتوپڕ بیری کەوتمەوە! تۆ بڵێی گەر لە بیرم بایە و بە چەمران م بگوتایە، ئەویشی ئازاد نەدەکرد؟ لەبەر ئەوەی من بچە مسلمان بووم و باوکم کرێکار، ناویشم ناوێک بوو کە ئیستاکە لەبیرم نەماوە!؟

 

ئەو ساڵەی 'چەمران'م بینی

(بیرەوەرییەک)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ساڵی ١٣٥٨ کاتێک هێشتا مێردمنداڵ بووم و تەمەن چواردە ساڵان، ئەو شەڕەی کە بە شەڕی سێ مانگە بەناوبانگە، لە کوردستانی ئێران دەستی پێکرد. دەوڵەتی تازە پێگەیشتوویی کۆماری ئیسلامی بەتەمای دەست بەسەراگرتنی کوردستان و کۆنتڕۆڵی هەموو خاکی ئێران بە ناوچە جۆراوجۆرەکانییەوە دەستی بە لەشکرکێشی کرد لە ناوەندەوە بەرەو پەراوێز. هێزێکی زەبەند جووڵا.

لە بیرم دێ مانگی رەزبەڕ واتە شەهریوەر بوو. لەوە پێش هەواڵی هاتنی 'ستونی ئەرتەش' بەتەواوی لەناو خەڵکی دا بڵاو ببووەوە. پێشمەرگەی حیزب و لایەنە جۆربەجۆرە سیاسییەکان پێیان وابوو هێڕشەکە لە خەتی نێوان بانە و سەقزەوە دەکرێ و بۆیە لە گەردەنەی خان خەریکی خۆئامادەکردن بوون. هەڵبەت هەر لەو کاتەدا دەنگۆی ئەوەیش هەبوو ستونەکە رەنگە لە ناوچەی دووئاوان واتە لە سەرشیوی سەقزیشەوە بێت، بۆیە لەوێیش ئامادەکاریان کردبوو، هەرچەند دەنگۆکە زیاتر بەلای گەردەنەی خاندا دەکشا.

بەشێکی بەرچاوی خەڵکی لە ترسی ستونی سەربازیی حکومەت بەرەو گوندەکان رایاندەکرد. سوار و پیادە خۆیان دەگەیاندە دێهاتەکانی دەورووبەری شار. هەموو کەس پێی وابوو شەڕێکی قورس هەڵدەگیرسێ کە تەنانەت شاریش دەگرێتەوە. بۆیە لە ترسان و بە مەبەستی پاراستنی خۆیان، بەتایبەت ژن و منداڵ، شاریان جێدەهێشت.

من کە باوکم رەئیسی ئیدارەی پۆست بوو و بەرپرسایەتی پاراستنی ئیدارەکەی هەبوو، پلانی چوونە دەرەوە لە شارمان نەبوو. ئێمە کە لە قاتی سەرەوەی ئەو خانووەی دەژیان وا قاتی یەکەمەکەی ئیدارەی پۆست بوو، خانوویەکی حکومی کە خانوویەکی کەشخەی نوێ بوو، لە شار ماینەوە. بەڵام ماڵی خاڵم و خزمانی تر وەدەرکەوتن. سواری تراکتۆر بوون و رۆیشتن. لەبیرمە لە گەڵ خاڵم، واتە 'خاڵە برایم' کە دوواتر بوو بە پێشمەرگەی موجاهدین و لە ساڵی ٦٥ کوژرا، پێکەوە بەرەو گوندی 'سپی کەمەرە' بەڕێ کەوتین. ماشین دەست نەدەکەوت. نیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین بوو. بەناچار بە پێ جادەمان کوتا! لە سی رێیانی سەرووی گومریکەوە کە بەرەو بۆیەن دەڕۆیشت، رێگامان بڕی. لە دوورەوە دەنگی گرمەی کۆپتەر دەهات. ئاسمان شین و هەوا یەکجار خۆش بوو. کەس بەدەرەوە نەبوو. سروشتی کۆتایی هاوین لە ناوچەی بانە تایبەتە، بەتایبەت ئەو ساڵانە. راستە جادەکەی بەرەو 'عوسمان ئاوا' مان دەبڕی کە بە تووش دوو پێشمەرگەوە بووین لە کێوی جنێرەوە دادەگەڕان. وتیان بۆ کوێ دەچن کە رێگا خەتەرە و کۆپتەری حکومەت بە ئاسمانەوە دەسووڕێتەوە و تەقە دەکا. گوێمان لێنەگرتن! پێشمەرگەکان بە دەشتی بەر بابۆس بەرەو جادەی سەقز پەڕینەوە. لەبیرمە یەکیان کەواوپانتۆڵی رەشی لەبەردابوو بە تفەنگی بڕنۆ بە شانیەوە.

