ما 6000 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

گەر ئەم رایەی هیگڵ بکەینە بنەما، ئەوا لەو کۆمەڵگایانەدا جۆری پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان 'سۆبیەکت ـ ئۆبیەکت'ە ئەوا چەمکی ئازادی لە هەموو پانتایی کۆمەڵگاکەدا بزرە و لە راستیدا لەگەڵ کۆمەڵگایەک رووبەرووین پڕ لە لۆژیکێک بە ناوی 'وەک شت لەیەکتر رووانین'. 

 

ئازادی، پرۆژەیەکی میژوویی ـ کۆمەڵایەتی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هیگڵ، بە پێچەوانەی بیرمەندە لیبرالەکانی وەک رۆسۆ، هۆبز و لاک ئازادی لە بەستێنێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییدا دەبینێ. واتە ئەو پێی وانیە مرۆڤ ئازاد لە دایک بووە، یاخود کاتێک لە ناو سروشت دا ژیاوە، خاوەن ئازادی بووە. ئەو ئازادی وەک دیاردەیەک دەبینێ کاتێک دەبێتە پرۆژەی مرۆڤ کە مرۆڤ پێ دەنێتە ناو ژیانی کۆمەڵایەتییەوە و لە ناو دامەزراوەکاندا (موسسە) دەژی، واتە لە کۆمەڵگای سیاسی دا. لە راستیدا هیگڵ ئایدیای تاکایەتی مرۆڤ لە پێش پێکهاتنی کۆمەڵگای سیاسی (کۆمەڵگای سیاسی وەک چەمکێک لە بەرانبەر کۆمەڵگای سروشتی)، رەت دەکاتەوە و پێی وایە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی هەمیشە لە ناو کۆمەلگادا و لە ناو دامەزراوەکاندا ژیاوە. بۆیە ئازادیش هەمیشە وەک پرۆژەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی لە گۆڕێدایە، نەک وەک پرۆژەیەکی تاکگەرایی.

لێرەوە ئەو دەگاتە لۆژیکێکی گرینگ. گەر ئازادی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بێت و لە بەستێنی ژیانی مرۆڤ لە ناو کۆمەڵگادا سەرهەڵدەدا، ئەوا ئازادیی هەر تاکێک پێویستی بە ناسینی ئازادیی ئەوی دیکەکە. واتە کەس ناتوانێ ئازاد بێت ئەگەر بکەوێتە ناو پەیوەندی 'ئاغا ـ کۆیلەیی' لەگەڵ ئەوی تردا. لەم مانایەدا چەمکی ئازادی دەبێ لە لایەن ئەوی دییەوە دانی پیابنرێ، نەک تەنیا لە لایەن کەسەکە خۆیەوە سەبارەت بە خۆی. لێرەوە هیگڵ دەگاتە جۆرێ پەیوەندی کە پێی دەگوترێ 'سۆبیەکت ـ سۆبیەکت'، کە لە بەرامبەر پەیوەند یان لۆژیکی 'سۆبیەکت ـ ئۆبیەکت' دایە. لە پەیوەندی یەکەم دا تاکەکان لە یەکتر وەک سۆبیەکت واتە 'بکەر' دەڕوانن، نەک شت. ئەمە بە پێچەوانەی پەیوەند یان لۆژیکی جۆری دووهەمە کە کەسی یەکەم لەوەی دووهەم وەک شت دەڕوانێ (هەروەها بە پێچەوانەوە). لای هیگڵ گەر پەیوەندیی جۆری دووهەم زاڵ بێت ئەوا چەمکی ئازادی ون دەبێ، چونکە ئازادی وەک چەمکێکی مێژوویی ـ کۆمەڵایەتی پێویستی بە دانپیانانی دوو لایەنە هەیە.

