فەڕۆخ نێعمەتپوور

بە پێچەوانەی دێڕەکەی مام هێمن، چاویلکەکە یارمەتی چاوەکە دەکا بۆ ئەوەی بتوانێ باشتر بڕوانێ و چاوە جوانەکان بە پێچەوانەی کزبوونی چاوی پیریی تەمەن ببینێ! بەڵام شاعیر بۆ هێنانەوی قافیە، راستی و درووستیی مانا لەبیردەکا و گوێی ناداتێ!

 

 

چاویلکەکەی هێمن

فەڕۆخ نێعمەتپوور

یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شیعری نوێ، تەنگەبەربوونی قافیە و کێش و وەزن بوو بۆ دەربرینی هەست و مانای شاعیرانە. بەرەبەرە بە هۆی گۆڕانی دۆخی دونیا، ژیانی کۆمەڵگای تازە، هاتنە ئارای پەیوەندیی نوێ، بیری نوی و گەشەی ژیانی شارنشینی، پێویستیی سەرهەڵدانی شێوازێکی تر لە شیعر هاتە گۆڕێ کە بتوانێ تەعبیر لە دۆخی نوێ بکا. شاعیران بۆ ئەم مەبەستە هەم وشە قەدەغەکانیان هێنایە ناو شیعر و هەم وەزنیان شکاند و بەم شێوەیە ئازادانەتر هەڵس و کەوتیان لەگەڵ شیعر وەک شێوازێکی دەربڕین کرد. دیارە بەو تێبینییەوە کە شیعری کۆن قەت بە تەواوی جێگای چۆڵ نەکرد و گەلێک کەس هێشتا بەم شێوازە پابەندن و شیعری پێ دەهۆننەوە.

هەڵبەت ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی هەر شیعرێک بەم شێوازە نووسرا، ئیتر بەرگی شیعرییەتی لەبەردا بوو. راستییەکەی ئەوەیە کە لەگەڵ ئازادبوونی شیعر لە چوارچێوە تەسکەکانی جاران، شاعیر دەبا بە گوێرەی ئازادبوون وەها شێوازێک لە شیعرییەت و قوڵبوونەوە بە ماناکانی دۆخی نوێدا پێشکەش بکا بۆ ئەوەی بتوانێ قەرەبووی ئەو ئازادییە بکاتەوە شیعر بەدەستی هێنابوو! لێرەوە بە ڕای من شیعر گوتن دژوارتر بوو، نەک ئاسانتر.

وەک گوتمان یەکێک لە رێگرەکانی رەهاکردنی بیر و شیعرییەت لە شیعردا قافیە و وەزن بوو، وەها زۆر جار شاعیران ناچاردەکران بۆ پابەندبوون بە وەزن، لە هەندێ وشە کەڵک وەربگرن کە دوواتر وەک مانا لە جێی خۆیدا نەبوو و لە راستیدا لە پێناوی شکڵ، خیانەت بە مانا دەکرا.

یەکێک لەو شیعرانە لە لای 'هێمن' ی شاعیر دەست دەکەوێ.

لە مەسنەوەی 'چاویلکە' لە نووسینی هێمن، شاعیر دەڵێ: ئیستا پیرم و کەوتوومەتە ئاویلکە / چاوی جوانم لێ ون دەکا چاویلکە!

چاویلکە لەم دێڕەدا لەبەرامبەر ئاویلکەدا هاتووە بە مەبەستی پابەندبوون بە وەزن و قافیە. بەڵام لێرەدا هێمنی شاعیر لەپێناوی شکڵ، مانای لەدەست چووە. بۆ؟

زۆر سادە چونکا بە پێچەوانەی دێڕەکەی مام هێمن، چاویلکەکە یارمەتی چاوەکە دەکا بۆ ئەوەی بتوانێ باشتر بڕوانێ و چاوە جوانەکان بە پێچەوانەی کزبوونی چاوی پیریی تەمەن ببینێ! بەڵام شاعیر بۆ هێنانەوی قافیە، راستی و درووستیی مانا لەبیردەکا و گوێی ناداتێ!

هەڵبەت رەنگە بگوترێ کە مەبەستی هێمن ئاماژەدان بە پیرییە و لە راستیدا هەم ئاویلکە و هەم چاویلکە وەک دوو وشە سەلمێنەری چاخی پیرین لەم شیعرەدا. بەڵام دەبێ بڵێین ئەمە ئەو کاتە راست دەبوو کە چاویلکە لە فۆنکسیۆن و کارکردی راستەقینەی خۆیدا بەکارنەبرایە، واتە دەبا لە مانای مەجازیدا بەکارببرایە. مەعلوم نیە مام هێمن بۆچی پێی وایە چاویلکە دەبێتە هۆی کزتر بوونی چاوی مرۆڤ! 

چوارچێوەکان لە هەر مانایەک و لەهەر بوارێکدا تەنگەبەرن و، سەرەڕای هەوڵی مرۆڤ، ئەوان لۆژیکی خۆیان دەسەپێنن. بۆیە یەکێک لە شیوەکانی خۆدەربازکردن لێیان، شکاندنیانە.

 Image result for ‫هێمن موکریانی‬‎