ما 4909 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

غەمگین بۆڵی

ئایا وەك خوێنەرێك دەتوانم داوای ئەوەت لێ بكەم گوتارێك لەبارەی چەمكی (تڕۆهات) بنووسیت؟ ئایا تڕۆهاتنووس و شاعیری بیرنەكەرەوە و ناشاعیر بەلای تۆوە چی مانایەكیان هەیە؟ دەتوانیت ناوی یەك تاقە رەخنەگری دونیام بۆ بنووسیت كە لەبارەی دەقێكی ناشیعرییەوە نووسیبێتی.

 

بۆچی مێش کرێچی ناو شەکردان نەبێت؟ ٣

بەرەو گفتوگۆیەکی ڕەخنەیی لەگەڵ (ئارام سدیق)

غەمگین بۆڵی

ئایا شیعر خۆی دژە سیستەم نییە؟

ئەم بنووسە هەمیشە هەبوونی شیعر دەگەڕێنێتەوە بۆ دژە سیستەم و بەردەوام لە هەموو گوتارەكانیدا ئەم وشەیە وەك هەوێنی نووسینەكەی پاتە دەكاتەوە و وشەی (سیستەم)ی كردۆتە بنیشتەخۆشەی سەر زمانی، بەبێ ئەوەی تاقە جارێك لە خۆی بپرسێت: سیستەم چییە و منی بنووس باسی كام سیستەم دەكەم؟ ئایا شیعر لە كوێی سیستەم دایە؟ ئایا شیعر دەتوانێت ببێتە بەشێك لە سیستەم؟ ئاخر بنووس بێئاگایە لەوەی كردەی شیعریی، كردەیەكە خۆی دژی سیستەمەكانە و شیعری نەمر هیچ سیستەمێك لەو سیستەمانە لە خۆیدا كۆ ناكاتەوە. ئەگەر زیاتر بەناو ئەو ڕەهەندەدا شۆڕ ببینەوە، ئەوە دەگەینە ئەوەی هونەری شیعر دژی سیستەمی قسەكردنە، واتە ئەم هونەرە شیعر لە قاوغی قسەكردن دەباتە دەرەوە و دژی ئەو سیستەمە دەوەستێتەوە. ئەگەر هێشتانیش وردتر ببینەوە، هەمدیسان شیعر پابەندی بنەماكانی ڕێزمان و زانستی زمانەوانی نابێت و زۆرجاران ئەوانە تێكدەشكێنێت كە وەك سیستەمێكی ڕێزمانی و زمانەوانی بەسەریدا سەپێنراوە. ئەوە قەدەری شیعری راستەقینەیە كە ئەو چوارچێوە بەندییە تێكدەشكێنێت و خۆی تەسلیمی هیچ سیستەمێك ناكات. هەروەها شیعر هەر خۆی دژی سیستەمی مانای ڕووتە و زۆرجاران لە بۆتەی شیعردا مانایەك دروست دەكات لەگەڵ مانای ڕووت ناڕێك دەكەوێتە و وەك گوتراوێكی سەیر و قۆڕ دێتە بەرچاو. بۆیە هەمیشە ئەو جوانیناسییەی لە بۆتەی شیعردا شاعیر وێنای دەكات و دەیسازێنێ، جوانییەكی ناڕێكە لە واقیعی ڕووت، وەلێ واقیعی ڕووت جیاوازی نییە لەگەڵ واقیعی فیكر و فەزای نووسین. بەختیار عەلی لە كتێبی (جوانییەكانی ناڕێكی)دا لەم بارەیەوە نووسیویەتی: "ناڕێكی لێرەدا بریتی نییە لە خواستێكی شەیتانی بۆ كاوڵكاری، بەڵكو بریتییە لە خواستێكی توند بۆ دۆزینەوەی دەرگایەك لەو قاڵبانە دەرمانبكات كە ئەقڵ و تێڕاوانینمانی تێدا دیلبووە" (7).

لێرەدا ئاماژە بە گوتراوێكی كاك ئارام سدیق دەكەم و دواتر نموونە شیعرییەكان دەخەمە ڕوو. كاك ئارام نووسیویەتی: "بنووس شەرم لەوە ناكات شیعر وەكو قسەی تڕۆهات ببینێت، چونكە بەشێكی زۆر لە وانەی بەناوی شیعرەوە چاپیكردوون، لە قسەی تڕۆهات زیاتر نین".

