ما 7688 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

نووسین گرینگترین و یەکەم ئامرازە بۆ نەمرکردنى هەستەکانى  مرۆڤ و پێویستییەکانى بۆ بەڕێوەبردنى ژیان لە هەر قۆناخێکدا. هەم لەبارى خۆشى و هەم لە بارى ناخۆشییەوەش. هەر نووسینە کارامەیی و لێهاتوویى مرۆڤى نەمر کردووە، هەست و بیرکردنەوە و ئەزموونیانى پاراستووە و هێشتوونییەتەوە.

 

نامەیەکى کراوە بۆ ئەحمەد تاقانە

سەباح ڕەنجدەر

کاکە ئەحمەد ڕۆژێکى خۆشى هاوینە، سایەى گەورەى یەکەم ڕۆژى ڕەمەزانە: 1862015. ڕۆژێکى پڕ ژیان و گەشەیە. کاریگەرى لەسەر زەینییەت و بینینى هەمەچەشنم بۆ ژیان و دنیا داناوە، سەکۆیەکى بەرهەمهێنە بۆ ڕوانین و خۆبەرجەستەکردن. بەوەى لە ماڵەکەمدا بەچکە کێشکەیەک لە هێلانەکەى بەرببووەوە. زیاتر لە پازدە ڕۆژ لەژێر فێنکایى موبەریدەدا ئاو و دانم دەدایە و بەدەوریەوە بووم و بەرچاویم بە ئەشقى خودایى ڕەنگڕێژ دەکرد، تا باڵەکانى هێزى فڕینیان تێدا گەڕا. بەچکە کێشکەى چاو بە تاسەم بە ماچە کپ و بێ دەنگەکانم لە باوەشمدا گەورە کرد، بیریشم لەوە دەکردەوە دەبێت بە ژانى هێلکە ترووکانى. واتە: بە ژانى لەدایکبوونیەوە چەند تلابێتەوە، ئەم سبەینەیە لە دۆخى تینى سۆز و ڕۆحانیدا، کە لەگەڵ دڵى خۆتدا دەبیت بە یەک، مۆسیقاى باڵەکانى بۆ لێدام و گۆرانى پێزانین و ماڵئاوایى بە کەشوهەواى ئاشتى بەخشى، منیش لە دڵەوە بەڕێم کردە دنیاى ئازادیی خۆى و سایەى گەورەى خودا. ئەو دنیایەى کاریگەرى لەسەر زەینییەت و بینینى هەمەچەشنەم داناوە و نەرمە شەپۆلى لێم دەدا. بە پەیام و ئاکارى کارەم هێندەى نووسینى کۆشیعرێک دڵخۆش بووم و جوانی و دڵباشى و پشووى دەروونیم دۆزییەوە. هەمان ڕۆژیش مووچەم وەرگرت، لەگەڵ خێزانەکەم خۆمان ئامادەکرد بچینە بازاڕ و تەواوى پێویستییەکانى خواردنى ئەم مانگە بکڕین، لە دووکانى گۆشتفرۆشەوە دەستمان پێکرد، لە یەکەم دەستپێکردنەوە گیرفانیان بڕیم و تەواوى مووچەکەیان لێ دزیم. ئەم کارە نەتەى پێ بەرنەدام، گەشە و خۆشی و جۆش و تەزووى خستە دەمار و خوێنم. دڵنەوایى خێزان و منداڵەکانم بەوە دەدایەوە و دەمگوت: لەوانەیە ئەوەى گیرفانى بڕیوم بۆ ئەوەى بووبێت تا پێویستییەکانى خواردنى ئەم مانگەیان بکڕێت. نازانم هەڵزەقینەوەى ئەم ڕووداوە بوو، یان خۆبەختکارى و هەست پێکردنى خۆى. هەرچى پارەمان لە ماڵدا هەبوو، خێزانەکەم خستییە ناو جانتاکەیەوە، دووبارە ڕێگاى بازاڕمان گرتەوەبەر، بایى شەست و پێنج قاتى منداڵانى تەمەن لە نێوان یەک و دە ساڵى کرد، هەموو منداڵەکانى خۆمم لەگەڵ خۆم برد و بەسەر خیوەتگاى منداڵە ئاوارەکانى کوردستانى ڕۆژئاوامان دابەش کرد. تەنیا بیست و پێنج هەزار دینار لە پارەکەماندا مایەوە، ئەویش بەنزینمان پێ لە ئۆتۆمبێلەکەمان کرد، ئەم سەردانە وەرزشى چاو و دۆخێکى شیاو بوو، بە بەختى زۆرەوە خەڵاتى گەورەى منداڵیى خۆمم وەرگرت، بینیم منداڵان عەلاگەى نایلۆنیان کردووە بە کۆلارە و لە فێنکایى ئێوارەدا هەڵیانداوە. ئاشنابوونەوە بە خودى خۆت، بەهرەمەندبوون و بەخت باشییە، زیاتر بە دنیاوە ئومێدەوار دەبیت.                                                                                                                           

