فەڕۆخ نێعمەتپوور

دادەنەوێم، بەرزی دەکەمەوە و لە باوەشی دەگرم. منداڵەکە بە پەنجە ئاماژە بە دایکی و بە توونێلەکە دەدات و بە زمانی ناڕوونی شتێک دەڵێت. من چاوم لەسەر ئەو قەتارەیە کە ئێستاکە لە وێستگەکەدایە. کاتژمێر پێنج بۆ پێنجی یەکێک لە ئێوارەکانی شار.

 

چاوەکان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

رۆژی هەینییە. رادیۆکەم لەسەر کەناڵێکی گۆرانی داناوە و ئاوازێکی خۆش ژوورەکەمی تەنیوە. بەڵێنە لەگەڵ هاوڕێکانم کاتژمێر پێنج و نیو لە سەنتەری شار یەکبگرینەوە. وەک هەمیشە، بەڵێنە، پاش کەمێک پیاسەی ئێرە و ئەوێ، خۆ بە باڕە هەمیشەییەکدا بکەین و ئیتر سەرخۆشبوون و گاڵتە و جەفەنگ و قسەی قۆڕ... تا نیوەشەو. ئەوسا گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لەناو تاکسییەکی رەش دا بە پارەیەکی کەم. شۆفیرەکەیش لەو پەنابەرانەی وا بە زمانێکی سەقەت دەدوێن و بۆ قەرەبووکردنەوەی بەردەوام بە بزەوە لێت دەڕوانن. گۆرانی وتن و نەعرەتە لێدان. وە چەند شۆفیرەکانیش میهرەبانانە لێمانوەردەگرن. کۆتایی هەفتە هەموو دڵیان گەورە دەبێتەوە. دوورکەوتنەوە لە کار، لەدەرەوەبوون تا دڵ دەخوازێ، خەوتنی بێ سنوور، سەما لەگەڵ کچە شۆخ و شەنگەکان و هەست بە ئازادییەکی رەها کردن، ئەو تایبەتمەندییانەن بەردەوام بزەدەخەنە سەر لێوەکان. شۆفیرەکانیش ئەگەرچی بەپێچەوانەی خەڵک لە کۆتایی هەفتەدا کاردەکەن، بەڵام پارە و پێکەنین و نەعرەتەکانی ئێمە ئەوانیش شاد دەکەن. بەگشتی کۆتایی هەفتە، ساتی کۆتایی هاتنی ناوچاوگرژییەکان و ئانی دەستپێکردنی شادییە. شار دەکەوێتە پێکەنین.

رادیۆکە بەردەوامە. لەنێوان دوو گۆرانی دا پێشەشکارەکە دەلێ ئێستاکە لەگەڵ توێژەرێک سەبارەت بە پەرەسەندنی کردەی ناحەز لەنێوان گەنجەکاندا قسەوباسیان دەبێ. ئەوسا پێش ئەوەی دەست پێبکەن هەندێ ئامار دەدا بە دەستەوە. دزی، دەستدرێژی بۆ سەر کچان، خۆ لە قوتابخانە دزینەوە، چەک و شتی لەم بابەتە لەناو قسەکانیدا بەرگوێ دەکەون. بیر لە سەردەمی سەرەتای لاویەتی خۆم دەکەمەوە. بزەیەکم دێتێ. پێم وایە چەندە سەردەمێکی خۆش، هەربەو رادەیەیش ناخۆش بوو. پێم وایە سەردەمێکە ئەقڵ خۆی نەدۆزیوەتەوەو مرۆڤ لە رێگای ئەنجامدانی کاری سەیروسەمەرەوە خەریکی خۆسەپاندنە بەسەر جیهاندا، یان پێی وایە دەتوانێ خۆی بسەپێنێ و جیهان دەستەمۆ بکا. چ بیرێکی سەیر. لەبەر خۆمەوە سەر رادەوەشێنم. ئەوسا بیرم زۆر بە خێرایی لەسەر بابەتەکە لادەچێ. "بە من چی، من خۆ ئیتر لەو تەمەنە لامداوە." دەچم شەپۆلەکە دەگۆڕم. دیسان دەنگی گۆرانی و مۆسیقا ژوورەکە دەتەنێ.

لەم کاتەدا یەکێک لە هاوڕێکانم زەنگ دەدا و دەڵێ کە ئەمشەو بەرنامەکە گۆڕاوە و بەڵێنە ئەوان لەگەڵ دۆستەکانیان بێن. دوو دۆستی تازە کە ئەوەندە نیە لەگەڵیان بوونەتە ئاشنا. داوادەکەن ئەمشەو قاتی جوان لەبەر بکەم. بە بیستنی ئەم هەواڵە زۆر خۆشحاڵ دەبم. بەڵام ئەمە نابێتە هۆکاری ئەوەی گلەییان لێ نەکەم. گلەیی لەبەر شاردنەوەی هەواڵەکە لە من. تەلەفۆنەکە دادەنێم و بە شوێن قاتەکانمدا دەگەڕێم کە لەم دوواییانەدا ئەوەندە کەڵکم لێ وەرنەگرتبوون. لەبەر ئاوێنەکەدا چەند قات تاقی دەکەمەوە. سەرئەنجام لەسەر رەنگە رەشەکەیان ساخ دەبمەوە. ئەمشەو بەڵێنە کەمێک پیاوماقوڵ بین! بەڵێنە سەرەڕای خواردنەوەی زۆر، ئاگامان لە شێوازی هەڵسوکەوتی خۆمان بێت. بیر لە هاورێکان دەکەمەوە. لە قووڵایی دڵمەوە حەزدەکەم بەوەی گەیشتبێتن کە بۆخۆیان ئاواتخوازی بوون. بەو حسێبە تەنیا من مابووم. هەڵبەت گرینگ نیە. من جارێکە پلانی لەو چەشنەم نیە. لام وایە هێشتا زووە گەنجیەتی خۆم ببەستمەوە بە پەیوەندێکەوە کە دەتوانێ تەواو سنوردارم بکا. بزەیەکم دێتێ. خۆشحاڵم هاوڕێکانم ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە لەمێژە بە شوێنییەوە بوون. نیگاکانیان دەتوانن چەند شادومانانە پێبکەنن.

سەرئەنجام ئامادە دەبم. پێش ئەوەی بڕۆمە دەر، چاوێک بە خانووەکەدا دەگێڕم. هەموو ئەو سیمانەی دەبێ بە کارەباوە نەبن، بەدەرەوەن. بەڕواڵەت هەموو شتێ بەو شێوازەیە کە دەبێ ببێ. دڵنیا، گڵۆپەکە دەکوژێنمەوە و وەدەردەکەوم.

بڕیار دەدەم لە جیاتی پاس، بە قەتار بڕۆم. ئەگەرچی وێستگەکەی دوورترە. رۆژانی پشوو قەتار حاڵ و هەوای خۆی هەیە. قەرەباڵغییەکەی سەرنجڕاکێشە. لە لای خۆم ئەو قەرەباڵغییە وەک سەرەتایەکی باش بۆ کۆتایی هەفتە لێکدەدەمەوە. جگە لەمە گەر بەڵێنە ئەم کۆتایی هەفتەیە لەگەڵ هاوڕێکانم پیاوماقوڵ بین و نەیکەینە هەراهەرا، لانیکەم بە قەتارەکە بەجۆرێک لە جۆرەکان قەرەبووم کردبێتەوە.

رێگا تەنیا چارەکێکە. لای من چارەکەڕێگایەک دەبێتە زیاتر لە کیلومەترێک، رەنگە کەمێکیش زیاتر،... هەزار و دووسەد سی سەد مەترێک. بە ناو بینا بەرزەکان، باخچە گچکەکان و چیمەنەکاندا تێدەپەڕم. ئێوارەیەکی دڵڕفێنە. خەڵک شمەک بە دەستەوە بەرەو ماڵەوەن. سەیرێکی پەنجەرە گڵۆپ داگیرساوەکان دەکەم. ژیان بەردەوامە. ژیانی بنەماڵەیی. بێگومان وەها خەونێکە هاوڕێکانی منیش بە شوێنیەوەن. بیر لە ژیانی ئەو دیو پەنجەرەکان دەکەمەوە. ژیانی ئەو مرۆڤانەی رەنگە ساڵانی ساڵە پێکەوە دەژین و پێکیشەوە راهاتوون. ئەمە تا چەندە راست بێ نازانم، هەر ئەوەندە دەزانم کە دەتوانێ بەشێک بێت لە خەونی مرۆڤ و بەشێک لە ژیانی.

هێشتا ماومە بگەمە وێستگەکە کە بەتووش چەند گەنجێکەوە دەبم. لێم دوورن، بەڵام ئاگام لێیە یەکیان کە پشتی لەمنە و کراسێکی چوارخانەی رەش و سپیی شۆڕی بەسەر شەڵوارەکەیدا لەبەردایە، بە تووڕەییەوە لەگەڵ ئەوانی تر دەدوێ. دەست رادەوەشێنێ و بە نووکی پەنجەکانی بەتووندی دەکێشێ بە سەرسینگی هاوڕێکانیدا. جاروبارەیش لەبەر خۆیەوە سەرڕادەوەشێنێ. کەلەسەری تاشراوی بریقە دەداتەوە. جاروبارە بەشێک لە هاوارهاوارەکانی دەگاتە لای من. بیری رادیۆکە دەکەمەوە. لەبەر خۆمەوە دەڵێم بێگومان توێژەرەکە لەسەر دوو گەنجی ئاوەها دوواوە. بەڵام کاتی ئەوە نیە من رۆژانی پشووی دوواهەفتە بەم بیرانەوە بفەوتێنم. بۆیە دیسان دەچمەوە سەر ئەمشەو و سەر هاوڕێکانم. بزەیەک دەمگرێ. بێگومان ئێوارە و شەوێکی خۆشمان پێکەوە دەبێ.

دەگەمە وێستگەگە. وێستگەیەکی ژێرزەمینیی گەورەی تێکچڕژاو لە خەڵکی. من کە لەمێژە بە قەتار هات و چووم نەکردووە، کەمێک دەپەشۆکم. ئاخر دوواجار کە هاتمە ئێرە، وەها نەبوو. ئەمە بۆ زیابوونی حەشیمەت دەگێڕمەوە. نیشتمان بە گوێرەی هەواڵەکان تا دێت قەرەباڵغتر دەبێ. بەتایبەت لە شارە گەورەکان. پێم خۆشە. ئاخر ئێمەیش دەبێ ئیتر کەمکەم وەک وڵاتانی ترمان لێ بێت.

بەناو خەڵکەکەدا رێگا بۆخۆم دەکەمەوە و دەچمە ئەو شوێنەی کە پێم وایە باشترین شوێنە بۆ سواربوون. من هەمیشە ئەو ڤاگۆنە هەڵدەبژێرم وا دووانی بۆ ئاخر ماوە. ئەمە عادەتی سەردەمی گەنجیەتیمە. لەدەورووبەرم دەڕوانم. تا چاوەکانم پێم دەڵێن، هەموو خەڵکی بە موبایلەوە خەریکن. بەو گووشیانەوە بە گوێیانەوە. یان دەدوێن یان گوێ لە شتێک دەگرن. پێکەنیم دێت. بیر لەسەردەمێک دەکەمەوە کە خەڵکی زیاتر لە چاوەکانیانەوە سەرنجی دەرەوەی خۆیان دەدەن تا گوێکانیان. ئەویش ئەو چاوانەی تەنیا بەسەر دیمەنەکاندا دەخشێن بە بێ رۆچوون بە قووڵاییەکاندا. ئاگام لێیە بۆ ئەوەی کاتیان لەدەست نەچێ جاروبارە چاو هەڵدێنن و سەیری ئەو تابلۆیانەی دەکەن وا ساتی هاتنی قەتارەکان رادەگەیەنن. رەنگە من تەنیا کەسێک بم کە هیچ سیمێک موبایلەکەم بە گوێکانمەوە نابەستێتەوە. بە خۆشییەوە من ئەم عادەتەم نیە. من تەنیا حەزدەکەم بە موبایلەکەم بخوێنمەوە. خوێندنەوەی ئەو شتە خۆشانەی وا خەڵک لە سەر فەیسبووک دایدەنێن. بەڵام ئەمڕۆ ئەوەیش ناکەم. تەلەفۆنەکەم لە گیرفانمدایە و حەزدەکەم لە خەڵکی و لە وێستگەکە بڕوانم.

کتوپڕ گوێکانم گوێیان لە تەقەیەکە کە خۆی بەئاستەم بە وێستگە ژێرزەمینییەکەدا دەکا، تەقەیەکی کز بەڵام روون و ئاشکرا. چاودەگێڕم. بەڵام وا نایەتە بەرچاو سەرنجی کەسی تری راکێشابێ. "نەکا هەڵەبم و ئەمە تەقەی ناو یەکێک لەو تەلەفۆنانەی بێت وا خەڵک خەریکی یاریکردنن تێیدا؟... یاریی شەڕ!" بۆیە پاش کەمێک سەرگێڕان و سەرنجدان وازدێنم. نیگام دەچێتەوە سەر تابلۆکە. کاتژمێر دە خولەکە بۆ پێنج. هێشتا پێنج خولەکی تری ماوە قەتارەکە بێت. لەم بیرانەدام کە دیسان گوێم لە دەنگی تەقە دەبێتەو، ئەمجارە روونتر و ئاشکراتر. دڵنیام لە ناو وێستگەکەوە نیە. ئەمە وام لێدەکا هەست بە دووری خەتەر و ئاسوودەیی شوێنەکە بکەم. بەتایبەت کە خەڵکەکە هەر وەک خۆیانن.

دوو دەقیقەی تر لادەدات و کاتژمێر دەبێ بە هەشت بۆ پێنج.

رێک لەم کاتەدا حەشیمەتەکە بە دەستی راستمەوە، لەو سەر وێستگەکە دەکەوێتە جوڵە و دەنگە دەنگیان پێدەکەوێ. خەڵکەکە دەجوڵێ. ورددەبمەوە. ئەوسا دەستێک دەبینم بە دەمانچەیەک بە حەواوە کە لەهەوڵی دڕدانی خەڵکەکەیە. دەستەکە دەیەوێ رێگای خۆی بە پاڵەپستۆ بکاتەوە. ئەمجارە خەڵکەکە باشتر دەکشێنەوە. ئەگەرچی کەمێک درەنگ، بەڵام بەپەلەپەل رێگای بۆ دەکەنەوە. دەستەکە دوو تەقە دەکا. دەنگی قیژ و قاو وەکا شوێنەکە دەتەنێ کە گوێ کەڕوکاس دەکا. حەشیمەتەکە نەوی دەبنەوە، تا قەرەباڵغی دەرفەت دەدا خۆ بەم لاولادا دەکیشن و خۆ لەسەر عەرز رادەکێشن. ئەوسا ئەو گەنجە کراس چوار خانە رەش و سپییە دەبینم کە بەرەوە لای من، بەرەو ئەم سەری وێستگەکە رادەکا. من کە تەنیا کەسێکم خۆم لەسەر عەرزەکە رانەکێشاوە، بەجوانی دەیبینم. کە دەگاتە لام، سیرە لە من دەگرێ، بەڵام من ئەوەندە ئارام راوەستاوم کە بە بێ ئەوەی شتێکی ترسناک بکا، لێمەوە تێدەپەڕێ. وە من چاوەکانی دەبینم. دوو چاوی شینی ترساو و پڕ لە وەحشەت کە لە یەک ساتدا دەتوانێ زۆر شتی تریشی تیا بخوێنیتەوە.

