ما 1055 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەلاح بەهرامی

مەیدانی دوازدە سوارە پێشتر ناوی مەیدانی سەرباز بوو لەبەر ئەوەی کە دوو پەیکەری سەربازی لێبوو کە ئاڵایەکیان هەڵگرتبوو، خەڵک خۆشیان لەو دوو پەیکەرە نەدەهات و گاڵتەیان پێدەکردن و ناویان نابوون ئەحە و مەحەی شارانی کە دواتر ئەو دوو پەیکەرەیان لابرد و لە درەنگانی شەودا لایان برد تاکوو خەڵک نەیبینن.

 

دوازدە سوارە

سەلاح بەهرامی

شەوێک لە کێبەرکێی هەڵبژاردنی باشترینەکانی پینگ پونگی مەریوان بۆ بەشداری لە کێبەرکێی  پارێزگا دەهاتینەوە. ئەو کاتە ماڵمان لە گەڕەکی نیروگای برق بوو، کێبەرکێ لە ژور چوارڕای ئەسڵی بوو. تا گەیشتن بە ماڵەوە بڕێک دوور بوو، جا ئێمەش ماندووی کێبەرکێ بووین.

بەڕێکەوتین تاکوو گەشتینە مەیدانی سەرباز یان دوازدە سوارەی ئێستا، لە چەقی مەیدانەکە بووین، کاتژمێر 2ی شەو بوو، نزیک بووین لە ماڵەوە ودڵخۆش بووین کە گەشتین و دەچینە ماڵەوە و زوو دەخەوین.

ئەو شەوە هەوا زۆر فێنک بوو، بەڵام ئێمە  جەستەمان زۆر گەرم بوو، مەیدان یان فلکەی دوازدە سوارە زۆر ڕووناک بوو، وەک ڕۆژ وابوو، کە گەشتینە ئەوێ هەنگاوەکانمان خاو بوویەوە، هیچ کەسی لێنەبوو .

لەپڕ ماشینێک بە خێرایی هاتە نێو مەیدانەکە، ماشینەکە لە لای پادگانەوە دەهات، لایتەکەی زۆر بوو، هاتنی ئەو ماشینە هەموو شتێکی تێکداین .

بە گشتی بیرەوەرییەکی خۆشم لە کەسانی سەربازی  نییە، پێموایە هەموویان شێتن و مرۆڤ نین، پێموایە چەک هەستی مرۆڤ بە گوللە دەرئەبڕێت و ئەمەش لە لای من شتێکی دژە مرۆییە.

لە کاتی ئاوارەیی لە ڕەزاو بووین کە بە شەو دەبوو بە دەرگیری، چەندین شەو بە دەنگی تەقە لە خەو ڕادەچڵەکام و ترسێکی زۆر دایدەگرتم، یان بە ڕۆژدا کەسانێکی نامۆ دەهاتن کە ڕقم لە هەموویان بوو، بەڵام ئەوانەی بە شەو دەهاتن نامۆ نەبوون و لە لام خۆشەویست بوون، لەو کاتە من تەمەنم پێنج ساڵان بوو.

با بگەڕێمەوە سەر مەیدانی دوازدە سوارە.

بە خێراییەکی زۆر ماشینەکە هات، ماشینێکی سەوزی هێزی ئینتزامی یان ئیفتزاحی بوو، ئێمە لە لای خوارەوەی مەیانەکە بووین کە بەرەو گەڕەکی نیروگای برق دەچوو، ماشینەکە هات و لەبەردەم ئێمەدا ڕایگرت.

منیش لەوکاتەدا بیرەوەری هێزی داگیڕکەر هەمووی هاتەوە بیرم کە ئەمانە بە چ شێوازێک لەگەڵ کورد هەڵسووکەوت دەکەن و چ دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ ئێمە هەیە.

یەکیان لە سەیارەکە دابەزی، چەند ئەستێرەیەکی لەسەر شان بوو، کڵاوێکی لەسەر بوو، قەڵەو بوو، جلەکانی زۆر شپرز بوون، بە خێرایی لە سەیارەکە دابەزی و بەرەو ئێمە هات.

لە قوتابخانە بووین، ڕۆژێک چەند کەسێکی سەربازی هاتن و دەستیان کرد بە قسەکردن بۆ ئێمە، ئێمەیش فڕمان بەسەر بۆنەی کۆماری ئیسلامییەوە نەبوو، کەسێکیان لەگەڵ بوو کە زۆر قەڵەو بوو، کە تەماشام دەکرد ڕقم لێی دەبوویەوە، ناوچاوانی ترشابوون و جاروبار کە ناوی خومەینییان دەهێنا بە دەنگی بەرز ئەیوت؛ ئەڵڵا هومە سەلی عەلا موحەمەد و ئالی موحەممەد!

ئەمەی ئەمشەو ئەو کەسەی وەبیر هێنامەوە، بە توندی و بە توڕەییەوە هات و بە دەنگێکی ناحەزەوە و بە زمانی فارسی وتی؛ لێرە چی ئەکەن، هاوکات جەستەیشی ئامادە بوو کە لێمان بدات.