کاکە ئەحمەد من کوڕە لادێییم (دەربەندى گۆم). بە زەینێکى زیندووەوە وێنەى دیمەنەکانى ئێوارانى گوندم گرتووە ڕامکێشاوەتە ناخى خۆمەوە، کە ئێوارەى هاوین دەیدایە فێنکى مەگەر چۆن، ئەگەر نا هەموو ڕۆژێک دەچوومە سەربان و هەر منداڵ و مێرمنداڵێک لەسەربانى ماڵى خۆمان، یان دوو دوو و سێ سێ لەسەربانى ماڵى یەکمان کۆدەبووینەوە و کۆلارەى خۆمانمان هەڵدەدا و داومان دەدایە، هاوارمان دەکرد: هەتاو جوانترە لە مانگ، ڕۆژ جوانترە لە شەو.

ماڵى ئێمە لە لاپەڕى گوند بوو، کە کۆلارەکەم هەڵدەدا بەسەر تەواوى گونددا ڕەت دەبوو، لەسەر کۆلارەکەش ناوى دایک و باوکمم دەنووسى بەوەى وام دەزانى کۆلارەکە بەرز دەبێتەوە و دایک و باوکیشم بەبێ هیچ دوودڵى و ئاستەنگێک دەگەن بە حزوورى خودا و لە خودا نزیک دەبنەوە، بە نزا و داوایەکانیان ئێمە بە ئومێد و شیاوى بوونى ئەزەلى دەگەیەنن، پەیوەندیى گیانیشمان لەگەڵ کەسى نەناسراودا بۆ دەدۆزێتەوە.

 

ڕۆژگار بە ڕوخسارى پڕٍ دەمامکیەوە هات و دەستى خۆى وەشاند، لەگەڵ نسکۆى شۆڕشى ئەیلوولدا، گوندەکان داگیران و وێران کران، ئێمەش بەر زەبرى دڕندانە کەوتین و ڕاگوێزراینەوە هەولێر. تەممووزى 1978 لە گۆڤارى (ڕۆژى کوردستان)، ژمارە (50) شیعرێکى کورتت بە ناونیشانى (کۆلارە) بڵاو کردەوە. ئەم شیعرە خەڵات و نیشانەیەکى شانازى بوو، لە شوێنى تایبەتى خۆیدا پێشکێش بە منى دڵشکاو کرا و ژیانى ژیاندمەوە. لەو ئازارانە دەدوا، کە من هەستم پێدەکردن و پێیان دەتلامەوە، خودایە ڕێگاکانت زۆر لەوە بەخشندەترن، کە مرۆڤ هەستى پێدەکات: ئەو بڕوایەم لا دروست بوو، هەموو نووسینێک هێز و پێویستى و پەیامى خۆى بۆ کۆمەڵ و کۆمەڵگا هەیە. لە لاپەڕەى یەکەمى هەموو دەفتەرەکانى قوتابخانەدا نووسیبوومەوە، تا هەموو کات لەگەڵمدا بێت و لێم جیا نەبێتەوە. وام دەزانى هەموو ئەو هاوڕێیانەمە، کە لە گوند ئێواران بە یەکەوە هەریەک لەسەربان کۆلارەمان هەڵدەدا و ناهێڵێت شل و شێواوبم و لێم جیا ببنەوە، بەجێم بهێڵن و هاوڕێیە دڵسۆزەکانمن، کۆمەکم دەکەن و کۆستم ڕاست دەکەنەوە و  هەستەکانم دەپاڵێون. وشەى ناهێڵێت وەک ئەو ڕستەیە وایە: (لە سەرەتادا وشە هەبوو). بەناو وشە و دەنگەکاندا ڕۆدەچووم و هەستى قووڵتر دەکردمەوە و چرکە دڵگیرەکانى منداڵى بۆ دەهێشتمەوە و زەینیشى گەرم دەکردمەوە. ئەو هەموو کپى و خورپەیەى شیعرەکە بۆى پەیدا کردبووم، ئێستا ناتوانم دەربڕینى لێ بکەم، مەگەر بگەڕێمەوە بۆ ئەو چرکە بریندارانەى تێیدا دەژیام. ئەویش مەحاڵێکى هێزى دەربڕینە.

