ما 6382 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: شاهۆ حەسەنپوور 

کەس گوێی بەوە شلوێ نەبوو تەنانەت ئەوەی کە ئەم سندووقە هێمای سوونەتێکی کۆن بوو. چیرۆکێک لە پشتی ئەمەوە هەبوو کە ئەم سندووقە لە کەلووپەلی سندووقێک درووست کرابوو کە مێژووەکەی دەگەرایەوە بۆ سەرەتای بنیادنانی ئەم ئاواییە. 

 

شانسوبەختەکە

شێرلی جاکسن (Shirley Jackson)
لە ئینگلیزییەوە: شاهۆ حەسەنپوور

بەیانی ٢٧ ی پووشپەڕ، رۆژێکی ساماڵ و هەتاو کەشێکی پاکژ و گەرمی هەبوو وەک هەر رۆژێکی ئاسایی هاوین. گوڵەکان یەک دنیا گوڵیان گرتبوو و گیای دەشت و دەر سەوز و جوان دەچۆوە. کاتژمێر دەی سەر لە بەیانی خەڵکی ئاواییەکە وردە وردە لە مەیدانی دێکە کە لە نێوان ئیدارەی پۆست و بانەکەکە هەڵکەوتبوو کۆبوونەوە. لە ‌هێندێک ئاوایی دیکە خەڵکەکە ئەوەندە زۆر بوو  شانسو بەخت دوو رۆژی پێدەچوو، هەر بۆیە ئەوان ناچار بوون ٢٦ ی مانگ، رۆژێک زووتر شانسو بەختەکە ببەن بەڕیوە. بەڵام لەم ئاواییە کە نزیکەی ٢٠٠ کەسێک دەبوو، شانسو بەختەکە کەمتر لە دوو سەعاتی پێدەچوو، هەر بۆیە ئەوان کارەکەیان لە کاتژمێر ١٠ ی سەر لە بەیانی دەستی پێدەکرد و  فورسەتی ئەوە دەبوو کە فریا بکەون نانی نیوەرۆ لە کاتی خۆیدا بخۆن.

گومانی تێدا نەبوو یەکەم جار منداڵەکان کۆببنەوە. ئاخر ئەوەندە نەبوو پشووی قوتابخانە دەستی پێکردبوو و هەستی ئازاد بوون سەرکەشانە لە زۆربەیان بەدیدەکرا. هەر بۆیە ئەو منداڵانە ئەو مەیلەیان تێدا بوو کە پۆل پۆل و بە ئارامی پیشتر لە خەڵکەکەی دیکە بێنە شوینی کۆ بوونەوەکە.  دیارە ئەوەندەی پێنەچوو کە یاری و قومار تێکەڵ بوو بە دەنگە دەنگی ئەو منداڵانە. ئەوان  باسی پۆل، سەرکۆنەکانی مامۆستا و کتێبیان دەکرد. بۆبی مارتین گیفانی پر لە بەرد کردبوو و ئەوەندەی نەبرد کوڕەکانی دیکەش ڕەچاوی ئەو کارەی ویان کرد و بەردە ساف و خڕەکانیان هەڵدەبژارد و گیفانیان لی ئاخنی.  بۆبی، هاری جۆنس و دیکی دلاکروا لە لایەن خەڵکی ئاواییەکە راسپیردرابوون لە سووچێکی مەیدانەکە بەرد کۆبکەنەوە و ئاگاداریان بن هەتا کورەکانی دیکەی ئاوەدانی دەست نەدەنێ. کچەکان لە لاوە وەستابوون و بەیەکەوە قسەیان دەکرد و جار جارەش بە دزیەوە سەیری کوڕەکانیان دەکرد. منداڵە بچووکەکانیش لە نێو تەپووتۆزدا دەتلانەو و یان ئەوەی خۆیان بە دەستی خووشک و برا گەورەکانین هەڵدەواسی.

ئەوەندەی پێنەچوو پیاوەکانیش کۆبوونەوە و چاوەدێری منداڵەکانین دەکرد و باسی باران و زەویوزارە داچێنراوەکان، تراکتۆر و باج قسە و باسەکانی گەرم کرد. ئەوان بەیەکەوە لە دووری کۆبەردەکە راوەستابوون کە لە گۆشەیەکی مەیدانەکە هەڵداربۆوە و قسە و نووکتەکانیان لە سەرە خۆ بوو و لە جیاتی قاقا لێدا وێدەچوو وایان پێ باش بێ بزەیان بێتێ. ژنەکان کە جل و بەرگی ماتی ماڵەوەیان لە بەردابوو برێک دوای ڕەوەی پیاوەکانیان پەیدا بوون. ئەوان سڵاویان لە یەکتری دەکرد و بە دەم چوونە لای پیاوەکانیانەوە وردە غەیبەتیان دەکردن. ئێستا ژنەکان گەیشتنە لای مێردەکانیان و منداڵەکانیان بانگ کردن و منداڵەکانیش بە بێ ویستی خۆیان دوای ئەوەی چوار پێنج جار بانگ کرابوون هاتنە لای بنەماڵەیان. بۆبی مارتین خۆی لە بن چنگی دایکی دەرهێنا و بە پێکەنینەوە بەرەو کۆ بەردەکە رایکرد. باوکی هاواری لێک کرد و بۆبی بە هەڵەداوان هاتەوە لایان و لە نێوان باوکی و برا گەورەکەی راوەستا.  

