فەڕۆخ نێعمەتپوور

پێڵاوەکان زیاتر از پێڵاوبوونیان، هەڵگری بوون و بەسەرهات و ژیانێکن کە بە درێژایی زەمەن ئەزموونیان کردووە و، بۆیە زیاترن لە جووتێک پێڵاو. لێرەوە تابلۆکە خەیاڵی بینەر دەبزوێنن و لە رێگای خۆیەوە دەمانبەستێتەوە بە ژیانێکەوە کە خۆی لە تابلۆکەدا حەشارداوە و بەڵام هاوکات زەقترین راستیی و حەقیقەتی ناو وێنەکەیە.

 

 

پێڵاو و خەیاڵ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ڤان گۆگ خاوەن تابلۆیەکە کە تێیدا جووتێک پێڵاو کێشراوەتەوە. جووتێک پێڵاوی کۆن و بەکارهاتوو کە هی جووتیارێکە و  نیشاندەری ژیانی پڕ لە کار و ماندووبوونی ئەو. جووتێک پێڵاو کە لە خۆیدا هەڵگری گەلێک بەسەرهات و تەواوی ئەو رۆژ و شەو و ساتانەیە وا جووتیارەکە بە کار و ماندووبوون بەسەری بردووە. بۆ ئەو نیگایانەی کە هۆگر و خوێنەری بەرهەمی هونەرین، ئەو تابلۆیە تەنها وێنەی جووتێک پێڵاویان لە خۆیدا هەڵنەگرتووە. پێڵاوەکان زیاتر از پێڵاوبوونیان، هەڵگری بوون و بەسەرهات و ژیانێکن کە بە درێژایی زەمەن ئەزموونیان کردووە و، بۆیە زیاترن لە جووتێک پێڵاو. لێرەوە تابلۆکە خەیاڵی بینەر دەبزوێنن و لە رێگای خۆیەوە دەمانبەستێتەوە بە ژیانێکەوە کە خۆی لە تابلۆکەدا حەشارداوە و بەڵام هاوکات زەقترین راستیی و حەقیقەتی ناو وێنەکەیە.

بەڵام جووتە پێڵاوەکەی ڤان گۆگ باسی رابردوو دەکەن، باسی بەسەرهاتێک کە روویداوە و پێڵاوەکان لە گەڵ خۆیان هەڵیانگرتووە و ئێستا لە رێگای بەرهەمێکی هونەرییەوە داوا لە بینەری خۆیان دەکەن کە ئەو بەسەرهاتە لە خەیاڵ و زەینی خۆیان دا بەسەربکەنەوە. ئەگەرچی ئەوان بەشێوەی کۆنکرێتی نازانن چ جۆر ژیانێکیان ئەزموون کردووە و تابلۆکە تەنها خەیاڵی ئەوان بەگشتی دەبا بۆ ژیانێک بە ناوی ژیانی جووتیاری. واتە وێنەکە گشتیەتی ژیانێکی تایبەتمان بۆ دەنوێنێتەوە بە ناوی ژیانی جووتیاری. ئیتر ئەوەی بینەر چۆن چۆنی وردەکارییەکانی ئەو ژیانە دەهێنێتە بەرچاوی خۆی ئەوا لە بینەرێکەوە بۆ بینەرێکی تر دەتوانێ بە گوێرەی کلتور و ئەزموون جیاواز بێت.

با لێرەدا تابلۆی جووتێک پێڵاوی تازە بێنینە بەرچاوی خۆمان کە رەنگە نیگارکێشێکی بەناوبانگ کێشاویەتی و، وەک بەرهەمێکی هونەری لە پێشانگەیەکدا خستوویەتە بەردەم هۆگرانی هونەر، ئەگەرچی ئەو وێنەیە لەبەر دەستی نووسەری ئەم دێڕانەدا نیە و تەنیا وەک خەیاڵێک بۆ بەراوردکاری کەڵکی لێ وەردەگیردرێ. جووتێک پێڵاو کە هێشتا بەپێچەوانەی جووتە پێڵاوەکەی ڤان گۆگ، سەرەڕای لەدایکبوونیان، ژیانیان دەست پێنەکردووە و چاوەڕوانن. چاوەڕوانی کەسێک کە لەپێیان بکا و وەک جووتە پێڵاوەکەی تر بیانکا بە خاوەن مێژوو و بەسەرهات.

دیارە بە گوێرەی جۆری پێڵاو دەکرێ، ئەم پێڵاوانە خاوەن کەسی جیاواز بن بە کار و شێوە ژیانی جیاوازەوە. پرسیار ئەوەیە داخۆ ئەم پێڵاوانە کە هێشتا ژیانیان دەست پێنەکردووە، داخۆ دەتوانن بە قەدەر پێڵاوەکانی ڤان گۆگ بزوێنەری خەیاڵ بن؟ داخۆ دەتوانن بە هەمان رادە بزوێنەر و هەڵگری حەقیقەتی هونەری بن؟

دەتوانین بڵێین کە ئەم پێڵاوانە بەچەند هۆکار ناتوانن هەڵگری هەمان قووڵایی بەرهەمەکەی ڤان گۆگ بن، بە چەند هۆکار:

ـ چونکە نەژیاون، ساکارییان پێیەوە دیارە،

ـ چونکە بەسەرهاتیان لەخۆیاندا هەڵنەگرتووە، بێ مێژوون،

ـ چونکە پیر نەبوون، هەڵگری قووڵایی مانای زەمەن نین.

بەڵام هاوکات دەبێ بڵێین کە تابلۆیەکی لەم چەشنە دەتوانێ بەرهەمێکی هونەری بێت. لانیکەم لەو مانایەدا کە چەمکی 'چاوەڕوانی' لە بینەردا دەبزوێنن.جووتێک پێڵاو کە چاوەڕوانی ژیان و بەسەرهاتەکانی داهاتوون. وە بۆ ئەوانەی کە مێژوویەکی پڕ لە بەسەرهات و مانای ژیانیان بە کۆڵەوەیە، ئەم چاوەڕوانییە چەندە بەزەیی و هاوکات ئێرەیی دەتوانێ لە دەروونیاندا چێ بکا.

پێڵاوەکانی ڤان گۆگ باس لە بوون و رابردوویەک دەکەن کە هەیە و گوزەراوە و جووتە پێڵاوەکەی تر باس لە بوون و بەسەرهاتێ کە بەڵێنە بێت. ئەگەرچی ئەم بەسەرهاتە تەنها بریتی بێت لە سووتانی ئەو پێڵاوانە لە کارەساتێکی ئاگردا!

 Image result for ‫ونگوگ کفش‬‎