ما 3502 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

 فەڕۆخ نێعمەتپوور

تێگەیشتن گەڕانەوەی دووبارەیە لە شتەکەیشەوە بۆ خۆمان. یان رەنگە بتوانین بڵێین سەفەرێکی دایمی منە لە نێوان خۆم و شتەکەدا. سەفاو مەڕوایەکی بێکۆتایی، تەنیا بە مەبەستی دۆزینەوەی ئاسۆ نوێیەکان و سەرزەمینە نەناسراوەکانی ناسین و هەست. ئەوەیکە هەر 'شت' ێک دەتوانێ بیانوویەک بێت بۆ شتەکانی تر.

 

یەک رستە مەودا

"بۆ ئەوەی ببیە نووسەر، دەبێ بروانی، ورد سەرنج بدەی، تێبگەی و ئەوسا بە وشە دەریبڕی." ئەمە رستەیەکە لە زمانی کارێکتری سەرەکیی رۆمانی 'ژنە قژ سوورەکە' لە نووسینی ئورهان پامووک. کەواتە تا نووسەر بوون تەنیا یەک رستە مەودایە!

رستەکە، وەک دەبینین چوار قۆناغی لەخۆگرتووە. لەگەڵ ئەوەی هەموو قۆناغەکان گرینگن، بەڵام رەنگە گرینگترینیان بەشی سێهەم بێ، واتە 'تێگەیشتن'.

مرۆڤ کە دەڕوانێ هەموو شت و دیاردە و بوونەوەرەکانی دەورووبەری خۆی دەبینێ. بگرە دەتوانێ سەرنجیشیان بدات، بەڵام رەنگە نەتوانێ بە ئاسانی لێیان تێبگا. بۆ ئەوەی لێیان تێبگا، دەبێ لە رواڵەتیان تێپەڕێ و بگاتە ناخیان. ئەم تێگەیشتنە تەنیا بوونەوەرە زیندووەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو بوونەوەرە بێ گیانەکانیش دەگرێتەوە. کەواتە بگرە بەردیش دەروونێکی هەیە کە نووسەر دەبێ بچێتە ناویەوە و لەوێوە تێی بگا. بەرد، بەم شێوەیە دەبێ بە بوونەوەرێک کە دەتوانێ یارمەتیی مرۆڤ بدا بۆ گەیشتنی زیاتر لە دیاردەیەک بە ناوی 'بوون'.

کاتێک دەڕوانین و سەرنج دەدەین، زیاتر لە چاوەکانمان کەڵک وەردەگرین، بەڵام گەر دەمانەوێ تێبگەین، ئەوا هەستەکانی تریش بانگهێشت دەکەین و لە گەڵیا خەیاڵ و بیرکردنەوەیش. هەربۆیە کاتێک دەگەینە قۆناغی سێهەم، کارەکە زۆر دژوارتر دەبێتەوە. هەڵبەت دەکرێ بە بێ تێگەیشتن ئەوەی دەیبینین بینووسینەوە، بەڵام ئەمە خۆ خەڵەتاندنە. چونکە لە راستیدا بەم شێوەیە دەق لە دایک نابێ و ئەوەی هەیە تەنیا نووسینەوەی ئەوانەیە وا هەموو کەس دەتوانێ بیانبینێ. بۆیە لەمە زیاتر، تێگەیشتن پێویستە. کە تێگەیشتنیش دێت، ئەوا روانینەکەیش تایبەت دەبێتەوە و تەنیا دەبێتە هی ئەو کەسەی کە تێیگەیشتووە.

ئەو پرسیارە دێتە گۆرێ کە داخۆ تێگەیشتن چییە؟ دۆزینەوەی وەڵام دژوارە. رەنگە بتوانین بڵێین کە تێگەیشتن بریتیە لە جێگۆڕکێ لە شوێن دا. واتە نووسەر دەبێ شوێنی خۆی جێ بێڵێ و بتوانێ بچێتە شوێنی ئەو شتەی وا دەیبینێ و دەیەوێ لە سەری بنووسێ. جێگۆڕکێ لە شوێن دا تەنیا بەو مانایە نیە ئێمە لە شوێنی خۆمان ببزوین و بچینە تەنیشتی شتەکە. نا، بەو مانایە کە بتوانین رێک شوێنی شتەکە یاخود دیاردەکە بگرینەوە! ئەمەیش تەنیا کاتێ دەکرێ کە خەیاڵ و بیر وەها بە قوڵایی شتەکەدا رۆبچێ کە جەستەی خۆمان فەرامۆش بکەین و دەرفەتی ئەوە بڕەخسێ بچینە ناو ئەوی ترەوە. ئیتر لێرەدا قۆناغی چوارم کە رێکخستنی وشەکانە، لەدایک دەبێ.

کەواتە تێگەیشتن لە بواری نووسینی دەقی ئەدەبی دا بریتییە لە جۆرێک لە بزربوونی سنوورەکان. هەستکردن بەوەی کە دونیا لە قووڵترین و بەرینترین مانای خۆیدا یەکە، یاخود خاوەنی وەها پیوەندیگەلێکە کە کاتێک وەک یەکەیەک سەیردەکرێ، دەتوانێ بە شتەکان مانای قووڵ ببەخشێ. بۆ وێنە ئەو بەردە رەق و تەقەی ئێمە سەیری دەکەین، کتوپڕ بیری زەمەنمان دەخاتەوە و بۆیە هەستی جۆراوجۆر و بگرە هەندێ جار دژبەیەکیش لە زەین و بیرماندا زیندوو دەکاتەوە.

بەڵام تێگەیشتن تەنیا ئەمە نیە. تێگەیشتن گەڕانەوەی دووبارەیە لە شتەکەیشەوە بۆ خۆمان. یان رەنگە بتوانین بڵێین سەفەرێکی دایمی منە لە نێوان خۆم و شتەکەدا. سەفاو مەڕوایەکی بێکۆتایی، تەنیا بە مەبەستی دۆزینەوەی ئاسۆ نوێیەکان و سەرزەمینە نەناسراوەکانی ناسین و هەست. ئەوەیکە هەر 'شت' ێک دەتوانێ بیانوویەک بێت بۆ شتەکانی تر.

رستەی کاراکتێری رۆمانەکەی پاموک بە هۆی کورتبوونەکەیەوە، خەڵەتێنەرە. رەنگە هەموو کەس بڵێ کەواتە نووسەربوون زۆر دژوار نیە. مەوداکە تەنیا رستەیەکە! بەڵام وشیار بە! کاتێک دەگەیە قۆناغی سێهەم، دەبێ بە قەدەر قووڵایی بیر و بارستایی زۆربەی کتێبەکان راوەستی! دەبێ خەیاڵ و رۆحت بگوشی! ئەوەندە کە تنۆک تنۆک بچۆڕێ.

پاموک لێرەدا هەڵبەت ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە خاڵێکی گرینگی تریش دەدا. ئەویش ئەوەیکە تێگەیشتن سەرەکیترین ئەرک و مەبەستی ئەدەبە. تێگەیشتن لە مرۆڤ و لە دونیا. هەم وەک گشتێک و هەم وەک تاک. کە ئەدەبییات لە رێگایی تێگەیشتن لە 'تاک' ەوە هەوڵدەدا گشتیشمان بۆ وێنا بکا.

کە تێگەیشتنیش هاتە ئاراوە، ئەوا مرۆڤەکان ئینسانی تر دەبن.

 

 Image result for forstÃ¥else

گەڕان بۆ بابەت