 

ئەى لە مۆخ و دەمارى پیت و وشە و ڕستەوە براى پشتم: بزانە شیعر چۆن مرۆڤ دەکاتە مرۆڤێکى خەیاڵکرد و خەیاڵکراوە و یادەکانیشى دەپارێزێت، لە ڕیشەوەش دەیڕوێنێتەوە، سەرسوڕمانى وشەى (ناهێڵێت) لە یاددا دەهێڵێتەوە و وەک چەمکێکى گەرم چ شەرم و شانازییەکى بەرانبەر دەخوڵقێنێت. حیکمەتى بەختەوەریی ڕاستەقینە ئەوەیە، کە لە بارودۆخى زۆر سەخت و دڵشکاندا یادەوەریت بگرێتە خۆى و بیلاوێنێتەوە و ببێتە دەستى گەرمى سەردڵت.

           

                   کۆلارە

 

نامیلکەیەکم لە چاپ دا..

دانەیەکم بەخشى بە منداڵێکى ناو گوندەکەمان

_منداڵانى گوندەکەم هیچیان خوێندەوارییان نەبوو_!

پەڕى نامیلکەکەى کردم بە کۆلارە و..

هەڵیفڕاند..

لە نێوان نامیلکە کۆلارەکەم و دەستى بچکۆڵەى منداڵى گوندەکەمدا

دەزوویەکى سپى.. پردە!!

کە دەزوو دەپسێ و کۆلارە سەر هەڵدەگرێ

منداڵەکە بەدوایدا ڕادەکا و.. دەگرى..

دەیدۆزێتەوە و.. دەیهێنێ

دەینووسێنێ بە سینگیەوە و..

بە کۆڵانى گوندەکەمدا،

هەنگاو دەنێ..

 

شیعرى چین چین و ئاستدار، دڵێکى بە بڕوا و هۆشمەند و سەرڕێژ لە ژیان و بزوێنەرى ژیان بە بوون و نهێنییەکانەوە دەینووسێت، دڵێکى بە بڕوا و هۆشمەند و سەرڕێژ لە ژیانیش. واتە: خوێنەرى نموونەیى هەستى پێدەکات و دەیکات بە حەڵاڵزادەى خۆى و شیرى گەرم و چەورى دایکى. ئەم شیعرە، لووتکەى درەوشاوەى ئەزموونى تۆیە، هەم لە ڕووى زمانەوانى، هەمیش لە ڕووى ئێستێتیکی و بیرى فەلسەفیشەوە. لە هەمان کاتیشدا ماڵئاواییکردنە لە ئەزموونى تۆ.

 