ئەوەیش نموونە شیعرییەكانن كە بەلای بنووسەوە قسەی تڕۆهاتن:

- ناو سگم پڕ قسەیە و خەریكی نووسینسشم.

- بۆچی بێدەنگی فەلسەفەی گوتن نەبێت؟

- بۆچی كرم ماڵی لەناو شووتی نەبێت؟

- بۆچی ژیان مردنێكی سەراوبن نەبێت؟"(8)

ئەم ڕستانەی سەرەوە بەلای كاك ئارام سەدیقەوە قسەی تڕۆهاتن، قسەی بێمانان، قسەی هەڵیتوپەڵیتن! ئەگەر بپرسین: پەیڤی (ترۆهات) بەلای بنووسەوە چی واتایەكی هەیە؟ ئایا ئەو جۆرە لە قسەكردن دەشێت ناوی بنێین گوتراوی ڕەخنەی ئەدەبی؟ ئایا ئەوە دەشێت گوتراوی كەسێك بێت، كە سەروكاری لەگەڵ ئەدەبیات و فیكردا هەبێت؟ ئەو ڕستە شیعرییانە بەلای بنووسەوە لە خەیاڵ و تێفكرینی ئەوەوە ناڕێك و ناباو و بێمانا و ناشیعر كەوتوونەتەوە، ئەو هێزە شیعرییەی كە بكەری ناو شیعریش پێی دەدوێت، پرسیاری بێ بنەما و بێمانان بەلای بنووسەوە، دەوروژێنێت. ئەگەر لە بنووس بپرسین: ئایا ئێستایش بڕوات وایە ئەو دێڕە شیعریانە بێمانا و قسەی تڕۆهاتن؟ ئەگەر بە هەمان فەزا و كەرستەی نووسینی تۆ لێت بپرسمەوە، ئایا ئەو دێڕە شیعرییانە خزمەتی سیستەم دەكەن، یان دژی سیستەمن؟ ئایا هەموو كردەیەكی قۆڕ و تۆڕەهات دژی سیستەم نییە؟ ئایا سیستەم سادەترین پێناسەی ئەوە نییە كە مەبەستی رێكخستنی هەموو ئەو كردە و شتانەیە كە لە دەورووبەرماندا هەن؟ ئایا وەك خوێنەرێك دەتوانم داوای ئەوەت لێ بكەم گوتارێك لەبارەی چەمكی (تڕۆهات) بنووسیت؟ ئایا تڕۆهاتنووس و شاعیری بیرنەكەرەوە و ناشاعیر بەلای تۆوە چی مانایەكیان هەیە؟ دەتوانیت ناوی یەك تاقە رەخنەگری دونیام بۆ بنووسیت كە لەبارەی دەقێكی ناشیعرییەوە نووسیبێتی، یان لە بارەی ئەزموونی ناشاعیرێك و شاعیرێكی بیرنەكەرەوەوە هەزاران وشەی نووسبێت و دواتریش گوتبێتی ئەو دەقانەی لەبارەیانەوە دەنووسم، شیعر نین؟ ئایا ئەگەر یەكێك خۆی بە ڕەخنەگرێكی جددی و هۆشیار بزانێت و هەموو ساڵێك كتێب لەم بوارەوە چاپ بكات، گوتراوی ئاوا فڕێ دەداتە ناو نووسینەوە؟ ئایا خوێنەرێكی هۆشیاریش قسەی وا دەكات و بڵێت: ئەو دەقەی قسەی لەبارەوە دەكەم، شیعر نییە؟ ئایا ئەگەر جیاتی بنووس لە خوێنەران بپرسم، ئایا هیچ كردەیەكی شیعری هەیە بكەوێتە دەرەوەی ماناوە، هەتاوەكو مانای نەبێت؟ هەروەتر، ئەگەر شیعرێك مانای نەبێت، ڕەخنەگر چۆن دەتوانێت لەناویدا بیر بكاتەوە و هەزاران وشەی لەبارەوە بنووسێت؟ بۆیە دەمەوێت كاك ئارام وەڵامی ئەوەم بداتەوە، ئایا ئەگەر دەقەكان ناشیعرن، چۆن توانیت ئەو گوتارە درێژدادڕەی لەبارەوە بنووسیت؟ بنووس لەبەر ئەوەی خاوەن ڕێبازێكی ڕەخنەیی نییە و بنەمایەكی جێگیری ڕەخنەیی نییە بیكاتە بنەمای كۆی گوتارەكانی، بۆیە زۆرجاران لە گوتارێك بۆ گوتارێكی دیكەیدا دژی خۆی دەوەستێتەوە. لە گوتارێكی بەناونیشانی (شیعر و دۆخی بە لێبوكبوون) دا تەواو دژی ئەم گوتارەی خۆیەتی، چونكە لەوێدا پێیوایە ناڕێكیش دەشێت جوان بێت، لەناو كردەی ناشیرینیشدا جوانی بدۆزینەوە. واتە خۆی دژی خۆی دەوەستێتەوە و دووڕوویی و دووفاقییەتی نووسینی خۆی مانیفێست دەكات." دەكرێت تابلۆیەكی جوان چێژی هەبێت، هاوكات دەكرێت تابلۆیەكی ناشیرینیش بەجۆرێك لە جۆرەكان چێژی خۆی هەبێت" (9). ئەوە ڕێك پێچەوانەی بۆچوونەكانی خۆیەتی و هەموو ئەو گوتراوانەی ناو ئەو گوتارەی خۆی دەخاتە بەردەم پرسیار و گومانەوە. ئەو جۆرە دووڕوویی و دووفاقییەتەی ناو دونیای نووسین دەمانباتە سەر ئەو هەقیقەتەی، كە لە كولتوورە خێڵەكییەكانەدا هەیە و ئەو جۆرە بنووسە خێڵەكییانە بەردەوام لەبەردەم ئەو كولتوورە ڕووكەشگەراییەدان و خۆیان لەناو بۆچوونەكانی خۆیان تەریق دەكەنەوە، بەبێ ئەوەی دركی پێ بكەن و بوەستن و بیربكەنەوە. تێهزرینی بنووس لەمجۆرە گوتارانەدا ئەوەمان بۆ كەشف دەكات، كە بێ ئاگاییەكی ئاقڵانە و ئاگامەندانە خۆی بە درۆ دەخاتەوە و وەك نووسەرێكی ساختەكار و خێڵەكیانەیش وەها خۆی نیشان دەدات كە ڕاستی ناشارێتەوە.

