فەڕۆخ نێعمەتپوور

شێتانە هاواری دەکرد و داوای لە من دەکرد کە داخۆ لە کوێم. من کە سەرم لە گێلیەتی ئەو سوڕمابوو، چەند جارێک هەوڵمدا کە پێی بڵێم ئەوەتا لێرەم، لە تەنیشتی دا، رێک لە بەر مانگەشەوەکەدا، بەڵام،... بەڵام لە جیاتی دەنگی خۆم، لە جیاتی دەنگە هەمیشەییەکەم گوێم لە خشەی بە ئاستەمی هەزاران گەڵای دارگوێز بوو.

 

 

خەوی ژێر مانگەشەو

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەو شەوەی گەیشتینە ئەوێ، یەکێک لە شەوەکانی ساڵی ١٣٩٧بوو کە من لامکردەوە و بە هاوڕێکەم گوت کە من رێک لێرەدا لە ژێر تیشکی ئەم مانگەشەوەی پاییزدا پەتووەکەم لەسەر زەوی رادەخەم و، دەخەوم. هاوڕێکەم بە لاچاوێکی پڕ لە مانا و سەرسوڕمانەوە سەیری کردم. گوتم ئەرێ من لێرەدادەخەوم. وتی بۆ پێت وایە مانگ تەنیا ئەو شوێنەی تۆ رووناک دەکاتەوە و تیشکی ناگاتە سەرتاسەری ئەم لێڕەوار و دۆڵ و شاخانە، بگرە گەلێک واوەتر لێرەیش. منیش گوتم نا وانیە من دڵنیام کە مانگ تەنیا ئەم شوێنەی وا من بەڵێنە تیا بخەوم رووناک دەکاتەوە و بەس. ئەوەی کە چاوەکانیشت پێت دەلێن کە نەخێر وانیە، باوەڕبکە هەڵەدەکەن. سەرێکی راوەشاند و بە تەوسەوە گوتی دەی باشە من لێرەدا لە ناو ئەم تاریکە سەلاتە لە دراوسێتی تۆدا دەخەوم!

خەوتین. من ئەگەرچی تیشکی مانگەشەو تەواو جێگاکەمی رووناک کردبووەوە، بەڵام ئەوەندە ماندووبووم کە زۆر بە ئاسانی و بە خێرایی خەوم لێکەوت. نازانم چەندە لە کات تێپەڕیبوو کە هاوڕێکەم بە پڕتاو خەبەری کردمەوە. وتی بەڕاستی جێگاکەی من زۆر تاریکە و دەترسم، دەکرێ لە تەنیشت تۆدا بخەوم؟ من بە سەر ئاماژەم پێدا کە وا بکات، ئەوسا کەوتم بەسەر تەنیشتدا و لە کاتێکدا گوێم لە راگواستنی جێگاکەی بوو، گوتم سەرئەنجام باوەرت کرد،... دیسان خەوم لێکەوتەوە.

نازانم چەندەی تر گوزەرا کە دووبارە کەسێک بەئاگای کردمەوە. دیسان هاوڕێکەم بوو. گوتی مێشکم ئەوەندە مەشغوڵە خەوم لێناکەوێ. ئاخر چۆن دەبێ ئەو مانگە زل و زەبەنە کە بە درێژایی مێژوو کاتێک هەڵدێ هەموو دونیا رووناک دەکاتەوە، ئەمشەو تەنیا ئەم شوێنەی تۆ رووناک دەکاتەوە، ئەمە شکاندنی یاسای سروشتە، تێکدانی قانوونێکی روون و ئەبەدییە. لەژێر لێوەوە گوتم پیاو لە کاتێکدا ماندووە و دەبێ بخەوێ پرسیار لە خۆی ناکا، چونکە نە ئەو کاتە وەڵامی بۆ دەدۆزرێتەوە و نە سبەیش کاتێک لەخەو هەڵدەستێ، جا بۆیە وا باشترە بخەوی.

گوێم لە دەنگی لوورەی گورگ بوو کە لەو دوورانەوە لە شوێنێکەوە هەوای دەبڕی و لە ناو گەڵاکانەوە دەگەییە ئێمە. گوتم لە جیاتی پرسیار، گوێ لە دەنگی لوورەی گورگ بگرە، ئا، لوورەی گورگ. پێشم وایە ئەوان قەت شتێکیان بەناوی پرسیار لە ژیانی خۆیداندا نیە. هاوڕێکەم گوتی باشە ئێمە بەڕاستی مەجبوور بووین لێرەوە بێین، لێرەوە لە ناو ئەم دارستان و کێو و شاخە چڕ و ترسناکانەوە؟... ها؟ گوتم دیسان پرسیار؟ ئاگام لێبوو بێدەنگ بوو، کەمێک خۆی لەناو جێگاکەیدا ئەم لاو ئەولا پێکرد و سەرئەنجام دەنگی جووڵانی جەستەیشی مرد. ئیتر تەنیا دەنگی تیشکی مانگەشەو بوو لە گەڵ لوورەی ئەو گورگە بێتاقەتە کە دەهاتە گوێ. ئەو گورگەی کە بێگومان تەنیا نەبوو. دڵنیا لەوەی هیچ گورگێک ناتوانێ لە دونیادا تیشکی خڕەوەبووی مانگ لە یەک شوێندا بدۆزێتەوە، خەوم لێکەوتەوە. تازە گەر بیشیدۆزێتەوە ناوێرێ خۆی لێبدا. ترسناکە.