مەیدانی دوازدە سوارە پێشتر ناوی مەیدانی سەرباز بوو لەبەر ئەوەی کە دوو پەیکەری سەربازی لێبوو کە ئاڵایەکیان هەڵگرتبوو، خەڵک خۆشیان لەو دوو پەیکەرە نەدەهات و گاڵتەیان پێدەکردن و ناویان نابوون ئەحە و مەحەی شارانی کە دواتر ئەو دوو پەیکەرەیان لابرد و لە درەنگانی شەودا لایان برد تاکوو خەڵک نەیبینن، بەڵام لەو درەنگە شەوەدا خەڵک هەموو هاتبوون و شایی خۆیان بۆ نەمانی هێماکانی داگیرکەر دەربڕی.

ئێمە لە ناوشار بووین، بوونی ئێمە وەک کەسی مەدەنی لە سەعاتی ٢ی شەودا ئاسایی بوو، بەڵام بوونی ئەوان لەو کاتەدا ئاسایی نەبوو، جگە لەوەش ئێمە لە ناوەراستی شار بووین و لەو کاتەدا شار باری نائاسایی نەبوو تاکوو ئێمە وەک تاوانبار چاومان لێبکرێت، وەک دەڵێن دز زرنگ بوو ساحێوماڵی گرت .

کەسەکە دابەزی و نەڕاندی بەسەرمانا و بە دەنگێکی ناحەز وتی چی دەکەن لێرە؟

ئەو پرسیارە دەبوو ئێمە لەوی بکەین، بەڵام ئەو چەکدار بوو، هیچی پێ نەدەکرا.

کەسانێکی نامۆ پرسیاری نامۆش دەکەن، مامۆستایەکمان بوو خەڵکی تاران بوو، مامۆستای بیرکاری بوو، چوار مانگ وانەی پێ وتین، بە بێ ئەوەی تاقیکردنەوە بکات، لە شەست کەس دوو کەس لە تاقیکردنەوەی کۆتایی دەرچووین، کەسیش لە مامۆستاکەی نەپرسییەوە کە بۆ  ئەنجامی وای بووە؟

تەنیا من و کوڕێکی دیکە دەرچووین.

ئەو  مامۆستا خەڵکی شوێنێکی دیکە بوو، هیچ بۆی گرینگ نەبوو ئێمە چیمان بەسەر دێت، ئێمەش  ئەو پەروەردەیە نەکرابووین کە مافمان چییە و ئەرکی مامۆستا چییە، مامۆستاش ئەمانەی دەزانی بۆیە وابوو. ئەوەشی دەزانی کە ناوەندی پەروەردە هیچ بەرگرییەک  لە مافی ئێمە ناکات.

وایە کە ماف نەبوو هەموو کەس بە خواستی خۆی ماف پێناسە دەکات، بە بۆچوونی ئەو گەماڵە ئێمە مافمان نەبوو ئەو شەوە لەوێ بین، ئەو مافی بوو بەسەر ئێمەدا و بە زەبری چەکەکەی بسەڕێنێت و ئێمە لە شاری خۆمان بێزار بکات و چیدی نەوێرین لە شاری خۆشمان پیاسەیەک بکەین.

لە بەرامبەر زانکۆ تاران خەریکی خوێندنەوەی ڕۆژنامە بووم، بەفرێکی نەرم دەباری، کاری زانکۆم تەواو کرد و هەروا لە ناو ڕۆژنامەکاندا کاتم بەسەر دەبرد، لەپڕ کچێکی چادر بەسەر هات و وتی بەڕای تۆ ڕەفسەنجانی کە خەڵک هاندەدات ئایا ئەنجامێکی دەبێت، ههههههه.

لە ژیانمدا بیرم لە ڕەفسەنجانی نەکردبوویەوە، هەر کە هاتم وەڵامی بدەمەوە ئەوەندەم نەزانی مایکی دەرهێنا و لەو لاوەش کوڕێک کامیرای ئامادە کرد، کەوتمە بۆسەی سدا و سیمای ئێران و کاناڵی یەک.

ئەم کچە نەیپرسی لە من ئایا تۆ ئەتەوێ قسە بکەی یان نە، بەڕاستی پێم وابوو هێرش کراوەتە سەرم، دیسان دێینەوە سەر ماف، ئەوان هیچ مافێکیان بۆ من دانەنابوو.

کەسەکە وتی ئادەی سەرکەون بزانم لەکوێ بوون، وتمان لە کێبەرکێ بووین، وتی کێبەرکێ لەکوێیە، وتمان لە ژوور چواڕای ئەسڵی، وتی سەرکەون دەچینە ئەوی، جا هەموو ئەمانەی بە توندی و بە هەڕەشەوە دەوت .

سواربووین بە زۆر و بەڕێکەوتین بەرەو چواڕڕای ئەسڵی، هەر گەشتینە لای شوێنی مەبەست، کەسەکە بە خێرایی خۆی کرد بە ناو کێبەرکێکەدا و دەستی کرد بە نەڕەنەڕ.

وتی ئادەی زووکەن چۆڵی بکەن وهەموو بۆ دەرەوە ، کێبەرکێی ئێمە بەرپرسی فەرمی خۆی هەبوو کە تەنانەت ڕێزی لەویش نەگرت و دەرگای شوێنەکەی داخست و هەموویان بە زۆر کرانە دەرەوە.

منیش کە لە تەمەنێکدا بووم کە هەستم بە زۆر شت نەکردبوو، پێم وابوو ئێستا دەڵێت وەرن با بتانبەمەوە بۆ مەیدانی سەرباز، کەسەکە سواری ماشینەکەی بوو ئێمەشی لە چواڕڕای ئەسڵی دانایەوە.

درێژەی هەیە

Bilderesultat for væpnede menneske kunst

گەڕان بۆ بابەت