شانسو بەختەکە هەر وەک سەماکانی مەیدانی دێ، کلووبی لاوان و بەرنامەکانی هەلۆیین لە لایەن بەرێز سامێرز کە کات و تاقەتی هەبوو کاتی خۆی تەرخانی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بکا بەرێوەدەچوو. ئەو کابرایە دەموچاوێکی خڕ و جێی سەرنجی هەبوو کە لە کاری بەردی رەژوودا بوو و خەڵک بەزەییان پێدا دەهاتەوە کە منداڵی نەبوون و خێزانەکەی دەم بە هەراش بوو. کاتی گەیشتنی بە مەیدانی دێ  سامێرز سندووقێکی ڕەشی پێبوو رووی لە خەڵکەکە کرد کە نووقمی قسە و باس دەگەڵ یەکتری بوون و دەستی بڵین کرد و گووتی: " ئەمرۆ برێک وە درەنگ کەوتم". بەڕێوەبەری پۆست بەرێز گریڤەز کوورسییەکی سێپایەیی پێ بوو هاورێتی سامێرزی دەکرد. کوورسییەکە لە نیوەندی مەیدانەکە داندرا و سامێرز سندووقە رەشەکەی لە سەر دانا. خەڵکەکە خۆیان بە دوور لە سندووقەکە و کوورسییەکە گرتبوو بە جۆرێک مەودایەکی بەتاڵ لە نێوان ئەوان و کورسییەکە هەبوو. کاتێ سامێرز داوای یارمەتی لە خەڵکەکە کرد، دوو دڵی کەوتە نێویان، هەتا دوو پیاو، رێزدار مارتین و کوورە گەورەکەی باکستێر هاتن یارمەتی و کورسییەکەیان راگرت بۆ ئەوەی کاتێ سامێرز کاغەزەکانی ناو سندووقەکە  لێکبدا نەجووڵێ.

کەرەسە سەرەکییەکانی سندووقی شانسو بەختەکە دەمێک ساڵ بوو بزر ببوون و ئەم کوورسییە دەمێک ساڵ بوو لە جیاتی کوورسی ئەسڵی خۆی بەکار هاتبوو، تەنانەت پێش لەدایک بوونی بە تەمەنترین پیاوی ئاوایی "وارنێری بەساڵداچوو". لەم پێوەندییەدا رێزدار سامێرز چەند جارێک باسی درووستکردنی سندووقێکی دیکەی شانسو بەختی دەگەڵ خەڵکی دێکە هێنابووە بەر باس، بەڵام کەس گوێی بەوە شلوێ نەبوو تەنانەت ئەوەی کە ئەم سندووقە هێمای سوونەتێکی کۆن بوو.  چیرۆکێک لە پشتی ئەمەوە هەبوو کە ئەم سندووقە لە کەلووپەلی سندووقێک درووست کرابوو کە مێژووەکەی دەگەرایەوە بۆ سەرەتای بنیاد نانی ئەم ئاواییە. هەموو ساڵێ دوای ئەوەی کە شانسو بەختەکە تەواو دەبوو، بەرێز سامێرز باسی درووستکردنی سندووقێکی نوێی دینایە گۆرێ، بەڵام هەموو جارێ خەڵکەکە لێ دەگەڕان بابەتەکە بە فەرامۆشی بسپێردرێ بێ وەی هەنگاوێک هەڵێنرێتەوە. ڕەنگی سندووقە ڕەشەکە ساڵ بە ساڵ کاڵتر دەبۆوە و ئیدی ئێستا هێندێک شوێنی بەتەواوی هاتبۆوە سەر رەنگی دارەکەی و هێندێک شوێنی بەرەو رزین چووبوو.