سەرەتا، تێگەیشتنى من بۆ شیعرەکە تەنیا یاد و یادەوەرى و خۆخواردنەوە و سەکۆیەکى پشوودان بوو، بەڵام دواى پێداچوونەوە و بەراوردکردن، زەمینە و ڕایەڵ و تانوپۆ و وردەکارییەکانى، چەمکى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوولى لێ دەورووژێ، پەیوەندیى نێوان مێژوو و شۆڕشى داڕشتووە و بە هەستەکانماندا ڕەت دەبێت، بنەماى دنیابینییەکەى دەردەکەوێت و لە ناوەندى بیرکردنەوەمان جێگیر دەبێت، لە یاد و بوون و هەست و نەستى خۆی و خۆمان نزیک دەکاتەوە، ڕووداوى نسکۆ خێرا لە شیعرى نوێى کوردیدا گەشەى کرد، کەمێک شیعرى باش و شیعرى خراپیشى زۆر بەرهەم هێنا. بزانە: شیعر هاوکارى و ڕێنماییت دەکات بۆ قووڵکردنەوەى هەست، چیرۆک و ڕۆمانیش هاوکارى و ڕێنماییت دەکات بۆ خۆشکردن و زیاتر بینینى زەمینەى هەست. ئەفسوونى ئەو دوو جیاوازییە ئەوەیە، شیعر هەست قووڵدەکاتەوە، چیرۆک و ڕۆمانیش هەست ئاگادار دەکەنەوە، لەو نەرمە لەرزە شاراوەیەى لە کات و ناکاتدا مرۆڤ دەگرێت. قووڵکردنەوەى هەست، بیرکردنەوەش بەهێز دەکات، سەرەکیترین خەسڵەتە، کە شیعرى بێگەرد دەستنیشان دەکات. شیعرەکە لە ناوەرۆک و پێکهاتەیدا شیعرێکى هێمایییە، بەڵام هێمایییەکى خودى لێڵ نییە، هێمایەکە دەبێتە گەشە و پەیوەندیی گشتى کۆمەڵگا و پرسێکى بڵاو و زاندراو و چارەنووسساز، واتە: گەشەیەک پەیوەندیی گشتى کۆمەڵگا بەرهەمى دەهێنێ و لەناو مانەوەى خۆیدا دایدەمەزرێنێ و دەبێتە ناسنامەى، یان ناسنامەى دەداتێ، کە بەو شێوەیەش ناسرا، زیاتر خۆشویسترا. لەناو هەناسە سارد و زیندووەکانماندا، گیانى گشتى تێدا دەخولایەوە.

ئەو زەمینەت خۆش کردووە و دەسەڵات و هێزى دەربڕینى خۆت تێدا تاقیکردووەتەوە، لەو خاڵە تاقیکراوەشدا پێوانەت بۆ بوون و شادبوونەوە بە خودا و شادییەکى بۆ کۆتایی داناوە، یان ژیان لەگەڵ هەقیقەتدا بەڕێوە دەبەیت. ئەو هەقیقەتە ئەندێشە کراوەى لە هێزى دەربڕینى خۆتەوە خاڵت بۆى داناوە و بینینى خۆت تێیدا ڕوون کردووەتەوە، بڕوابوون بە خۆت، لە خۆتدا دروست کردووە، حیکمەتى بەختەوەریی ڕاستەقینەت لەبیر نەبردووەتەوە. ئێستا لە تەمەنى ڕامان و سەرنجدانم، بەڵام شیعرەکە هەر دەستە گەرمەکەى سەردڵمە، ڕەنگە چەندان ساڵى تریش دەنگى ئەو دەستە گەرمەى سەردڵم هەر ببیستێت و بەردەنگى هەبێت.

 

نووسین گرینگترین و یەکەم ئامرازە بۆ نەمرکردنى هەستەکانى  مرۆڤ و پێویستییەکانى بۆ بەڕێوەبردنى ژیان لە هەر قۆناخێکدا. هەم لەبارى خۆشى و هەم لە بارى ناخۆشییەوەش. هەر نووسینە کارامەیی و لێهاتوویى مرۆڤى نەمر کردووە، هەست و بیرکردنەوە و ئەزموونیانى پاراستووە و هێشتوونییەتەوە، ناهێڵێت ئێمە لە یادیان بکەین، لە ڕیشەوەش دەیانڕوێنێتەوە. سەرسوڕمانى وشەى ناهێڵێت قەڵغان و زرێپۆشێکە تەنیا داهێنان تواناى ڕاگرتنى بەسەر سەرى مرۆڤە مەزنەکانەوەى هەیە. ئاوێنەى داهێنان لە هەموو ئاوێنەکانى تر تاسەدار و رێ ڕاستترە بۆ ڕاستگۆیی، ڕێ خوار ئەو نووسەرەى لەبەر ئاوێنەدا دەموچاوى ڕێڕێ و بەڵەک دەربکەوێت، یان ئاوێنەى درۆزن ڕەنگى دەموچاوى خۆى پێ بناسێنێتەوە  .