من ئیستایش نازانم بۆ گۆێمان لەو پێشمەرگانە نەگرت. رەنگە لەبەر ئەوەی خەیاڵی هەموو شتێکمان هەبوو خەیاڵی هاتنی ستون لەو خەتەوە نەبێ، یاخود هۆکارەکەی حەزی چوونە دەر لە شار و رووکردن لە دێهات بوو کە ئەو ساڵانە حەزێکی تایبەت بوو، بەتایبەت خاڵم کە یەکجار حەزی لێبوو. یان رەنگە ئەوەیکە باقی خێزان لەوە پێش رۆیشتبوون و ئەمە ئێمەی دڵنیا دەکرد کە نا هیچ خەبەرێک نیە! غافڵ لەوەی کە ئەوانیش لە نزیک سێڕاکەی بۆیەن درابوونە بەر دەستڕێژی کۆپتەر و بەو دەشتە بە ژن و منداڵەوە بەرەو 'گردەکەروێشکان' رایانکردبوو. هەرچەند کەسیانن لێ نەپێکرابوو! وادیار بوو مەبەستی کاکی کۆپتەرچی تەنیا خاوێنکردنەوەی رێگاکە بوو بۆ ستونەکە و بەس.

درێژەمان بە رێگادا. لەپشت جنێرە لەولای چایخانەکەی 'کانی مەڵاحمە' ناسراو بە چایخانەکەی 'حەسەن زیرەک' بە تووش بنەماڵەیەکی خزمەوە بووین کە بریتی بوون لە دایک و کوڕێک. ئەمە ورەیەکی بەبەراکردین. ئەوان بە تەمای کەریم ئاوا بوون. هێشتا چەند سەد مەترێک نەڕۆیشتبوون کە زوو بە ناو دەشتەکەدا بەرەو کەریم ئاوا لایاندا. دەنگی گرمەی هەلیکۆپتەر لەدوورەوە هەر دەهات.

بەو راستەجادەدا کە بە پشت جنێرەدا بەرەو 'بۆیەن' دادەگەڕێ، لە شوێنێکدا کونێک بە ژێر جادەکەدا دەڕوا کە خەڵکی بەو جۆرە شوێنانەیان دەگوت پرد! لە سەر ئەو پردە بووین کە کتوپڕ کۆپتەرێک دەرکەوت. نزیک نزیک و بە تەواوی لەسەرسەرمان! دەنگی ئەوەندە زل بوو دڵ و جەستەی دەهەژاند. ئێمە لە ترسانا لە سەر جادەکە بازمان دا خوارەوە و خۆمان کرد بەناو ژێر پردەکەدا کە دەبا تێیدا نەوی نەوی هەنگاو هەڵبێنی. لەوێ هەناسە سوار دامەزراین. کۆپتەرەکە بە دەنگیا دیاربوو هێشتا لەو ناوەدایە و بە سەر سەری ئێمەدا سووڕی دەدایەوە.

ئەوەندەی پێنەچوو دەنگی نەما. دونیا کپ و بێدەنگ! ئەوسا گوێمان لێبوو سەیارە بەسەر سەرماندا بە سەر جادەکە تێدەپەڕین. نەیەک و نە دوو، پەیتا پەیتا دەهاتن و دەڕۆیشتن. ئەمە وزەیەکی پێداین. لە کونەکە چووینە دەرەوە و ئەوسا بینیمان ستونێکی درێژ لە سەیارە تێدەپەڕن، بە چەکدارەکانی ناویانەوە. ئێمە کە پێمان وابوو ئەوانە  هێزی دەوڵەت نین و خۆیین، دەستمان لێهەڵبڕین (بە نیشاندانی دوو پەنجەی سەرکەوتن) و ئەوانیش زۆر میهرەبانانە جوابیان داینەوە. ماشینەکان ئەو زیلە سەربازییە گەورانە بوون کە لە پشتی هەر کامیان ژمارەیەکی زۆر سەرباز بە چەکەکانیانەوە دانیشتبوون. ئەوەندەی پێنەچوو دەنگی کۆپتەرەکە هاتەوە. ئێمە دیسان لە ترسانا خۆمان بە ژێر پردەکەدا کردەوە! بڕواناکەم لە دوو دەقیقەی زیاتر خایاند کە کتوپڕ چەند کەسێک بە چەکەوە هاتنە بەر کونی پردەکە و بە فارسی هاواریان کرد کە بچینە دەرەوە. خاڵم بەپەلە گیرفانەکانی بەتاڵ کردەوە (لەو کاتەدا نەمزانی چی بوون، بەڵام چەند مانگ دوواتر کاتێک لە زیندان گەڕایەوە زانیم کە بڕێک کەرەسەی سازکردنی کۆکتۆل مۆلۆتۆف و شتی لەم بابەتەی لا بوونە).