بەرێز مارتین و کورە گەورەکەی باکستێر قایم کورسییەکەیان گرتبوو هەتا رێزدار سامێرز کاغەزەکانی نێو سندووقەکە بە باشی لێکبدا. لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆر لە رەسم و عادەتەکان لە بیر چووبوونەوە یان تووڕدرابوون لەگەڵ ئەوەشدا سامێرز زۆر سەرکەوتوانە لە جیاتی بیتاقەی دارین کە چەندین وەچەبوو وەک بیتاقەی شانسوبەخت  بەکارهاتبوون توانیبووی کەڵک لە پارچە کاغەز وەربگرێ. سامێرز زۆر جار گوتبووی کە بیتاقەی دارین بۆ ئەو کاتە دەبوو کە حشیمەتی دێکە هێشتا کەم بوو، بەڵام ئێستاکە کە ژمارەی دانیشتوان لە سێسەد کەس تێدەپەڕی و هەروا لە زیادبوونیش دابوو ئیدی کاتی ئەوە بوو شتێکی دیکە بەکار بێنی کە باشتر لە سندووقی شانوبەختەکە جێیان دەبۆوە. شەوی رابردوو رێزدار سامێرز و ڕێزدار گریڤەز کاغەزەکانیان بریبوون و ئامادەیان کردبوون و لە سندووقەکەیان هاویشتبوون. هەر ئەو کاتەش سندووقەکە لە کۆمپانی بەردی رەژووی سامێرز پارێزراو بوو و ئەم بەیانییەش هێندرابووە مەیدانی ناوەندی دێ. باقی ساڵەکە سندووقەکە هەر جارەی لە شوێنێک بوو، ساڵێک لە عەمباری بەرێز گریڤەز، ساڵێک لەژێر مێزێک لە ئیدارەی پۆست و جاری واش بوو لە دوکانی مارتین دەکەوت.

هەتا کاتی ئەوە دەهات بەرێز سامێرز کرانەوەی شانسوبەختەکە راگەیەنێ غەڵبە غەلب و دەنگە دەنگێکی زۆر هەبوو. دەبوو لیستی ناوەکان رێکبخرێن، ناوی بنەماڵەکان، لێپرسراوی بنەماڵەکان، ژمارەی ئەندامانی بنەماڵەکان و هەتا دوایی. رێورەسمی سوێند خواردنی بەرێز سامێرز زۆر شایستە بوو کە لە لایەن بەرێوەبەری پۆستەوە وەک ئیدارەی شانسوبەختەکە دەکرایەوە. خەڵکەکە ئەو دەمانەیان باش لە یادە کە رێورسمەکە کە لەوە دەچوو لە بەر کاغەزێکی نووسراوەوە بخوێندرێتەوە پێشکەش دەکرا. پێشکەش کردنێکی بێ تۆن کە بە لە سەرەخۆیی و بێ گیان بوو کە هەموو ساڵێک بەرێوە دەچوو. بەشێک لە خەڵکەکە لە سەر ئەو بروایە بوون کە بەرێوەبەری ئیدارەی شانسوبەختەکە ئەوە عادەتی بووە کاتێک نوتقی دەکرد یان بە ئاواز رێورەسەمەکەی بەرێوە دەبرد، بە پێچەوانە هەبوون کەسانی دیکە لە سەر ئەو بروایە بوون ئەو دەبوو بە نێو خەڵکەکەدا بگەرێ، دیارە ساڵانێک بووم ئەم عادەتە کە پێشتر هەبوو وازی لێ هێندرابوو. شێوەیەک لە رەسم و عادەتی سڵاو گەیاندن هەبوو کە بەرێوەبەرانی ئیدارەی شانسوبەخت دەبوو ڕەچاوی بکەن کاتێ کەسێک دەهات بۆ بیتاقە  کێشان، بەڵام ئەوەش بە بەسەر چوونی کات گۆرانی تێدا درووست ببوو، ئێستا ئیدی ئەمان هەر ئەوەندە بە پێویستیان دەزانن کە بە کەسەکە بڵێن نۆرەیەتی. بەرێز سامێرز شارەزایی باشی لەم کارەدا هەبوو، بە کراسێکی سپی خاوێنەوە و شەرواڵێکی جینسی سپیەوە، و بە دەستێکی کە هەروا لە سەر سندووقەکەی دانابوو، وا دەردەکەوت کە شایستەی ئەم کارە بێ، بەتایبەتی کاتێ بێ وەستان دەگەڵ بەرێزان گریڤەز و مارتینز دەدوا.

هەر ئەو وەختەی سامێرز لە قسەکردن بووەوە و رووی لە خەڵکی ئاواییەکە کە کۆببوونەوە کرد لەو ساتەدا بەرێز خاتوو هاچینسن کە کراسەکەی بە سەر شانییەوە بوو بە هەڵەداوان بەرەو مەیدانەکە هات و خۆی خزاندە نێو خەڵکەکە. بە خاتوو دلاکروا  کە لە نزیکییەوە بوو وت: کڵێن " لە بیری کردبوو ئەمرۆ چ رۆژێکە"، و هەردووکیان بزەیەکیان هاتێ. هاچینسن درێژەی بە قسەکانیدا و گوتی: " کاتێ مێردەکەم کە لەدەرەوە خەریکی دار ورد کردن بوو هاتەوە ژوورێ و لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەم کرد ئەو جێیەی منداڵەکان یاریان لێ دەکرد لەوێ نەمابوون، یەکسەر بیرم کەوتەوە کە ئەمرۆ ٢٧ی مانگە و ئیدی بێ دواکەوتن هاتم." هەروا کە هاچینسن دەستەکانی بە بەڕەڵبێنکەی وشک کردنەوە، خاتوو دلاکروا گوتی: " هەرچۆنێکی بێ لە کاتی خۆی گەیشتییەی و ئەوانیش جارێ  هەرخەریکی قسە کردنن."