لە ئەدەبى کوردیدا دوو بزووتنەوەى نوێبەخشى سەرى هەڵداوە، لە حەفتایەکان: (ڕوانگە) و لە هەشتایەکانیش: (پێشڕەو). لە هەردوو بزووتنەوەکەدا بۆچوونى خۆت لە دوو وتارى جیا جیادا دەربڕیوە، لەبارەى ڕوانگەوە لە ڕۆژنامەى هاوکارى، ژمارە (35)ى ساڵى (1971)دا، بە ناونیشانى (ڕواڵەتى هەڵبەستى نوێ)، لەبارەى پێشڕەویش لە هەمان ڕۆژنامەدا، ژمارە (1082)ى ساڵى (1989)دا، بە ناونیشانى (لەبارەى هەندێک لایەنى هونەریی شیعرى نوێوە). لە هەردوو وتاردا لەگەڵیاندا نیت. تاڕادەیەکیش دژى و توندیشى، لە کاتێکدا ئەم دوو بزووتنەوەیە خاڵى وەرسووڕان و دۆخگۆڕینن، جۆرێک گۆڕانکارییان لە بیرکردنەوەى خوێنەریشدا بەدى هێنا. لەم پێودانگەدا پێویستە نوێبەخشیى کار و بەرهەم بکرێتە پێوەر، ئەگەرنا نەزانین داگیر و بێ بڕوامان دەکات. لەم بۆچوونانەتدا بە ڕوونى دژى نوێبەخشى، نوێبەخشیی ئەم دوو بزووتنەوەیە، نەک نوێبەخشى بەگشتى. لە هەردوو وتاریشدا بنەماى دژبوونى خۆت ڕوون نەکردوونەتەوە. تا بەرانبەر قەناعەت بە بۆچوونەکانت بهێنێت، بەڵکو هەر ئاماژەى ڕۆژنامەوانین، بێ ئەوەى بیسەلمێنیت ئەوە ڕاستیی من و ئەوەش هەڵەى ئەوان. ئەگەرچیش تێگەیشتن لە شێواز و پێکهاتەى نوێبەخشی لە پلەى جیاوازدایە. ئەم جیاوازییەش بووەتە بابەتى سەرنجدان و پێداچوونەوە و بەراوردکردن، هەروەها لە یەکەم بۆنەى خەڵاتى دەزگاى ئاراس بۆ کتێب، لە 26/12/2004 لە هەولێر، لە هۆڵى ئوتێل شیراتۆن، کە ئەم نووسەرانە خەڵات کران: (د. مارف خەزنەدار، حەمە سەعید حەسەن، ئەحلام مەنسوور، فەلەکەدین کاکەیی، د. مونزیر فەزل). بەشێکى زۆرى ئەدیبانى کوردیش  بانگهێشتى ڕێوڕەسمى خەڵاتکردنەکە کرابوون، کۆمەڵێک نووسەرى کەرکووکى لەگەڵ (سەباح ئیسماعیل) لەسەر مێزێک دانیشتبوون، ناسینى خوالێخۆشبووان: (عەباس عەسکەر، ئەحلام مەنسوور،  محەمەد سابیر مەحموود). نایشارمەوە بۆ من خۆشەویستى و ئاکارى نوێ بوون. عەباس عەسکەر بە دەنگێکى ئاوازدارەوە، دەنگى بەرز کردەوە و بە منى وت: (سەیابى کورد، سەیابى کورد). لە خۆشحاڵیی ناسینماندا ڕیزێک قاوەى گەرم و شیرینى داوا کرد، بە دەستى خۆشى پێشکێشى ئامادەبووانى کرد. ماوەیەکى پێچوو کتێبێکى بە ناونیشانى (کلمات تغدو نحو الینابیع) چاپ کرد، شیعرى بیست شاعیرى کوردى بۆ عەرەبى وەرگێڕابوو، سەرنج و تێبینیشى لەبارەوە نووسیبوون، لە بۆنەى دووەمى هەمان دەزگا و خەڵاتکردندا، کە ببووە نەریتێکى ساڵانە. (عەبدوڵڵا سەڕاج) بە زەردەخەنە و تەوسەوە پێیگوت: ئەرێ ئەوە خێرە  شیعرى سەیابى کوردت هەڵنەبژاردووە، وەک سڵەمینەوە و بەخۆدا شکانەوەیەک گوتى: شیعرەکانى ئاڵۆزن و دامەزراندنى سەرەتا و درێژە پێدانى ناوەند و کۆتایی پێهێنانى بۆ من ڕوون و دیار نییە، کەچى: (محەمەد سابیر مەحموود) گوتى: جیاوازى لە نێوان ئاڵۆزی و قووڵى زۆرە، تۆ هەستت بە جیاوازییەکان نەکردووە. شیعرەکانى ئاڵۆز نین، بەڵکو قووڵن. من بە خۆشحاڵی و لێزانییەوە وەریدەگێڕم، وابوو بە جیا جیا دوو جار شیعرى وەرگێڕام. جارى یەکەم، لە گۆڤارى (الێوت اڵاخر) ژمارە (150)ى حوزەیرانى 2007 بڵاوى کردەوە، ئەوەى تریش، یان لە هەمان گۆڤار بوو، یان گۆڤارێکى تر بوو، ببوورە زەینم ناچێتەوە سەرى. 

