غەمگین بۆڵی
ئەمجۆرە گوتارە كە دەق بە پێوەری باشە و خراپە هەڵدەسەنگێنرێت، ئەوە نە هیچ بەهایەك بۆ كاری ڕەخنەسازیی دەهێڵێتەوە، نە حورمەتێكیش بۆ بەهای دەق. ئەمجۆرە زمانەی بنووسیش كە گوتارەكەی پێ نووسیوە لە هەناوی هەمان میتۆدی خراپەوە هاتۆتە بوون. ئەمجۆرە گوتارانە لە خزمەت ئەو سیستەمە دەكات كە دەشێت بە سیستەمی سڕینەوە ناوی بهێنین

 

بۆچی مێش كرێچی ناو شەكردان نەبێت؟* ٢

بەرەو گفتوگۆیەكی ڕەخنەیی لەگەڵ (ئارام سەدیق)

 غەمگین بۆڵی

میتۆدی باشە و خراپە

 ئەمجۆرە گوتارە كە دەق بە پێوەری باشە و خراپە هەڵدەسەنگێنرێت، ئەوە نە هیچ بەهایەك بۆ كاری ڕەخنەسازیی دەهێڵێتەوە، نە حورمەتێكیش بۆ بەهای دەق. ئەمجۆرە زمانەی بنووسیش كە گوتارەكەی پێ نووسیوە لە هەناوی هەمان میتۆدی خراپەوە هاتۆتە بوون. ئەمجۆرە گوتارانە لە خزمەت ئەو سیستەمە دەكات كە دەشێت بە سیستەمی سڕینەوە ناوی بهێنین، كە ئامانج لەو سیستەمە هەتكردنی زمانی ڕەخنە و ئەدەبی كوردییە و هەمیش خزمەتكردنە بە زمانی ڕاگەیاندنەكانی حزب و گوتارەكانی ئاینی لە ڕۆژی هەینیدا. ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی كاری ڕۆژنامەگەریی بنووس كە لە ڕۆژنامەی (هەولێر) بەناوی (ئارام كۆشكی)یەوە كاری هەواڵنووسین و ڕاڤەكردنی كتێب و ڕاپۆرتنووسین دەكات.**

