ما 7890 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دوواپیاوەکە نیوەی رێگای بڕی. باشتر وایە بلێین نیوەی شەقامەکە. تا پێچەکە ئەوەندەی نەمابوو. کەس نازانێ بۆ، بەڵام لەناکاو بێتاقەتییەک خەڵکەکەی گرتەوە. وەک بڵێی حەزیان دەکرد ئەویش، وەک دوواپیاو، خێرا تێپەڕێ و ئیتر نەجات بێ. شتێک وەک دووپاتبوونەوەی مێژوو ئازاری دەدان.

ئیتر هیچ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەگەرچی لەم شەقامەوە گەلێک پیاو تێپەڕیبوون، بەڵام کاتێک هەواڵ هات کە دوواپیاو دەیەوێ لێرەوە تێپەڕێ، مقۆمقۆ کەوتە نێو خەڵکییەوە. هەموو دەیانویست ئەو پیاوە و تێپەڕینەکەی ببینن. دەبێ تێپەڕینی دوواپیاو شتێکی تر بێت. بۆیە ئەو رۆژە بەر پەنجەرە و دەرگا و شۆشتە بەرنەدەکەوت. جیهان جمەی دەهات.

خەڵک بۆ ئەوی بتوانن چێژێکی زۆرتر لەم تێپەڕینە ببینن، هەوڵیان دەدا تێپەڕینی پیاوەکانی تر بێننەوە بەرچاوی خۆیان. بەڵام هەرچیان دەکرد هیچ شتێکی تایبەتیان لەو تێپەڕینانەدا نەدەبینییەوە، جگە لەوەی ئەوان رۆیشتن و کاتێک لە سووچی سەرشەقامەکە ئاودیوبوون، ئیتر بۆ هەمیشە ئاودیو ببوون. ئەمەیش لەلایان زۆر گرینگ و عەجایەب نەبوو. مەگەر نەک ئەوەیکە ژیان بریتییە لە تێپەڕین؟

ئەو رۆژەی وا بەڵێن بوو ئەو پیاوە تێپەڕێ، ژیان وەک هەمیشە بەردەوام لە ژێر ئاسمانی شین دا خۆی دەخەمڵاند، بەڵام شەقام وەک هەمیشە ئاسایی نەبوو. خەڵکی، دوو دوو و سێ سێ و یان بەکۆمەڵ لەگەڵ یەکتر کۆببوونەوە و دەدوان و باسی پیاوەکەیان دەکرد. لەیەکتریان دەپرسی داخۆ دەبێ کێ بێت، سەروسیما و هەیکەلی دەبێ چۆن چۆنی بێت، باشە بۆ ئەو دوواپیاوە، بۆ دەبێ رێک لەم شەقامەوە تێپەڕێ، جگە لەمە بۆ لەگەڵ ئەوانی تر یەک نەکەوت و بە تەنیا دەڕوات. گەلێک پرسیاری تریش. بەڵام سەرەڕای ئەوەی دۆزینەوەی پرسیارەکان زەحمەت بوون، خەنی بوون لەوەی کە شەقامەکەی ئەوان هەمیشە شوێنی روودانی رووداوە گەورەکان بووە. جا چ رووداوی بە کۆمەڵ و چ رووداوی تەنیا. ئەوان خۆشحاڵ لەمە خۆیان بە گەلێکی نەمر لەقەڵەم دەدا. ئاخر نەک ئەوەیکە گەلە مەزنەکان هەمیشە خاوەنی میژووی گەورە و پرشنگداری وەک ونبوونەکانن،... نەک ئەوەیکە گەلە مەزنەکان هەمیشە لەوانەی کە تێپەڕین، تەنیا رووانیان و بەس. مەگەر نەک ئەوەی کە گەلە مەزنەکان ئیتر کاتێک چیرۆکەکە تەواو دەبێ، تەنیا وەک بیرەوەری ئەوانیان لە مێشکدا دەمێنێ و بەس،... ئەویش بە گوێرەی هەڵکەوت!

ئۆتۆمبیل چییە لە ناو شەقام نەدەجوڵا. شەقام بۆ ئەو چۆڵ کرابوو. ئەو دەبا رێک لە ناو جادەکەوە تێپەڕێ لە کاتێک دا خەڵکی لەسەر شۆستەکانەوە لەم بەراوبەری جادەکەوە دەیانتوانی لێی بڕوانن. لەوە پێش رێگاکەشیان بۆ دیاری کردبوو. رۆژ هەتا دەهات زیاتر بەرز دەبووەوەو دونیا گەرم و گەرمتر دادەهات. "باشە بۆ دیار نیە؟" کەس وەڵامێکی ئەوتۆی پێ نەبوو. منداڵێک خۆی بە قاچەکانی باوکیدا هەڵواسی و داوای چلورەی لێکرد. ژنێک بە دوو پەنجەی کراسەکەی لە جەستەی دوورخستەوە و بە فوو ناو سینگی بەفرینی فێنک کردەوە. پیاوێک لە کۆڵانەوەکەی پشتەوە بە پێوە بەپەلە میزی کرد.

