ما 1091 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

و: نەژاد عزیز سورمێ

ژنانى خەمبارى گەڕەک

هەر کاتێ سەریان وێک دێتەوە

دەچنە ژوورى داپیرەم

نەختێک پێبکەنن

 

چەند قەسیدەیەکى شاعیر قاسم سعودى

و: نەژاد عزیز سورمێ

 

* پاککردنەوەى ماڵ

 

گەنجێک دەناسم

شەوانە

لە گۆڕەوە

بەرەو ماڵەکەى دەفڕێ

شیر و سەوزە

لە ئاشپەزخانە دادەنێ

وانە بە منداڵەکانى دەڵێ

ماڵەکە بە باشى پاک دەکاتەوە

زەردەخەنەیەک

بۆ وێنەى ژنە مردووەکەى و

سەرى پیرە دایکى ماچ دەکا

کە تەواو بە هەتیوانەوە ماندوو بووە .

 

* قاچى هاوسێم

 

جارێکیان

قاچى ڕاستیم

لە هاوسێکەم خواست

بەو مەرجەى

دەستى چەپمى بدەمێ

بەو شێوەیە

ئەندامەکانمان هەردەم دەگۆڕینەوە

تا ئەو بەیانییەى

هات داواى دەممى لێ کردم

کە بۆى هێنامەوە

خۆشترین و

درێژترین ماچى

لە دونیادا پێوە بوو .

 

* وەختێ مریشک هێلکەیەکمان پێشکێش دەکا

 

تەنانەت خواردنى سووتاوى

ئاشپەزخانەى دایکیشم

لە نێو ددانماندا پێدەکەنێ

لێ زۆرى پێ ناچێ دەگرى

کە ئاردمان تەواو دەبێ

پاشان ناکاو

مریشکەکە هێلکەیەکمان دەداتێ

ناکاو درەخت لە ماڵ هەڵدێن و

باوکم بە خەمبارى

دەگەڕێتەوە

تا بە بێدەنگى

لە بارەى شەڕەوە پێمان بڵێ

لە وڵاتیدا بێدار بووەتەوە .

 

* کەڕادەى مریەم

 

دەڵێى لەگەڵ تۆ

لە کەڕادەى مەریەم پیاسە دەکەم

ئێمە ناپەڕینەوە ..

پرد پێماندا تێدەپەڕێ ،

ماسى و قایەخ و تفەنگ

بە دەورمان هەڵدەبەزنەوە

ئینجا

سەر لە ئۆتۆمبێلەکەوە هەڵدەبڕى

دەست بۆ سەربازەکانى بازگە

ڕادەوەشێنى

بە چرپەوە پێم دەڵێى:

ئەوە بە تۆ دەچێ

هەموو سەربازەکان بەمن دەچن ..

بۆ تۆ دەخەنن

منیش بە تەنێ

لە کەڕادەى مەریەم

چاودێریان دەکەم .

 

* منداڵێکەى ژێر کەلوپەلان

 

ئەو خانەوادەیەى بە تەنێ

لە تاریکیدا ڕێ دەکا

خانەوادە نییە

پاشماوەکەیەتى

ماڵێک بە تەنیا ژوورێک

مێزێکى شەت و خوار

هەندێ بجگوڕى هەتیوکەوتوو

ناکاو (دەق)ـەکە دەوەستێ

منداڵێک

لە ژێر کەلوپەلەکاندا

یارمەتى برا شیرەخۆرەکەى

بۆ ڕۆیشتنى یەکەمجارى دەدا.

 

 

* ئەو کیژەى بەهەشتى خۆش ناوێ

 

باشە

ئەو کیژەتان بینیوە

هەمیشە هەڵە

لە هەڵبژاردنى جل و بەرگە سادەکانى دەکا؟

کیژەکە سەوزەفرۆشە

ئەو کیژەى بەهەشتى خۆش ناوێ

ئەمڕۆ شووى

بە وێنەى سەربازێک کرد

کە لە بازاڕ

لە گیرفانى پیرەمێردێکەوە کەوتبوو.

 

* زوو نووستن لە ژووردا

 

ژوورە بچکۆلەکەم

سەربازى زۆرى تێدایە

لە ژیانمدا ناسیوومن

کراسەکانم بەشیان ناکا

خواردنیشم ..

ئەوەى خەمبارم دەکا

ناوى هەمووانم لەبیر چووەتەوە.

لە ژوورە بچکۆلەکەمدا

زوو چرا دەکوژێنمەوە

تا ئەو سەربازانەى

شەوانە

لە سەرمدا دەقیژێنن

بنوون .

