ما 3708 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

کاریگەری، نگەتیڤ یان پوزەتیڤ

لە رۆمانی "وێنەی دوریان گرەی" لە نووسینی نووسەری ئیرلەندی "ئۆسکار وایڵد"، دوریان گرەی یەکێک لە کاراکتێرەکانی رۆمانەکە روودەکاتە "لورد هێنری" کەسایەتییەکی تری ناو کتێبەکە و لێی دەپرسێ:

ـ "لۆرد هێنری، بە راستی جەنابت وەک باسیل Basilباسی دەکا خاوەنی وەها کارتێکەری و نفوزێکی خراپی بە سەر کەسانی دەورووبەرتدا؟"١

لۆرد هێنری لە وەڵامدا دڵێ:

ـ "لە راستیدا هیچ کاریگەرییەک دەست ناکەوێ کە بتوانین بڵێن پۆزیتیفە. هەموو جۆرە کارتێکەرییەک نائەخلاقییە." ٢

 

ئەم کەسایەتییەی ناو رۆمانەکە لە درێژەی شیکردنەوەی هەڵوێستەکەی خۆی، ئاماژە بە چەند خاڵی جۆراوجۆر دەکا. بۆ وێنە ئەوەی کە "ئامانجی ژیان بریتیە لە گەشەپێدانی خۆ"، یاخود "هەوڵدان بۆ کارتێکەری، لە راستیدا بریتییە لە گواستنەوەی رۆحی خۆ بۆ ئەوی تر." ٣

کەواتە بە گوێرەی بۆچوونەکەی لۆرد هێنری هەوڵدان بۆ کاریگەریی لە سەر کەسایەتی خەڵکانی تر کارێکی نگەتیڤ و نائەخلاقییە (یان رۆحی بەرامبەر دەکوژێ، یان بەر بە گەشەی دەگرێ). هەر بەو پێیەیش دەتوانین بڵێین کە هەوڵدان بۆ چوونە ژێر کاریگەریی کەسانی تر دیسان نگەتیڤ و نائەخلاقییە، چونکە مەبەست و فەلسەفەی ژیانی هەر تاکێک بریتییە لە گەشەپێدانی کەسایەتی و بوونی خۆ.

بەڵام داخۆ بەراستی دەکرێ لە ژیانماندا نەکەوینە بەر کاریگەریی کەسایەتیی کەسانی تر؟ داخۆ ناکرێ بڵێین کە ئەم کارتێکەرییە زۆر جار نەخوازراوە (لە لایەن کارتێکەر و وەرگرەوە) و خودی پرۆسەکە، رەوتێکی ئاسایی ژیانی کۆمەڵایەتییە؟

بێگومان لە قسەکانی لۆرد هێنری دا لە پاڵ زێدەڕۆییەکدا کە لە مانادا هەیە، لایەنێکی تریش خۆدەنوێنێ کە هەمان وشیاربوونەوە و تێگەیشتنمانە لە خودی "کاریگەریی". ئەوەی کە گەر ناتوانین بە گشتی خودی پرۆسەی کاریگەرییەکان لە ناوبەرین، بەڵام دەکرێ بە تێ بینییەکی زۆرترەوە بەرەوڕووی ببینەوە.

لە کۆمەڵگای ئێمەدا کە دۆخە زاڵە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتورییەکان خەریکی بەرهەم هێنانەوەی بەردەوامی کاریگەریی بە سەر زەین و دەروونی مرۆڤەکانەوەن، بێگومان قسەکانی قارەمانی ئۆسکار وایلد زۆر شتی پێیە بۆمان. ئەگەر ئۆسکار وایلد لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا باس لە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ژیانی مودێڕن دەکا کە هەمان بەرجەستە بوونی تاک لە بەرامبەر کارتێکەرییە نگەتیڤەکانی دەورووبەر بە سەر کەسایەتی ئینسانەکانەوەیە بۆ ئەوەی سەربەخۆیی ئەوان بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، ئەوا لە سەرتاکانی سەدەی بیست و یەک دا ئەم بابەتە هێشتا بابەتێکی مەوزوعیە لای ئێمە.

با بۆ جارێکیش بێت، لە ئاست خۆماندا دابنیشین و بیرێک لەو دۆخ و مرۆڤانە بکەینەوە کە کارتێکەرییان بە سەرماندا هەبووە،... بیرکردنەوەیەکی ریشەیی و بنەڕەتی.

 

ژێرنووس:

1- Bildet av Dorian Gray, Av Oscar Wilde, oversatt av Kari og Kjell Risvik. Kagge Forlag, 1995. Side 35

2 og 3- Bildet av Dorian Gray, Av Oscar Wilde, oversatt av Kari og Kjell Risvik. Kagge Forlag, 1995. Side 35 

 

سایتی قەڵەم

 

٣٠.١٠،٢٠١٤

گەڕان بۆ بابەت