ما 3240 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 سەلاح بەهرامی

خۆشترین شت لە دونیادا ئەوەیە کە لە ناوەڕاستی مەیدانی دوازدە سوارە بیت و ئاگات لە خۆت نەبێت و لەپڕ هەستی خۆشەویستی داگیرت بکات، یان لە بەرەو مەیدانی دوازدە سوارە پیاسە بکەیت و هەر کە گەشتییە ئەوێ، لەپڕ خۆشەویستەکەت بتگرێ و ماچت بکات. ئەمە خۆشترین هێرشی دونیایە.

 

دوازدە سوارە ١٠

سەلاح بەهرامی

نازانم بۆ دەبێ بیر لە داگیرکەر بکەمەوە و، چیرۆکەکانم به بوونی بهەژێنم. مەگەر داگیرکەر خۆی نازانێ چییه و چۆنە و چی دەکات، مەگەر نازانێ ئەو جوگرافیای ئەو داگیری کردووه دەبێ هەر ڕۆژێک چۆڵی کات بۆ خاوەنە ڕەسەنەکەی.

بۆ دەبێ بیر لە جوانییەکان نەکەینەوە، جوانییەکانی دوازدە سوارە زۆرن، پڕە لە چیرۆکی خۆشەویستی و ماچ.

خۆشترین شت لە دونیادا ئەوەیە کە لە ناوەڕاستی مەیدانی دوازدە سوارە بیت و ئاگات لە خۆت نەبێت و لەپڕ هەستی خۆشەویستی داگیرت بکات، یان لە بەرەو مەیدانی دوازدە سوارە پیاسە بکەیت و هەر کە گەشتییە ئەوێ، لەپڕ خۆشەویستەکەت بتگرێ و ماچت بکات. ئەمە خۆشترین هێرشی دونیایە کە لە مەیدانی دوازدە سوارە دەکرێته سەر مرۆڤ. چیدی ئەم داگیرکەرە نەک قیزەون نییە، نەک ناحەز نییە، نەک ناوچاو ترشاو نییە، نەک گەماڵ نییە، بەڵکوو داگیرکەرێکی چاوجوان و ناسک و وەک ئاسکە، ماچ چێژبەخشترین چەکی مرۆڤە کە بە بێ ئەوەی ئازارت بدات دەتکوژێت بە بێ ئەوەی لە بەرامبەر ئەو کوشتنەدا خۆڕاگری بکەیت. مرۆڤ حەزی لەم جۆرە کوژرانەیە.

پاسەوانەکەی مەیدانی دوازدە سوارە ئێستا چاوی خۆشەویستەکەته کە بەردەوام ئاگای لێتە و شەو و ڕۆژ ناناسێت و چەکی پاسەوانەکەش نیگای یارە کە تیری برژانگی وەک دەسڕێژی گوللە بەرەو تۆ دێت و دەرچوونت نییە لەم داوە.

ئەم شەوە بێ کۆتاییەی دوازدە سوارە زۆڵفی داگیرکەرە بەسەر چاودا دەدرێت و، هەموو ڕوناکییەکت لێ قەدەغە دەکات و ڕێگا نادات چاوت بە ڕۆژی ڕوون بکەوێت.

نەگەیشتنە ماڵەوەی ئێمە لەو شەوەدا وەک دیلبوونە لە بەندیخانەی خۆشەویستی، بە بێ ئەوەی کە ئێمە دادگایی بکرێین، سزادراوین بە بەندی هەتاهەتایی و حەیرانی لێوێکی ئاڵ.

هێرشکردنە سەر مەیدانی دوازدە سوارە پەرچەکردارێک بوو دژ بە هەموو ئەو خۆشەویستییەی کە جەستەمانی تەنیبوو. بە جۆرێک کە یار نەیدەویست چرکەیەکیش بە بێ ئەو بجووڵێین. ئێمەش شۆڕشێکی بە تەواوی شکست خواردوومان ڕێکخست و خۆمان بە دەستی خۆمان، خۆمان ڕادەستی پاسەوانی هەمیشەیی دوازدە سوارە کردەوە.

Image result for kunst

گەڕان بۆ بابەت