فەڕۆخ نێعمەتپوور

سیاسەت، بەجۆرێک پانتاییەکانی دەوری مرۆڤ بەرین دەکاتەوە کە دەتوانێ ئاسۆی بیرکردنەوەی تا بێ سنوور لەگەڵ خۆی پەلکێش بکا. بەڵام لەبیرمان نەچێ بە مەرجێک کە لە سیاسەت وەک زانست بڕوانین، وەک شوێنێک بۆ گفتوگۆ، لەیەک گەیشتن، شیکاری و پراکتیزەکردن، نەک وەک کاردانەوەیەکی هەست ئامێز و سادە. چونکە دەکرێ سیاسیش بین و هاوکات گەمژە!

 

گەمژەیی و سیاسەت

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە یۆنانی کەونارادا، وشەی گەمژە (احمق) لە ژیانی سیاسی دا بەکاربراوە و، گەمژە بە سەرۆکی بنەماڵەیەک گوتراوە کە لە ژیانی دەوڵەت دا بەشداری نەکردووە. واتە کەسێک کە لە ژیانی سیاسی دا چالاک نەبووە.

هەڵبەت دەتوانین بە دوو شێوە ئەم وشەیە لێک بدەینەوە: بە شێوەی یەکەم دەتوانین بڵێین بەشداری نەکردن لە ژیانی سیاسی دا دەبێتە هۆی گەمژەیی و، بە شێوەی دووهەم، بەو واتایە کە بەشداری نەکردن لە ژیانی سیاسی دا لە گەمژەییەوە دێت. بەهەرحاڵ لە هەردووکی ئەم حاڵەتانەدا، مرۆڤێک بەرهەم دێت کە گەمژەیە. گەمژەیی بریتییە لا دابڕان لە نێوان کەس وەک 'تاک' و ژیانی دەورووبەری وەک 'کۆ'.

بەڵام کەسێکی وەها بۆ گەمژەیە؟ لە وەڵام دا دەتوانین بڵێین چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و هەمیشە لەناو کۆدا دەژی، بۆیە لەناو سیستم دایە و سیستمیش خاوەن لۆژیکی بەڕێوەبەری و سیاسەتە. ئەم مرۆڤە بە حوکمی ئەوەی لە سیستم دا ژیان بەسەردەبا هەمیشە لەژێر سێبەری سیاسەتێکی تایبەت دا دەژی کە بەڕێوەبەران رەچاوی دەکەن. جا کەسێک کە بەشداری لە سیاسەت، واتە بەڕێوەبەری وڵات دا ناکا، ئەوا چ بیەوێ و چ نەیەوێ کەسانی تر بۆی دەکەن. بۆیە دەتوانین بڵێین کەسی گەمژە گەمژەیە چونکە چارەنووسی خۆی داوەتە دەست کەسانی تر بە بێ ئەوەی لێیان بپرسێتەوە، یاخود لە ئاستی خۆیدا داوای بەشی خۆی لە پرۆسەی بەشداری دا بکاتەوە.

بەڵام بەشداریکردن لە سیاسەت دا ئەوەندەیش ئاسان نیە. بۆ بەشداریکردن دەبێ خاوەن دیمۆکراسی و ئازادی بین. بۆیە دیمۆکراسی و ئازادی مەرجی بنەڕەتیی چالاکبوون لە بواری سیاسەتدان. ئیستا پرسیار ئەوەیە ئەی گەر ئازادی و دیمۆکراسی نەبوو، چی؟

بێگومان نەبوونی ئازادی و دیمۆکراسی، باجی بەشداری لە سیاسەتدا دەباتە سەرەوە و چالاکی سیاسی دەبێ خۆی بخاتە مەترسییەوە. لێرەوەیە کە جۆرێک لە خۆبواردن شکڵ دەگرێ و زۆرینە هەوڵدەدەن تەنیا خۆ بە ژیانی ئاساییەوە سەرقاڵ بکەن و گوێ نەدەنە سیاسەت. بەڵام کێشە لەوەدایە کە بەشداری نەکردن لە سیاسەت دەبێتە هۆی هەستکردن بەو گەمژەییەی کە یۆناییەکان باسی دەکەن. ئەو هەستەی کە درەنگ یا زوو سەرهەڵدەدا و مرۆڤ بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکا. جگە لەوەی ئەو بەربەستانەی سەرکوتگەران دروستی دەکەن، لەدرێژخایەندا دەبنە هۆی دنەدانی خەڵک بۆ ئاوڕدانەوە لە سیاسەت، بەڵام هاوکات بەهۆی نیازی دەروونیی مرۆڤ بە سیاسەت و بەشداریکردن تێیدا، جۆرێک لە ئاگایی سەبارەت بەم گەمژەییەیش دروست دەبێ. ئەو ئاگاییەی کە وروژێنەرە و دەبێتە هاتنە مەیدانیان.

کەواتە یەکێک لە مەرجەکانی هەست بەخۆکردن وەک مرۆڤ، بەشداری لە سیاسەتدایە. بەڵام نابێ ئەمە بەرەو ئەو بۆچوونەمان ببا کە سیاسەت و حیزبایەتی بەناچار یەک شتن، ئەگەرچی حیزبایەتی فۆڕمی پێشکەوتوو و رێکخراوی چالاکبوونی سیاسییە. سیاسی بوون دەتوانێ لە کاردانەوەی رۆژانە بە کاروباری وڵات و جۆری سیاسەت داڕشتنی حاکمان دەست پێ بکا هەتا دەگاتە بەشداری لە هەڵبژاردن (یان بەشداری نەکردن تێیدا) و دامەزراندنی پێگە مەدەنییەکان و کۆبوونەوە گشتییەکان بە تایبەت لەناو شەقامدا. لە بیرمان نەچی کە لەی بیرمەندە لیبرالیستەکان پانتایی کۆمەڵگای مەدەنی ئەو شوێنەیە کە گوشار دەخاتە سەر دەسەڵات و دەتوانێ ناچاری بکا بە زۆر شت.

بۆ دوورکەوتنەوە لە گەمژەیی، مرۆڤ پێویستە لە سیاسەتدا بە جۆرێک چالاک بێت. لە ژیانی رۆژانەیش دا دەبینین ئەوانەی وا ئاگایان لە کێشەکانی ناو کۆمەڵگایە و دەتوانن شرۆڤەی بکەن، وەک مرۆڤی زیرەک لێیان دەڕوانین. ئەوانە بەشێکی زۆرتر لەپانتایی و توانایی مێشکیان وەگەڕدەخەن و وزەیەکی زیاتر لە ژیانیان سەرف دەکەن. ئەوان سنوورەکانی خۆیان وەک 'تاک' دەبەزێنن و دەچنە بواری 'گشتی'یەوە.

سیاسەت، بەجۆرێک پانتاییەکانی دەوری مرۆڤ بەرین دەکاتەوە کە دەتوانێ ئاسۆی بیرکردنەوەی تا بێ سنوور لەگەڵ خۆی پەلکێش بکا. بەڵام لەبیرمان نەچێ بە مەرجێک کە لە سیاسەت وەک زانست بڕوانین، وەک شوێنێک بۆ گفتوگۆ، لەیەک گەیشتن، شیکاری و پراکتیزەکردن، نەک وەک کاردانەوەیەکی هەست ئامێز و سادە. چونکە دەکرێ سیاسیش بین و هاوکات گەمژە!

 Image result for politikk

بازدید: 1009