فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین حیکایەتە گەورەکان دەتوانن لە دۆخی باو رامانپسکێنن، بەڵام ناتوانن بمانگەیەننە شوێنی مەبەست. وەها دۆخێک دەبێتە دۆخێکی بەرزەخی، واتە نە دوواوە و نە پێشەوە. ئیدی دەبینە بوونەوەرەکانی ناو "ئیستا" و بەس. 

 

 

بە هاتنە ئارای رای بیرمەندە پۆست مۆدێرنەکان لە بابەت تایبەتمەندییەکانی دۆخی نوێ، یەکێک لەو تیۆرانەی سەرنجی راکێشا و بووە جێگای قسەو باس، تیۆری "کۆتایی هاتنی چیرۆکە گەورەکان" بوو. وەک ئاشکرایە مەبەست لەم تیۆرە ئەوە بوو کە چیتر حیکایەتە گەورەکان باویان نەماوە و، دونیا بەگشتی کەوتووەتە ناو قۆناغێکی ترەوە. مەبەستیش لە حیکایەتە گەورەکان بە شێوەی سەرەکی ئایدیۆلۆژیا گەورەکان بوو، بۆ وێنە کۆمۆنیزم، ناسیۆنالیزم، ئایدیۆلۆژیای دینی و هتد. ئاساییە، گەر بپرسین داخۆ ئەوجار سەردەم سەردەمی چی دەبێ، ئەو وەڵامە وەربگرین کە سەردەم ئیتر سەردەمی حیکایەتە گچکەکانە! واتە قبوڵکردنی ئەو دۆخەی هەیە و ئەمجار جوڵە لە پێناوی چاکسازی کردنی دا. بەو تێبینییەوە کە "قبوڵکردن" بە مانای چەق بەستن نیە.  

بەڵام کاتێک ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە بە شێوەی کۆنکرێت مەبەست لە دۆخی باو چییە، دەکرێ ئەم وەڵامە بدرێتەوە مەبەست دەتوانێ بە گوێرەی کۆمەڵگاکان جۆراوجۆر بێت. بۆ وێنە لە شوێنێک دۆخی لیبراڵ ـ دیمۆکراسی و لە شوێنێکی تر دیکتاتۆری و لە وڵاتێکی دیکە سیستمێکی دینی. ناوکی تیۆری پۆست مۆدێرنیش ئەوەیە کە لە هیچ کام لەم دۆخانەدا چیدی تر ناکرێ باسی حیکایەتە گەورەکان بێتە ئاراوە و بمانەوێ گۆڕانکاریی لە ئاستی یەکجار بەرفراواندا بکرێ (واتە شۆڕش). پۆست مۆدێرنیزم کە لە سەر رێژەگەرایی راوەستاوە و بایەخ بە کلتور و دیاردە بچوکەکانیش دەدا، لە زاڵبوونی یەک کلتور یاخود یەک بۆچوون خۆدەپارێزێ. پۆست مۆدێرنیزم تیۆری هاوژیانیی هەموو تیۆر و حەقیقەتەکانە پێکەوە.

بەڵام ئایا بە راستی سەردەمی حیکایەتە گەورەکان تەواو بووە؟ رەنگە گەر بیری کۆمۆنیستی بکەینە پێوەر، دەبینین ئەم بیرە چیتر وەک جاران (لانیکەم تا هەنووکە)، توانای جوڵاندنی کۆمەڵگاکان و رێک خستنی شۆڕشە گەورەکانی نەماوە (ئەگەرچی ئیستایش لە هەندێ شوێنی گرنگی جیهاندا بنەمایە بۆ رێکخستنی دەوڵەت، لانیکەم بە گوێرەی قسەی خودی بکەرانی). بەڵام سەبارەت بە بیرکانی تر چی؟ بۆ وێنە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی و ناسیۆنالیزم؟ مەگەر ئەوە ناسیۆنالیزم نەبوو کە بووە هۆی راپرسیی گشتی لە سکۆتلاند؟ ئەی ئەوە نیە لە ناوچە کوردنشینەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست حیکایەتە گەورەکان خەڵک دەجوڵێنێ؟ ئەی ئەوە نیە هەر لەو ناوچەیە ئیسلام وەک ئایدیۆلۆژیای ئایینی شتێکی وەک داعشی لێ بەرهەم دێت؟