گەر پەیوەند 'ئاغا ـ کۆیلەیی' بوو، ئەوا ئاغا لە کۆیلە وەک ئۆبیەکت یاخود شت دەڕوانێ و رەنگە ئەگەرچی خۆی وەک کەسێکی ئازاد بێتە بەرچاو، بەڵام چونکە کۆیلە ئەو ئازادییەی ئەو بە رەسمی ناناسێ، ئەوا لە راستیدا ئازادییەک لە ئارادانیە و هەرچی هەیە بریتییە لە پێوەندیی نێوان ئاغا و کۆیلە، نەک دوو کەسی ئازاد. لای هیگڵ، ئازادی چەمکێکی کۆمەڵایتییە کە کاتێک دێتە ئاراوە، مرۆڤەکان ئەم ئازادییە بۆ یەکتر دان پیابنێن.

گەر ئەم رایەی هیگڵ بکەینە بنەما، ئەوا لەو کۆمەڵگایانەدا جۆری پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان 'سۆبیەکت ـ ئۆبیەکت'ە ئەوا چەمکی ئازادی لە هەموو پانتایی کۆمەڵگاکەدا بزرە و لە راستیدا لەگەڵ کۆمەڵگایەک رووبەرووین پڕ لە لۆژیکێک بە ناوی 'وەک شت لەیەکتر رووانین'. کە مرۆڤەکانیش لەبەر چاوی یەکتردا بوون بە شت، ئەوا ئیزنی ئەوە بە خۆیان دەدەن کە لەبەرانبەر یەکتردا هەموو کارێکی ناشایست بکەن و وەک مرۆڤ لەگەل یەکتر هەڵسوکەوت نەکەن. کە مرۆڤ وەک شت سەیرکرا، ئەوا لە هەست و لە بیر دادەماڵڕێ و بۆیە هەموو شتێک لە بەرانبەریدا شیاو دەبێ. رەنگە سەرچاوەی هەموو بێڕەحمی و زوڵم و شەڕەکانیش لێرەوە بێت.

بەم پێیە ئەوەی ئاغاکە بەرامبەر بە کۆیلەکە دەیکا، هەر هەمان شتیش بەرانبەر بە خۆی دەکا، چونکە ئۆبیەکت (شت) ناتوانێ کاردانەوەیەکی سۆبیەکتی هەبێ بەرانبەر بە ئاغاکەی و بۆیە ئەویش لە ئەو وەک ئۆبیەکت (شت) دەڕوانێ.

کەواتە ئازادی پرۆژەیەکە لە نێوان مرۆڤەکاندا و خۆی لە پەیوەندییەکاندا دەبینێتەوە و، کاتێک دەستەبەر دەبێت کە مرۆڤەکان بۆ یەکتر سۆبیەکت بن نەک شت.

لەو کۆمەڵگایانەدا کە هەمیشە شتێک هەیە لە بان مرۆڤەوە و لە خودی مرۆڤ پیرۆزترە، ئەوا دۆخەکە سەبارەت بە ئازادی ئەوەندەی تر ئاڵۆزتر دەبێت. کاتێک بوونەوەرێکی بان ـ مرۆڤ، یاخود ئایدیۆلۆژیایەک زاڵ دەبێت کە بوونی مرۆڤەکان لە پێناوی خۆیدا پێناسە دەکا، ئەوا بە جۆری پەیوەندیی 'سۆبیەکت ـ ئۆبیەکت' جۆرێکی تر لە پەیوەندی ئیزافە دەبێ کە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکا. چونکە ئەو کەسەی کە خۆی لەم پەیوەندییەدا وەک ئاغا و سەرۆک و خاوەن دەسەڵات و خاوەن پیرۆزیی دەبینێ، ئەم گەورەییەی خۆی لەو ئایدیۆلۆژیا و دیاردە بان ـ مرۆییەوە وەردەگرێ کە هەڵکەندنی دژوارترە لە هەڵکەندنی دەسەڵاتی خودی کەسەکە. جا بێ هۆ نیە کە ئەوانەی دەیانەوێ لە مرۆڤەکانی تر وەک شت بڕوانن، هەمیشە هەوڵدەدەن پشت ئەستوور بن بە هەندێ دیاردەوە کە وای دەنوێنن لە دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤە.

 Image result for friheten kunst

گەڕان بۆ بابەت