سەڵاح شوان

با شەویش بێت و با دنیا

ئاگربارانى دۆزەخ بێت
من دەیبینم
خۆى بە پەڕەى گوڵێکى وەریو پۆشیوە
تا بە ئاگرى دۆزەخى مارس نەسووتێ

 

دوایین شەوەکانى سیمرخ

سەڵاح شوان

1

تا ئەمڕۆکەش...

هەموو ڕۆژێک کاتێ کە ئێوارە دادێ

بە یادى عەشقە جوانەمەرگەکەى تۆ

پەردەکانى دڵم دادەدەمەوە و

مۆمە شیعرێکى گەشى وەک چاوەکانت

دادەگیرسێنم و بێدەنگ

پشت لەم سەردەمى گورگانە دەکەم و

ڕووەو ڕۆژئاوا دادەنیشم

زۆر چاوەڕێم کرد تاوەکو کوێرییم داهات

ئێستاکەش خۆرى خوداکەى تۆ

لێم هەڵنەهات

تازە بەم درەنگان شەوە

بەم درەنگە زەمانە

بە دەم مەستیى و نەستییەوە

نە خۆر هەڵدێ و نە من چاوەڕوانى خۆرم

بە مۆمە کوژاوەکانى خەونەکانمدا دەچمەوە

لاپەڕە بە لاپەڕە هەڵیان دەدەمەوە بەڵکو

لەم شەوە سارد و تاریکەى دوادواییدا

ترووسکاییەک ببینم

هیچ دیار نییە

وتى لێرە دانیشە

لەگەلڕ یەکەم گزنگى خۆرهەڵاتندا دێمەوە

ئێستا و ئەوسا نەمدییەوە

تا ئەمڕۆکەش...

هەموو ڕۆژێک کاتێک کە ئێوارە دادێ

بە یادى عەشقە جوانەمەرگەکەى تۆ

پەردەکانى دڵم دادەدەمەوە و

مۆمە شیعرێکى گەشى وەک چاوەکانت

دادەگیرسێنم و بێدەنگ

پشت لەم سەردەمى گورگانە دەکەم و

ڕووەو ڕۆژئاوا دادەنیشم

خۆى پێى وتم

کالڕ و کرچە بەرى دارى زڕى ئەوان

بۆش و بەتاڵە پەیامى پێغەمدزان

من بە خوێنى باخچەى تەمەن بۆت دەنووسم

گەر یەک جار بیخوێنیتەوە

ئیتر پێویستت بە پاپۆڕ نابێت تاکو

دەریاکانى هوشیاریى پێ پەى بکەى

2

با شەویش بێت و با دنیا

ئاگربارانى دۆزەخ بێت

من دەیبینم

خۆى بە پەڕەى گوڵێکى وەریو پۆشیوە

تا بە ئاگرى دۆزەخى مارس نەسووتێ

تۆ سەیریکە...

ئەم گەردوونە چۆن لە گۆمى

قیڕى توواوەى تاریکیى خوداى جەنگدا

توواوەتەوە و خنکاوە

ئەوە شیعرە، یان کۆنە دڵى عەشقێکە

وا بە شمشێرى خوداکان ئاوەها لەتلەت کراوە؟

ئەوە ئاواتەکانى منە، یان ئاوازەکانى داودە

وا دڵى ئەمدیو و ئەودیو

بە تیرى ڕق سمێنراوە؟

بەردبارانە، ئاگربارانە

غەمبارانە ئەم گەردوونە ئەمشەو

کوا تازە بە من چارە دەکرێ

ئەم بەزم و ڕەزمى زەمانە!

کوا تازە من چارەسەرى ئەم بەزم و ڕەزمى زەمانەم پێدەکرێ

3

ئێستا لە دوایین  هەنگاودا

ئاوڕ دەدەمەوە ڕێگام خۆڵەمێشە

نازانم کێ پێشتر گڕى تێبەرداوە

نازانم کێ

کێ بوو؟ بۆچى؟

گوڵزارەکەى ئەوساى جێگا دڵداریمانى کردووە

بە وشکە خاکێکى وەکو

وەکو دڵم ڕەق و چۆلڕ و شەقار شەقار؟

ئەو وتى ئێستاش هەر ماوە

تۆ نایبینیت

کوێرە چاوێک خەو بە خۆرى سبەینێوە نەبینێ

وێرانە دڵێک نەبێتە چوارچێوەى خۆرێکى عاشق

من هەردوو خۆرەکەم دۆڕاند

4

ئەو وتى بەسە با ئەمشەو

لەوە زیاتر نەخۆینەوە

من دوایین شیعرم هێشتاکە لە نیوەبوو

کە سەیرى دەورى خۆم دەکەم کەس نەماوە

هیچ کوێیەکم لێ دیار نییە

هیچ دەنگێکیش لەم مەیخانەیەوە نایا ئەم شەو

دنیا ئەم شەو مەیخانەیەکى چۆڵى داخراوە

وێرانە وێرانە وێران

ئەم خاکى خودایە خەوتووە

تاریکەخاکە ئا ئەم شەو

منیش لە خودا

تەنیاتر و

دڵتەنگتر و

بێزارترم

5

جەللاد جارێکیان

شێرەکانى خۆى بەردایە گیانم تا بمخۆن

من شیعربارانیانم کرد

بەڵام تائێستاش نەڕەیان

دێتە گوێم لەودیو دیوارى

زەمانەوە خۆیان مەڵاس داوە بۆم

ڕۆژێک دێت پەلامارم بدەن

6

من وتم بەهەشتم ناوێ

بە ڕووبارى شیر و شەراب و هەنگوینەوە

تەنیا شیعرێک

تەنیا پێکێک

بە یادى چاوەکانى تۆ بیخۆمەوە

7

...ئا ئەمڕۆ نا

دوێنێ بوو هەر تەنیا دوێنێ

ڕەوە کۆترێکى سپى

ئا لێرەدا هەڵنیشتبوون

نازانم کام گەردەلوولى قینێک هات

ڕاپێچى ئەو دنیاى کردن؟

کامە دنیا؟ کامە ئەودیو؟

دنیا هەر یەک دیوە و هەرگیز

خودا ڕوویەکى دیکەى نییە

ئاسمان هەر یەک ڕەنگە هەرگیز

ڕاستى ڕەنگى دیکەى نییە

شیعر هەر یەک دەنگە، باران

هیچ دەنگێکى دیکەى نییە

ئەودیو، ئەوسا، ئەو دنیا و ئەو

ئەو هەموو ئەوانەى دەڵێن

کەى؟ لە کوێ؟ چۆن دەردەکەون؟

من چاوەڕوانیى زیاترم پێناکرێ

8

لەوەتەى هەم دەخولێمەوە

بەدەورى خۆم و ئەوان و شوێنەکان و کاتەکاندا

نە چراکەى دیۆجینۆسم پێیە

نە زوڕناکەى داود

هەرچى هەیە وەکو من دەخولێتەوە

بەدەورى خۆى و خودادا

زەوى و خۆر و ڕێى کاکێشان و گشت گەردوون دەخولێنەوە

خەڵکى لە دەورى بەردە ڕەشەکەى دەستى ڕاستى ئەڵڵا

دایکم پێمى دەگوت: لە دەورت گەڕێم

شۆفێر لە دەورى فولکەکەى سەرا

گەردەلوول، گێژەنگ

ئەتۆم و ئەوەى نایبینین

هەر هەموو دەخولێنەوە.

ئەى خودا بە دەورەى کێ، چیدا دەخولێتەوە؟

ئەم خولانەوانە گشت پووچن

خولانەوەى من و زەوى و ئەستێرەکان و گشت گەردوون

کێ دەتوانێت ڕایان بگرێ؟

9

کێ لە خولانەوە دەوەستێ؟

کێ لە کوێدا ڕادەوەستێ؟

لە سەرەتا، یان ناوەڕاست، یان کۆتایى؟

سەرەتاى کۆڵان، یان شەقام؟

سەرەتاى ڕۆژ؟ خواردن؟ کردن؟

سەرەتاى ژیان؟ یان مردن؟

کوا سەرەتاى من لە کوێوە دەست پێدەکات؟

لەدایکبوون، یان کۆرپەیى، یان لە لەشى دایک و باوکمدا

ئەى ئەوان لە کوێیان هێنام؟

ئەڵڵا دەڵێت: لە ئادەم و لە حەواوە من هێناتم

داروین دەڵێت: لە دوو ترشۆکەى دەریاوە

ئەى دەریا خۆى لە کوێوە هات؟

ئەى خودا خۆى لە کوێوە هات؟

منیش هەر لەوێوە هاتم

هیچ شتێک سەرەتاى نییە

هیچ شتێک کۆتایى نییە

هەموو شتێک خۆى سەرەتا و کۆتاییە

ئەگەر بتوانین بیبینین

10

تۆ ڕوو لە کامەیان دەکەى؟

کامەیانت پێ واز لێدێت؟

نوێژ و نزا، یان خواردن و هەناسەدان؟

مزگەوت جێگاى کامەیانە؟

خۆ دوو گڵۆڵە بە یەک دەست هەڵناگیردرێت

بۆیە زەردەشت وتى:

یەک درۆیە، هەمووى دوانە

بوون و نەبوون، تاریک و ڕوون

سەرەتا و کۆتایى

چاک و خراپ

11

هێشتا سەرەتاى بەهار بوو

کە جێى هێشتم

لەوساکەوە بەدواى خۆیدا

چوار وەرزەیەکى باران و گەڵاڕێزانى بۆ جێهێشتم

کێ پایز و گەڵاڕێزان و مردنى بۆمان هێنا

کێ کوشتن و درۆ و ڕقى پێمان بەخشى

کێ ئەم دنیایەى وا دانا

بۆ واى دانا

یەک تاى تەرازووى هەبوو، ئەویش لاسەنگ

12

بە لاپەڕەى کاڵبووەوەى تەمەنمدا دەچمەوە

بەرەو دواوە، بەرەو دواتر

تاکو دەگەمەوە ئەوێ

ئەوێ لە باوەشى دایکم

لە پایینى (خاڵخاڵان)دا

بەڵام نازانم بۆ؟ کەى؟ چۆن؟

نە دایکم، نە باوکم، نە ئەوێش هیچیان نەماون

کێ ئەو هەموو خاڵانەى سڕیوەتەوە؟

خەم و خۆشى، خەون و خەیالڕ

هەست و سۆز و ئاوات و ئومێدى بەتالڕ

بەتاڵە بەتاڵە بەتالڕ

ئەم گەردوونە، ئەم ژیانە

پڕە لە بۆش و لە بەتالڕ

ئەم گەردوونە بێخاوەنە

کێ یەکەم بەردى داناوە؟

بۆچى ئێستا دیار نەماوە؟

بۆ دروست بوو؟

بۆچى؟ کەى؟ چۆن؟ لەناو دەچێ؟

کێ وەڵامێکى هەیە بۆم؟

پێش مردنم با پێم بڵێ

تا بە بەتاڵى نەمرم

13

منیش ڕۆژێ لە ڕۆژان منداڵبووم

خۆشەویستى دایە و باوە

ئێستاکە پیرێکى تەنیاى پڕ

پڕ لە ئاگرى کوژاوە؟

ئێستا لەسەر کەلى

ئاوابوونمدا وەستاوم

دوایین سەرنج

دوایین ئاوڕ

لە ڕابردوو دەدەمەوە

ڕێگایەکە

بە بست هەر بستێ دوان دەبێ

بە کاتیش وەها درێژە

لە سەرەتاى ئەم دنیایەوە

هەر هەیە و هەر هەبووە

تا کۆتایى ئەم دنیایەش هەر دەمێنێ

هەر دووکەڵە و تەپوتۆزە

دووکەڵى دانەمرکاوەى

ئازار و غەمەکان هێشتا

بۆنچڕووکیان لێ هەڵدەسێ

تەپوتۆزى ئاژاوەکان

هێشتا سەر و چاوى ئەوانى پۆشیوە

گوڵى شیعرەکانم سیس و هەڵوەریون

تاشەبەردى بیرۆکەکانم هێشتاکە

ڕێگاکەیان تەنگ کردووە

ئەو هەموو گەردانەى عەشقە

بۆ بێلانە جێهێڵراون؟

کێ هەندێکى لەگەلڕ خۆیدا برد و ڕۆیى؟

نازانم بۆ پێشم کەوتن

خۆ من وتم

مەرگم بە پێش مەرگتان کەوێ

وتم مەرگتان نەبینم هەرگیزاوهەرگیز

بۆچى کەسێ نەبوو جارێ گوێم لێبگرێ

کاتێ وتم:

