ما 7227 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

غەمگین بۆڵی

ئایا ئەو جۆرە نووسینە دووڕووییانە، پێمان ناڵێت بنووسەکەی خاوەن چەقێکی بیرکردنەوەی ڕەسەن و مەعریفەیەکی قووڵ نییە؟ ئایا هەمدیسان نموونەی ئەو دوو کۆنتێکستە، پێمان ناڵێت ئەوە لە فەزای گوتاری سیاسی لە دایکبووە؟ ئایا فێلکردن لە خوێنەران، فێڵکردن نییە لە خودی خۆی؟ 

 

بۆچێ مێش کرێچی ناو شەکردان نەبێت؟ ٥

بەرەو گفتوگۆیەکی ڕەخنەیی لەگەڵ (ئارام سەدیق)

غەمگین بۆڵی

دووڕوویی وەک وەهمی نوێگەریی

لەم چەند ساڵی دواییدا رۆژنامە و گۆڤار هێندە زۆربوون، کە بۆ ئەوەی لاپەڕەکان پڕ ببنەوە هەموو گوتار و بابەتێک بڵاودەکەنەوە. زۆرجاران نووسەران ناچار دەکەن بنووسن، بەبێ ئەوەی ئامادەیی نووسینیان تێدا بێت. ئاخر ئەوەی گۆڤاری (شیعر)یش درێژکراوەی هەمان ئەو دەرکەوتە پەرتەوازەی بواری ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی کوردییە. ئایا ئەگەر ئەو گوتارانەی بەناوی ڕەخنەوە سەرپەرشتیارانی ئەو گۆڤارە دەینووسن، کەسێکی دیکە بینووسێت بڵاوی دەکەنەوە؟ ئایا ئەگەر ستافی ئەو گۆڤارە بابەتە وەرگێڕدراوەکان لابەرن و تەنها خۆیان لەناویدا بنووسن، خوێنەران تاکوو چی ئاستێک پێشوازی لێ دەکەن؟ ئایا ئەو جۆرە گوتارانە ڕووی ئەوەیان هەیە وەربگێڕدرێنە سەر زمانێکی دیکە؟ ئایا مەبەست چییە لە دانانی ئەو جۆرە گوتارانە لە پاڵ نووسین و گوتاری بیرمەندانی جیهانی؟ ئایا ئەوە مایەی مەزمەستانێکی گاڵتەجاریی نییە، شاعیرێک بە (تڕۆهات ـ تڕۆهاتنووس – کۆڵەوار - کۆیلە– کۆپیکار- ئەحمەق... هتد). وەسف بکەیت و بەرهەمەکەت پێ هیچێکی وێرانە بێت، کەچی لەبارەیەوە بنووسیت؟ ئایا کاتێ ڕەخنەگری ڕاستەقینە و دوور لە دەمارگیریی لەبارەی بەرهەمی لاوازەوە بیەوێت بنووسێت، چی وەک نووسینێکی قووڵبین بە دەستەوە دەدات؟ هەمیشە کاری ڕەخنەگری جددی لەسەر ڕەهەندە بەهێزەکانی دەق دادەمەزرێت و ڕەخنەگری جددی بە هۆشیارییەکی فرەڕەهەندەوە بە باڵای فانتازیاکانیدا هەڵدەزنێت و لەناو ئەو دەقەدا زمانی نووسین گەشە دەکات و خەیاڵی زمان درێژ دەبێتەوە، وەلێ ئەگەر دەقێک هیچ و وێران بێت، ئایا خەیاڵی زمانی نووسین چی بەرهەمدێنتێت؟ باشە ئەگەر شیعرێک خاڵی بێـت لەو ڕەهەندانە، تۆ وەک (ڕەخنەگر) چی تێدا دەدۆزیتەوە کە شیاوی نووسین بێت؟ بۆیە بنووس چونکە بڕیاری داوە بە میتۆدی خراپە بنووسێت، نووسیەتی: "سادەیی ئەم وشانەی غەمگین بۆڵی بە جۆرێکە، ناکرێت ناوی شیعریان لێ بنرێت." (16).

ئایا شیعرێک بە نووسینێکی شیاو نەزانین، دەکرێت نووسینێکی شیاوی لەسەر بنووسین؟ ئەی ئەگەر شیعر نییە بۆچی گوتارێکی شیعریی لەبارەیەوە دەنووسیت؟ سەیر ئەوەیە تۆ بەدەمی خۆت بڵێیت: ئەو ئەوە شیعر نییە و ئەو بەرهەمە هیچ نییە، کەچی گوتارێکی چەندان لاپەڕەیی لەبارەیەوە بنووسیت؟ ئایا ئەوە دووڕوویی ناو نووسین نییە؟ دووڕوویی ناو نووسین لە دەرئەنجامی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک نووسەر خاوەن پێگەیەکی قووڵی مەعریفی نەبێت، یان بەمانایەکی دیکە ئەو نووسەرە خاوەن چەقێکی بیرکردنەوەی ڕەسەن نەبێت. ئەو جۆرە بنووسانە بەردەوام دژی خۆیان دەوەستنەوە و بەدرێژایی میژووی ئیشکردنیان خەریکی خۆ تەریقکردنەوەن. ئەگەرچی نموونەکان زۆرن، وەلێ ئێمە ئەو نموونانەمان هەڵبژاردووە کە دەکەونە ناو فەزای ئەو نووسینەوە.