ئەوسا خەوم بینی. ساڵی ١٣٧١ بوو. کۆتاییەکانی بەهار. کەمێک زیاتر لە بیست و شەش ساڵ لەوە پێش. پێم وابێ تەنیا هەفتەیەکی بۆ هاوین مابوو. لە خەوما هەر وەک ئەمشەو شەوێکی خۆشی مانگەشەو بوو. لە حەوشە درەختە گوێزەکە ئەوەندەی گەڵا گرتبوو کە نەیدەهێشت تیشکی مانگەشەو، بگرە بەقەدەر سەرەدەرزییەکیش بگاتە عەرزەکەی ژێری. ژێر دارگوێزەکە تاریک تاریک بوو. سێبەرێکی قورسی بێ جوڵە کە جاری وابوو قەدی درەختەکەیشی لەخۆیدا وندەکرد. من کە تاکی پەنجەرەکەم کردبووە و لەوێوە سەیری ئەو دیمەنەم دەکرد، لەبەرخۆمەوە گوتم بێگومان کاتێک گوێزی گرت لەمەیش خراپتر دەبێت. ئەو شەوە لە حەوشەکەی ئێمە تەنیا ژێر درەختی گوێزەکە بوو کە تیشکی مانگەشەوی نەدەگەیشتێ. لە خەوەکەمدا کتوپڕ بوو بە پاییز و ئەوسا گوێم لەدەنگی باوکم بوو کە گوتی بەخوا سەیرە ئەمساڵ سەرەڕای جوانی و پاراویی ئەم درەختە جوانە، هیچ بەری نەگرت.

هێشتا دەنگی باوکم لە گوێمدا دەزرینگایەوە کە خەبەرم بووەوە. جەستەم شەڵاڵی ئارەق ببوو. دەنگی باوکم ئەوەندە زیندوو بوو کە هەستم دەکرد لەم دەورووبەرە لە شوێنێک بە دەوری تیشکی مانگەشەوەکەوە هێشتا ماوە. ئەوسا هاورێکەم بینی نوقمی خەو. دانیشتم و قۆلەکانم بە دەوری ئەژنۆکانمەوە ئاڵاند و پەنجەکانم گرێ دان. سەیری دەورووبەم کرد. هێشتا من و هاوڕێکەم نوقمی تیشک بووین. هاتەوە بیرم کە من رێک لەو تاریخەدا رۆیشتبووم. بیست و شەش ساڵ لەوە بەر. دەستم برد بۆ جانتاکەم، ئاوەکەم دەرهێنا و قومێکم لێدا. لە دوورەوە هیشتا دەنگی لوورەی گورگەکە دەهات. ئەو گورگەی وادیار بوو مەیلی جوڵانی نەبوو و هەر لە هەمان شوێنی خۆیەوە لەگەڵ دونیا بەردەوام بە زمانی تایبەتی خۆی دەدوا. سەرم هەڵبڕی و سەیری ئاسمانم کرد. مانگ ئەوەندە گەش و جوان بوو، نەبێتەوە. جۆبارێکی خەستی نوور کە نیگا بەرگەی نەدەگرت. نیگا لێی تێرنەدەبوو.

پاڵ کەوتمەوە. هەوڵم دا بخەومەوە، بەڵام خەونەکە هەر وازی نەدەهێنا. درەختە گوێزەکەی بیست و شەش ساڵ لەوە پێش، وەک خۆی وەها لە نیگامدا چەقیبوو کە بە لێکنانی پێڵوەکانیش نەک تەنیا بزرنەدەبوو، بەڵکو زیاتر لە گلێنەکام جووت دەبوو. باشە بۆ خەونێکی وەها؟ ئەویش دووای ئەو هەموو ساڵە و لەم شوێنە پەرپووت و لابەلایەیش کە شوێنێکە لە چەقی ناو مەوداکان.

پێم وابێ خەوم لێکەوتەوە. چونکە بە دەنگەدەنگی هاوڕێکەم خەبەرم بووەوە. بینیم شێتانە بۆ من دەگەڕێ. هاورێکەم لە ناو تیشکێکدا کە دونیای جگە لە سێبەری بن دارگوێزێک رووناک رووناک کردبووەوە، شێتانە هاواری دەکرد و داوای لە من دەکرد کە داخۆ لە کوێم. من کە سەرم لە گێلیەتی ئەو سوڕمابوو، چەند جارێک هەوڵمدا کە پێی بڵێم ئەوەتا لێرەم، لە تەنیشتی دا، رێک لە بەر مانگەشەوەکەدا، بەڵام،... بەڵام لە جیاتی دەنگی خۆم، لە جیاتی دەنگە هەمیشەییەکەم گوێم لە خشەی بە ئاستەمی هەزاران گەڵای دارگوێز بوو کە بە دەم باوە دەدوان. ئەو گەڵایانەی سێبەرێکی وەها قورسیان لەسەر زەویی ژێرخۆیان درووست کردبوو کە تیشکی مانگەشەو بەقەدەر یەک نووکە دەرزی چییە نەدەگەیشتە سەری.

گوێم لە باوکم بوو کە دووبارە دەیگوت بەخوا سەیرە!... ئەمساڵیش ئەم درەختە جوان و پاراوە دیسان بەری نەگرت!

Bilderesultat for ‫نقاشی درخت گردو‬‎