ما 191 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

لە ئینگلیزییەوە: سایتی قەڵەم
"چالۆنگ، کەمێک دانیشە! بیر لە هەموو کردارەکانی ئەمرۆت بکەوە. من لە مشتی تۆدا بووم، بەڵام وازت لێهێنام. تۆ باوەڕت بەو شتانەی هەیە من پێم گوتی و، تووڕەی لەبەر ئەوەی ئیستا منت نیە. یاساکان سادەن. بەڵام تۆ قەت رەچاویان ناکەی. ئیستا لەوە گەیشتووی کە ئەم یاسایانە چەندە گرینگن؟ 

 

سێ یاسای سادە

لە ئینگلیزییەوە: سایتی قەڵەم

سەردەمانێک لە وڵاتی تایلەند پیاوێکی دەوڵەمەند دەژیا. ناوی چالونگ بوو. پیاوێکی زۆر دەوڵەمەند کە بەردەوام خوازیاری پارە و موڵک و ماڵی زیاتر بوو.

 رۆژێکیان لە باغەکەیدا پیاسەی دەکرد کە چاوی بە باڵندەیەکی سەیری زۆر بچووک کەوت. باڵندەیەکی یەکجار جوان بە پەڕی رەنگاوڕەنگەوە. دەنگێکی زۆر خۆشیشی هەبوو. چالۆنگ لە ژیانی دا قەت باڵندەی لەم چەشنەی نەدیتبوو. بە ئەسپایی بە شێوەیەک کە نەبینرێ، لە باڵندەکە نزیک کەوتەوە. هەر کە گرتی، باڵندەکە کەوتە قسە:

ـ "بۆچی من دەگری؟"

ـ "بە فرۆشتنی تۆ دەتوانم پارەیەکی زۆر پەیدا بکەم."

ـ "بەڵام تۆ ئیستاکەیش هەر دەوڵەمەندی. جا بۆچی داوای زیاتر دەکەی؟"

ـ "چونکە دەمەوێ دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر بم."

ـ "بەڵام لە رێگای منەوە ئەم خەونەت بەدی مەهێنە! تۆ ناتوانی من بفرۆشی. کەس من ناکرێ. چونکە من لە زینداندام، من جوانی و دەنگە خۆشەکەم لەدەستداوە" ئەمەی گوت و ئەوسا ئارام ئارام بوو بە باڵندەیەکی رەش.

باڵندەە جوانەکە هەنووکە لە قاڵاوی دەکرد.

چالۆنگ کە خەونی پەیداکردنی زیاتری پارەی لێ تێکچووبوو، بە تووڕەییەوە گوتی "ئیستا دەتکوژم و دەتخۆم."

ـ "دەمخۆی!... بەڵام من ئەوەندە بچووکم هەر گۆشتم پێوە نیە."

چالۆنگ نەیتوانی وەڵامی بداتەوە. بۆیە باڵندەکە درێژەی دایە و گوتی "بە مەرجی ئەوەی ئازادم بکەی، سێ یاسای سادە بەڵام لە هەمان کاتدا گرینگت فێردەکەم."

چالۆنگ بە توورەییەوە گوتی: "یاسای گرینگ؟... من تەنیا پارەم دەوێ."

ـ "بەڵام ئەم یاسایانە لە قازانج و بەرژەوەندیی تۆدان."

ـ "قازانج!... بەڕاستە؟ کەواتە ئازادت دەکەم، بەڵام چلۆن متمانەت پێبکەم؟ رەنگە لەدەستم هەڵبێی."

ـ "بەڵێن دەدەم. من هەمیشە کەسێکی وەفاداربوومە بە بەڵێنەکانم."

چالۆنگ ویستی بەختی خۆی تاقی بکاتەوە. ئازادی کرد. باڵندەکە خێرا فڕی و ئەوجا لە سەر لقی درەختێک نیشتەوە. رەنگەکەی دەستی کرد بە گۆڕان. دیسان جوان بووەوە، بووەوە بە هەمان باڵندە. چالۆنگ پرسی:

ـ "ئیستا یاساکانم فێرکە."

ـ "بیگومان. یاسای یەکەم، باوەڕ مەکە بە هەر شتێک دەیبیستی. یاسای دووهەم، سەبارەت بە شتێک کە نیتە غەمگین مەبە. یاسای سێهەم، ئەو شتەی فڕێ مەدە لە دەستتدایە."

چالۆنگ نەڕاندی "باڵندەی گەمژە! ئەم سێ یاسایە هەموو کەس دەیانزانێ. تۆ منت فریو دا."
باڵندەکە گوتی:

ـ "چالۆنگ، کەمێک دانیشە! بیر لە هەموو کردارەکانی ئەمرۆت بکەوە. من لە مشتی تۆدا بووم، بەڵام وازت لێهێنام. تۆ باوەڕت بەو شتانەی هەیە من پێم گوتی و، تووڕەی لەبەر ئەوەی ئیستا منت نیە. یاساکان سادەن. بەڵام تۆ قەت رەچاویان ناکەی. ئیستا لەوە گەیشتووی کە ئەم یاسایانە چەندە گرینگن؟

باڵندە سەیرەکە ئەمەی گوت و فڕی و لە چاوان ون بوو.



Related image

 

گەڕان بۆ بابەت