ما 7013 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئەوەی پێناسەی ئاگایی (وشیاری) دەکا ئامانجداریەتییە (واتە زەین، یان ئاگایی هەمیشە ئاراستەکراوە بەرەو شتێک). کە مەبەست لەمە، ئەو شتانە نیە 'وشیاری' لە ژیانی رۆژانەدا پێیەوە سەرقاڵە، بەڵکو لە مانایەکی ئەبستراکتدا مەبەست ئەوەیە وشیاری (یان ئاگایی) هەمیشە ئاراستەی شتێک کراوە واوەتر لە خۆی (یان لەدەرەوەی خۆی)، کە پێی دەگوترێ 'شتی ئامانجدارێتی وشیاری'. 

 

 

فێنۆمێنۆلۆژیای 'ئێدمۆند هوسرێل' ٢

(درێژەی باسی فەلسەفەی دڵەڕاوکێ)

نووسینی: هانس هەرلوف گرێلاند

 

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

بە دوو شێواز دەتوانین لە دڵەڕاوکێ وەک دیاردەیەکی دەروونی بکۆڵینەوە: یەکەمیان سەرنج بدەینە کارتێکەرییەکانی دڵەڕاوکێ لەسەر جەستە، دووهەمیان سەرنج بدەینە وەسفی خاوەن دڵەراوکێ لە ئەزموونە دەروونییەکانی خۆی. دڵەڕاوکێ وەک دیاردەیەکی دەروونی خۆی لە جیهانی ئەزموونە سۆبیەکتییەکاندا دەبینێتەوە.

کاتێک وەسفی دیاردە دەروونییەکان لەو روانگەیەوە دەکەین کە چلۆن کەسێک ئەزموونیان دەکا، لە مانایەکی کەمێک بەربڵاو و نادەقیق دا لە راستیدا باس لە خوێندنەوەیەکی فێنۆمێنۆلۆژیانە دەکەین. وشەی فێنۆمێنۆلۆژیا لە فەلسەفەی کۆنیش دا هاتووە، بۆ وێنە لای هیگل، بەڵام وەک میتۆدێکی زانستی لە لایەن 'ئێدمۆند هوسرێل' ەوە (١٨٥٩ ـ ١٩٣٨) دامەزراوە. لای ئەو، ئەوەی پێناسەی ئاگایی (وشیاری) دەکا ئامانجداریەتییە (واتە زەین، یان ئاگایی هەمیشە ئاراستەکراوە بەرەو شتێک). کە مەبەست لەمە، ئەو شتانە نیە 'وشیاری' لە ژیانی رۆژانەدا پێیەوە سەرقاڵە، بەڵکو لە مانایەکی ئەبستراکتدا مەبەست ئەوەیە وشیاری (یان ئاگایی) هەمیشە ئاراستەی شتێک کراوە واوەتر لە خۆی (یان لەدەرەوەی خۆی)، کە پێی دەگوترێ 'شتی ئامانجدارێتی وشیاری'. بە واتایەکی تر، ناوەڕۆکی وشیاری لە ناو خودی وشیاریدا نیە، بەڵکو لەدەرەوە، واتە لە جیهاندایە کە خۆی پیشانی وشیاری دەدا. وشیاری هەم هەست دەگرێتەوە و هەم وێنا، هم ئەزموون و هەم خەیاڵ. لە رێگای هەستەوە، وشیاری لە جیهانی فیزیکی دەگا، بەڵام کاتێک ئێمە بیر دەکەینەوە یاخود خەیاڵ، شتەکان کە ئێمە وێنایان دەکەین بەشیک لە وشیاری نین، ئەگەرچی وشیارییە بەرهەمیان دێنێ. ئەوان تەنیا خۆ پیشانی وشیاری دەدەن. گەر بمانەوێ لە وشیاری بکۆڵینەوە، ناتوانین خودی وشیاری بکەین بە شت (ئۆبیەکت)، مەگەر ئەوەیکە شتەکانی ناوی بکەین بە بابەتی لێکۆڵینەوە. هەر بۆیە لێرەوە فێنۆمێنۆلۆژی داهێنراوە. لە لایەکی ترەوە فێنۆمێنۆلۆژی سەرقاڵی ئەزموونە رێکەوتەکان و دیاردە دابڕاوەکان نیە، بەڵکو خۆی بە جەوهەر یاخود لایەنە بنەڕەتییەکانی دیاردەکانەوە (فێنۆمێن)، سەرقاڵ دەکا. کە لێرەدا، لەم وتارەدا، دڵەڕاوکێ (Angst) ئەو دیاردەیەیە ئێمە دەمانەوێ باسی لێبکەین. دوو بیرمەندی وەک مارتین هایدگر و ژان پۆل سارتێر، کە دوواتر زیاتر باسیان دەکەین، تیۆری خۆیان لە سەر فێنۆمێنۆلۆژیای هوسرڵ دادەڕێژن. لێکۆلینەوەکانی 'سۆرن شیرکەگارد'یش لەسەر دڵەڕاوکێ، کە پێش هوسرل ژیاوە، دەتوانین وەک نموونەیەکی تر لە لێکۆڵینەوەی فێنۆمێنۆلۆژی چاولێبکەین.