14

کوانێ ئەوەى دەڵێن گوێى لە خشەى مار و مێرووە، کوا؟

بۆچى ئێستاکە کەڕ بووە؟

درۆیە درۆیە درۆ

کەس نییە گوێ لە کەس بگرێ

هەر دووکەڵە و هەر تەپوتۆز

وتى بەر بەدواوە مەکە

ئەگینا دەتکەم بە بەرد

ئەم هەموو بەردانە کێ بوون؟

چییان دەوت؟ چییان دەکرد؟

کێ دەزانێ؟

لە کێ پرسم؟

کێبوو وتى: ئاخر شیعر بۆ کێ بڵێم

کوا کێ ماوە دڵێکى ئاشقانەى هەبێت

زەمانى دڵبەردەکانە ئا ئەم زەمانە، ئەم زەمان

زەمانى مرۆڤ خۆرانە

زەمانى درۆبارانە ئەم زەمان

هەزاران ساڵ بوو بێدەنگ بووم

وامدەزانى گورگە هارەکانى دارستانى پاشا

خواردوویانە

بەڵام کە گوڵێ دەوەرێ

دەیان تۆوى گوڵى نەمر جێدەهێڵێ

وتیان گوڵە کێوییەکان بگرن، بیان کوژن.

ئێمە تەنیا گوڵى سەر مێزمان گەرەکە

بچن لە بازاڕى خۆفرۆشاندا بیکڕن

ئەو گوڵزارانە وێران کەن

کە گولڕ بۆ خۆیان ناگرن

وێرانە وێرانە وێران

ئەمڕۆکە خاکى کوردستان

کە گوڵى یاخى ناگرێ

وێرانەخاکە ئەو خاکەى

جێگاى گۆڕى

شاعیرێکى گێلى تێدا نابێتەوە

جێگاى دڵى عاشقێکى

خەمان گەستەى وەک منى تیا نابێتەوە

نالى، حاجى، شێخى سەنعان

ئەوانى ترى گۆڕغەریبان

وێرانەخاکە ئەو خاکەى

کرا بە جێى گۆڕپەرستان

کرایە جێى براگەورە و

سەرى گەورە و

کەرى گەورە

من گەورەکان ناپەرستم

بچووکەکانم خۆشدەوێ

وەک کانییەکەى گۆران و

پێکەکەى دەستى خەیام و

گۆچانەکەى دەستى شارلى و

کەرەکەى حەزرەتى نالى

15

من وڵاتێکم بۆچییە

وەرزى دیار و نادیارى

تارمایی ئەژدیها و کابووسبێت

16

ئێستا گورگە چاوسوور و سەگە ڕاهێنراوەکان

کەڵبەیان لە شیعرەکانم گیرکردووە

دەیانەوێ جریوەکانى خەفەکەن

خۆ من داود نەبووم کەچى

ویستیان گۆرانی خودایان بۆ بڵێم

کەى سروودى سروودەکان

لە ناو قەفەسدا وتراوە

کەى خوڕەى ئاو

لە ناو زەلکاودا خوڕەى دێ

کەى ئەهریمەن لە ژێر خۆردا

بۆ گوناهکارى دەگەڕێت

بۆشە

ناهەقە

ناڕەوا

هەرچى هەیە لە سەر زەوى و

لە ژێر ئاسماندا بەتاڵە

ناڕەوایە

بەتاڵە وەک

دڵى گورگەکانى جەللاد

ناڕەوایە وەک کوشتنى شیعرەکانم

لە باخچەکەى جەللاددا دەستم برد بۆ گوڵێ

ئەو جەندرمەکانى خۆى ناردە گیانم

لەپاى گوڵێ هەزاران دڕکى قینیان

چەقاندە ناو دڵى خۆم و شیعرەکانم

من دڵى دڕکاویم ناوێ

من خودایەکم...

من خودایەکم ئەوێ چەتە و شیعرکوژى

نەبێت و دڵى هیچ کەسێک

دڕکاوى و ژەهراوى نەکات

وتیان خودا

لە خشەى مار و مێروولەش ئاگادارە

کە چووم گلەیى لا بکەم

لەوێ نەبوو

وتم ئاسمان لە گیرفانى بەتاڵى من بەتاڵترە

وتیان بڕوانە حەلاج و

گیڤارا و

شیعرەکانى خۆت

خۆت لە هەناسەى ساردى من دەپارێزى و

ئەشارییەوە.

نەک ببێ بە گەردەلوولى ئەشقێک و

ئیتر ئەشق ڕاپێچت کا و

بتباتەوە بۆ دۆزەخى دڵدارییەکەى جارانمان

بەتاڵە بەتاڵە بەتالڕ

کێ ئەم شووشانەى بەتاڵکرد؟

چۆڕێ نییە بیخۆینەوە

کێ ئەم ڕووبارانەى بەتاڵکرد؟

کێ ئەم ئاسمانە...

ئەم گەردوونەى...

ئەم ژیانەى بەتاڵکرد؟

 

 

 Image result for ‫سیمرغ‬‎