خاتوو هاچینسن خۆی هەڵێنا و لە نێو قەرەباڵغییەکەدا مێردەکەی و منداڵەکانی دییەوە کە لە ریزی پێشەوە وەستابوون. بە هێمای خواحافیزی لە سەر شانی دلاکروا دا و بە نێو خەڵکەکەدا رێی کردەوە و خەڵکەکەش بە روویەکی خۆشەوە ڕێان بۆ کردەوە. دوو سێ کەس لە نێو خەڵکەکەدا بە دەنگ گووتیان: " ئەوە خاتوونەکەت هاچینسن گەیشت"، بیلیش لە دوای ئەوان گوتی ئاخرەکەی گەیشت." خاتوون هاچینسن گەیشتە لای مێردەکەی و لەوکاتەدا بەرێز سامێرز کە چاوەرێ ببوو بە رووخۆشییەوە گووتی: "چاوەرێمان دەکردی  تێسی خان خەریک بوو بە بێ تۆ دەست پێ بکەین." ئەوەیش بە دەم پێکەنینەوە لە وەڵامدا گووتی: " نەدەکرا قاپەکان هەروا بە نەشۆراوی بەجێ بێڵم، بەر رای تۆش وا نیە  بەرێز جۆ؟ لەم کاتەدا نەرمە پێکەنینێک لە نێو حەشیمەتەکەدا تەشەنەی کرد. خەڵکەکە بە گەیشتنی هاچینسن بۆ لای مێرد و منداڵەکانی توانیان لە شوێنی خۆیان راوەستنەوە.

ئەوجار بەرێز سامێرز بە جیدیەوە گووتی: "وا باشترە دەست پێ بکەین و ئەم ئەرکەش لە کۆڵ خۆمان بکەینەوە، بۆ ئەوەی بە ژیان و کارەکانمان رابگەین. هەمووان لێرەن؟"
 چەند کەسێک لەولاوە گوتیان: "دانبێر نەهاتووە." بەرێز سامێرز بە لیستی ناوەکاندا چۆوە و گووتی: " کلاید دانبێر. زۆر باشە. وا بزانم قاچی شکاوە. کێ لە جیاتی بیتاقەکە رادەکێشێ؟"
ژنێک لە نێو خەڵکەکەدا گووتی: " پێم وایە دەبێ من لە جیاتی وی بیتاقەی شانسوبەختەکە راکێشم." سامێرز سەیری ژنەکەی کردو و گووتی: " وایە، ژن دەتوانێ لە جیاتی مێردەکەی بیتاقەکە راکێشێ." و پاشان گوتی: " کوری گەورەت هەیە جێنی خان لە جیاتی تۆ بیتاقە راکیشێ؟" دیارە بەرێز سامێرز و خەڵکەکەش باش دەیانزانی کە ئەوە ئەرکی بەرێوەبەرانی ئیدارەی شانسوبەختەکەیە کە لە کاتێکی وا دا پرسیار بکەن. بەرێز سامێرز بە هێمای رێز لێگرتن چاوەرێێ کرد هەتا جێنی وەڵام بداتەوە. جێنی لە وەڵامدا گووتی: " هۆراس هەیە بەڵام ئێستا ١٦ ساڵ نەبووە." خانمی دانبێر بە هیمای بەداخبوونەوە گووتی: " دەزانی من ئەم ساڵیش دەبێ لە جیاتی پیاوەکەم بیتاقەم راکێشم." بەرێز سامێرز لە وەڵام دا گوتی: " کێشە نیە." و لە سەر لیستی ناوەکان یاداشتێکی نووسی.

پاش ئەمە گووتی: " کوری واستۆن ئەم ساڵ بیتاقە ڕادەکێشێ."  کورێکی باڵا بەرز لە نێو خەڵکەکە دەستی هەڵێنا و گووتی: " ئەوەتا لێرەم. و پاشان گووتی من بیتاقەی خۆم و دایکم رادەکێشم." کورەکە وەک ئەوەی دڵەخورپەی هەبێ چاوی زوو دەترووکاندن و سەری داخستبوو کاتێک چەند کەسێک لە نێو خەڵکە پێیان گووت: "واستۆن کوڕی چاکە."  "خۆشحاڵین کە دایکت کورێکی وای هەیە لە جیاتی بیتاقە رابکێشێت."
بەرێز سامێرز گووتی: " زۆر باشە، ئەدی وارنێری بەساڵداچوو؟"  یەکێک لە نێو خەڵکەکە هەرای کرد: " ئەوتا لێرەیە."

