ما 838 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە خائینانی دوێنێ دەکرێ ئەمڕۆکە بە گێلیەتیی شۆڕشگێڕان و ئەو گەلەی وا شوێنیان کەوتن پێ بکەنن و بە تەوسەوە لێیان بڕوانن. هەر بەو رادەیە شۆڕشگێڕانیش کاتێک سەیری ئاوێنە دەکەن، سیمای خائینانی دوێنێ لە خۆیاندا بدۆزنەوە.

 

شوێنێک لە نێوان موتڵەقگەرایی و رێژەگەرایی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تێرم و بیر و بۆچوون و روانگەکان باری مێژووییان هەیە. دەکرێ ئەوەی ئیستا راستە کاتی خۆی ناڕاست بووبێ و، ئەوەی ناراستە کاتی خۆی راست. رەنگە بگوترێ ئەمە بەرەو رێژەگەراییمان دەبا و لە رێژەگەراییش دا حەقیقەت ون، چونکە حەقیقەت هەمیشە یەکە و ناکرێ رواڵەت بگۆڕێ. ئیفلاتون دژی ئەم رێژەگەراییە بوو و سوفیستەکانیش لەگەڵی. بەڵام دەکرێ روانگەی تریش هەبێ، واتە روانگەیەکە کە لە نێوان ئەم دووانەدایە. واتە نە موتڵەقگەرایە و نە رێژەگەرا، بەڵکو هاوکات لەگەڵ ئەوەی موتڵەقییەتیک بۆ حەقیقەت قایلە بەڵام یەک خوێندنەوە بۆ ئەم موتڵەقییەتە نابینێ.

لە رۆمانی 'تاراس بولبا'، لە نووسینی 'نیکۆلای گوگول'، کوڕی تاراس بولبا کە ئاشقی کچی پاشای دوژمنیانە بە هۆی کچی پاشاەوە دەکەوێتە هاوکاری کردن لەگەڵ دوژمنانی گەلی خۆی. کاتێک کچەکە پێی دەڵێ تۆ بەم کارە پشت لە نیشتمانت دەکەی، کوڕەکە دەگەڕێتەوە و دەڵێ "نیشتمانی من تۆی!" دوواتر تاراس بولبا بە دەستی خۆی کوڕەکەی دەکوژێ لە کاتێکدا پێی دەڵێ من بە قەدەر پێدەشتەکانی ئەم نیشتمانە خۆشم دەویستی. واتە ئەشقی تاراس بولبا بۆ کوڕەکەی بەقەدەر ئەشقی نیشتمان بوو و نەک زیاتر. بەڵام لای کوڕەکەی مانای نیشتمان دەگۆڕدرێ و لە ئەشقەوە بۆ خاک دەبێ بە ئەشق بۆ کچێک کە تەنانات هی خاکەکەی ئەویش نیە.

ئەم نموونەیە دەتوانێ نموونەیەکی باش بێت بۆ قسەو باسەکەمان. گەر ئەمە تەتبیق بدەین لەسەر ئەو حاڵەتە سێهەمەی وا لە سەرەوە باسی لێکرا، دەتوانین بڵێین کە لێرەدا نیشتمان وەک حەقیقەتی موتڵەق حوزوری هەیە، بەڵام لێکدانەوەکەی جیاوازە. دەستەواژەی 'نیشتمان' وەک یەک حەقیقەتی موتڵەق و، تەعبیری جیاواز وەک دوو ئاستی جیاواز لەم وشەیە.

بەڵام کێشە ئەوەیە کە لەگەڵ ئەوەی حەقیقەتێکی موتڵەقی تیایە، بەڵام لێکدانەوەی جۆراوجۆر لێی، دەبێتە هۆی گرژی و سیاسەتی حەزف و سڕینەوە. چ کەسێکیش لە راستیدا حەقیەتی، ئەوا هەم بەگوێرەی ئەوەی کامیان بە نیشتمان بزانین و یاخود زۆرینە بە لای کێدا دەڕوا، فەرق دەکا.

بەڵام لە سەردەمی ئێمەدا نموونەکان یەکجار بەرفراوانترن لە نموونەکەی گۆگۆل. لە سەردەمێکدا شۆڕشگێڕ لەدووای بەدەسەڵات گەیشتن بە قەدەر نەیارەکەی جارانی خیانەت بە نیشتمان دەکا، دەکرێ گومان بکرێتە سەر ئەو شۆڕشەی کاتی خۆی بەرپاکرا. لەسەردەمێکی وەهادا ئەوەی دژی هەڵگیرساندنی شۆڕش بوو دەگاتە ئەو حەقیقەتەی راستی دەکرد و، بۆیە وا هەست دەکا کە تەعبیری ئەو لە نیشتمان تەعبیرێکی راستەقینەتر بوو لە تەعبیری شۆرشگێڕەکان.

ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان خائین و نیشتمانپەروەردا نیە. بە گوێرەی قۆناغ دەکرێ ئەمانە شوێن بگۆڕن و جێگای یەکتر پڕبکەنەوە. لە بیرمان نەچێ ئەو دروشمانەی وا لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦ هەتاویدا هاواری رەزا پەهلەویان کرد. سیستمێک کە لە پێش ساڵی ٥٧ ی هەتاوی دژە شۆرش بوو و ئیستا لە پاش ٣٩ ساڵ شوێنی گۆڕی بۆ شۆڕشگێڕی. هەمووشیان بە دیعایەی خاوەنداریەتی بۆ یەک حەقیقەتی موتڵەق 'نیشتمان'.

ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە خائینانی دوێنێ دەکرێ ئەمڕۆکە بە گێلیەتیی شۆڕشگێڕان و ئەو گەلەی وا شوێنیان کەوتن پێ بکەنن و بە تەوسەوە لێیان بڕوانن. هەر بەو رادەیە شۆڕشگێڕانیش کاتێک سەیری ئاوێنە دەکەن، سیمای خائینانی دوێنێ لە خۆیاندا بدۆزنەوە.

Bilderesultat for forræder kunst

گەڕان بۆ بابەت