لەناکاو جەوەکە گۆڕا. کەسێک هاواری کرد "هات!" شەقام بێدەنگ هەڵگەڕا. ئەوسا لەو سەرەوە کەسێک دەرکەوت. هەموو ملیان کێشا.

دوواپیاوەکە داگەڕا. رێک بە ناو جادەکەدا. پیاوێکی ئاسایی،... پیاوێکی باڵا مامناوەندی، بە کەواوپانتۆڵێکی رەش، جانتایەک بە شانەوە و کۆترێک بە سەر شانەکەی تریەوە.

ـ "ئەمە چ پیاوێکە؟ خۆ زۆر جیاواز نایەتە بەرچاو."

ـ "کۆتربازە!"

ـ جا کۆتر باز بۆ دەبێ دوواپیاو بێت؟... پیاوی تر دەست نەدەکەوت؟"

ـ "کاکە کۆتربازی چی،... پیاو بە کۆترێک نابێ بە کۆترباز."

پیاوەکە بە بێ ئەوەی سەیری ئەم لاولای خۆی و خەڵکەکە بکا تێدەپەڕێ. وەک بڵێی ئەم خەڵکە بۆ ئەو کۆنەبووبێتنەوە. کۆترەکەی سەر شانی جاروبارە بۆ ئەوەی باڵانسی دانیشتنەکەی رابگرێ، باڵەکانی دەکردەوە و نەیدەهێشت بترازێتە خوارەوە. شاباڵەکانی لە گوێچکە و لاڕوومەتی پیاوەکە دەخشا. کۆترەکە لە بینینی ئەو حەشیمەتە سەراسیمە بوو.

ـ "کۆترەکە سپیشە."

ـ "پێت وایە چی لە کۆترەکانی تر کردبێت؟"

منداڵەکان هەوڵیان دەدا لە نێوان قاچە تێکترنجاوەکاندا شوێنێک بۆ خۆیان بکەنەوە. بۆنی ئارەقی ناو گەڵی گەورەکان گێژی کردبوون. گەرما و هەتاو ئەوەندەی تر ئەم بۆنەیان دەوروژاند. زەردەوالەکان ناو کونە لووتەکانیان کردبووە هێلانە.

ـ "جگە لە کۆترەکەی سەر شانی، هیچ شتێکی تر پیشانی نادا ئەمە کەسێکی تایبەت بێت."

ـ "کاکە خۆ تا ئەوەندەی من لە بیرم بێت ئەوانەی پێشوو کۆترێکیشیان پێ نەبوو،... سەڵت و قوت تێپەڕێن!"

ـ "من ئیستایش لەمە نەگەیشتم بۆ دەبێ هەندێ تێپەڕن و، بۆ هەمیشە بڕۆن."

ـ "پێویست ناکا تێبگەین، تەنیا ئەوەیکە ئەمەیش یەکێکە لە شێوازەکانی ژیان،... فشەکردنیش خۆشە!"

ژنێک کە گریانی منداڵە تینووەکەی تەواو توڕەی کردبوو، بەپەلە بە پلیکانەکاندا بۆ هێنانی ئاو سەرکەوت. مێردەکەی هاواری لێکرد ئەویش لەبیرنەکا.

پیاوەکە تەنیا لەبەر دەمی خۆی دەڕوانی. کەس نەیدەزانی بیر لە چی دەکاتەوە. کەس نەیدەزانی بۆ ئەوانەی تێدەپەڕین هەمیشە ئەوەندە بە بێدەنگی تێدەپەڕین،... بە بێدەنگی و بە مێشکێکی پڕ لە خەیاڵ.

ـ "ئەمانە ئەگەر بدوانایە پێم وابێ تێنەدەپەڕین."

ـ "کۆترەکەیش وەک خۆی لێهاتووە، ئەویش بڕوا ناکەم لە تەواوی تەمەنیدا جارێک گماندبێتی."

ـ "کوڕە دە تێی هەڵدە! شتی وا هەر بۆ ئەوە چاکە بڕوا و لەبەر چاو ون بێ و قەت نەگەڕێتەوە. وەرە با بڕۆین،... ئێمەیش بە چییەوە سەری خۆمان قاڵ کردووە!"

ـ "نا نا راوەستە بزانین بە کوێ دەگا."

ـ کوڕە بە هیچ شوێنێک ناگا، ئەمیش وەک ئەوانی تر لەو سەر پێچە لە چاوان وندەبێ و بەس،... ئیتر هیچ."

یەکێک لە شۆفیری ئەو ماشینانەی وا رایانگرتبوون جگەرەیەکی دەرهێنا و داگیرساند و تفێکی خەستی رۆکردە سەر زەوی. تفەکە تامی ویسکی دوێ شەو و ژنێکی سۆزانی دەدا. شۆفیرەکە بە چاوە بێ خەیاڵەکانی لە پشتە ملی ئەو پیاوەی رووانی کە پێی وابوو هەر لەخۆوە بووتە مەوزووعی خەڵکی. لای ئەو، خەڵکی ئەم شارە ئەوەتەی هەبوونە هەر خەڵکێکی سەیروسەمەرە بوونە. جارێکیان باوەگەورەی بۆی گێڕابووەوە کە لە سەردەمی ئەویش دا خەڵکی باوەڕیان وابووە رۆژێک لە رۆژان رزگاریان دەبێ. باوەگەورەی گوتبووی ئەو خەڵکە زۆرتر حەزیان بە خەیاڵە تا شتی تر. شۆفیرەکە بزەیەکی هاتێ. لەبەر خۆیەوە گوتی "چی لەو ویسکیەی بۆ خەیاڵ باشترە، ئەو ویسکیەی وا لای ئەوان حەرامە!"