لە پڕ بێدەنگی کەشی بەسەر مەیدانەکەدا کێشا کاتێ سامێرز قورگی خاوێنکردەوە و چاوی لە لیستەی ناوەکان کرد.  بەرێز سامێرز گووتی: " گشت لایەک ئامادەن؟" پاشان درێژەیدا و گوتی: " ئێستا کاتی خوێندنەوەی ناوەکانە و من یەکەم جار ناوی بەرێوەبەری بنەماڵەکان دەخوێنمەوە. پاشان پیاوەکان یەکە یەکە دێن و بیتاقەیەک لە سندووقە ڕەشەکە رادەکێشن. لە بیرتان نەچێ کاغەزەکەتان نەکەنەوە هەتا هەموو لایەک تەواو دەبن. هەموو لایەک تێگەیشتن؟"  

خەڵکەکە زۆر جار ئەم شتانەیان ئەنجام دابوون و ئاشنانییەکی باشیان بە سەر بەرێوەچوونی رووتینەکاندا هەبوو. هەر بۆیە هەتا نیوەی گوییان لە رێنوێنیەکان گرت. زۆربەی خەڵکەکە لە سەر خۆیی خۆیان پاراستبوو و بەدەم تەڕ کردنی لێوەکانیان هەوڵیاندەدا سەیری ئەولا ئەولا نەکەن. لەو کاتەدا بەرێز سامێرز دەستی بڵیند کرد و بانگی کرد: " بنەماڵەی ئادەم". پیاوێک لە نێو خەڵکەکە جووڵا و هاتە پێشەوە. سامێرز سڵاوی لێ کرد: " ئەم کاتەت باش بەرێز ستیڤ." ئەویش جوابی ستاندەوە: " ئەم کاتەت باش ئاغای سامێرز." بە بێ مەیلی و بە دڵنیگەرانییەوە بزەیەکیان گۆرییەوە و پاشان دەستی بە سندووقە رەشەکەدا کرد و بیتاقەیەک کە پێچرابووەوە دەرهێنا. ستیڤ ئادەم توند گۆشەیەکی کاغەزەکەی گرتبوو و چاوی لە دەستی نەدەکرد لە کاتێکدا بە پەلە بە نێو خەڵکەکەدا گەرایەوە شوێنەکەی خۆی کە برێک لە بنەماڵەکە واوەتر بوو.

ئەوجار بەرێز سامێرز بانگی ئالێنی کرد. پاشان، ئاندێرسۆن دوای ویش بێنتام.

خاتوو دلاکروا  بە خاتوو گرەیڤەز کە لە ریزی پشتەوەتر وەستابوو گوت: " هەست دەکەی زەمان لە نێوان شانسوبەختەکاندا بوونی نەماوە. دەڵێی هەر دوێنێ بوو شانسوبەختمان کرد، خاتوو گرەیڤەز لە وەڵامدا گووتی: ." کات زۆر خێرا تێدەپەڕێ."

"کلارک ... دلاکروا"
ئەوە مێردەکەی منیش بانگ کرا و لە کاتێکدا مێردەکەی بە نێو خەڵکەکەدا دەچووە پێشێ هەناسەی لە سینگیدا قورسایی دەکرد. پاشان سامێرز بانگی خاتوو دانبێر کرد. کاتێ خاتوو دانبێر قورس هەناگاوی بەرەو سندووقەکە دەنان یەکێک لە ژنەکان لەو لاوە بانگی
هێشت: " بەرەو پێشەوە جێنی،" و دانەیەکی دیکە هەرای کرد:" وا دەچێتە پێشێ."
" دوای ئەوی نۆرەی ئێمەیە،" خاتوو گرەیڤەز ئەمەی گووت. ئەو چاوی لێ بوو مێردەکەی بە لای سندووقەکەدا هات و بە رێزەوە سڵاوی لە بەرێز سامێرز کرد و پاشان پارچەکاغەزێکی لە سندووقەکە دەرکێشا. ئێستا ئیدی هەموو پیاوەکان بیتاقە پێچراوەکانی نێو دەستە گەورەکانیان بە دڵەخورپەوە لە مست گرتووە. خاتوون دانبێر کە بیتاقەکەی بە دەستەوەیە دەگەڵ دوو منداڵەکەی وەستاوە.
دوای ئەوانە نۆرەی  بنەماڵەی هاربێرت دواتریش نۆرەی بنەماڵەی هاچینسن هات.
" بیل هەستە،" خاتوو هاچینسن  ئەمەی وت و ئەو خەڵکەی کە لە نزیکی بوون پێکەنین.