خودا شیرپاکیى ئەدەبی و تایبەتمەندییەکى بێوێنەى پێ بەخشیوم، ناتوانم هەست و سەرسامبوونى خۆم بەرانبەر ئەدەبى باڵا و ئێستێتیکى بشارمەوە، ئەگەرچی لەم ڕووەوەش تووشى ئا و نا و لێپێچینەوە و لێپرسینەوەش بوویمە. حوزەیرانى 2015 لە گۆڤارى ڕامان، ژمارە (206) شیعرێکى (ئازاد ئەحمەد ئەسوەد) بە ناونیشانى: (سوبحی و سوهەیلە) بووە مایەى داگەڕانەوە بەرەو ناوەوە و پێداچوونەوە و بەراوردکردنم. زمانى ئەم شیعرە هێزێکى یادەوەرى دروست دەکات و وێنەکان لە یاددا لە گفتوگۆى ئەزەلیدا دەهێڵێتەوە، هەروەها شوباتى 2013 لە گۆڤارى 23، ژمارە (10) شیعرێکى (ئەدیب نادر)یش بە ناونیشانى: ( سەرگۆن پۆڵس) بووە مایەى داگەڕانەوە بەرەو ناوەوە و پێداچوونەوە و بەراوردکردنم. ئەمیش هەستێکى بێوێنەى بۆ دروست کردم و چێژى ئێستێتیکى و یادەوەریت ئامادە دەکاتەوە بۆ بەدواداچوونى چێژى ئێستێتیکیى یادەوەرییەکانت و بوونى شاعیریەتى سەرگۆن پۆڵس دەکەوێتە ناو یادەوەرییەکانتەوە.