 

* درەخت

 

دارە وشکەوەبووەکەى

بەر دەرگاى ماڵەکەمان

بەزین

وردە وردە خواردوویەتى

دایکم بڕیاریدا بیبڕین

کە دەستمان پێ کرد

لەگەڵ یەکەم لێدانیدا :

وێنەى باوکم کەوت

لەو کاتەی ڕواندوویەتى .

لەگەڵ لێدانى دووەم :

وێنەى دایکم بە جلى بووکێنى.

لەگەڵ لێدانى سێیەمدا:

دارەمەیتى براکانم

لە لێدانى چوارەمیندا:

دارەکە ڕاقەنا و

ئێمەش تا بەیانى گریاین.

 

 

* پایسکل

 

کە منداڵ بووم

خەونم بەوە دەبینى

پایسکلێکم هەبێ

بۆ هیچ نا

جگە لەوەى بە خێرایی

لە پاسەوانى قوتابخانەى کچان هەڵبێم

چاوبڕکێم لەگەڵ هەموویاندا دەکرد

کەچى هەموو جارێ

پێڵاوەکانیان

میهرەبانییان بۆ پشتم دەنواند

من وەک پێویست قۆز نەبووم

منداڵێکى لەڕو زمانپیس و سەربەگێچەڵ بووم ،

کە گەورە بووم

سوارى زۆر ئۆتۆمبێلى سەربازى بووم

تفەنگ و

شەهید و

بریندارم

خستە سەر پشتم ..

هەمان پشت

کە پێڵاوى کچان ڕاویان دەنا .

 

 

* ئەو کورسییەى

  لە ماڵێدا دێ و دەچێ

 

کە منداڵ بووین

درۆیان زۆر لەگەڵ کردین

وتیان خوا لە بەرزایدا دەژى

بەڵام ئەمڕۆ

هەستم کرد لە ماڵى ئێمەیە و

لە ژوورى دایکیشمە

کورسییە نووستوەکەى

بۆ چاک دەکاتەوە

چونکە خودا کورسى بە هاتووچووى خۆش دەوێ

کە دایکان ،

لە ژوورەکانەوە

بۆ ئاشپەزخانە

دەگوێزێتەوە .

 

* جل و بەرگى قوتابخانە

 

هێشتا بچووک بووم

تۆپانێمان

دژى تیپى

گەڕەکى هاوسێمان دەکرد

ئەوان کراسى پان و پۆڕى سپى و

پێڵاوى وەرزشیی نایابیان دەپۆشى

تەنانەت گۆرەویەکانیشیان

درێژ و وەکو یەک بوو ..

ئێمەش پێخواس

جل و بەرگى قوتابخانەمان لەبەر دەکرد

کە دایکمان هەموو ڕۆژێ دەیشووشتن

چى دیکەمان نەبوو

یارییەکە درێژ و ڕژد و چەشەبەخش بوو

تا ئێستاش تەواو نەبووە!

یارییەکە تەواو نابێ ...

 

* پارچەیەک شیرینى

 

لە دە ساڵیمدا

تا نەچمە چایخانە

باوکم تەلەفزیۆنێکى بچووکى بۆ کڕین

جامى جیهانى پێ ببینین لە ئەرژەنتین

ئەوکاتە نیوەى ماڵمان باخچە بوو

منداڵانى گەڕەک

گشتیان دەهاتن

کێمبس(*) ببینین

من نەمدەهێشت بێنە ژوورەوە

ئەگەر پارچە شیرینیەک نەدەن ..

بەخشندە بووم لەگەڵیان .

 

*ماریۆ ئەلبێرتۆ کێمبس ، یاریکەرى هەڵبژاردەى ئەرژەنتێن لە حەفتاکانى

  سەدەى ڕابردوو کە لە جامى جیهانى 1978 دا بە یەکێک لە گۆڵکەرە بەناوبانگەکان

ناسێنرا.

 

 

* لە هەشت سەعاتدا

 

پێى دڵخۆش بووم

یەکەم جار بوو دەچوومە شەڕ

لە پاسدا

کچێکى جوانم لە پاڵ دانیشت

زۆر لە سیمایەوە ڕامام

لە هەشت سەعاتدا ،

زەماوەندم لەگەڵدا کرد

سێ منداڵمان پەیدا بوون

ماڵێکى بچکۆلە ، جۆللانەیەکى سادە و

چەند مریشکێکى بەختەوەرى تێدا بوو

لە هەشت سەعاتدا

کە گەیشتینە وێستگە

بە تەنێ گەڕامەوە ماڵەوە.

 

 

* ژنى باپیرم

 

داپیرم نەچووەتە کوردستان

بەڵام دەڵێت

خەڵکى لەوێ دەم بە خەندەن!

