رەسوڵ سەفەریانی

زانایانی دینی لایان وایە ئەگەر باری هەستی لاواز بکەن ئەوا باری عەقڵی و مێشکی بەقووەت دەکەن و ئینسان لە ژیانی مادی دوور دەکەنەوە و بەرەو ژیانی رۆحانی و ئیلاهی رێنوێنی دەکەن بۆ بەرزتر کردنی پلەی ئینسان. بەڵام ئەم بۆچوونە بەتەواوەتی هەڵەیە. 

 

 

مرۆڤ و هەستەکانی

ئینسان وەک هەموو گیانلەبەرێکی تر لەگەڵ هەستەکان و غەریزەکانی، یانی بزوێنەری دەرونی بوونەوەران لەدایک دەبێت. غەریزەکان هانی دەدەن بۆ ئەوەی هەوڵ بۆ مان و بەردەوامی نەوعی بدات. هەر لە یەکەم چرکەکانی لەدایکبوونییەوە هەستەکان پێداویستییەکانی ژیان و مانی پیشان دەدەن و پێدەڵێن و داوای لێدەکەن. هەستەکانی وەک برسیەتی و تونیەتی وایلێدەکات کە لە رووی غەریزییەوە بە زار هەوڵ بۆ خواردن و خواردنەوە بدات و وردە وردە دەستەکانی دەبزوێنێت و هەر بە غەریزە هەرچی چنگ دەکەوێت بەرەو دەمی دەبات. ئەم دوو بزوێنەرە لەگەڵ گەورە بوون و گەشەکردنی جەستە لە ئینساندا سێهەمین بناخەی سێکوچکەی ژیان، واتە عەقڵ، سەرهەڵدەدات. ئینسان لەسەر ئەم سێکوچکە دەتوانێت ژیانێکی تەندروست و سەقامگیری ببێت.

جیا لەم سێ کوچکەیە، ئینسان خاوەن فیکر و بیرکردنەوەیە. بیرەکان و خەیاڵات و فانتازیاکانی ئینسان بە جۆرێک رەگیان لە ناو ئەو سێ هەڵگرانەدایە. خەیاڵ و فیکر و فانتازیاکانی ئینسان دەچنە خانەی دەرونی ئینسانەوە. واتە ئینسان لە دوو بەش پێکاتووە. بەشی جەستەیی (غەرایز- هەستەکان- عەقڵ) و بەشی دەرونی یانی فکر و هەست و خەیاڵات و فانتازیاکانی. کۆی ئەم فاکتەرانە رەفتاری ئینسان پێک دینیت. یانی رەفتاری ئینسان ئاوێنەی پیشاندەری تەندروستی ئینسانەکانە.

وەک دەبینن هەست لە هەر دوو بەشدا هاتووە، ئەویش لەبەر ئەوەیە کە بەشێک لە هەستەکان جەستەیین و سەر و کاریان لەگەڵ شتە مادییەکاندا هەیە و بۆ ناسین و ناساندنی دەوروبەری مرۆڤ بەکاردێن (Emotions). بەڵام بڕێک لە هەستەکان پێوەندیان بە دیوی ناوەی مرۆڤ و باری دەرونیەوە هەیە و لە مێشکدا بەشێکی جیاوازیان هەیە. وەکو هەستی شادی، خەم، توڕەیی، رق و...

بەڵام هەموو ئەم بەشانە بە شێوەیێکی ئاڵۆز و سەیر پێکەوە گرێدراون و کارتێکردنیان لەسەر یەک هەیە. بۆ گەیشتن بە تەندروستیێکی سەقامگیر دەبێت هەموو ئەم بەشانەی مرۆڤ بە تەواوەتی سالم و گەشە پێکراو بن. بە کزکردن یان لاوازکردن و پشت گوێ خستنی هەرکام لەم بەشانە بالانسی تەندروستی دەرونی و جەستەیی ئینسان تێک دەچێت و نەخۆش دەکەوێت.

کۆمەڵگای مرۆیی کە پێکهاتەی تاکەکانە رەنگدانەوەی کۆی تاکەکانە و لە باری عەقڵی و هەستی و زانیارییەوە ناتوانێت هەڵگری بارێکی جیاواز لە کۆی تاکەکانی بێت. واتە ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا لایەنێکی ئەو سێ کوچکە وشیارانە  یان ناوشیارانە پشت گوێ خرا ئەوە ئەم نا تەندروستییە و ئەم خەلەلی گەشە لە دەرون و جەستەی کۆمەڵگادا کاریگەری دەبێت و لە رەفتارەکانیدا دەردەکەوێت. بۆ نمونە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی بە هۆی فێرکارییە ئاینی و ئاینزاکانەوە بەشێکی زۆر لە هەستەکان وغەریزەکان لە ئینسانەکاندا بەریان پێدەگیردێت. هەر ئەمەش وا دەکات کە گەشەی تەندروستی ئینسانەکان توشی خەلەل بێت. ئەم خەلەلە لە رەفتاری تاکەکاندا خۆی دەردەخات و پیشانیدەدات کە ئەم ئینسانە باری تەندروستی تەواو نییە و نەخۆشە. بۆ نمونە کە بەر بە پێوەندی نێوان ژن و پیاو دەگیردرێت و ژنان بە زۆر دادەپۆشن، ئەو بەر پێگرتنە لە هەردوو لادا نەخۆشی دروست دەکات و ئەم نەخۆشییە لە رەفتاریاندا خۆی پیشان دەدات.

ئینسان ئەگەر هەوڵ بۆ جێبەجێ کردنی داخوازییە غەریزییەکانی کە لە دەرونی بایولۆژیکی ئینسانەوە داوا دەکرێت، نەدات و پێت گوێی بخات یان سەرکوتی بکات، لە ئاستێکدا ئیتر مێشک تووشی وێستان دەکات و عەقڵ و هۆشی ئینسان دەشێوێنێت. لەم حاڵەتەدا ئینسان بە بێ بیرکردنەوە بۆ تێرکردنی پێداویستییەکانی بە زەبری هەست کە وەک حەز خۆی دەنوێنێت، رەفتاردەکات.

هەر چەند زۆر جار زانایانی دینی لایان وایە ئەگەر باری هەستی لاواز بکەن ئەوا باری عەقڵی و مێشکی بەقووەت دەکەن و ئینسان لە ژیانی مادی دوور دەکەنەوە و بەرەو ژیانی رۆحانی و ئیلاهی رێنوێنی دەکەن بۆ بەرزتر کردنی پلەی ئینسان. بەڵام ئەم بۆچوونە بەتەواوەتی هەڵەیە. بۆ بەقووەت کردنی باری فیکر و عەقڵ دەبێت هەموو پێداویستی لایەنە بناخەییەکان دابین بکرێن.

لە کۆمەڵگا رۆژائاواییەکاندا کە بایەخ بە هەر دوو دیوی ئینسان دەدەن و زەبر و زەنگ نییە و ئینسان بۆ دەربڕین و داواکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی هیچ کێشەیێکی نییە، باڵانسی عەقڵ و هەست راگیراوە و تاکەکانی خاوەن تەندروستی جەستەیین و بە گوێرەی ئەوەش تەندروستی رۆحی و رەوانی و عەقڵی و مێشکییان لە ئاستێکی بەرزتردایە، بۆیە کۆمەڵگاکەشیان خاوەن رەفتارێکی مەعقوڵ  و دوور لە ئاڵۆزییە.

Image result for ‫روانشناسی‬‎