ئێمە سێ شاعیر لە چایخانەى مەچکۆ دانیشتبووین، قسە و گفتوگۆى نێوانمان لەبارەى پێویستیى ئەدەب و کاریگەرى ئەدەب بوو. (مەولوود ئیبراهیم حەسەن) لە ڕۆژنامەى کوردستانى نوێ، ژمارە (101)ى ساڵى (1992)دا چیرۆکێکى نایابى بە ناونیشانى: (مەرگى سەگ) بڵاوکردبووەوە، تانوپۆ و ڕامانى سەرەکى چیرۆکەکە ڕاگوێزانى گوندەکانى کوردستان بوو، گرینگییەتى ڕۆڵى نووسینى ورووژاند، بەوەى بەشێک لە گیانى ڕووخاوى کوردى وەک هێزى ڕۆح و هێزى جەستە بنیاد نایەوە. کارى داهێندراو بەلایەنى کەمەوە گرینگییەک دەورووژێنێت. لە دۆخى خوێندنەوەدا هەرسێکمانى سەرسام کردبوو، لەناو سەرسامیى خۆماندا لە باس و ستایشى چیرۆکەکەدا مەست و ئاسوودە بووین و سامانى دنیامان لەدەست بوو، چیرۆکەکە هی من بوو، بەڵام ئەم دایڕشتبوو. لەو کاتەدا چیرۆکنووس لە دەرگاى مەچکۆوە دەرکەوت. هەر بە چاو نیاز و شوێنى دانیشتنى خۆى لە نێوان ئێمەدا دەستنیشان کرد، دوو برادەرەکە وەک ئەوەى بیانەوێ هۆیە بنەڕەتییەکانى پرۆژەى شۆڕشێکى نهێنى نەزاندرێت، زۆر بە پڕتاو و سڵەمینەوە و بە دەموچاوێکى خامۆشەوە گوتیان: با خۆمان لەم بابەتە لابدەین، بێدەنگ بین، تا بەخۆیەوە نەنازێ، کە چیرۆکێکى کاریگەر و سەرکەوتووى نووسیوە و بەسەرمانەوە ببێتە سەرکەڵەبابى بانگدان. قسە ئاکارێکى خودییە و کردنى ئاسانە. لە هەمان کاتیشدا پەیوەستە بە کەسایەتیتەوە، بەڵام پێویستە پێش ئەوەى قسە بکەیت بە قووڵى بیرت کردبێتەوە، لەم ئەنجامەدا قسەت ناسنامە و کەسایەتییەکت بۆ بەجێ دەهێڵێت. ئایە لە دۆخى شتەکاندا خاوەن بڕیارى تەندروستى، یان قسەى هەڵبزڕکاو. ئاخۆ بەم درۆ لەگەڵ خۆکردنە لە بایەخى داهێنان کەم دەکرێتەوە، یان ئەو ناخ شاردنەوەیان بۆ خۆبەزلزانین بەکارهێنا. ناخ شاردنەوە و خۆبەزلزانین خراپەت دەهێنێتە ڕێ و ئازایەتى داهێنانت لەناودا دەپووکێنێتەوە، بە پێچەوانەوە ناخ ئاشکراکردن ئازایەتى داهێنانت لەناودا دەتەقێنێتەوە هەموو هەستەکانیشت ئامادە دەکات بۆ دۆخى نووسین و داهێنان، نیازى هۆشیارانە و هەست دروستکردن لە دەقدا خەبات و تێکۆشانە لە پێناو ئازادیی داهێنان و ئازادیی ئەدەب و پێویستیی ئەدەب و کاریگەریی ئەدەبدا.

کاکە ئەحمەد تاقانە لە ژیانى ئەدەبیاتى تۆدا ئەوەى زۆر جێگاى پەسندیى منە و ئەفسوون لێکراوم بۆى، ئەوەیە ژیان بە چەشنێکى باوەڕپێنەکراو دەبینی. هەمیشەش بەسەر خودى بەد زاڵى، خۆشت لە دیمانە و گفتوگۆى ڕۆژنامەوانى و هەوڵ و هەنگاو و تیشکۆى کاتى پاراستووە، ئەمەش کاکڵەیە و یەکێک لە سەرەکیترین خەسڵەتەکانى پیاوى بێ نیاز و بێ ناز و دان بەخۆداگرە، یان ئەو پیاوە متەسەووفانەى لە بیرکردنەوەى وشەدا، دەگەن بە سیستەمى کەماڵ و قووڵترین پەیوەندى دادەمەزرێنن و کاریگەریی ئاخاوتن دەدۆزنەوە. دەیانەوێت نادیاربن و کەس نەیانناسێت، نەک لە دەمەبۆڵە و هەڵەوەڕى و دڵڕەشى و دەستپیسی. ئەو ڕستە و وێنانەى لە وێناکردنى ژیان و سەرچاوەى بێگەردیى خەیاڵەوە پێیان گەیشتووى،  ئەو شتانەن لە ژیاندا پەسندت کردوون و ویستووتە نەزاندراوییان پێ بدۆزییەوە و ئاشکراى بکەیت، ئەگەرچى شیعر لە توانایدا نییە هیچ نەزاندراوێک بدۆزێتەوە و ئاشکراى بکات، بەڵام لەوانەیە بیهێنێتە بەر زەین و ئاماژەى پێبدات، بۆ خۆدۆزینەوەش جۆرێک پێشوازیت لێ بکات و یارمەتیت بدات پرسیارى زیاتر لە دەورى خۆتدا بخولێنیتەوە و بتخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکى نوێ و نوێبەخشییەوە و هەستەکان گەشە پێبکات، هەستەکانیش لە هەوڵ و هەنگاوى ئەوەدان، بزانن مرۆڤ بۆچى وا بیر دەکاتەوە .

                               Related image                 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت