ما 490 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 ژیان سەیرە و زۆر جار ناهێڵێ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەی وا ناوێری بیانکەی، دابمێنی. ژیان جاری وایە بە زمانی رووداو وەڵامت دەداتەوە. ئەویش رووداو لە چەشنی هەرە گەورەی. گەورە بە قەدەر مێژوو و دونیا. من کە نە ئەو رۆژە و نە رۆژانی دوواتر قەت نەموێرا لە باوکم بپرسم شۆڕش چییە و کێیە و چۆنە،...

 

شۆڕش و رۆژێکی زستانی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەبیرم دێ لە زستانێکی وەیشوومەدا، رۆژێک لە ماڵەوە، کاتێک تەنیا دوازدە ساڵ لەتەمەنم تێدەپەڕی، باوکم لەکاتێکدا پاڵی بە نوێنەکانەوە دابوو و بە دوو پەنجە سمێڵە پانەکەی دەلاواندەوە، گوتی "رۆڵە هەموو شتێک بە شۆڕش چارەسەردەکرێ!"

ئەم رستەیە لە ساتەوەختێکدا لە زاری دەهاتەدەر کە ورد ورد لە بەڕە رەق و کۆنەکەی بەردەمی دەڕوانی. منیش کە وەیشوومەی دەرەوە، سمێڵ بادانەکانی باوکم و نیگا قەتیس ماوەکانی گرتبوومی، لەو ساتەوە کە لە دەرەوە یەکێک لە قێزەوەنترین رۆژەکانی ژیان بەڕێوە بوو، زۆر بە قووڵی و لە ناخمەوە قسەکەی باوکمم وەرگرت و باوەڕم پێ هێنا و، ئیتر فێربووم کە هەموو شتێک بە شۆڕش چارەسەر دەکرێ،... هەتا هەنووکەیش، ئەگەرچی دەیان ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێدەپەڕێ، ئەگەرچی نە باوکم ماوە و نە ئەو خانووە و نە منیش لەو ژوورە و لەو وڵاتە ماوم کە ساڵانی ساڵ لەوە پێش ئەو قسە دەگمەنەی تیاکرا.

لەو رۆژەوە هەستم کرد گەورە بووم. بۆیە کاتێک باوکم لە ماڵەوە نەبوو، وەک ئەو دەچووم پاڵم بە نوێنەکانەوە دەدا، لە بەڕەکە مۆڕدەبوومەوە و لە کاتێکدا پشتم بە زبریی جاجمیی نوێنەکان دەکزایەوە، لەبەر خۆمەوە دەمگوت "رۆڵە هەموو شتێک بە شۆڕش چارەسەر دەکرێ!"

من کە نەمدەزانی شۆڕش چییە و پێم وابوو رەنگە دۆعا، پیاوێکی دراوسێ، کتێب یاخود ناوێکی تری خودا بێت، بە خۆم دەگوت کە منیش کاتێک بوومە خاوەنی منداڵ هەر ئەمەیان پێدەڵێم. رێک وەک باوکم لە ژوورەکەدا دادەنیشم و بە دەنگێکی گڕ، جوانترین و سیحراوی ترین نەسیحەتیان بۆ جێدێڵم.

لەبیرم دێ لەو رۆژەوە، من، بە بێ ئەوەی بە خۆم بزانم، بووم بە شۆڕشگێڕ و بۆ هەمیشە باوەڕم بە ئیعجازی شۆڕش هێنا. دیسان هەتا هەنووکەیش!

ژیان سەیرە و زۆر جار ناهێڵێ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەی وا ناوێری بیانکەی، دابمێنی. ژیان جاری وایە بە زمانی رووداو وەڵامت دەداتەوە. ئەویش رووداو لە چەشنی هەرە گەورەی. گەورە بە قەدەر مێژوو و دونیا. من کە نە ئەو رۆژە و نە رۆژانی دوواتر قەت نەموێرا لە باوکم بپرسم شۆڕش چییە و کێیە و چۆنە، لە دووای ساڵێک خەڵک رژانە سەر شەقام و وتیان شۆڕشە! ئەمجارەیان بوو زانیم شۆڕش واتای هاتنە سەر شەقامی خەڵک و دروشمدان و داواکاریی رووخانی حکومەتە. ئەمجارە بوو باسی ماف و باسی زیندانی و ئەشکەنجە و شتی لەم بابەتەم بیست. دەبێ دان بەوەدا بنێم کە رووداوی شۆڕش ئەوەندەی تر منی بە باوکم سەرسام کرد و زانیم باوکی من کەسێکی ئاسایی نییە. لەگەڵ شۆڕش و بەرەوپێشچوون و دوواتر سەرکەوتنی، باوکی من لە گەڕەک رێزی زۆر چووە سەر. هەمیشە ماڵمان جمەی دەهات، بۆ هەموو شتێ پرسیان پێدەکرد، کە یەکەم دامەزراوەکانی دەسەڵاتدارانی نوێ دروستکران، باوکم لە شارەکەی ئێمە بوو بە سەرۆکیان. ئیتر باوکم وەک جاران دەرفەتی ئەوەی نەبوو لە ماڵەوە دابنیشێ، پاڵ بە نوێنەکانەوە بدات و لە کاتێكدا لە بەڕە رەقەکە مۆڕدەبێتەوە بڵێ رۆڵە شۆڕش چارەسەری هەموو شتێکە. ئەو لە ژوورەکانی دەسەڵاتدارە تازەکاندا خەریکی ئەم ئەرکەی بوو.