بنووس بەوەش نەوەستاوە و دواتر ئاماژە بەوەیش دەدات كە ئەوانە لە ژێر كاریگەریی شیعری (عەباس عەبدوڵڵا یوسف) دا نووسراون. ئەگەر لێرەدا بپرسین: (لەم گوتارەدا ئامانجمان دامەزراندنی پڕەنسیپی گفتوگۆیە، بۆیە دەبێت بۆچوون و گوتراوەكانمان وەك پرسیار ئاڕاستە بكەین) ئایا دەكرێت ئاماژە بەو شیعر و دێڕانەی عەباس عەبدوڵڵا یوسف بكەیت، كە ئەم دێڕە شیعرییانەی لە ژێر كاریگەریی ئەودا نووسراون؟ ئایا دروستە بەبێ خستنەڕووی دەقی هەردووك شاعیر، باسی كاریگەریی بكەین؟ ئایا بۆچی ئاماژەت بە نموونە شیعرییەكانی عەباس عەبدوڵڵا یوسف نەكردووە؟ ئایا دەکرێت بەبێ ئاماژەدان تۆمەتی وا وەک گوتراو فڕێ بدەین؟ ئایا ئەگەر نووسین چووە ناو ئەو قاوغەوە و بەبێ بنەمایەكی مەعریفی و رێبازێكی زانستی ڕەخنەوە، جیاوازیی چییە لەگەڵ گوتاری سیاسی حیزبی؟ ئایا لە نێوان هەردووك گوتاردا ئامانج لەوە دروستكردنی بوختان و قسەی بێ بنەمای مەعریفی نییە؟ ئایا لە نێوان ئەو جۆرە گوتارە و گوتاری كادیرێكی حیزبی، ئامانجی یەكەم شكاندنەوەی ئەوی دیكە نییە؟ ئایا لە كوێی ئەدەبیات و ڕەخنەی دونیادا هەبووە بڵێین: ئەو شاعیرە لە ژێر كاریگەری ئەو شاعیرەدایە و بەبێ ئەوەی ئاماژە بە دەقی لێچووی ئەو شاعیرە بكرێت؟ ئایا دەكرێ لە ئێستاوە تا ساڵێكی دیكەیش نموونە شیعرییەكانمان بۆ بنووسیت؟

Image result for art

گەڕان بۆ بابەت