ئەمجۆرە نووسینانەیش درێژكراوەی هەمان ئەزموونن، وەلێ بە قەبارەی زیاتر و خەساركردنی لاپەڕەی زیاتر. هەروەها لە قالبدانی چەندان هەواڵ و بابەت و ڕاڤەكردنی كتێب لە قاوغی هەمان گوتاری سواو و گوتراوی پێشوەختە. ئەگەر سەیری كۆی نووسینەكانی بنووس بكەین دەگەینە ئەو حەقیقەتەی كە لە كۆی نووسینەكانیدا ناگەین بە شتێكی تازە. واتە وەك خوێنەرێك وەبەر بۆچوونێكی تازە و دیوێكی شاراوەی دەقەكانی شاعیرێكمان نیشان نادات. لێرەدا بە پێویستی دەزانم بپرسم، ئایا لەم نووسینەدا كام میتۆدی تازەی ئەدەبیاتت بەكار هێناوە؟ ئاخر میتۆد بەر لەوەی پرۆژەی نووسین بێت، پرۆژەی بیركردنەوە و خوێندنەوەی جددییە. ئایا بەو جۆرە میتۆدە خوێنەر دەتوانێت بیر لەو چەمكانە بكاتەوە؟ ئاخر ئەوە هێزی میتۆدە وامان لێ دەكات زیاتر بیربكەینەوە و بۆ هەر پەڕەگرافێك زیاتر قووڵ ببینەوە و بۆ هەر چەمكێكیش زیاتر بگەڕێن. ئایا بنووس لەم گوتارە سواوەیدا ئەوەی كردووە؟ ئایا ئەمجۆرە نووسینە جگە لە دروستكردنی وەهمی شاعیرێكی دیكە و دروستكردنی درۆی ڕووت، چی بە خوێنەران بەخشیوە؟ ئایا نووسین دەبێت لە پێناوی نووسین بێت، یان لە پێناوی زمان و بیركردنەوە؟ نووسەر دەبێت ئامانجی یەكەمی زمان بێت و لە ڕێگەی هزری زمانەوە قووڵ ببێتەوە و ئازاد بێت، دواتریش وەبەر شتی تازە بكەوێت و ئەزموونیان بكات، نەوەك ئامانجی تەنیا نووسین بێت لە پێناوی نووسین. ئەمجۆرە لە زمانی نووسین، زمانێكی پەرش و بڵاوە و خۆی بە هەموو شتێكدا دەدات و باسی هەموو شتێكیش دەكات، وەلێ لە كۆتاییدا خوێنەری هۆشیار هیچی لەلا بەجێنامینێت. واتە گوتارێکە هەموو گوتراوی ئامادە و پێشوەختەی تێ دەئاخرێت و هیچ ناڵێت شیاوی گوتن بێت،چونكە ئەمجۆرە گوتارە لە ڕوخساردا وادیارە هەمووشتێك دەڵێت، كەچی هیچیش ناڵێت. چۆن ئەمجۆرە نووسینە باسی هەموو شتێك دەكات تەنیا بابەتی بەرباس نەبێت، یان باسی هەموو شتێك دەكات و حەقی تەواو بە هیچیشیان نادات. چۆن ئەمجۆرە زمانە درێژكراوەی فیكری زمانی كادیرانی حزبە، ئەو زمانەی كە هێندەی ئامانجی ئیهانەكردنی بەرانبەرە، هێندە ئامانجی دامەزراندنی بنەمایەكی ڕەخنەیی نییە. ئەمجۆرە زمانە هێندەی لە گوتارێكی هەڕەشەكردن نزیك دەبێتەوە، هێندە گوتارێكی ئەدەبیی نییە. ئایا لە كوێی گوتاری ئەدەبیاتی دونیادا هەبووە، ڕەخنەگرێكی ئەدەبی جنێو و هەڕەشە لە نووسەری دەق بكات؟ ئایا ئەوە هەمان فیكری گوتاری سیاسیی كوردی و ئایینی نییە؟ ئەگەر نییە دەكرێت بنووس پێمان بڵێت: چییە؟ گوتاری ئێستای سیاسەتی كوردی، هێندەی گوتارێكی تێكدەر و ڕووخێنەر و تۆمەت دروستكردنە، هێندە گوتارێكی بنیاتنەرانە و پاك نییە. بنووس ئێستایش بە فیكرەیەكی سواوەوە بە میتۆدی باش و خراپ دەق هەڵدەسەنگێنێت. لێرەدا دەپرسم، ئایا هەڵسەنگاندنی دەقە بەمجۆرە لە ئەدەبیاتی كوردیدا نیوسەدە زیاترە كاری پێ دەكرێت؟ ئایا دەكرێت ئاماژە بەو میتۆدە بدەیت كە بەو میتۆدە دەقەكانت هەڵسەنگاندبێت؟ ئایا بەجددی بڕوات بە زانستی ڕەخنەسازیی هەیە؟ ئایا میتۆد بەلای تۆوە چییە و چۆن كاری پێدەكەیت؟ ئایا ئەوە كاری چی ڕەخنەگرێكە ڕێنمایی ئەدەبی دەر بكات؟ ئایا لە دونیای ئەدەبیاتدا، شتێك هەیە بەناوی ڕەخنەیی ڕێنمایی؟ بنووسێك كە ساڵانە كتێب دەخاتە ناو كتێبخانەی كوردییەوە، دەلوێت بە نووسەرێك بڵێت بیرنەكەرەوە و دواتریش ڕاڤە لەبارەی شیعرییەكانیەوە بكات؟ ئەگەر پرۆسەی بیركردنەوە بوونی نەبێت، ئایا بوونی دەق لە كوێدایە؟ ئایا دروستە لەبارەی (دەقی شاعیری بیرنەكەرەوەوە). (2) بنووسین؟ ئاخر دەبێت بەر لە نووسین بزانین هەموو دەقێك بە پرۆسەی بیركردنەوەدا تێدەپەڕێت و هیچ دەقێك بەدەر نییە لە بیركردنەوە. بنووس نووسیویەتی: " پێویستمان بە نەریتی ڕەخنەییە بۆ خوێندنەوەی شیعری كوردی و دەستبخەینە سەر ئەو كۆپیكارییە هەڵەیەی..." (3) ئایا دەكرێت بزانین نەریتی ڕەخنەیی چییە؟ ئەگەر كەسێك ساڵانێك خۆی بە كاری ڕەخنەییەوە هەڵواسیبێت، ناشێت چەمكێك بەبێ بیركردنەوە و قووڵبوونەوە لێی فڕێ بداتە ناو نووسینەوە! ئەگەر مەبەست لە كولتووری ڕەخنەیی بێت، ئەوا جیاوازە لە نەریتی ڕەخنەیی... ئایا لە نێوان پەیڤی نەریت و كولتووردا جیاوازیی دەكەیت، یان هەردووكیان هاوواتان؟ ئایا هەر بەڕاست لەلای تۆ نەریت چییە؟ ئایا هەر بەڕاست نەریت كولتوورە؟ ئایا چۆن لە نەریت تێگەیشتوویت؟ ئایا دەتەوێت بە "نەریتی ڕەخنەیی" چی بڵێیت؟ هەر لەسەر ئەو ڕستەیەدا دەوەستم. بنووس هەردووك وشەی "كاریگەریی" و "كۆپیكاریی" تێكەڵ دەكات. ئایا ئەوانە لە ڕووی چەمك و چییەتییەوە یەك مانایان هەیە؟ دواتر ئەگەر پێوەرێك لەم نێوەندەدا هەبێت و زانستی بێت، تیۆری كاریگەریی و زانستی دەقئاوێزانییە. ئایا لێرەدا زانستی دەقئاوێزانی بوونی نییە؟ ئەرێ زانستی دەقئاوێزانی بەلای بنووسەوە مانای هەیە و چی دەگەیەنێت؟ ئایا بنووس چۆن لە چەمکی كاریگەریی تێگەیشتووە؟ ئایا كاریگەریی بە وشەیەك یان بابەتێك ڕوودەدات؟ ئایا دەتوانین بە شاعیرێک بڵێین ئەو بابەتەت لەم شاعیرە بردووە و تۆ لە ژێر کاریگەری ئەودا دەنووسیت؟ ئایا بابەت دەبێتە موڵکی یەک شاعیر؟ ئایا كاریگەریی لە رێگەی بابەت و وشەوەیە، یان لە رێگەی زمان و ڕستەچنینەوەیە؟

