ما 3953 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نادڵنیا، دیسان لە دۆڵەکە دەپەڕمەوە،... بە سەر جۆگە ئاوەکەدا، بەسەر بەردەکان و گیا شینە نەرمەکاندا. ئەگەرچی دڵنیا نیم، بەڵام دەزانم لە ناو نادڵنیاییش دا شتێک هەیە دیسان بتوانی رووی تێ بکەیتەوە. دەروونی کات ئەوەندەیش بەتاڵ نیە. لانیکەم خۆمی جاران لەوێم.

 

دیمەنێکی سپی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەموو ساڵێک کاتێک زستان تەواو دەبێ، بەهار بە لەنجەولار دەگا و دونیا رەنگین هەڵدێ، رێک لەوبەری دۆڵەکە، لەگەڵ رووان و سەرهەڵدانەوەی سەوزی درەختەکان، خانوویەکی سپیش دەڕوێتەوە. خانوویەکی سپی بە پەنجەرە گەورەکان و دەرگا دوو تاکییەکەیەوە کە لەبەر تیشکی هەتاوی ئێوارەدا، کە لە پشت ماڵەکەی ئێمەوە دادەچێ، وەها دەدرەوشێتەوە چاو دەرەقەتی بینینی نایەت.

ئێمە هەموو زستانێک لە چاوەڕوانی ئەو خانووەدا کاتەکان بەسەردەکەین و کە بەهاریش دێ، خۆ تەرخان دەکەین بۆ سەیرکردنی،... لێرەوە. لە بنەماڵەی چوار کەسیی ئێمە، لە ترسی درۆیینە بوونی ئەو خانووە، کەسمان ئەو ئیزنە بە خۆی نادا دۆڵەکە ببڕێ و بچێ لە نزیکەوە سەردانی خانووەکە بکا. ئێمە حەزدەکەین رووانی ئەو خانووە، وەک هاتنی بەهار و سەوزبوونەوەی درەختەکان راست بێ. بۆیە لە نیگای ئێمەدا تەنیا دوو شت بەدی دەکرێ: ترس و سەرسوڕمان. کە جاری وایە وەها تێکەڵ بەیەکتر دەبن، ناناسرێنەوە. باوکم دەڵێ جوانترین و سەرنجڕاکێشترین شتەکانی دونیایش ئەوانەن لە رەگەزی تێکەڵێکی نەناسراو.

بەڵام تەنیا رووان و سپپیەتیی خانووەکە نیە بۆ ئێمە سەرنجڕاکێشە. چەند رۆژێک تێناپەڕێ کە دەبینین دوو منداڵی سپی پۆشی پێست یەکجار سپی، کە وەک خانووەکە لەبەر هەتاودا دەدرەوشێنەوە، بە ئێواراندا دەردەکەون و خەریکی یاری دەبن. منداڵەکان کە لە کوڕ و کچێکی تەمەن نزیک دە ساڵان دەکەن، لە هەڵاتن، تلانەوە، سەرکەوتن بە سەر درەختەکاندا و هەروەها لە پێکەنین تێر نابن. تریقەی ژیانیان دەگاتە ئێمە. دەنگیان وەک خوڕەی کانیاوێک گیانی پیری دایکم دەبوژێنێتەوە و دایکم دەکەوێتە پێکەنینێکی شێتانە و بەردەوام،... هەتا هەتاو دادەچێ.

باوکم کە رۆژ تا ئێوارە لە باغەکەی تەنیشت خاونووکەماندا خەریکی ئاودان و پارێزگاری کردن و پێڕاگەیشتن بە سێوەکانیەتی، لە نێوان هەر دوو درەختێکدا بۆ چەند چرکەیەک رادەوەستێ و لادەکاتەوە و لە خانووە سپییەکە دەڕوانێ. لای ئەو، خانووەکە بۆن و تامی سێو دەدا و لە دەروونیدا داوا لە گەردوون دەکا هیچ ساڵێک لە رووانەوەی ئەو خانووە درێغی نەکا.

خوشکەکەیشم لە حەوشەکە، لە تەنیشت گوڵەکانی دادەنیشێ و لێی دەڕوانێ. لای ئەویش ئێمە خاوەنی سەیرترین و سیحراویترین دراوسێی دونیاین. کە دەنگی مندالەکان دەگاتە گوێی، میهرەبانانە پێدەکەنێ و دەستەکانی وەک باوەش دەکاتەوە و ئاسمان لە ئامێز دەگرێ. ئەو هەموو رۆژێک گۆنای لە گۆنای هەتاو دەسوێ و بە شەویش تریفەی مانگ دەبێ بە تیشکی نیگاکانی.

