فەڕۆخ نێعمەتپوور

نیوەشەو وەک هەمیشە کاکە عەبە بە قاچ و قۆلێکەوە لەخەو بەئاگاهات. جەستەی نیشتبووە سەر ئارەق. بەئاگاهاتنی ئەمشەوی دەڵێی جۆرێکی تر بوو. وەک بڵێی کەسێک شانی راوەشاندبێ و هاوکات بە ئەسپایی بە گوێی دا چرپاندبێ کە: "عەبە،... عەبە، هەستە،... هەستە!" کاکە عەبە هەستا.

باڵتاوەکەی  نیوەشەو

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کاکە عەبە لەگەڵ ئەوەی ناوە راستەقینەکەی عبداللە بوو، واتە عەبدی خودا، ماوەیەک بوو باوەڕی خۆی بە خودا لەدەست دابوو. بۆخۆی دەڵێ نازانێ چۆن ئەمە روویدابوو، بەڵام راستییەکەی ئەوە بوو کاکە عەبە لە چەند مانگێک لەوە پێش ئەم باوەڕە تێیدا چەکەرەی کردبوو. هۆکارەکەی بۆمبارانی شارەکەیان بوو لە لایەن فڕۆکە عێراقییەکانەوە کە تێیدا بە دەیان کەس کوژرابوون، یەک لەوان دایک و منداڵێک بوون کە ئەو تەرمەکەیانی لەباوەشی یەکتردا بینیبوو. تەرمی دایک و زارۆکێکی کون کون و جێ جێ سووتاو لەسەر کۆگایەکی بەفری قەراخ یەکێک لە گوندەکانی شار کە خەڵکی لە ترسی بۆمبارانەکان روویان تێکردبوو. کاک عەبە قەت ئەمەی بۆ قوت نەدرا. باوەڕی بە چاوەکانی خۆی نەدەکرد کە دەکرێ لە جیهانێکدا کە خودا دروستی کردبوو، شتی لەم چەشنە رووبدا. لای ئەو ئەمە بە هیچ شتێک پاساو نەدەدرایەوە. ئەمە وەک هیچ کارەساتێکی تری ناو ژیان نەبوو. هیچ شتێک نەیدەتوانی قوربانی بوونی بە تایبەت منداڵێکی بێ تاوان پاساوبداتەوە. بۆیە لای کاکە عەبە کتوپڕ دونیا لە خودا بەتاڵ بووەوە،... بەتاڵ بەتاڵ. وەک گۆزەیەکی بەتاڵ لە ئاو، بۆش بۆش.

بەڵام ئەو نەیدەوێرا ئەمە بدرکێنێ. تەنیا ئەوەیکە بە توندی خۆی لە جەماعەت دووردەخستەوە، زۆربەی کاتەکان بیری دەکردەوە و جاروبارە ئاهێکی قوڵیشی هەڵدەکێشا. راستییەکەی ئەوە بوو کە لەسەرێکی تریشەوە لای کاکە عەبە لە نەبوونی خودادا هاوکات وەها بۆشاییەک دروست ببوو کە بۆ خۆیشی سەری لێ سوڕدەما. دونیا ببووە کونێکی رەشی بێ بن کە کەس نەیدەزانی ئەو سەری چییە و دەگاتە چی. ئەو ئەمەیشی لا قورس بوو، یەکجار قورس، بۆیە بیری دەکردەوە کە دەبێ جێگرەوەیەک هەبێ. بەڵام کامە جێگرەوە؟... کامە؟