با سەیری ئەو رستەیەش بکەین و دواتر لە بارەیەوە بپرسین: " ئەوەی دەقەكانی ڕامبۆ و بۆدلێر و مالارمێی بە ئێمە گەیاندووە، قەتیسبوون نەبووە لە مێژوویەكی دیاریكراودا."(4) ئایا دەكرێت ئاماژە بە سەرچاوەی شیعرەكانی ئەو شاعیرانە بكەیت، یان مەبەستتە بە خوێنەران بڵێیت: ئەوانەیش دەناسیت؟ ئەگەر مەبەستت تەنیا ناو ڕێزكردنی ئەو شاعیرانە نییە، بفەرموو چەندان كۆپلە لە شیعرەكانی شاعیر (مالارمێ) مان بۆ بنووسە. ئایا بە شیعری مالارمێ ئاشنایت، یان ئەوەتە بە تەنیا بەناوی مالارمێ؟ ئایا كامە كتێَبی شیعری مالارمێت خوێندۆتەوە؟ ئایا كامە كتێبی شیعری مالارمێ كراوە بە كوردی؟ بنووسی بەڕێز هەر بەوەش نەوەستاوە، چونكە ئەو دەیەوێت هەموو شتێك بئاخنێتە ناو نووسینەكەیەوە بۆ ئەوەی قەبارەی نووسینەكە گەورە ببێت و لاپەڕەی زیاتر خەسار بكات. هەر بۆیەیش زۆربەی پێشەكیی گوتارەكانی گوتراوی ئامادەن و سواون و بەردەوام لە كۆڕ و سیمینار و بابەتی بڵاوكراوە و نووسینی ئەدەبی كوردیدا دووپات دەبنەوە. ئەگەر سەیری ئەم پەڕەگرافەی بكەیت زیاتر ئەو گوتراوەمان بۆ ڕوونتر دەبێتەوە. " ئەگەر لە ئەزموونەكانی شیعری كوردی وردبینەوە، لە شاعیرانی كلاسیكەوە تا ڕوانگە و شاعیرانی دوای ڕاپەڕین، هیچ كام لەم شاعیرانە بە شێوەیەكی دروست و بەدیدێكی ڕەخنەیی فراوانەوە دەقەكانیان هەڵنەسەنگێنراوە." (5) ئایا ئەوە قسەی ڕەخنەگرێكە كە ساڵانە چەندان كتێب بە ناوی ڕخنەی ئەدەبییەوە بخاتە ناو كتێبخانەی كوردییەوە؟ ئایا ئەوە جگە لە گوتراوێكی سواو و چەندانبارەی ناو ئەدەبیاتی كوردی چیترە؟ ئایا ئەوە قسەی هەموو خوێنەرێكی شیعریی نییە؟ ئایا شتێكی تازە لەم پەڕەگرافەدا هەیە و خوێنەر بۆ یەكەمجاریی بێت بیخوێنێتەوە؟ ئایا بنووس دەیەوێت چی بڵێت و تازە بێت؟ ئایا بەجددی ئەوە لۆژیكی زمان و فیكری ئەدەبیاتە كە ئەو شتانە بەردەوام بڵێتەوە كە بە بەردەوامی گوتراون، یان ئەوە لۆژیكی خودی ئایینەكانە؟ هەروەتریش، ئەگەر ئەم گوتراوە سواوەیش وەرگرین بەدەر نییە لە پرسیاركردن. ئایا قسەكردن بەم شێوە ڕەهاییە بۆ كاری ڕەخنەگریی دروستە؟ ئایا ئەگەر شاعیرێك لە گروپی (ڕوانگە) وەرگرین، بۆ نموونە: (شێركۆ بێكەس)، ئایا بەدیدێكی ڕەخنەیی دەقەكانی تا ئێستایش هەڵنەسەنگێنراون؟ ئایا كام شاعیری كورد هەیە، هێندەی شیركۆ بێكەس دەقەكانی بەر ڕەخنە ئەدەبی و دیدی جیاواز كەوتبێت؟ ئایا ئەوە جگە لە قسەفڕێدان چیترە؟ بنووس لەبەر ئەوەی مۆدێلی باش و خراپ بەكاردەهێنێت و خاوەن دیدگەیەكی ڕەخنەیی قووڵ نییە و ناتوانێت لەناو چەمكەكاندا بیر بكاتەوە، بۆیە ڕووكەشانە سەیری دەق دەكات و لە گوتارێكدا سەدانجار گوتراوە سواوەكان دووبارە و دووبارە دەكاتەوە. نووسەر و ڕەحنەگری ئێرانی (ڕەزا بەراهەنی) لە كتێبی ( خولیای نووسین) دا دەڵێت: " ئەو كەسانەی كە نووسەران بە دووبەش دادەنێن و دەڵێن: نووسەرانی ڕەشبین و گەشبین، زەبوونترین و بەدڕەوشترین خەڵكی ڕۆژگارن. دەبێت ئەو جۆرە كەسانە لەسەر ئاخوڕی ئەخلاق ببەستییەوە، تاكوو دەست بكەن بە كاوێژی چاكە و خراپە." (6---- *( بۆچی مێش كرێچی ناو شەكردان نەبێت؟) ئەوە دێڕە شیعرێكی منە و بنووس لە گوتارەكەیدا بە دێڕە شیعرێكی بێمانا و گوتراوێكی سواوی داناوە. بۆیە منیش كردوومە بە ناونیشانی گوتارەكەم بۆ ئەوە هەم بنووس دووبارە بیخوێنێتەوە و بیر لە ماناكانی بكاتەوە، هەمیش ماناكانی بۆ خوێنەری هۆشیار بەجێبهێڵم. ** (ئارام كۆشكی) ناوێكی دیكەی (ئارام سەدیق)ە و لە ژێر ئەم ناوەوە كاری پەیامنێری بۆ ڕۆژنامەی (هەولێر) دەكات. خوێنەران دەتوانن سەیری ئەرشیفی ڕۆنامەكە بكەن، بەتایبەت لاپەڕەكانی ئەدەب و فەرهەنگ. زۆرجارانیش لە لاپەڕەكانی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی گشتی ڕاپۆرت و هەواڵ و ڕانانی كتێب دەكات.

Image result for ‫نقد‬‎

 

بازدید: 994