لێرەدا بابزانین ئارام سەدیق چۆن دژی خۆی قسەدەکاتەوە و بێئاگاییانە دژی خۆی قسە دەکاتەوە.

بنووس لە گوتارێکدا بەناونیشانی (درۆ و مۆدێرنە لە شیعریی حەقیقەتی شاراوەی گۆران رەسوڵ)دا نووسیویەتی: "یەکێک لەو خاڵانەی لە شیعری نەوەی نوێدا سەرنجم رادەکێشێت قسەکردنە لەسەر ئەو دونیا تازەیەی رۆژانە هەموان بەری دەکەوین. دونیایەک تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و مرۆڤەکان لەنێو ئەو هەموو ئاسانکارییەی تەکنەلۆژیانی نوێ بۆی دەستەبەرکردوون، بەڵام هێشتا بە ژیان راناگەن. شیعری نەوەی نوێ زۆر بە باشی گوزارشتی لەم (دۆخە کردووە) و دەکرێت لە شاعیرانی ئەم نەوەیە ئاماژە بە (داستان بەرزان، عومەر جەلال، پشتیوان عەلی، غەمگین بۆڵی، بەشدار سامی، ئاریان ئەبوبەکر، رێبین ئەحمەد خدر و گۆران رەسوڵ…) چەند شاعیرێکیش تریش بکەین، بەڵام ئەم شاعیرانەی ناومان هێنان توانیویانە دونیای نوێ لە تێکستەکانیاندا بتوێننەوە و خوێنەر هەست بە نوێبوونی تێکستەکە بکات. بە جۆرێک شیعر لەبری ئەوەی وێناکردنی دونیایەکی خەیاڵی‌ بێت و پیشاندان و دووبارەکردنەوەی ئەو دونیا خەیاڵیەی نێو شیعری کلاسیک بێت. شیعری نەوەی نوێ وێناکردنی دونیای نوێیە وەکو خۆی. واتە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە شیعری نەوەی نوێ کار لە خەیاڵدا ناکات و تەنها واقیع دەنوسێتەوە، نەخێر، بەڵکو شیعری نوێ کارکردنە لەنێو خەیاڵدا بۆ نووسینەوەی واقیع، واقیعێک کە مرۆی نوێ بەری دەکەوێت و ئازاری بەدەستەوە دەخوات و شیعری نەوەی نوێ پیشاندانی ژیانی نوێیە بەبێ دەمامک و ئەو لێکەوتانەی تاک لەم سەردەمە نوێیەدا بەری دەکەوێت. هەر بۆیە دەبینین زۆرجار موفرەدەکانی دونیای نوێ لە شیعرەکاندا بەکار دەبرێن. واتە ئەگەر شیعری نەوەی نوێ خاوەنی زمانێکی تایبەت بەخۆی نەبێت بۆ گوزارشت ئەوا ناکرێت بڵێین موفرەدە و دونیابینی تایبەت بە خۆی نییە. بوونی موفرەدەی نوێ و رەنگدانەوەی دونیابینین و بەرکەوتنی شتەکان بە جۆرێکی تر، هەنگاوێکە بۆ دۆزینەوەی زمانێکی نوێی شیعریی"(17).

ئەمەی خوارەوەیش پەڕەگرافێکە لە گوتاری (بەرەو وێرانەیەکی شیعریی) کە ئەمجارە نەک منی پێ شاعیرێکی نوێگەر نییە، بەڵکوو جارێک پێی شاعیرێکی بیرنەکەرەوە و جارێکیش پێی تڕۆهاتنووس و ناشاعیر و کۆیلە و ..هتد". ترم. "غەمگین بۆڵی نموونەی ئەو شاعیرانەیە، کە لەبڕی ئەوەی لە شیعرەکانیدا پرسیاری قووڵ و فیکری بخاتەڕوو، جۆرێک لە کۆمیدیا و قسەی بێمانای بەرهەمهێناوە، کە نە دەچێتە خانەی شیعرەوە، نە دەچێتە خانەی هیچ جۆرە دەقێکەوە، کە بنووسەکەی کەسێکی بیرکەرەوە بێت، بەڵکو دەچێتە ئەو خانەیەوە، کە بنووسەکەی تەنیا هەڵڕشتنی وشە دەزانێت" (18).