لەبیرم دێ ئەو رۆژانە زۆر خۆشبوون. باوکم هەمیشە پێدەکەنی. ئەوسا رستەکانی تری هاتن. ئەوەیکە بە بێ شۆڕش ژیان بێ مانایە و داهاتوو رەش. من کە ئەمجارە لە قسەکانی باوکم دەگەیشتم، خۆشحاڵ لەوەی گێژ و دەبەنگ نەماوم و بە دوو ساڵ، ئەقڵی مرۆڤێکی گەورەم پەیداکردبوو، سینگم پێش دەخست و بە سەری پڕ لە خەیاڵاتەوە رێگام دەبڕی. ئەگەرچی هێشتا هەستم دەکرد سەرەڕای رووداوی شۆڕش قەت لە رستەکەی باوکم نەگەیشتبووم. کۆڵان جەستەی ئاوساوی منی بە زەحمەت لەخۆی دەگرت. هەمیشە بە دیوارەکانم دەگوت بکشێنەوە،... دیوارە گڵینە رووخاو و ناشیرینەکان، ئەو دیوارانەی بە زستان و بە پاییز تا سەر مۆخی ئێسقانیان دەخووسان و هاوینانیش کا و پووشەکانیان دەبوونە گەمەی دەم با. ئەو دیوارانەی بەڵێن بوو شۆرش چارەسەرێکیان بۆ بدۆزیتەوە.

ئەوەندەی پێنەچوو وتیان حکومەت لە ناوەند بە دەسەڵاتی پەراوێز رازی نیە و داوای گەڕانەوەی بێ ئەم لاولای خۆی دەکا. نازانم ئەم جورئەتە لە کوێوە هات، بەڵام شەوێکیان لە باوکمم پرسی باشە بۆ ئەوان بە ئێوە رازی نین، مەگەر تۆ نەبووی دەتگوت هەموو شتێک بە شۆرش چارەسەر دەکرێ؟  باوکم سەیرێکی کردم. هەر کە ویستی وەڵامم بداتەوە، لە دەرگایان دا و ئیتر فریا نەکەوت. ئەو شەوە کە دەیتوانی شەوی یەکەمین وەڵامی پرسیاری من لە باوکم بێت، بە بێ وەڵام تێپەڕی و ئیتر رووداوەکان وەها بە خێرایی بە شوێن یەکتردا هاتن و رۆیشتن کە قەت باوکم دەرفەتی ئەوەی پەیدا نەکردەوە لەگەڵ من لە شەوێکی ئارام دا دابنیشێ و وەڵامم بداتەوە. هێشوی ترێی ژیانی رۆژەکانی تری نێوان من و باوکم ئەوەندە قورس نەبوون کە هێشووەکە لە ژێر قورسایی خۆی، دنکی وەڵامی لێ هەڵوەرێ.

شەڕێکی قورس دەستی پێکرد. لەبیرم دێ شار و گوند لە ئاگردا دەکوڵان. شەوانە نوورئەفکەنەکان رێگایان رووناک دەکردەوە و رۆژانەیش ئەو کۆپتەر و فڕۆکانە دەسووڕانەوە کە ئاسمان ئەوانیان لە هەموو شتێکی تر خۆشتر دەویست! لە بیرم دێ ئەو شۆڕشەی باوکم باسی دەکرد و سەری گرت، رۆژێک لە کۆڵانێک دا باوکم بەر پریشکی یەکێک لە هاوەنەکانی کەوت و گیانی سپارد و،... بۆ هەمیشە جێی هێشتین.

باوکم بۆ هەمیشە ون بوو. وەک ئەو باڵندانەی سەرەتای پاییز کۆچدەکەن و بە دەم رێگاوە دەبنە قوربانیی سەفەر.

***

ئیستا کە من تەمەنم لە پەنجا لایداوە و لە وڵاتێک یەکجار دوورتر لەو وڵاتەی دەژیم کە باوکم چل ساڵ لەوە پێش تیایا باسی شۆڕشی بۆ کردم، هێشتا هەر باوەڕم بەو شۆڕشەی باوکم ماوە، ئەگەرچی قەت وەڵامی ئەوەم لێ وەرنەگرت شۆڕش چییە! من دوواتر زۆر کتێبم خوێندەوە و بگرە بە هۆی بەختمەوە بەسەر شۆڕشێکیشدا کەوتم، بەڵام قەت هیچ وەڵامێک تێری نەکردم. من دەبا وەڵامم لەو کەسە وەربگرتایە کە یەکەم جار رستەکەی لادرکاندم،... لە باوکم.

ئیستا بە ئیستایش، بە شەوانە تا درەنگان دادەنیشم و لە کاتێکدا هەموو گەڕەک و شار خەوتوون و خۆ بۆ ژیانی سبەی دەحەسێننەوە، من بە دەم پرسیاری گرینگترین رستەی ژیانم کە دەیان ساڵ لەوە پێش لە هەڕەتی مێردمنداڵیدا بیستم، کتێبەکان ئەم دیواودیو دەکەم و لاپەڕەی سایتە ئینتەرنێتییەکان هەڵدەدەمەوە. بە چەندین زمان بە سەر دەیان و سەدان و هەزاران بیر، شرۆڤە و بابەتی جوان و پاراو کەوتووم، بەڵام رۆحم هەر تینوویە. من هێشتا بە سەر وەڵامدا نەکەوتووم.

رەنگە قەتیش نەکەوم.

زۆر سادە! رەنگە لەبەر ئەوەی نە ئەو خانووە ماون و نە ئەو رۆژانە و نە ئەو کۆڵانە.

 

 

 

Image result for ‫انقلاب تابلو‬‎

گەڕان بۆ بابەت