بەرێز ئادەم کە لە تەنیشت وارنێری بەساڵداچووی وەستابوو وتی: " دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئاواییەکەی سەرەوەمان بە نیازن واز لەم شانسوبەختەکە بێنن." وارنێری بەساڵداچوو لە بەر خۆیەوە همێکی کرد. " با کۆی کەنەوە ئەو شێت وشورانە. گوێ گرتن لەم گەنجانە هیچ مەسڵەحەتێکی تێدا نیە. دوور نیە رۆژێکی بین و بڵێن دەیانەوێ بگەرێنەوە سەر ژیانی سەردەمی ئەشکەوت نشینی، گۆیا ئەو کاتە کەس کاری نەکردووە. بە کورتی قسەی ئەوانە ئەوەیە ژیان کردن لەو ساتەی تێیدا دەژی. وەک دەزانین پەندێکی کۆن هەیە دەڵێ: ' شانسوبەختی مانگی پووشپەڕ و پێگەیشتنی دەغل ودان.' قسەکەم کورت بکەمەوە شانسوبەخت خێری پێوەیە بە تایبەتی کە بەم زووانە مانگی خەرمانانە و وەرزی دروونەوەی دەغڵ و دان دێ. ئەوەش بڵێم ئەگەر ئاوا بروا هیچمان بۆ خواردن نابێ جیا لە بەڕو و گیاو گۆڵ." پاشان وارنێری بەساڵداچوو درێژەی بە قسەکانیدا و گوتی: " هەتا ئێستاش خەراپی رووی تێکردووین دەبینی چۆن جۆ سامێرزی گەنج شۆخی دەگەڵ ئەو خەڵکەی دەکات."
ئادەم لە وەڵامدا گوتی: "چەند ئاواییەک وازیان لە شانسوبەختکردن هیناوە."

" ئەوەی باسی دەکەی لە کێشە زیاتر چی دیکەی بە دمەوە نیە.  با کۆیکەنەوە ئەو شێت و شوورانە،" وارنێری بەساڵداچوو ئەوەی دوبارە کردەوە.  


 با "مارتین" بێت. بۆبی مارتین چاوی لێ بوو باوکی دەچووە پێشێ.
پاش ئەو نۆرەی ئاڤێردیک و دوایەش پێرسی هات.
خاتوو دانبێر بە کورە گەورەکەی گووت "بریا زوو تەواویان دەکرد." کورەکەی لە وەڵامدا گووتی، "ئەوەندەیان نەماوە هاکا تەواو بوون." خاتوو دانبێر بە کورەکەی گوت "خۆت ئامادە کە خەبەرەکە بۆ باوکت بەرە." بەرێز سامێرز ناوی خۆی خوێندەوە و پاشان چوو و لە سندووقەکە بیتاقەیەکی بۆخۆی دەرهێنا. پاشان بانگی وارنێری کرد. وارنێری هەر وا کە بە نێو حەشیمەتەکەدا دەچووە پێشێ گوتی "حەفات وحەوت ساڵە خەریکی ئەم شانسوبەختەم، حەفتاو حەوت جار."
واستۆم، کورە باڵا بەرزەکە کە بانگ کرا زۆر ناشیرنانە بە نێو خەڵکەکەدا رێی دەبری و لەو کاتەدا کەسێک لە نێو خەڵکەکەدا قاوی لێ کرد، " لە سەرەخۆبە چ نیە." سامێرزیش پێی گوت،" کورم پەلەی ناوێ." پاشان نۆرەی بنەماڵەی زانینی هات.

پاش ئەمە پشوویەکی درێژ راگەیەندرا، پشوویەکی تاقەت پرووکێن هەتا ئەوی سامێرز پارچە کاغەزەکەی بەرز کردەوە و گوتی: "زۆر باشە هاورێیان." بۆ ماوەیەک کەس لە جێی خۆی نەجووڵا و هەموو کاغەزەکان کرانەوە و پاشان لە پڕ ژنەکان وە قسە کەوتن، "بۆ کێ دەرچوو؟" "بۆ بنەماڵەی دانبێر دەرچووە؟" یان بنەماڵەی،"واستۆن." پاشان دەنگۆ بڵاو بووەوە بۆ بنەماڵەی هاچینسن  دەچووە، بەڵێ بیل هاچینسن  شانسوبەختەکەی بۆ دەرچووە. خاتوو دانبێر بە کورە گەورەکەی گوت برۆ هەواڵەکە بۆ باوکت بەرە. خەڵک چاویان بۆ بنەماڵەی هاچینسن  دەگێرا. بیل هاچینسن  ئارام لە شوێنی خۆی راوەستابوو و لە کاغەزەکەی دەستی رامابوو. لە پڕ تێسی هاچینسن  بە سەر سامێرزیدا قریشکاند: " ئەتۆ کاتی پێویستت نەدا بە بیل کاغەزی دڵخوازی خۆی راکێشێ! من خۆم بینیم و ئەوە زۆر ناعادڵانەیە."
خاتوو دلاکروا لەو لاوە هەڵیدایە، "قسەی باش بکە تێسی." و خاتوو گرەیڤەز‌یش گوتی: "ئێمە هەموومان وەک یەک بەختمان تاقی کردەوە."
بیل هاچینسن  وە دەنگ هات و بە تێسی وت بێدەنگ بە.
بەرێز سامێرز گوتی: "بەرێزان کاتەکە خێرا تێدەپەرێ و دەبێ برێک پەلە بکەین بۆ ئەوەی لە وەختی خۆیدا تەواو بین." پاشان بە ریزی ناوەکاندا چۆوە و رووی لە بیل هاچینسن  کرد و پێی گوت ئەتۆ لە جیاتی بنەماڵەکەت بیتاقەکەت راکێشا. دەمەوێ بڵێـم کەسێکی دیکەش هەیە لە بنەماڵەکەت، شانسی تاقی بکاتەوە؟"
خاتوو هاچینسن لەو لاوە هەڵیدایە و گوتی، "دان و ئێڤا مان هەیە، تکات لێ دەکەم شانسێکیان بدەیە!"
سامێرز زۆر بە نەرمی گوتی: "خاتوون هەموومان دەزانن  کچەکان دەگەڵ بنەماڵەی مێردەکانیان بیتاقە رادەکێشن."
تێسی گوتی: "ئەمە زۆر ناعادلانەیە."