کە شەویش دێت، دەستێکی نادیار لەبەر هەموو پەنجەرەکاندا مۆم دادەگیرسێنێ. ئەو مۆمانەی ژوورەکان وەک رۆژ رووناک دەکەنەوە. ئەو ژوورانەی کەسیان تیا نابینرێ و کەچی پڕن لە هەناسە و ودمی ژیان.

بەڵام لەو ناوەدا هەر منم جۆرێکی تر بیردەکەمەوە. لای من، خانوو، درەخت نیە بڕوێتەوە، لای من ناکرێ منداڵەکان هەموو ساڵێک هەر لەو تەمەنە و هەر لەو قەوارەدا بن، لای من ناکرێ دوو منداڵ ساڵانی ساڵ لە ماڵێک دا بژین بە بێ دایک و باوک،... لای من ناکرێ هەموو ئێوارەیەک تەنیا گوێم لە دەنگی تریقەی پێکەنین بێت،... بەلام لە هەمان کاتدا نە دەوێرم رۆژێک لە دۆڵەکە بپەڕمەوە و بچم لە نزیکەوە راست و دروستیی تاقی بکەمەوە و نە دەوێرم باوەڕ بە خۆم بێنم کە هەموو ئەو دیمەنەی هەموومان دەیبینین تەنیا خەونە و بەس. من لە گەڵ ئەوەی جۆرێکی تر بیردەکەمەوە، بەلام زیاتر لە دایکم و باوکم و خوشکەکەم حەزدەکەم ئەو خانووە بە دوو منداڵەکەیەوە لەوێ بن،... هەموو ساڵێک.

من دەزانم نەک لای ئێمە وەک بنەماڵە، بەڵکو لای هەموو مرۆڤەکان شتێک هەیە بە ناوی بێتاقەتی و دووپاتبوونەوە کە هەموو لێی بێزارن. خانووە سپییەکە لەو دیوی ئەم سنوورانەوەیە.

کە هەوا بەرەو ساردی بادەداتەوە و بای پاییزیی لە نووکی شاخەکەوە بە دۆڵەکەدا سەرەوخوار دەبێتەوە، لەگەڵ رووتبوونەوەی هەموو رۆژەی لقی درەختەکان و سیس بوون و وەرینی گەڵاکان، هەر رۆژەی بەشێک لە خانووەکەیش وندەبێ. ونبوونێک کە لە بانەکەیەوە دەست پێدەکا، تا دەگاتە پەنجەرە و دەرگاکانی و ئەوسا دیوارەکان. دووا شت کە ون دەبێ، منداڵەکانن. بە هەمان جل و بەرگی بەهارەوە. لای خۆم بیردەکەمەوە ونبوونیش هەر لەوان جوانە.

کە رەنگی ئاسمانیش دەگۆڕدرێ و هەورەکان دادەبەزن و دونیا دەبێ بە خۆڵەمێشی، ئاگام لێیە منداڵەکانیش نیگایان دەگۆڕدرێ و لەوبەرەوە بە حەسرەتەوە سەیری ئێمە دەکەن. جاری وایە حەزدەکەم بچم و لە ئامێزیان بگرم و بڵێم ئەمساڵ ناهێڵم بڕۆن، بەڵام دایکم بەرم دەگرێ و دەڵێ گەر نەهێڵی ئەوا ساڵێکی تر رەنگە لە چەشنی بەهار نەگەڕێنەوە.

بەڵام ساڵێک خانووەکە لەگەڵ سەوزبوونەوەی درەختەکان، نەڕوایەوە. باوکم لە ناو باخی سێوەکانییەوە، دایکم لە پشت پەنجەرەکەوە، خوشکەکەم لە تەنیشت گوڵەکانییەوە و منیش لێرەوە بە خەمینی لەوبەر دەڕوانین و چاوەڕوانین. رۆژەکان تێدەپەڕن و خانووەکە هەر دیار نیە. باشە چی روویداوە؟

