شێعر و پەخشان

تاراى باران...

نەژاد عزیز سورمێ

هەور باڵیان

بەسەر شارو گوندان دەکوتن

مەترسە! دەستت بێنە!

خۆشەویستى دڵنیاییمان دەداتێ

 

تاراى باران... شەقامی تارمایى... دۆت کۆم

نەژاد عزیز سورمێ

 

"چ دەبێ ئەگەر هەموویان بڕۆن؟                

         وازیان لێ بێنە… من دەمێنمەوە

        بە دەریا بەر فراوانەکاندا دێم

       ئاسمانی بێ پایان تەى دەکەم

      بێ دڵشکاوى، بێ شکایەت

     دێم گۆرانى بچڕم ."

                        یانیس ڕیستۆس

 

 

(1)

مەترسە! کۆڕ گەرمە، شانۆ ماندوو

هەور باڵیان

بەسەر شارو گوندان دەکوتن

مەترسە! دەستت بێنە!

خۆشەویستى دڵنیاییمان دەداتێ

خۆشەویستى لە خەمى بێ چاووگ و سەرچاوەمان

دەپارێزێ..

مەترسە!

خۆشەویستی لە دیوارى ماندوو

لە سەعاتی هەناسەسوار  و

کەوشەنى گومڕاییمان دەترازێنێ

مەترسە!

ئیتر ترس لە دەفتەرە زەردهەڵگەڕاوەکانى مێژوودا

جێگەى نییە

مەترسە!

بێگومان بای وادە

پیاسەیەکمان هەر پێ دەکا

زۆر لەو سەفەر و گەشتانە خۆشتر

دەزگاو سەندیکاکان بۆ هەوادارانییانى ڕێک دەخەن

مەترسە!

ئەگەر پەڵەیەک هەور و

چەند گەزێ خۆر و

شەرەنگى دواساتمان

لە شەقامە بە جریوە ڕنگاوڕەنگەکانەوە دەست نەکەوت.

 

 

(2)

(ئاخرى / لاوک و / حەیران و / هۆرە و / سیاچەمانەم / بینی /

بەناو / یەکتر / کەوتبوون/ من / ڕەخشم / پێ / نەبوو /

/ گۆرانییەکى کپکراو / هاوارێکى بێدەنگ / بەدەردى /

/ چی / دەخوا ؟ / شەقامی تاریک / دیوارى کوێر... / )

 

پەردەى پەنجەرەم لەسەرمان هەڵدەلەرزێ

پایزێکى درەنگ بوو

لەگەڵ گەلگامش پێکەوە بووین

دۆسیەى بارانمان دەخوێندەوە

کە لەسەر شۆستەدا داواى تەسکەرە و

ناسنامەیان لێ کردبوو... تووڕە ببوو

لەوێباى دەتدى

چەند گۆرانى ، چەند ئاواز

چەند ئەستێرەى داڕژاو و

پارچەى مانگ پێشێل دەکرێن

لەوێباى

بەتایبەتى

بۆنى مێلاقە و ئەرخەوانت دەکرد

گوێت لە پێخوستی بوولێڵ و

زرنگەى تاراى زیوین دەبوو

لەوێباى،

بە ڕێژنەیەک فرمێسک سەوز دەبوویەوە.

 

 

ئاى لە نەرمە خوناوان

ئاى لە سەدایێ پایزێ

لە باوبۆرانى زستانێ.

 

(3)

( شیرین قەد / پەشمى ئاودامان / دەپۆشێ/ بڵێی /

/ دونیا / ئەوە /  نەبێت /  دەیبینین ؟ /

/ ئاگرى شوانان / لە / دوور ڕا /

/ دیار / بوو.. / لاڤایی / تاوى / بۆ / دەهێناین /

 / نەقشى / ناسۆر / بوو / لە سنوورانیان / دەکێشا/

دڵم / دەڵێ / پێدەکەنى  .. / )

 

دەستم بگرە.. مەترسە !

خەمى وایەرە تێکئاڵاوەکانت نەبێ

گوڵەکانى مافوور چاویان لە کڵاوڕۆژنە بڕیوە

(هیوا) ى شێت

(ئومێد) ى لەعنەتی .

پیاڵەیەکى پڕ

لەو دیو ڕۆژگارى گلاراو چاوەڕێمانە.

 

Image result for ‫باران‬‎