بیل هاچینسن  کە کەسەر بە دەنگییەوە دیار بوو رووی لە جۆ سامێرز گوتی: "ئەوەی تۆ دەیلێی من پێم وانیە، ئەوە راستە کچەکانم دەگەڵ بنەماڵەی مێردەکانیان بیتاقە رادەکێشن، ئەمەیان عادلانەیە، بەڵام باقی ئەندامانی بنەماڵەم منداڵن."
سامێرز لە وەڵامدا وەک روونکردنەوە گوتی: " کەواتە کە دێینە سەر باسی بیتاقە راکێشان جا چ بۆ ئەندامانی بنەماڵە بێ چ بۆ هەموو بنەماڵەکەت، ئەوە هەر خۆت بەرپرسی. وا نیە؟"
"وایە،" بیل هاچینسن  ئەمەی وت.
پاشان سامێرز بە رەسمی پرسی: "چەند منداڵت هەیە؟"
"سێ دانە، بیل جێر، نانسی، دەیڤی بچکۆلانە، تێسی و خۆم."
"زۆر باشە،" سامێرز ئەمەی وت و دوای بە هاری وت کە بیتاقەکانی لێوەرگرێتەوە و ئەویش سەری بە هێمای بەڵێ بۆ لەقاند و بیتاقەکانی پێشان دا. سامێرز پێی وت ئەوەی بیلیش وەربگرێتەوە و بیتاقەکان بخاتەوە سندووقەکەوە.
خاتوو هاچینسن بە ئارامی گوتی: " گوتم ئەوە ناعادلانەیە. هەموو لایەک دەزانن بیل ئەو کاتەی پێنەدرا بە شێنەیی بیتاقەکەی راکێشێ. منیش پێم وایە دەبێ دوبارە بیتاقە راکێشینەوە."

بەرێز گرەیڤەز هەر پێنج پیتاقەکەی خستەوە نێو سندووقەکە و کاغەزی بیتاقەکانی دیکەش لە سەر عەرز پەرش و بڵاو ببوونەوە و با دەیهێننان دەیبردن.
خاتوو هاچینسن  بە خەڵکەکەی دەورووبەری خۆی گوت: "جوان گوێ بگرن."
پاشان سامێرز بە بیلی وت: " ئامادەی بیل؟" ئەویش چاوێکی خێرای لە منداڵەکان و ژنەکەی کرد و سەری بە هێمای ڕەزامەندی لەقاند.
سامێرز لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لە بیرت بێ کاغەزەکان مەکەنەوە هەتا هەر کەسەی یەک دانە دەردێنێ. هاری تۆ یارمەتی دەیڤی بچکۆلانە بکە. هاری دەگەڵ دەیڤ کە سەربەستانە بەرەو سندووقەکە هات چوو. "پاشان سامێرز بە دەیڤی گوت" دەیڤ کاغەزێک لە سەندووقەکە دەربێنە، بەس یەک دانە. دەیڤ بە دەمێکی بە پێکەنینەوە دەستی لە سندووقەکە نا و کاغەزێکی دەرهێنا. سامێرز بە هاری گوت کاغەزەکە بۆ دەیڤ هەڵگرێت. هاری کاغەزەکەی کە دەیڤ تووند لە دەستی گرتبوو دەرهێنا و دەیڤ بە هێمای سەرسووڕمانەوە کە لە لای هاری وەستابوو و دەستی لە دەستی وی دا بوو بەرەو سەر دەیرووانی.
سامێرز گوتی: "نۆرەی نانسییە کە دوازدە ساڵە." هاوپۆلییەکلانی نانسی هەناسەیان بە قوورسی هەڵدەکێشا. نانسی چووە پێش و لە کاتێکدا دامەنەکەی بەدەم رۆشتنەوە سوووڕا بە لەسەرەخۆیی کاغەزێکی لە سندووقەکە دەرهێنا. پاشان نۆرەی بیل جێر هات کە دەمووچاوێکی سوور و لاقەکانی درێژتر لە باقی لەشی دیار بوو ئەوەندەی نەمابوو سندووقەکە بخات کاتێ کاغەزەی بیتاقەکەی دەرهێنا. سامێرز بانگی تێسی کرد بیتاقەکەی دەربێنێ. تێسی بۆ ساتێک بە دوودڵی وەستا و پاشان چاوی لە دەورووبەری خۆی کرد و پڕی بە بیتاقەیەکدا کرد و  لە پشت خۆی گرت.
بەرێز سامێرز بانگی بیلی کرد و بیل هاچینسن  خۆی گەیاندێ و دەستی لە سندووقەکەدا گێرا سەرئەنجام کاغەزەکەی دیەوە و دەریهێنا.
خەڵکەکە بێدەنگ بوون. کچێک بە چرپە وتی "هیوادارم بۆ نانسی دەرنەچێ،" و چپەکە گەیشتە داوێنی قەرەباڵغییەکە.
 وارنێری بەساڵداچوو هاتە دەنگ و وتی: "ئەوەی دەکرێ بە پێی عادەتی جاران نیە، خەڵک بەمە نامۆن."
بەرێز سامێرز گوتی "زۆر باشە، ئێستا کاغەزەکانتان بکەنەوە. هاری تۆ ئەوەی دەیڤی بچکۆلانە بکەوە."
هاری گرەیڤەز کاغەزەکەی دەیڤی کردەوە و خەڵکەکە دیان کە کاغەزەکە سپی بوو. نانسی و بیل جێریس هاوکات کاغەزەکانی خۆیان کردەوە و هەردووکیان هاوکات بە پێکەنینەوە هۆرییان کرد، کاغەزەکانیان لە سەر سەریان گرتبوو بە نێو خەڵکەکەدا دەگەڕان.
سامێرز بە تێسی گوت، "ئەوەی تۆ." بۆ ماوەیەک کەشەکە بێ دەنگ بوو و پاشان سامێرز رووی لە بیل هاچینسن  کرد. بیل کاغەزەکەی کردەوە پێشانی دا کە ئەوەی ویش سپییە.
"کەواتە بۆ تێسی دەرچووە،" سامێرز بە دەنگێکی گیراوەوە ئەوەی وت. پاشان بە بیلی وت بیتاقەکەی تێسیان پێشان بدا.
بیل چووە لای خێزانی و بە زۆر کردن کاغەزەکەی لە دەستی دەرهێنا. کاغەزەکەی تێسی پەڵەیەکی ڕەشی لە سەر بوو. ئەم پەڵەیە بە دەستی سامێرز شەوی پیشتر کرابوو، بە قەڵەمێکی ڕەژووی پان کە لە کۆمپانی ڕەژووەکەی هەیبوو. بیل کاغەزەکەی بڵیند کرد و خەڵکەکە کاغەزەکەیان دی.
پاشان بەرێز سامێرز هاتە دەنگ و وتی "زۆر باشە بەرێزان، با کارەکەمان بە خێرایی بە کۆتایی بگەیەنین."