باوکم دەڵی رەنگە ئێمە هەڵە بین و بەهار هێشتا نەهاتبێ، دەڵی بەوە نیە بەفر توواوەتەوە،... تەنیا نیشانەی زستان بەفر نیە. دایکم دەڵێ رەنگە هەر وێنەی زستان بێ بەسەر شووشەکانەوە مابێتەوە. بۆیە هەڵدەستێ و بە تەمای هێنانی پەڕۆیەکی خاوێنکردنەوە، روو لە ژوورەکەی تر دەکا. خوشکەکەم دەڵی رەنگە گوڵەکانی من هەموو هەناسەی بەهاریان قۆستبێتەوە. بۆیە بڕیاردەدا باخچەکەی تێکبدا. لەو ناوەدا تەنیا منم جۆرێکی تر بیردەکەمەوە. دەڵێم راوەستن! ئێوە هیچ کامتان هەڵە نین، ئەمساڵ ئەو خانووە نەڕواوەتەوە چونکە خانوو ناڕوێتەوە. بە سەرسوڕمانەوە لێم دەڕوانن و دەڵێن ئەی بۆ جاران دەڕوایەوە؟ دەڵێم جاران ئێمە تەنیا پێمان وابوو شتێک بە ناوی خانووی سپی بە دوو منداڵەوە دەڕوایەوە. ئەوان سەرم لێ بادەدەن و دەڵێن مەگەر هەر خۆت نەبوویت خراپتر لە ئێمە پێیەوە سەرقاڵ بوویت؟ دەڵێم گەر جارێک بتانهێشتایە من لە دۆڵەکە بپەڕمەوە و بچم تاقی بکەمەوە، ئەوا بەتووش ئەم رۆژەوە نەدەبووین. دەڵێم ئیستایش درەنگ نیە. رەنگە بچم و لە نزیکەوە بیبینم باشتر بێت.

ئەوسا بە بێ ئەوەی کەسێک رێگام لێبگرێ، لە دۆڵەکە دەپەڕمەوە، بە سەر ئەو جۆگە ئاوەدا بازدەدەم کە پێچ و لوول دەخوا و لە شوێنێک لەو خوارانە ون دەبێ، بە سەر بەردە وردەکان و گیا شینە نەرمەکاندا هەنگاو هەڵدێنم و، دەگەمە نزیک شوێنی خانووەکە. سەرم نەوییە کە گوێم لە دەنگی تریقەی پێکەنین دەبێ. سەرهەڵدەبڕم و بە سەرسوڕمانەوە دەبینم دوو کەس، دوو کەسی گەورە ساڵ، لەبەر دەممدان، بە هەمان خانووی سپییەوە لە پشت سەریاندا. دوو کەسەکە چەند هەنگاوێک بەرەوڕووم دێن. یەکیان دەڵێ "دەتناسینەوە، ئەوە ئەمساڵ بۆ خانووەکەتان دیار نیە؟ ئەو خانووەی لەکاتی هەڵاتنی هەتاودا دەبێ بە تۆپە گوڵە سپی و لە کاتی داچوونی هەتاویش دا دەبێ بە بەشێک لە زەردەپەڕی ئێوارە؟ ئەو خانووەی هەموو ساڵێک لەگەڵ بەهار دەڕوێتەوە؟" بە سەرسوڕمانەوە سەیریان دەکەم. حەزدەکەم بپرسم ئێوە هەر ئەو دوو مندالە نین،... ئێوە هەر...، بەڵام ناپرسم. بە پێچەوانەوە دەڵێم چیتر باخی سێوەکەی باوکم خێر و بێری ئەوەی پێوە نەبوو ژیانمان دابین بکا، بۆیە بارو بنەمان پێچایەوە و رۆیشتین، وەک ئاوی ئەو جۆگەلەیە، ئیستایش هەر بۆ یادکردنەوەیەک رووم کردووەتەوە ئێرە. یادی جاران. یەکیان دەڵێ "یادکردنەوە؟... ئەها یادکردنەوە!" ئەوسا روو لە هاوڕێکەی دەکا و دەڵێ "خۆ بێگومان دەزانی کە یادکردنەوە بەشێکە لە ژیان؟... خۆ دەزانی؟" ئەوی تریان دەڵێ با بچین مۆمەکان هەڵکەین. ئەمە دەڵێن و دەڕۆن. هێشتا چەند هەنگاوێک دوور نەکەوتوونەتەوە کە یەکیان لادەکاتەوە و دەڵی "باخی سێو، باوکت؟... مەگەر جگە لە دوو منداڵ کەسی تر لەوێ دەژین؟"

من لادەکەمەوە و سەیری خانووەکەی خۆمان دەکەم. هیچ نابینم. نە خانوو، نە باوکم، نە دایکم، نە خوشکەکەم و نە باغی سێوەکە و باخچەی گوڵەکان.

نادڵنیا، دیسان لە دۆڵەکە دەپەڕمەوە،... بە سەر جۆگە ئاوەکەدا، بەسەر بەردەکان و گیا شینە نەرمەکاندا. ئەگەرچی دڵنیا نیم، بەڵام دەزانم لە ناو نادڵنیاییش دا شتێک هەیە دیسان بتوانی رووی تێ بکەیتەوە. دەروونی کات ئەوەندەیش بەتاڵ نیە. لانیکەم خۆمی جاران لەوێم.

Bilderesultat for white house in jungle

گەڕان بۆ بابەت