لە نێوان فێنۆمێنۆلۆگەکان و فیزیکالیستەکاندا کێبەرکێیەک هەیە سەبارەت بەوەی کامیان خاوەن تیۆرێکی باشترن. هەر کامەیان نوێنەری ئۆنتۆلۆگی تایبەتی خۆیانن، واتە هەر کامیان خاوەن زانیاری خۆیەتی سەبارەت بە 'بوون'ی راستەقینە، یاخود راستیی راستەقینەی 'بوون'. ئۆنتۆلۆژیی فیزیکالیستەکان باس لەوە دەکا کە بنەڕەتی ترین راستیی مرۆڤ ئەوەیە مرۆڤ بریتییە لە سیستمێکی فیزیکی، وەها کە مێشکی فیزیکیی مرۆڤ، وشیاری (وەک تایبەتمەندیی دووهەم) بەرهەم دێنێ. لە کاتێکدا ئۆنتۆلۆژیی فێنۆمێنۆلۆژیا لەسەر ئەو رایەیە کە وشیاری لە پەلەی یەکەمدا دێت و هەموو وێناکان، دەستەواژەکان، هەروەها تیۆر لەسەر شتە فیزیکییەکان (بە جەستە و مێشکەوە)، جۆرێک لە بەسیستمکردنە کە وشیاری دەیکا و بۆیە هی جیهانی فێنۆمێنۆلۆژیایە.

ئەو سەرنجانەی (دیتن) کە دەبنە وەسفێکی فێنۆمێنۆلۆژیانە لە دڵەراوکێ، لە لایەن ئەو کەسەوە ئەنجام دەدرێ کە بە تووش دڵەڕاوکێوە بووە. بەڵام کاتێک قسە لەسەر دڵەڕاوکێیەکە کە دەبێتە هۆی کاردانەوەی فیزیکی، ئەوا لە لایەن ئەو کەسەوە وەسف دەکرێ وا وەک چاودێرێک لە دەرەوەی کەسەکە ئاگای لێیە. واتە کەسێک کە جەستەکە لە رووی دەرەوە دەبینێ. هەڵبەت لە هەر دوو حاڵەتەکەدا قسە لەسەر ئەو حاڵەتەیە وشیاری ئەزموونی دەکا. جەستەی ئەوی دی، بریتیە لە دیاردەیەک (فێنۆمێن) بۆ ئەو کەسەی سەرنجی دەدا و دەیەوێ تیۆری لەسەر سازبکا.

دەتوانین بڵێین ئەنتۆلۆگیای فیزیکالیستی بە گوێرەی مێتۆدی فێنۆمێنۆلۆژیکی کاردەکا، چونکە کەسێکی وا نایەوێ ئەوە رەدبکاتەوە کە ئەزموونە وشیارییەکان وجوودیان نیە. یان فێنۆمێنۆلۆژێکی ئۆنتۆلۆژیست کار دەکا لەسەر ئەو کاردانەوە فیزیکییانەی لە لایەن مرۆڤێکەوە پیشان دەدرێ، چونکە فێنۆمێنۆلۆگ کاردانەوە فیزیکییەکان رەد ناکاتەوە و پێی وایە ئەوانیش هەن و دەبێ وەک هەموو فێنۆمێنەکانی تر لێیان بکۆڵرێتەوە.

خاڵی سێهەم سەبارەت بەم باسە خۆی لە راوبۆچوونەکانی 'نیلس بوهێر' (١٨٨٥ ـ ١٩٦٢) دا دەبینێتەوە بە ناوی 'دەستەواژەی تەکمیلی'. بوهێر، لەم دەستەواژەیە کەڵک وەردەگرێ بۆ ئەوەی لە فیزیکی کوانتۆمی بگا. لای ئەم بیرمەندە مرۆڤ کاتێک دەیەوێ فێنۆمێنێکی وەک دڵەڕاوکێ ئەزموون بکا، یاخود سەرنجی بدا، لە دوو شێوە کەڵک وەردەگرێ، یەکەمیان راستەخۆ ئەزموونکردنی دڵەڕاوکێیە و، دووهەمیان ئەزموونی دڵەڕاوکێیە لە رێگای سەرنجدانی کارتێکەرییەکانی لەسەر جەستە. کە ئەم شێوازە لە دیتن و سەرنجدان بە تەواوی لەیەکتر جودان و ئەو وەسفانەی پێشکەشی دەکەن ناکرێ لەگەڵ یەکتر بەراوردبکرێن. ئەوان نەک تەنیا لەگەڵ یەکتر بەراوردناکرێن، بەڵکو رەنگە دژبەیەکیش بن. بەلام هەردووکیان وەک یەک راستن. هیچ کامیان لەی تر گرینگتر نین و هەردووکیان پێکەوە دەتوانن وەسفێکی پێویستمان لە دڵەڕاوکێ پێدەدەن. واتە تەواوکەری یەکترن.