ئەگەرچی خەڵکەکە ڕەسم و رەواڵەکانیان لە بیر نەمابوو و هەروەها سندووقە ئەسڵییەکەشیان نەمابوو، بەڵام ئەوان دەیانزانی چۆن بەردەکان بەکار بێنن. ئەو کۆ بەردەی کوڕەکان پێشتر کۆیان کردبووەوە. بەردەکان لەوێ لە سووچێک بوون و کاغەزەکان کە لە سندووقەکە هاتبوونە دەر لە نێو بەردەکان بڵاو ببوونەوە. خاتوو دلاکروا گەڕا هەتا توانی گەورەترین بەردی دیەوە بە هەر دوو دەستی هەڵی گرت رووی لە خاتوو دانبێر: "یاڵا دەی پەلەی بکە."  

خاتوو دانبێر کە بەردی چووکە چووکەی هەڵبژزاردبوون و هەر دوو دەستی پڕ کردبوون، بە دەم هەڵکێشانی هەناسەوە گوتی: "من ناتوانم ڕا بکەم ئەتۆ برۆ وە پێش بکەوە و من بە دوات دا دێم."
منداڵەکانیش ئامادە بەردیان پێ بوو، کەسێکیش چەندانە وردکە بەردی دابووە دەست دەیڤی بچکۆلانە.

تێسی هاچینسن  لە ناوەرستی خەڵکەکەدا بوو و دەووربەری بەتاڵ بوو و دەستکانی نائومێدانە بڵیند کردبوون لە کاتێکدا خەڵکەکە لێی نزیک دەبوونەوەو وتی، " ئەمە عادلانە نیە." لەو کاتەدا بەردێک وە لا سەری کەوت.

وارنێری بەساڵداچوو بانگی کرد: "دەی، دەی هەمووتان." ستیڤ ئادەم کە لە تەنیشت خاتوو گرەیڤەز بوو لە پێشەوەی خەڵکی ئاواییەکە بوو: "ئەوە عادیلانە نەبوو، ئەمە حەق نەبوو،" خاتوو هاچینسن  هەتا توانی قیژاندی و خەڵکەکە کەوتنە گیانی.

Image result for ‫شانس‬‎

 

ناوی چیرۆکەکە The Lottery  کە لە لایەن Shirley Jackson لە ساڵی ١٩٤٩ نووسراوە.

سەرچاوە: The Art of Short Story(2006) by Dana Gioia and E.S. Gwynn, Pearson Longman: United States.         

گەڕان بۆ بابەت