بەراوردکردنی ئەو دوو پەڕەگرافە هێندە سادەیە کە هەموو جۆرە خوێنەرێک درکی پێدەکات. ئەو جۆرە دووڕووییەی بنووس منی خوێنەر دەخاتە بەردەم کۆمەڵێک ئەگەرەوە، یەکێکیش لەو ئەگەرانە ئەوەیە، دەشێت پێشووتر (منی شاعیر) لە بازنەی میتۆدی باشەی ئەودا بووبم و ئێستایش (منی شاعیر) لە میتۆدی خراپەی ئەودام. هەروەتریش ئەوە ڕێک هەقیقەتی گوتارنووسانی کوردمان نیشان دەدات، کە بەپێی میزاجی کەسیێتی کار لەسەر دەق دەکەن. واتە دەقی نووسەر گرنگ نییە، بەڵکوو نووسەری دەق گرنگە. ئەو جۆرە هەقیقەتە پێمان دەڵێت: (تۆ کە وەک من بیرت دەکردەوە، شاعیرێکی باش بوویت، بەڵام کە وەک من بیرت نەکردەوە، شاعیرێکی خراپی).

ئایا ئەو جۆرە نووسینە دووڕووییانە، پێمان ناڵێت بنووسەکەی خاوەن چەقێکی بیرکردنەوەی ڕەسەن و مەعریفەیەکی قووڵ نییە؟ ئایا هەمدیسان نموونەی ئەو دوو کۆنتێکستە، پێمان ناڵێت ئەوە لە فەزای گوتاری سیاسی لە دایکبووە؟ ئایا فێلکردن لە خوێنەران، فێڵکردن نییە لە خودی خۆی؟

هەر نووسەرێک هەوڵی ئەوە بدات لە ڕێگەی گوتارەکانیەوە دووڕوویی و فێڵ بنووسێتەوە، باشترین سزای خوێنەر ئەوەیە نەیخوێنێتەوە. چونکە ئەمجۆرە بنووسانە مادامەکینێ دووڕوونە لەگەڵ خودی خۆیان و چەندان دەمامکی ڕەنگاوڕەنگ دەپۆشن، باشترە ڕووی ڕاستەقینەیان نیشانی خوێنەر بدرێت. ئایا یەک ڕەخنەگری دونیا هەیە ڕێگە بە خۆی بدات لە گوتارەکانیدا دووڕوویی وەکوو وەهمی نوێگەریی و هەقیقەت مانیفێست بکات؟ ئەو جۆرە بنووسانەی وەکوو کاک ئارام سەدیق تووشی وەهمی فەیسبووک و سەرشاشە بوونە، هەمیشە هەوڵدەدەن وەک پاڵەوانێک دەرکەون، وەلێ بێئاگا لەوەی کە هەمیشە وەک پاڵەوانێکی دەمامکدار خۆیان نمایش دەکەن، چۆن دونیای تەکنەلۆژی پڕە لە ماسکی درۆزنانە. بۆیە بێئاگاییانە دیسان بە نووسینێکی خۆی دژی خۆی دەوەستێتەوە و دەنووسێت: " زەمینەی درۆکردن لە دونیای تازەدا ئاسان بووە، بە جۆرێک هەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەوەکانەوە تا تۆڕەکانی میدیایی، هۆکارن بۆ پەخشکردنی درۆ و گۆڕینی سیمای مرۆڤەکان و بەرهەمهێنانی درۆ و لە پاڵیشیدا شاردنەوە و کەنارخستنی هەقیقەت" (19).

سەرچاوە و پەراوێزەکانی ئەو ئەو بەشە:

16ـ درۆ و مۆدێرنە لە شیعریی حەقیقەتی شاراوەی (گۆران رەسوڵ) دا – ئارام سدیق- سایتی (دەنگەکان). ئەمەیش لینکی گوتارەیەکە: http://dengekan.info/…/%D8%AF%D8%B1%DB%86-%D9%88-%D9%85%DB…/

17- بەرەو وێرانەیەکی شیعریی، سەبارەت بە شیعری "غەمگین بۆڵی". ئارام سەدیق. ژمارە (6)ی گۆڤاری شیعر 2018. لاپەڕە 185.

18- درۆ و مۆدێرنە لە شیعریی حەقیقەتی شاراوەی (گۆران رەسوڵ) دا – ئارام سدیق- سایتی (دەنگەکان). ئەمەیش لینکی گوتارەیەکە: http://dengekan.info/…/%D8%AF%D8%B1%DB%86-%D9%88-%D9%85%DB%… .

19-درۆ و مۆدێرنە لە شیعریی حەقیقەتی شاراوەی (گۆران رەسوڵ) دا – ئارام سدیق- سایتی (دەنگەکان). ئەمەیش لینکی گوتارەیەکە: http://dengekan.info/…/%D8%AF%D8%B1%DB%86-%D9%88-%D9%85%DB…/

.Image result for ‫هنر‬‎

گەڕان بۆ بابەت