ما 914 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رزگار لوتفی

وامدەزانی رابوردوو فەرامۆش دەکرێ و دەتوانرێ لە یاد ببردرێتەوە؛ بەڵام ئێستا دەزانم و بڕواشم هێناوە رابوردوو بە چنگەکڕێش بێ رێگای خۆی لە ئێستاو داهاتووشدا دەکاتەوە و بەهەر لەونێک بووە لە قۆناغێکدا بوونی متافیزیای خۆی دەسەپێنێت. 

 


دۆڵاوی ماسییەکان


دۆڵاوێکی مەترو نیو لە دوو مەتری گاڵوانیزەی سیخناخ لە ئاو، لە رێگای سۆندەیەکی یەکچوارومەوە کە بە دینامێکی گچکەوە لکێندراوە و لە دڵی ئاوەکە رۆچووە لە دەم سووپەرماڕکێتەکەو لە سەر شۆستە سەنگفەڕشەکە هەناسە دەدات. قوڵپەو خوڕەی ئاوو خیسەخیسی هەناسەکێشانی سۆندەکە، جگە لەوەی سەرنجی کڕیارو رێبوارانی ئەوناوە رادەکێشێن، ماسییە قزلئالا پەرواربووەکانی ناو دۆڵاوەکەشیان حەیران کردووە. بە پێوەرەکان کات دووپێیە و خۆری سەر سنووری نیوەڕۆژێکی سوورەتاوی هاوین، ئەو وەرەقە ئیرانیتە گاڵوانیزانەی بە وەزاڵە هێناون کە بوونەتە کەپری دۆڵاوی ماسییەکان و سێبەریان بەخشیوەتە بەشێکی لاکێشی شۆستەکە.


جارناجارێ دووکاندارەکە لە ژوورەکەی دێتە دەر و تۆڕێکی کیسەئاسای دەسکدرێژ لە دۆڵاوەکە وەردەدا و ئاپۆڕەی ماسییە راماو و کەمسرتەکان دەهەژێنێ و ئاڵۆز و پەرتەوازەیان دەکات. لە گەڵ هەر رۆکردنێکیش چەند یەکەی ماسییەکان کەم دەبنەوە و دوای ساتەوەختێک دەڵێی؛ " نە بایان دیتووە و نە بۆران!" و، گوێڕایەڵانە و بێفەرمان دەچنەوە شوێنی یەکەمیان و بە دەوری لرڤە و قوڵتەی ئاوەکەدا ئاپۆڕە دەبەستنەوە و سەرسامی هەناسە دەستکردەکانی سۆندەکە دەبنەوە. رەنگە ئۆخژنێکی پتریش بە دەروونیاندا بگەڕێ کاتێک دەبینن تەنک و تەنکتر دەبنەوە و چوون رابوردوو، شوێنەکەیان بەرتەنگ و تەسک نامێنێتەوە.

 

 

 

قامکە بە کارەکان

وەخت و ناوەخت سەرنجم لە سەر داپۆشی چەرمینی دەسکەی کورسییەکانی نووسینگەکەم ــ نووسینگەی خانووبەرە ــ دەگیرسێتەوە، چ مووشتەرییەکانم لەوێ بن و چ ئەوەی کە پەپوو لەو فەزایەدا بخوێنێت. بۆ وێنە؛ ئەمڕۆ، دوێنێ، پێرێ و هەموو ئەو رۆژانەی کاتێک لە پشت مێزە تایبەتییە ڤایبێرگلاسەکەی خۆم دانیشتووم و نە تەلەفۆنەکەم زەنگی خواردووە و نە مۆبایلەکەشم چوون برێشکەی سەرساج هەڵیخستووەتەوە و، هەنیشکە تیژەکانم پشتی مێزەکەمیان جەڕاندوون و بوونەتە کۆڵەکەی چەناگەم، ئادەمیزادێک شەکەت لە گەڕان و لارەلار، لەوبەری شەقامەکەوە دەپەڕێتەوە و بە ئەستەم پلەی جۆگەکەی نێوانمان دەبڕێ و کەلەلای کەلەلا، دەرگە شووشەبەندەکەی نووسینگەکەم دەکاتەوە و بەرلەوەی سەر سڵاوێک بپەڕمێ، یا لەوانەیە فەرامۆشی کردبێ، یان ئەوەی کە بە پێویستی نەزانیبێ، دێتە ژوورەوە و ناگەم بە خێرهاتنی بکەم جەستە ئاشناکەی هەڵدەداتە سەر کورسییەک و نرکەی لێدێ و، بەر لەوەی شەکەتی ڕێگا دەربکات و پشوویەک باو کەمێک بحەسێتەوە؛ بە چاوە نیگەران و تێکچڕژاو و ناهومێدەکانییەوە رووم تێدەکا و بەو دەنگە زیک و رووشێنەرەیەوە دەڵێ:

ــ تکایە خانووی کرێتان هەیە؟!