دوواپیاوەکە نیوەی رێگای بڕی. باشتر وایە بلێین نیوەی شەقامەکە. تا پێچەکە ئەوەندەی نەمابوو. کەس نازانێ بۆ، بەڵام لەناکاو بێتاقەتییەک خەڵکەکەی گرتەوە. وەک بڵێی حەزیان دەکرد ئەویش، وەک دوواپیاو، خێرا تێپەڕێ و ئیتر نەجات بێ. شتێک وەک دووپاتبوونەوەی مێژوو ئازاری دەدان.

ـ "ئەمە ئەگەر کۆترباز بێت و یەک کۆتری بە شانەوە بێت، مانای ئەوەیە ئەوانی تر کوشتووە و پاشان وەڕێکەوتووە."

ئەوی تر نیگای لە کابراکە بڕی و گوتی:

ـ "گەر وا بێ بەڕاستی ترسناکە!"

ـ "ئەی بۆ راست نیە،... پێت وایە پیاوی کۆترباز تەنیا یەک کۆتری هەیە، ئەویش لە رەگەزی سپی؟... ئەوەندەی من بزانم کۆتربازەکان هەموو چەشنێکیان هەیە و زیاتریش حەزیان بە کەلەڕەشە."

ئەوسا بازێکی بەسەر بنجۆکەدا دا و پەڕییە سەر شەقامەکە و هاواری کرد:

ـ "خەڵکینە ئەمە فێڵەبازە،... کۆترکوژە، ئێمە لەخۆوە لێرە کۆبووینەتەوە بۆ سەیرکردنی."

شەقام بێدەنگ هەڵگەڕا. تەنیا دەنگی هەنگاوی دوواپیاوەکە دەبیسترا. چرکە چرکە،... قورس قورس.

ـ "خەڵکینە! ئەمە بۆیە دەڕوا چونکە قاتڵە،... مەهێڵن دەرچێ،... یاڵڵا مەهێڵن!"

حەشیمەتەکە لە دوواوە لە پشت سەری دوواپیاوەکەوە کەمکەم دەهاتنە سەر شەقامەکە. دەنگ بەرز بووەوە:

ـ "راست دەکا،... راست دەکا!"

ئەوسا هەر بەرد و تەماتە رزیو و زبڵی ناو بنجۆکان بوو بە ئاسماندا بەرەو دوواپیاوەکە دەفڕی. شەقام وەها بوو بە دەنگەدەنگ و هەراهەرا کە کەس دەنگی کەسی نەدەناسییەوە.

دوواپیاوەکە کە لە کۆبوونەوەی خەڵکی شار لە ئەمبەراوبەری شەقام نەدەگەیشت و قەت لە خۆیشی وەک دوواپیاوی نەدەڕوانی و بگرە هەر خەیاڵیشی بەمە نەدەگەیشت، بۆ دەربازکردنی خۆی دەستی کرد بە راکردن. ئەو کە لێرەوە تێدەپەڕی بۆ ئەوەی ئێرەیش رێگایەک بوو وەک هەموو رێگاکانی تر، بە خۆشییەوە تا پێچەکە زۆری نەمابوو. هەر بگەیشتایەتە ئەوێ، ئیتر بۆ هەمیشە دەرباز دەبوو.

لە کاتێکدا بارانی بەرد و تەماتە و زبڵ بە ئاسمای سەرسەریدا دەباری، گەیشتە پیچەکە. ئەگەرچی چەند شتێکی بەرکەتبوو، بەڵام زەبریان ئەوەندە کاریگەر نەبوو بیخا. کۆترەکە کە ئێستاکە بەسەر سەریەوە دەفڕی و هەوڵیدەدا سپی سپی لێی جیا نەبێتەوە، بەردێک کردییە نیشانە و کەوت. بوو بە خاڵێکی سپی لە سەر قیرەتاوی رەش. بارانی شتەکان ئەوەندە چڕ بوو کە دوواپیاوەکە نەیزانی چی بەسەر کۆترەکدا هات.

کاتێک گەیشتە پێچەکە و ئاودیو بوو، تەرمی کۆترەکە لە سەر دووا هەنگاوی شەقامەکە سوور سوور کەوتبوو. دوواپیاوەکە تێپەڕی و بۆ هەمیشە ونبوو.

ئیتر لەوە بەدووا خەڵکی ئەو شارە بوون بە خاوەنی مێژووی سووریش!

 

 Bilderesultat for duer kunst

گەڕان بۆ بابەت