من کە لە کونی پردەکە نزیکتر بووم، پێش کەوتم. خاڵیشم بە شوێنمدا هات. هەرکە گەیشتینە دەرەوە چەند چەکدارێک دەورەیان دایان. یەکیان کە پانتۆڵی کوردی لەبەردا بوو و شاڵی فەلەستینی بە دەوری گەردنیدا بەستبوو، یەک قۆناغە ژێ سێی مزری بە ناو پشتی خاڵمدا کوتی و وتی "پدر سگها بخوابید!" خاڵم دەمەونخون کەوت. راکشاین. هەر لەو کاتەدا رێک لەسەر سەری منەوە یەک دەستڕیژی چاکی بە ناو کونەکدا کرد و پاشان بەربووە گیانی خاڵم. لەبەر ئەوەی من منداڵ دەمنواند کاری بە من نەبوو، بەڵام وازی لە خاڵم نەدەهێنا. ئەوسا بە نیازی گولەبارانکردنی خاڵم تاوی دایە کە هەڵیستێنی و لەولاترەوە بیکوژێ. بەردەوامیش دەینەڕاند و جوێنی دەدا. ئێمە بێدەنگ و حەپەساو وەک چۆلەکەی تەڕ و خوساوی بەر باران و هەوای ساردی پاییز، تەنیا هەڵدەلەرزین. بەڕاستی ئەو پاسدارە نیازی وابوو خاڵ برایمم بکوژێ. ئەو چەند چەکدارەی تر کە بە دەورمانەوە بوون و قیافەیان لە سەربازی ئەرتەشی دەکرد، هیچیان نەدەگوت. کتوپڕ لە پشت سەرمانەوە لەسەر جادەکە گوێمان لە میل هێنانەوەی تفەنگێک بوو. سەرباز، یان دەرەجەدارێک لە بەرزایی سەر جادەکەوە لوولەی چەکەکەی کردە پاسدارەکە و گوتی "یە بار دیگە دست روش بلند کنی، می زنمت،... می کشمت!" پاسدارەکە کە عەبەسابوو، گوتی "این ضد انقلابە، برادر... باید کشتش!" بەڵام چەکداری سەر جادەکە زۆر بڕیادەرانە دیسان هاواری لێکردەوە کە گەر بیەوێ شتێکی نابەجێ بکا و تەنانەت یەک قۆناغە تفەنگی تر بە خاڵمدا بکێشێ، دەیکوژێ. پاسدارەکە بە بۆلە بۆڵ وازی لێ هێناین و کشایەوە. چەکدارەکانی تریش خاڵمیان بەرەو زیلێک برد و منیش رێک بۆ ناو ئەو زیلەی وا چەکدارەکەی وا خاڵمی نەجات دابوو، تیای دادەنیشت.

دانیشتم. لە سیماکانی دەورم رووانیم. کۆمەڵێک سەربازی یەکجار گەنج کە زۆرتر روخساریان لە تورکەمانی دەکرد. زۆر میهرەبانانە و بێدەنگ لێیان دەڕوانیم. بگرە هەندێکیشان بە بزەوە. کەمێک ئارام بوومەوە. یەکیان پرسی شهر کجاست؟ منیش گوتم پشت ئەم کێوە بچوکە (واتە جنێرە) شارە. ئیتر هیچیان نەگوت. منیش بێدەنگ دانیشتم.

