و. هاوڕێ یوسفی

نموونەی کلاسیکی پێناسەی مارکس لە ئابووریی ڕەشۆکی پێشەکیەکەیەتی بۆ ئێدیتی دووهەمی ئەڵمانیی بەرگی 1ی سەرمایە. مارکس بۆ نیگارکردنی پەرەنەسەندوویی ئابووریی ئاڵمانیا، گەشەی ئابووری لە ئینگلیز قۆناغە زانستی و ڕەشۆکیەکانی خول/پۆلێنبەندی دەکات و گرێی دەدات بە پەرەسەندنی خەباتی چینایەتیەوە. 

 

ئابووریی ڕەشۆکی

مەگناد دێسای

و؛ هاوڕێ یوسفی

ئابووریی ڕەشۆکی (vulgar economics) ئاوڵناوێکە مارکس بۆ وێناکردنی ئابووریی پۆست ڕیکاردۆیی هەڵیدەبژێرێت. دوای ئەمە نووسەرانی مارکسیست وەک دەربڕینێکی لێکدراو بەکاریان هێنا تاکوو هەم ئابووریی کلاسیکی پۆست ڕیکاردۆیی لەخۆ بگرێت و هەم ئابووریی نیۆکلاسیک. ئابووریی ڕەشۆکی بەتایبەت ئاماژە بەم بابەتانە دەکات: ئەو نووسینانەی کە چڕبوونەتەوە لەسەر دیاردە ڕووکەشەکان، بۆنموونە دان و داواکاری، ڕەچاو نەکردنی پێوەندیەکانی بەهای بونیادی و هەروەها ئەو شیکاریەی حەزەر دەکات لە توێژینەوەی پێوەندیە ئابووریەکان بەشێوەیەکی زانستی و بەتایبەت نیگەرانە لە قووڵ بوونەوە لە پێوەندیە چینایەتییە هەبووەکانی لە بنچینەکانی دانوستاندنە کاڵاییەکان. ئەمە لایەنە دواییە ئابووریی ڕەشۆکی دەکاتە پاساودەرانە، بەگوتەیەکی دیکە، پتر حەزی لە بەرگری و پاساوی عەقڵانیی بەرژەوەندیەکانی بوورژوازیە، تەنانەت قوربانیکردنی بێلایەنیی زانستی.

نموونەی کلاسیکی پێناسەی مارکس لە ئابووریی ڕەشۆکی پێشەکیەکەیەتی بۆ ئێدیتی دووهەمی ئەڵمانیی بەرگی 1ی سەرمایە. مارکس بۆ نیگارکردنی پەرەنەسەندوویی ئابووریی ئاڵمانیا، گەشەی ئابووری لە ئینگلیز قۆناغە زانستی و ڕەشۆکیەکانی خول/پۆلێنبەندی دەکات و گرێی دەدات بە پەرەسەندنی خەباتی چینایەتیەوە. ئابووریی سیاسی کە "سنوورەکانی ئاسۆی بوورژوازی"دا دەمێنێتەوە لەبری ئەوەی سەرمایەداری بە "قۆناغی مێژوومەندیی پێگەیشتنەکەی" بزانێت بە "فۆرمی ڕەهای دواجارەکیی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی"ی دادەنێت. بۆ ئەمە، ئابووریی سیاسی تەنیا تا ئەو شوێنە دەکرێ بە زانست دابنرێت کە خەباتی چینایەتی شاراوە یان پەرتەوازە بێت. بەم چەشنە، گەر پیشەسازیی مۆدێرن لە خۆلی ساوایی خۆیدایە و گەر خەباتی سەرمایە/ کار ملکەچی باقی خەباتەکانە، بۆنموونە خەباتی بوورژوازی لەگەڵ فیۆدالیزم، ئەوکات توێژینەوەی زانستی بەردەوام مەیسەر و مسۆگەرە. ڕیکاردۆ (بڕواننە ڕیکاردۆ و مارکس) بە دوایین نوێنەری گەورەی ئابووریی سیاسیی ئینگلیزی دادەنرێت چونکە لە کارەکەیدا پێکناکۆکیی بەرژەوەندیە چینایەتیەکان سەرەکی و دیاریکەرن.

بەپێی بۆچوونی مارکس، خولی نێوان 1820 و 1830، دوایین دەیەی چالاکیی زانستیە کە کۆی سادەکردنەوە و پەرەسەندنی تیۆری ڕیکاردۆ و موناقەشەی دوور لە دەمارگرژی و پێشداوەری دژی تەفسیرە بوورژواییەکانی تیۆری ڕیکاردۆ دەگرێتەوە. مارکس لێرەدا ئاماژە بە قوتابخانەی سۆسیالیستە ڕیکاردۆییەکان و هێرشە سەرەتاییەکان دەکات بۆسەر تیۆری ڕیکاردۆ لە "کلووپی ئابووریی سیاسی"دا. بەپێی بۆچوونی مارکس، ئەوکات بوورژوازی لە فەرانسا و ئینگلیزدا بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا زاڵ ببوون و هەرکە بە دەسەڵات گەیشتبوون بۆ خەباتی لەگەڵ نەزمی فیۆدالیی کۆندا چیتر پێویستیان بە ئابووریی سیاسی وەک چەکێکی ڕەخنەگرانە نەبوو. هەروەها خەباتی چینایەتیش هەنووکە شێوەیەکی ڕاشکاوانەتری گرتبووە خۆی. "[خەباتی چینایەتی] زەنگی مەرگی ئابووریی زانستیی بوورژوازیی لێدا". پاش ئەمە چیتر پرسەکە لەسەر ئەمە نەبوو کە ئایا ئەم یان ئەو گریمانە حەقیقەتە یان نا، بەڵکوو پرسەکە ئەمە بوو کە ئایا ئەم گریمانە بۆ سەرمایە کەڵکدارە یان نا، چاکترە یان نا، لە ڕووی سیاسیەوە مەترسیدارە یان نا". سەرەڕای ئەمە، ئابووریی سیاسی لە خەباتی "یاسای دژە دانەوێڵەکان"دا وەک چەکێکی ڕەخنەگرانە بەکارهێنرا. بە هەڵوەشاندنەوەی "یاساکانی دانەوێڵە"، ئابووریی ڕەشۆکی بەرماوەی دەسەڵاتە ڕەخنەییەکەی لەکیسدا.

مێژوونووسانی مارکسیستی دوایی ئابووریی سیاسی خول/ پۆلێنبەندیەکەی مارکسیان پەسەند کرد (بۆوێنە ڕووبین 1979)، بەڵام پشکنینێکی ڕەخەگرانەی بۆنەکرا. دیاریکردنی مێژوویەکی ورد، واتە 1830، کە بکرێت بە کاتێکی دانێین کە بوورژوازی دەسەڵاتی بەدەستەوەگرت بۆخۆی پرسێکە. هەروەها جێگەی گومانە ئایا دەکرێت بڵێین ساوایی پیشەسازیی مۆدێرن، کە وەک هۆکارێکی ئاسانکارانە بۆ ئەگەردار کردنی ئابووریی سیاسیی زانستی لە دەیەی 1820 باس دەکرێت، بەو دەیەوە کۆتایی هاتووە. هەروەها دەتوانین بڵێین پەسەندی ناڕەخنەیی ئەم ناتۆرەیە و خولبەندیە بووە هۆی ئەوەی مارکسیستەکان شکست بهێنن لە جیاکاریی نێوان ئابووریزانانی (ڕەشۆکی)ی دواییدا.

Related image

بازدید: 1001