داپیرم لە نزیک ڕووبارێکى بچووکدا دەژیا

لێ کە باپیرم

خانوویەکى بۆ لە بەغدا کڕین

ڕووبار لەگەڵ داپیرمدا

هاتە ژوور

بەڵام

لەو شەوەیدا

گوللە تۆپ باڵیان گرت... هەڵات

داپیرم نەچووە شەڕ

ئەو لە سیمایاندا دەیبینى

تۆپى قورس و

بریندار و ژنى سەربازەکان و

ژنانى خەمبارى گەڕەک

هەر کاتێ سەریان وێک دێتەوە

دەچنە ژوورى داپیرەم

نەختێک پێبکەنن

کە باسى ژنى دووەمى باپیرم دەکا لە کوردستان

کوردستان

کە هەرگیز نەمدیوە.

 

* زەماوەند

 

لە زەماوەندى

سەوزەفرۆشى هاوسێمان

منداڵگەلێکم بینى چاوەڕێن

لەگەڵ دانانى خواردن هێرشیان هێنا

منداڵێک نەبێ

لە جێى خۆى نەبزوت

لەکاتێکدا برادەرەکەى

بەخێرایی پەلى داوێت

تیککە گۆشتێکى بۆ بێنێ

ئەو منداڵەى دانیشتبوو

کوێر بوو

 

* ژنانى شەو

 

ژنانى شەوم زۆر خۆش دەوێن

لەبەر ئەوەنا

دڵى بەرزیان هەیە

یان زۆر بە خەڵکى دەخەنن

بەڵکو یەکیانم بینى

باوەشى بە سەربازێکى خەمباردا کردبوو

نەیدەناسى

کیسەیەکى گەورەى میوەى

بۆ منداڵەکانى پێدەدا

 

 

 

 

* ئەو سەرەى بە سۆپا دەچێ

 

ئەو سەرەى بە سۆپا دەچێ

سەرى هاوسێمانە

فرۆشیارى جل و بەرگى کۆنى سەربازى

ئینجا بەهۆى

هەڵگێڕ و وەرگێڕى جل و بەرگى سەربازان

تەواوى شەڕ دەبینێ و

بە گەرمى دەگەڕێتەوە ناو منداڵەکانى.

 

* باخچەى قوتابخانە

 

کە مامۆستا وشەى (شەڕ)ى نووسى

منداڵان بایەخیان پێ نەدا

زۆر چاوەڕێى پشوو بوون

هەندێ ئاو و شەربەت و

شەڕە دەنووکى جوان لە باخچەدا

کە گەورە بوون:

ناکاو خۆیان

لە سەنگەر و دارەمەیت و

بیناکانى خانەنشینیدا دیتەوە

گوللەیان بەدواوەیە

تەنێ ڕاویان دەنێ

بێ ئەوەى بایەخێک بەمە بدا

مامۆستا

کە وشەى (شەڕ)ى نووسى و بە درێژایی وانە گریا.

 

* بە نموونە

 

ڕۆژێ دونیا سەرسام دەکەم

بە نموونە

شەقێک لە جوانترین کچى شار دەدەم

پاشان لە باوەشى دەگرم

یان دەست و قاچگەلێکى دەسکرد

بۆ ئەو تۆلازانە دەکڕم

کە تا کێڵگەى مین خۆیان هەڵدا

یان دەچمە ناو هێلکەى چۆلەکەیەک

دەست بەسەر ئەو کۆرپەلەیە دادەنێم

کە جل و بەرگى سەربازى دەبینێ

بێگومان ڕقى لێم دەبێتەوە.

وەک مۆرى ڕزق

لەگەڵ دەستفرۆشان دەنووم

یان لە کتێبەکانى قوتابخانەدا

وەک وێنەى زۆردارێک

بەڵام

من نەخۆشم دایە... نەخۆش

دەرمانیش لە گۆڕستانە.

 

ئاماژە :

* قاسم سعوودى:  شاعیرێکى عەرەبى عێراقییە ساڵى 1969 لە بەغدا لەدایک بووە، تا ئێستا چەندان کۆشیعرى بڵاوکردوەتەوە و چەند خەڵاتێکى وەرگرتووە لەوانە:

ـ خەڵاتى ( الشارقە ) بۆ داهێنانى ئەدەبى

ـ شیعرەکان لە کۆشیعرى قاسم سعوودى – (الێعود على ڤهر ڕبی) – دەزگاى (العنوان) بۆ بڵاوکردنەوە - چاپى یەکەم – 2016 کراون بە کوردى .

 

 Image result for verden kunst

گەڕان بۆ بابەت