لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

هەردووکیان بە قورسی هەناسە هەڵدەکێشن. کوڕەکە چاوەکانی دەقونجێنێ. دوواتر دەیانکاتەوە. خانووە شینەکە بەردەوام لەوێدایە. وەک چۆن ساڵانی ساڵ لەوێدابووە. ساڵە خۆشەکان. ئەو ئیستا دەیەوێ بڕوا. هەردووکیان دەیانەوێ بڕۆن. لەدەست خانووەکە خۆیان دەربازکەن. نازانن داخۆ ئەمە یارمەتیان دەدا یان نا. 

 

 

ماڵئاوایی

نووسەر: سارا

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

سەیری خانووە شینەکە دەکا. زۆربەی رەنگە شینەکەی هەڵبزرکاوە. پەنجەرەکان پیسن. چیمەنەکە روواوەتەوە. هیچ شتێک وەک خۆی نیە. هیچ شتێک وەک جاران نایەتە بەرچاو. هەموو شتێ گۆڕاوە. جاران نەماوە. ئەو جارانەی تێیدا خانوویەکی شین دەدرەوشایەوە،... بە پەنجەرە خاوێنەکانییەوە،... بە چیمەنە دووراوەکەیەوە،... جارانی وەک خۆی.

ئاگای لێ نیە دڵۆپێک فرمێسک بە گۆنای سووریدا دێتە خوار. ئاگای لێ نیە باوکی بانگی لێدەکا و دەڵێ "دەبێ بڕۆین." ئەم کوڕە گەنجە بەردەوام نیگای لەسەر خانووەکەیە. یادەوەرییەکان وەک مێشە بێ ئەژمارەکان تێدەپەڕن، ئەو مێشانەی لە دەوری پەیکەری ئاژەڵێکی مردوو ئاڵاون. لەم خانووەدا بوو ئەو یەکەم هەنگاوی هەڵێنا. لێرە بوو ئەو فێری پاسکیل سواری بوو. لەم خانووەدا بوو دایکی نانی تازەی دروستدەکرد، لە کاتێکدا لە ژێر لێوەکانییەوە ئاوازێکی دەچڕی. کاتێک بیر لە دایکی دەکاتەوە بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوی. دایکی ئاشقی ئەم خانووە بوو. یەکجار. چەند حەزی بە گوڵە رۆزەکانی بوو،... چەندەیش ئەمی خۆش دەویست.

فرمێسکی تر بە سەر گۆناکانی دا رێچکە دەبەستن و هێڵێک دروست دەکەن، ئەو هێڵەی وا دەتوانن بیری جۆبارێکمان بخەنەوە. ئاسمان تاریک دەبێ. هەتاو لە پشت هەورە بێ بەزییەکانەوە ون دەبێ. ئەو بە پەلە لادەکاتەوە و سەیری خوارەوەی جادەکە دەکا. هەموو خانووەکان جوان راگیراون، بە رەنگی نوێ و ئەو ماشینە خاوێنانەی وا لە بەریاندا پارک کراون. نیگا دەگوازێتەوە بۆ سەر باوکی وا لە ماشینەکەوە هاواری لێدەکا و هەوڵدەدا کوڕەکەی سواربکاتەوە. ئەو تەنیا بە ئارامی، بە بێ ئەوەی بجوڵێ بە بادانی سەر دەڵێ نا. دەگەرێتەوە بۆ خانووە شینەکە.

بە هەنگاوی ئارام و قورس بەرەو خانووەکە دەچێ. دەست رادەکێشێ و دەستی دەگاتە خانووەکە. هەستی پێدەکا. چاوەکانی دەقونجێنێ. یەکەم دڵۆپ لە سەری دەدا و لە چرکەی دوواتردا دڵۆپێکی تر. ئەوەندەی پێناچێ قژە رەشەکانی بەرەو ناوچاوانی سەرەوژێردەبنەوە. تەواو ئارام رادەوەستێ. رەنگە ئەگەر ماوەیەکی باش لەوێدا راوەستێ، بەرەبەرە خۆی لەناو رابردوودا ببینێتەوە. ئەو کاتانەی وا پەنجەرەکان هەمیشە خاوێن بوون.

کات بەردەوام دەڕوا و خەڵک هەوڵ دەدەن خۆی لێ دەرباز کەن، بەلام ئەو هەنووکە دەتوانێ سوێند بخوا کە لەم ساتەوەختەدا کات تەواو بە ئارامی راوەستاوە. تەواو بە ئارامی. هەست بە دەستێک لەسەر شانەکانیدا دەکا. پێویست ناکا بگەڕێتەوە بزانێ کێیە. ئەو دەزانێ باوکیەتی و ئیتر کاتی ئەوەیە بڕۆن. ئەم دوو پیاوە لە کاتێکدا راوەستاون بۆ دوواجار سەیری خانووەکە دەکەن. باران بە سەر زەویدا بە خوڕ تێدەپەڕێ و لە ناو چالە بچووکەکان خۆ دەگرێتەوە. لەو دوورانە دەنگی ماشینێکی راوەستاو دێت.

لەم کاتەدا دوو پیاوەکە سواری ماشینێک دەبن کە بە رۆشنی راوەستاوە. باوک و کوڕێک. هەردووکیان بە قورسی هەناسە هەڵدەکێشن. کوڕەکە چاوەکانی دەقونجێنێ. دوواتر دەیانکاتەوە. خانووە شینەکە بەردەوام لەوێدایە. وەک چۆن ساڵانی ساڵ لەوێدابووە. ساڵە خۆشەکان. ئەو ئیستا دەیەوێ بڕوا. هەردووکیان دەیانەوێ بڕۆن. لەدەست خانووەکە خۆیان دەربازکەن. نازانن داخۆ ئەمە یارمەتیان دەدا یان نا. بزەی ژنەکە هەمیشە لەگەڵیان دەبێ. قژە درێژە ئاوریشمییەکانی. دەستە نەرمەکانی. دەنگی گەرمی. ماشینەکە بە ئارامی دەجوڵێ. باوک و کوڕێک. هەر دووکیان لە بێدەنگیدا. هەردووکیان ون لە بیرەکانیاندا. بە بێ ئەوەی لابکەنەوە.

سەرچاوە:

www.ung.no