ما 1708 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

و: نەژاد عزیز سورمێ

دەزانم زۆر سەرقاڵن

لە ڕاستیدا لەم ڕۆژانەدا گشتمان سەرقاڵین
هەرچەندە من لەوەتەى هەم بێکارم
سەرەڕاى ئەوەش
تکات لێ دەکەم گوێم لێ بگرى
بیرێک لەو بۆچوونانەم بکەنەوە

 

بەیانى باش خودایە!

فازڵ عەززاوى

و: نەژاد عزیز سورمێ

 

بەیانى باش خودایە!

بێگومان جەنابت باش دەمناسى

لەگەڵ ئەوەى پێشتر یەکدیمان نەدیوە...

جەنابت هەمووان بە ناو

یەک یەک دەناسى

باش و خراپ...

بە ڕاستى

دەمویست سەردانت بکەم

تا دڵسۆزى و گوێڕایەڵى خۆمتان عەرز بکەم.

بەڵام من ناونیشانتان لە ئاسمان نازانم

لە ونگەى ئەستێرە و کەشکەشان ..

کەشتیوانى بۆشایش نیم

تەنانەت کەشتییەکیشم نییە

بمگەێنێتە حزورى جەنابت .

 

دەزانم زۆر سەرقاڵن

لە ڕاستیدا لەم ڕۆژانەدا گشتمان سەرقاڵین

هەرچەندە من لەوەتەى هەم بێکارم

سەرەڕاى ئەوەش

تکات لێ دەکەم گوێم لێ بگرى

بیرێک لەو بۆچوونانەم بکەنەوە

کە دەمەوێ

لەبارەى هەموو شتێک بیانڵێم:

مادەم دروستتان کردم و

بە تەنیا فڕێتان دامە سەر

ئەو ئەستێرە لەعنەتییە...

 

هەمیشە

زۆرم لەبارەى جەنابتانەوە بیستووە

تەنانەت پێش ئەوەى لە دایک بم

هەموویان

بە ترسەوە باست دەکەن.

بەڵام بە نیەتى خراپ...

لەو باوەڕەدام

مەراییت دەکەن گەورەم

لە ترسى ئەوەى

نەبادا بە بارهەڵگرى داخراو

بیانێریە دۆزەخ .

یان بۆ حەزى ئەوەى

باڵەخانەیەکى ڕاخراویان

لە بەهەشت پێ بدەى...

گومانى تێدا نییە

جەنابت ئەوە لەمن باشتر دەزانى

بەڵام هەموو ئەوانە

بۆ من

بە چ دەردێک دەخوا؟

مادەم دەمەوێ وەک برادەر

لەگەڵ جەنابتان بدوێم

کە قازانج و زیانى بەلاوە گرینگ نییە

مادەم دەمەوێ، وەک دەڵێن

لە دڵەوە بۆ دڵ لەگەڵتان بئاخڤێم...

 

بیرم لەوە کردەوە

تەلەفۆنێکتان بۆ بکەم

بەڵام ناوى جەنابتانم

لە دەفتەرى تەلەفۆنان نەدۆزییەوە.

بۆیە

زۆر خۆشحاڵ دەبم

لوتف بکەن

جەنابتان پەیوەندیم پێوە بکەن

پشتم بگرن .

ئەگەر بە شۆخییەوەیش لێم دەپرسن:

فازڵ

لەم دونیا دوابڕاوەدا چۆنى؟

جەنابت ژمارەى تەلەفۆنى من دەزانى

هەر وەختێ بۆتان لوا

پەیوەندیم پێوە بکەن

شەو... ڕۆژ

من گشت کاتم لە ماڵەوە بەسەر دەبەم

دەخوێنمەوە یا سەیرى تەلەفزیۆن دەکەم...

هەندێ جاریش وەنەوزێک دەمباتەوە...

بیر لە چارەنووسى دونیا دەکەمەوە...

ئەمر بکەن

با ڕۆژێک پێک بگەین.

جەنابیشتان پێویستیتان بە حەسانەوەیە

زۆرم پێیە عەرزى بکەم... زۆر

پێشتر بە کەسم نەگوتووە... زۆر

کە ناکرێ لە جەنابت بەدەر

بە کەسى بڵێم.

ئەگەر پێشتان خۆش بێ

دوا قەسیدەى خۆمتان بۆ دەخوێنمەوە

تا جەنابتان بە ڕاشکاوى

ڕاى لەبارەوە بدەن

یان ڕەنگە باسى

ئادەمزایەتیش بکەین

تەنانەت چارەنووسى گەردوون

لەگەڵ خواردنەوەى فینجانێک قاوە

بیرۆکە و نەخشەى زۆرم پێیە

لەو باوەڕەدام پێت باش بن.

پێم باشترە

لە ماڵەوە پێک بگەین.

بە هەر حاڵ جەنابت

ناونیشانم دەزانى

ناوم لەسەر دەرگا نووسراوە

ئەوەندە بەسە

یەک جار لە زەنگ بدەن کە گوێتان لێم دەبێ

لە هۆڵەکەوە هاوار دەکەم

دەرگا کراوەیە

فەرموو خودایە

تەشریف بێننە ژوورەوە

زۆرم چاوەڕوان کردى.

 Image result for gud

ئاماژە:

لە ( فاچل العزاوی - الاعمال الشعریە – بەشى دووەم – بڵاوکردنەوەى دار الجمل 2007 ) کراوە بە کوردى .

 

گەڕان بۆ بابەت