شار دەرکەوت. لە راستە جادەکەی نێوان عوسمان ئاوا و سێڕاکە، کەمێک نزیکتر بە شار، زیلەکەی ئێمە راوەستا. دابەزین. سەربازەکان بە چەک و رەختە قورسەکانیانەوە دابەزین. بەو دەشتەدا بە سەدان و رەنگە هەزاران کەس بڵاوبوونەوە. دەشتەکەی تەنیشتمان واتە بەر بابۆس بوو بە شوێنی نیشتنەوە و فڕینەوەی کۆپتەرە بەسامەکان. یەکێک لە سەربازەکان بە سەربازێکی تری گوت "قربان با این بچە چکار کنیم؟" قوربانیش گوتی بیبەن بۆ لای فەرماندەکان. چووین. پەنجا مەترێک بەرەو سەر، کۆمەڵێک سەربازی خۆش تیپی باڵابەرز وەستابوون. تۆمەز ئەوانە فەرماندەکانیان بوون. لێیان نزیک کەوتینەوە. ئەوەی لەگەڵم بوو پێی گوتن کە منیان لە سەر رێگا گرتووە و ئیستا دەبێ چیم لێبکەن. فەرماندەکان کەمێک کشانەوە و لە ناویاندا یەکیان دەرکەوت کە ریشێکی ماش و برینجی زۆری هەبوو بە چاویلکەیەکی تایبەتەوە، کڵاوێکی ئەرتەشیش بە سەریەوە. منیان بەرەو لای ئەو پاڵ پێوە نا. پیاوە ریشنەکە پرسی پسر جان اسمت چیە؟ بەدرۆ ناوێکی ترم گوت (نازانم بۆ!) وتی پدرت چکارەست؟ وتم کرێکارە! وتی موسلمونی؟ بزیەکم هاتێ (بەو مانایە ئەوە چ پرسیارێکی قۆرە دەیکەی! نەک من بەڵکو جەدد و بەجەددیشم هەر موسوڵمان بوونە!) وتم ئەیچۆن جا چۆن موسوڵمان نیم! لەم کاتەدا لە سیماکانی دەورووبەرم رووانی. زۆربەیان بە بزەوە لێیان دەڕوانیم. پیاوە ریشنە چاویلکە لەچاوەکە میهرەبانانە ماچێکی کردم و وتی "برو بدو خونە!... آفرین پسر خوب!"

منیش رۆیشتم. بە ناو زیلەکاندا. بەرە بەرە ئێوارە نزیک دەبووەوە. سێبەر، دەشتەکەی گرتبووە خۆی. تەپ و تۆزی کۆپتەرەکان، دیمەنی تەنیشتی راستی لێڵ کردبوو. من کە پێم وابوو ئەو پیاوە ریشنە لەگەڵ فەرماندەکانی دەورووبەری، درۆم لەگەڵ دەکەن و ئیستا نا ئیستاکە لە دوواوە تەقەم لێدەکەن، بەردەوام لام دەکردەوە. بەڵام ئەوان بە تووندی سەرقاڵی نەقشەکەی بەردەمیان و گفتوگۆیەکی چڕ لە گەڵ یەکتر بوو. لە نزیک سێڕاکە سەربازێک بە کڵاشینکۆفەکەی دەستییەوە کە دوو خەشابی چەپ و راست بە چەسپ پێکەوە بەستبوو، لە ناو زیلەکەوە لێی پرسیم "بچە پس این ضد انقلابها کجا هستند؟" منیش کە تەنیا چەند سەعاتێک لەوە پێش ئەو دوو پێشمەرگەیەم بینیبوو وا بەرەو رەشەقەڵات پەڕیبوونەوە، پەنجەم بەرەو ئەوێ راداشت. سەربازەکە لایکردەوە و لە پشت خۆی رووانی. پاشان دیسان رووی کردەوە من و سەرێکی بادا. بۆڵە بۆڵێکی لێوە هات. ئیتر دڵنیا بووم کە ئەمەیان دەمکوژێ. بەڵام ئەو دەیان کەسەی لە خەڵکی شار کە زۆربەیان خەڵکی بەتەمەن بوون و وێنەی خومەینی یان بە دەستەوە گرتبوو و بەرەو پیشوازی ستوونەکە دەهاتن، سەرنجی راکێشام و کوشتنەکەی خۆمم زۆر خێرا لەبیر چووەوە.