منیش بێئەوەی وەڵامی بدەمەوە و کاتێک هێشتا نیگام ــ عادەتەن ــ لە سەر داپۆشی چەرمینی دەسکەکانی ئەو کورسییەی بە سەریدا تڵیساوەتەوە و نەبزاوتووە و لە قامکە بەکارەکانی دەڕوانم، بە دەم رامانمەوە بیر لە ئاڵوگۆڕیان دەکەمەوە و دەخوازم؛ سێتێک کورسی ئیستیلی دەسک رووتی بێ داپۆش بخەمە جێیان، بەشکوو چیدی قامکە بەکارەکانی موشتەرییەکانم نەتوانن زەفەر بە داپۆشە چەرمەکەیان بەرن و چوون مشکێکی بەدفەڕی لە خودا بێخەبەر بە هەورەکەیاندا نەڕۆنە خوار و نەیجاون و نەیپروێنن و چیدی خۆشم، خۆمی پەککەوتەی دڵپڕمەراق، هەواسم کۆ بکەمەوە و رایگوێزمەوە بۆ سەر کاسبییە چەور و نان و ئاودارەکەم.

 

 

 

 

 

تەرمێک بۆ هەموو ساتەکان

تا ئەو رۆژەی لە بەر سوورەتاوێکی تاقەتپڕووکێندا ــ رۆژێک لە ناوەڕاستمانگی هاوین ــ دوای ئەوەی بە دەم رێکردنی سەر شۆستەکانەوە، کەل و پەلی بەردەم تەنها دووکانە کۆنەفرۆشەکەی شارەکەمان سەرنجی راکێشام و لە ناویاندا چەند پاکەتنامەی چڵکنی بە کەژپێچراوی رەنگپەڕیوم بەدیکردن و پاش وەرگرتنەوەیان لە ژێر سێبەری شۆرەبییەکی پارکە گشتییەکەی شاردا کەوتمە خوێندنەوەیان، وامدەزانی رابوردوو فەرامۆش دەکرێ و دەتوانرێ لە یاد ببردرێتەوە؛ بەڵام ئێستا دەزانم و بڕواشم هێناوە رابوردوو بە چنگەکڕێش بێ رێگای خۆی لە ئێستاو داهاتووشدا دەکاتەوە و بەهەر لەونێک بووە لە قۆناغێکدا بوونی متافیزیای خۆی دەسەپێنێت. بوونێک ئارام ئارام لە گروگاڵی دڵەوە سەرچاوە دەگرێ و بە ناو خولیاو سۆزە لە بڕاننەهاتووەکان، دڵەکوتێ و مەراقەکان، چاوەڕوانییە مەرگاوییەکان و ژوانە کوڵگرتووەکاندا رێدەکاو سەرەنجام لە رووداوێکی نەگریسی لێکدابڕاندا دەگیرسێتەوە و جێخۆش دەکا و بۆ هەتاهەتایە دەمۆڵێت. ئەو بوونەی تەرمێکی شلکی قورسە، شانەکانت دەهێزرێنێ و ناتوانیت لە هێچ کۆڵان و پارک و قەبرستان و بەستێنێکی شاردا بینێژیت و بەیانیکات، وەختێک دیسانەوە بۆ دەستەبەرکردنی حاجەتێک پێ دەنێیتەوە کۆڵان و شەقامەکان، دەیبینی گۆرەوشاردراوە و شێلگیرانە لە دووت دەگەڕێ و دیسانەوە مەیلی سواری پشتە نەزۆک و کۆماوەکەتی کردووە. لەوکاتەشدا هەزار خۆزگە و بریا دەخوازی و خۆت دەخەیتە بەر بارانی تیری تەشەرو توانجی دەروونت کە بۆ زووتر بیرت لە لێکهەڵخووشانی کومێدە کۆنەکەی جل و بەرگەکانی لاوییەتیت نەکردۆتەوە و هێشتووتە بێئەوەی دایکت بە چەکمەجەکانیدا بچێتەوە و ناواخنەکانی دەرهاوێژێ؛ بە تەنها کۆنەکڕەکەی شارەکەتانی فرۆشتووە و بووەتە هۆی گەڕانەوەی خەسێنەری رابوردووە تاڵ و ئەنجامپووچەکەی ئەوینت!

گەڕان بۆ بابەت