مرۆڤ هەروەها لە سەر تیۆری ناسین لە دەروونناسیشدا قسەدەکا. تیۆری ناسین لەسەر دڵەڕاوکێ، لە ئەزموونەکانی ئەو کەسەوە دەست پێدەکا وا بە تووش دڵەڕاوکێ بووە، کە هەر بەم هۆیەوە زۆر شتی هاوبەشی لەگەڵ فێنۆمێنۆلۆگی هەیە. جیاوازییەک کە هەیە ئەوەیە ئەم تیۆرە لەسەر بۆچوونەکانی هوسرێل لەمەڕ پێوەندی نێوان وشیاری و دیاردە خۆی چێ ناکا وهەربۆیە لە هەندێ دەستەواژەی کەمێک جودا کەڵک وەردەگرێ.

فێنۆمێنۆلۆژی خۆی لە ناو زانستە 'نەرم'ەکانی وەک دەروونناسی، پێداگۆگی یاخود زانستە مرۆییەکاندا دەبینێتەوە، بەڵام فیزیکالیزم خۆی لە ناو بیۆلۆژی دا، هەروەها لەو بەشەی بیۆلۆژی دا کە باس لە کرداری مرۆڤ دەکا. ئەمە ئەو بۆچوونەی دروست کردووە کە فێنۆمێنۆلۆژیا زیاتر سۆبیەکتیڤییە و خاوەن میتۆدێکی زۆر مەحکەم نیە، بۆیە ناکرێ لە زانستی سروشت دا کەڵکی لێوەبگرین. بەڵام میتۆدی فێنۆمێنۆلۆژی لە لایەن هوسرێلەوە لەسەر بابەتەکانی زانستی سروشتی ش بەکارهێنراوە، بە تایبەت لە سنووری نێوان ماتماتیک و فیزیک، وەک چۆن لە کارە پێشینەکانی دا لە بواری فەلسەفەی محاسباتی و هەروەها هیندەسەدا کەڵکی لێوەرگرتووە. بە واتایەکی تر، هوسرێل فێنۆمێنۆلۆژی بەکارهێناوە بۆ خوێندنەوەی ئەو دەزگا وشەییەی فیزیکالیستەکان کەڵکی لێوەردەگرن. هەروەها سارتەر لە ئۆنتۆلۆژیی فێنۆمێنۆلۆژیاکەیدا، فیزیک و بیۆلۆژیشی تێهاویشتووە.

خاڵێک کە لێرەدا دەبێ سەرنجی بدەینێ ئەوەیە کە هایدگر و سارتەر لێرەدا لە هوسرێل جودا دەبنەوە و دەست دەکەن بە رەخنە گرتن لەم بیرمەندە. واتە هایدگر و سارتەر تێگەیشتنی جودایان لە 'من' هەیە. هوسرێل پێی وابوو کە لە پشت وشیاری 'من' ێکی ترانسێندێنتاڵ (واتە منێکی بان سروشتی) هەیە. منێک کە بەشێک لە جیهانی فێنۆمێنەکان نیە، هەربۆیە وەسفکردنی مەحاڵە. بۆیە لێرەدا بە گشتی پرسیارێک لە سەر فێنۆمێنۆلۆژیا دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیکە کە داخۆ ئەم تیۆرە جێگایەکی بۆ 'من' لە ناو خۆیدا کردووەتەوە؟ هایدگر خۆی لە 'من' دەپارێزێ و شوێنێکی بێکردە (خنثی) دەبەخشێ بە سوبیەکت کە ناوی ناوە ”Dasein”، واتە وجود. سارتەر بەڵام نایەوێ خۆی لە ئایدیای 'من' ببوێرێ و وەک وێنا یاخود تەسورێکی رووت لێی دەڕوانێ، ئوبیەکتێکی خەیاڵی کە 'وشیاری' دروستی کردووە بۆ ئەوەی ناسنامەیەک بە خۆی بدا. ئەمە مانایەکی گەورەی هەیە لەسەر تیۆری دڵەڕاوکێ، کە دوواتر دەچینەوە سەری.

Image result for fenomenologi

گەڕان بۆ بابەت