لەسەر رێگا، کەمێک خوارتر، ماڵی خاڵێکی ترمی لێ بوو کە باوەگەورە و دایەو گەورەم لەوێ بوون. بە دیوارەکەدا سەرکەوتم و بینیم خەریکی دەستنوێژگرتن بۆ نوێژی ئێوارەن. نەنکم چاوی بە چاوە زیتەکانم کەوت کە لە پشت حەسارەکەوە لێم دەڕوانین. وەک هەمیشە بە بزەیەکی میهرەبانەوە لێی رووانیم. هاوارم کرد و وتم "خاڵە برایمیان گرت!" نەنکم لەسەر بەردە نوێژەکە کێشای بە سینگی خۆیدا و گوتی "ئەیەڕۆ!" من کە تازە تێدەگەیشتم چ کارەساتێکە، وتم "نا، شۆخیم کرد!" نەنکم دیسان پێکەنییەوە. بەپەلە دابەزیمە خوارەوە. ئەمجارەیان بەرەو ماڵ دامە غار!

کە گەیشتمەوە ماڵ، هەموو شتێکم بۆ باوکم گێڕایەوە. ئیتر نازانم ئەویش ئەو ئێوارەیە چۆن بە دایکمی گوت و چۆن ماڵی خەزووری ئاگادار کردەوە. ئەوەندەی پێنەچوو ئیدارەی پۆست پڕبوو لە ئەفسەر. ئەوان روویان دەکردە شوێنە حکومییەکان. باوکم لەگەڵیان کەوتە گفتوگۆ.

هەر لەو دەشتەی بەر بابۆسەوە، خاڵمیان بە هلیکۆپتەر ناردبوو بۆ زیندانی فڕۆکەخانەی سنە. لە گیرفانەکانی کاغەزی شێوازی دروستکردنی بۆمبیان دۆزیبووەوە. ئەویش لە بازجووییەکاندا گوتبووی کە هی سەردەمی شۆڕشی پەنجاو حەوتە کاتێک لە سەر دیوارەکان دەیاننووسی بۆ ئەوەی خەڵک بزانن چۆن چۆنی دەتوانن لەگەڵ هێزەکانی شا بەربەرەکانێ بکەن.

خاڵم سەرئەنجام دووای چەند مانگێک ئازاد کرا. هەرچەند لە دووای ئازادبوونی بە هۆی ئەوەی کەسێکی مەزهەبی بوو، بوو بە ئەندامی موجاهدین و ساڵی ١٣٦٥ لە جەولەیەکدا لە نێوان بانە و سەردەشت لەگەڵ هاوڕێیەکی کوژرا و تەرمەکەیمان لە پاش مانگێک لە گۆڕ لە سڵمان بەگی بانە هێنایە دەر و شۆردمان و کفن و دفنمان کردەوە. واتە حەوت ساڵ دووای ئەم رووداوە.

هەر ئەو شەوە تەلەفزیۆنی ئێران وتووێژێکیان لەگەڵ چەمران کرد و وینەکەیان خستە سەر شاشەکە. ئیتر زانیم ئەو پیاوەی ماچی کردم و وتی "برو بدو خونە پسر خوب!"، دکتۆر چەمران بووە. ئەو چەمرانەی وا چەند ساڵ دوواتر لە شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە سوسەنگرد کوژرا.

ئەوە یەکەم هێرشی هێزە سەربازییەکانی حکومەت بۆ سەر کوردستان بوو کە بە شەڕی سێ مانگە ناوبانگی دەرکرد. واتە لە پاش سێ مانگ حکومەت دیسان شارەکانی جێ هێشت، تا دیسان لە دەورێکی تری شەڕ لە بەهاری ٥٩ توانی داگیریان بکاتەوە.

ئیستایش بیردەکەمەوە بۆچی لەو کاتەوەی سواری زیلەکەیان کردم خاڵم لەبیر نەما! بۆچی تەنیا کاتێک بە سەر دیوارەکەدا هەڵگەڕام کتوپڕ بیری کەوتمەوە! تۆ بڵێی گەر لە بیرم بایە و بە چەمران م بگوتایە، ئەویشی ئازاد نەدەکرد؟ لەبەر ئەوەی من بچە مسلمان بووم و باوکم کرێکار، ناویشم ناوێک بوو کە ئیستاکە لەبیرم نەماوە!؟

یان خاڵمم لەبیر نەما رەنگە بەهۆی کەڕ و کاسیی گوێیەکانمەوە کە هێشتاکە کپی ئەو دەسترێژە بوو وا پاسدارەکە لە تەنیشتمدا کردبووی.

بەڵام من ئیستایش هەر شەرمەزاری خاڵم و شەرمەزاری گێژی یاخود ترسنۆکی خۆمم لەو رۆژەدا.

هەرچەند لە فیلم دا شەڕیشم زۆر بینیبوو!

Bilderesultat for krig  karikatur

گەڕان بۆ بابەت