لە من تێدەپەڕێ و دەگاتە ئەو سەر وێستگەکە. بەڵام جگە لەو تونێلەی وا قەتارەکە لێیەوە دێت، هیچ رێگایەکی تری لێ نیە. ئاگام لێیە لەوێ رادەوەستێ و سەیرێکی دوواوە دەکا، منیش دەڕوانمە ئەو شوێنەی وا ئەو لێی دەڕوانێ. چەند پۆلیسێک دەبینم. دەمانچە بەدەستەکە بازدەداتە خوارەوە و خۆ بە تونێلەکەدا دەکا. پاش چەند هەنگاوێک لەبەر چاوم لەو تونێلە تاریکەدا ون دەبێ. پۆلیسەکان دەگەنە ئەو سەری وێستگەکە و بە دەمانچەکانیان بە سەرەدزێ لە تونێلە تاریکەکە دەڕوانن. کاتژمێر پینج دەقیقەیە بۆ پێنج و من ئاگام لە رووناکاییەکە تونێلەکە دڕدەدا. ئەو رووناکییەی بەپەلە بەرەو وێستگەکە دێت.

تەلەفۆنەکەن زەنگ دەدا. دەزانم هاوڕێکانمن، ئەوان دەیانەوێ بزانن من لە کوێم، یاخود دەیانەوێ پێش ئەوەی یەکتر ببینین، هەر لە ئیستاوە قسە قۆڕکانیان دەست پێکردبێ. لە نێوان ئەوەی روویدا و بیرکردنەوە لە زەنگی تەلەفۆنەکە، هەست دەکەم کەسێک دەست بە دەرەلینگەکەمەوە دەگرێ. سەردادەخەم و دەڕوانم. منداڵێکە. منداڵێکی تەمەن رەنگە دووساڵان. لێم دەڕوانێ و بەکاوەخۆ پیاما هەڵدەگڕێ. چاوەکانی چەند سەوزێکی روونن. ئەوجا سەرنجم دەچێتە سەر ژنێک کە لە تەنیشتمدا لەسەر عەرزەکە راکشاوە. دایکێک بە جۆبارێکی گچکە لە خوێن کە لە بن گوێچکەیەوە دەڕژێتە سەر زەوی. ئەو پەڵە سوورەی هەتا دێت بەرین و بەرینتر دەبێتەوە. پەنجەکانی مندالەکە بەهێزن و وەها شەڵوارەکەم رادەکێشن کە دیسان سەرنجم دەقۆزنەوە. دیسان نیگامان لە نیگای یەکتر دەچەقێتەوە.

بە سەرسوڕمانەوە دەبینم یەکێک لە چاوەکانی سەوزە روونەکەی نەماوە و گۆڕاوە و لە جۆری چاوەکانی کراس چوارخانە رەش و سپییە لەبەرەکەن. چاوێکی شینی پڕ لە ترس و وەحشەت. لە کاتێکدا چاوەکەی تری هەر هەمانی پێشووە،... سەوزێکی روون.

دادەنەوێم، بەرزی دەکەمەوە و لە باوەشی دەگرم. منداڵەکە بە پەنجە ئاماژە بە دایکی و بە توونێلەکە دەدات و بە زمانی ناڕوونی شتێک دەڵێت. من چاوم لەسەر ئەو قەتارەیە کە ئێستاکە لە وێستگەکەدایە. کاتژمێر پێنج بۆ پێنجی یەکێک لە ئێوارەکانی شار.

 Image result for train station kunst