راستییەکانی رۆژانە ئەوەمان پێ دەڵێن تیۆرەکان وەک هەمیشە ناتوانن بە تەواوی دەربڕێ راستی بن. ئەوان وەک هەمیشە دەتوانن بەشێکی گرنگی راستییەکان وەک حەقیقەت بنوێننەوە، نەک هەمووی. بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە ئایا لە هەمان کاتدا ئەم رووداوانە ئەوەمان پێ ناڵێن کە بە راستی بە جۆرێک لە جۆرەکان سەردەمی حیکایەتە گەورەکان تەواو بووە؟ ئایا درێژەی ناکۆکی و دژوارییەکان لەو ئاستەیدا کە ئیستا دەیبینین ئەوە ناسەلمێنن کە ئەو دوو حیکایەتە گەورەیەی ئیستا لەو ناوچەیەدا بەرامبەر یەک راوەستاون (هەروەها شەڕی ناوخۆیی لە ناو هەر کام لەو حیکایەتە گەورانە)، لە نەتوانینیان بۆ سڕینەوەی یەکتر بە جۆرێک لە جۆرەکان باسی تەواوبوونی حیکایەتە گەورەکانمان بۆ دەکەن؟

جاران لە مێژووی کەمێک دوورتردا هەر بزووتنەوەیەکی پشت بەستوو بە حیکایەتە گەورەکان گەر ئەوەندە خەڵکی لە پشت بایە، دەیتوانی پاش ساڵانێکی کورتی پڕ لە بەرز و نزمی بە ئاواتەکانی خۆی بگا و ئەوەی دەیویست دابینی بکا، بەڵام ئەمڕۆکە دەبینین کە دۆخەکە لەوە یەکجار دژوارترە. حیکایەتە گەورەکان بە تووش حیکایەتە گەورەکانی ترەوە دەبن و بەم شێوەیە شەڕە ترسناکەکان روودەدەن. ئەو شەڕە ترسناکانەی سەرەڕای راوەستانیان، دەتوانن دووبارە و چەند بارە سەرهەڵبدەنەوەو دیسان بڵێسەی ئاوریان تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنێتەوە.

بە واتایەکی تر، ئەگەرچی بەردەوام حیکایەتە گەورەکان دەتوانن خۆیان بە ژوورەکانماندا بکەنەوە، بەڵام ئاکامەکانیان ئەوەندە دژوارن کە سەرەڕای ئەو هومێدانەی هاوزەمان تیاماندا دەژیەننەوە، دەتوانن بەرەو کارەساتەکانی ترمان بەرن. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین حیکایەتە گەورەکان دەتوانن لە دۆخی باو رامانپسکێنن، بەڵام ناتوانن بمانگەیەننە شوێنی مەبەست. وەها دۆخێک دەبێتە دۆخێکی بەرزەخی، واتە نە دوواوە و نە پێشەوە. ئیدی دەبینە بوونەوەرەکانی ناو "ئیستا" و بەس.

گەر بمانەوێ تیۆری پۆست مۆدێرنەکان کەمێک جوانتر دابڕێژینەوە، دەبێ بڵێین کە سەردەمی حیکایەتە گەورەکان لە ئاکامەکانیاندا بە سەر چووە نەک لە خودی هەبوونیاندا.

ئەزمونی سکۆتلاندیش نیشانی دەدا دەکرێ حیکایەتە گەورەکان لە پرۆسەیەکی هێمن و چاکسازیانەدا دەرفەتی باشتریان بۆ کردە هەبێ. ئەگەرچی مەرج نیە حەتمەن بەو ئاکامە بگەن کە وەک خولیا هەیانبووە.

 

بە کورتی، تیۆری پۆست مۆدێرنەکان لە بابەت کۆتایی هاتنی سەردەمی حیکایەتە گەورەکان، زیاتر لە ئاکامەکاندایە سەرنجڕاکێشە نەک لە خودی تیۆرەکەدا. ئەو ئاکامانەی کە ناچارمان دەکا وردبین تر بین لە کاتی داڕشتنی پرۆژە سیاسی و کلتورییەکاندا.    

بازدید: 1993