لە خەلک دەترسا، هەتا دەیتوانی هەوڵیدەدا ئەم باوەڕە تازەیەی خۆی بە نهێنی رابگرێ. بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوەی باوەڕی بە خودا نەمابوو لە خودایش دەترسا! لەو خودایەی کە ئەو پێی وابوو قەت قەت نەبووە و نابێ. لەوەی کە بە درێژایی تەمەنی هەستی بە خەڵەتان کردبوو، بێزی لە خۆی دەهاتەوە. بیری قسەی مەلای مزگەوت دەکەوتەوە کە دەیگوت کەس لە حیکمەتی کاری خودا ناگا، دەیگوت ئیمانی کەم دەبێتە هۆی گومان، لە هەموو کارێکی خودادا حیکمەتێک هەیە و بۆیە مرۆڤ نابێ گومانی لێی هەبێ و تەنیا ئیمانە کە سەرچاوەی تێگەیشتن لە خودایە نەک ئەقڵ، ئەوەیکە خودا ئەو کۆرپەلەیە دەباتە بەهەشت، راستەوخۆ،... زۆر شتی تریش، بەڵام کاکە عەبە بیری دەکردەوە خۆ بە بێ ئەو شێوازە لە کوشتنەیش ئەو منداڵە هەر دەچووە بەهەشت. بەڵام مەلای مزگەوت هاوکات دەیگوت کە خودای گەورە ئەو منداڵەی کردووە بە بیانوویەک بۆ ئەوەی عەبدی پێ بترسێنێ، بۆ ئەوەی ئەوان بزانن کە چ باسە و کێ هێزی سەرەکی لایە. خودا کاری لەم چەشنەی دەکرد بۆ ئەوەی ئۆمەتی خۆی بگەیەنێتە ئەو قەناعەتە گەر کاری چاک نەکەن ئەوا تووندترین سزاکان چاوەڕوانیانە، هەم لەم دونیایە و هەم لەو دونیایەی تریش دا.

کاکە عەبە لەبەرخۆیەوە سەرێکی بادەدا و بۆڵەیەکی لێوەدەهات. ئەو پێی وابوو مرۆڤ کە بیەوێ شتێک پاساو بداتەوە چەند ئاسان ئەم کارەی پێدەکرا. ئەو ئیستا گەیشتبووە عەجایباتی مێشکی مرۆڤ.

کاکە عەبە هەرچی سەیری دەورووبەری دەکرد، بە پێچەوانەی قسەکانی مەلا، دەیبینی لە دووای کووشتنی ئەو دایک و زارۆکە دونیا نەک تەنیا هیچ بە لای چاکەدا نەگۆڕابوو، بەڵکو بگرە هەتا دەهات وەزعیش خراپتر دەبوو. خراپتر و خراپتر. دونیا گڵوڵەی کەوتبووە سەرەولێژی. زۆر پیسیش کەوتبووە سەرەولێژی. مرۆڤەکانیش دەڵێی هیچ مێشێکیان میوان نەبوو و وەک هەمیشە درێژەیان بە ژیانی خۆیان دەدا. هەڵبەت گەر بتوانرێ ناوی ژیانی لێ بنرێ. بۆیە لای خۆی پرسیاری دەکرد دەی باشە کەی قەرارە وەزعەکە بگۆڕدرێ،... کەی؟... ئەم کەیە کەی دێت؟ بگرە جاری وابوو هەر دوو دەستی وەک جاران بە نیشانەی دۆعا بەرزدەکردەوە و لەو خودایەی کە باوەڕی پێ نەمابوو دەپاڕایەوە کە دونیا بە لایەکی تردا بخات. دۆعایەک کە وەک هەمیشە وەک دۆعا دەمایەوە و ئیتر هیچ.

سەرئەنجام کونە رەشەکە ئەوی بەو ئەنجامە گەیاند کە دەبێ خودایەک هەر هەبێ، بەڵام دەبێ لە چەشنێکی دیکە بێت. بەڵام هەرچیدەکرد نەیدەزانی چلۆن و چۆن لای خۆی وەسفی بکات و تایبەتمەندییەکانی دیاری بکا. تەنیا شتێک کە پێی گەیشت ئەوە بوو کە ئەو خودا تازەیە لانیکەم دڵی بە کوشتنی منداڵ رازی نیە و بە هیچ چەشنێک ناهێڵێ ئەمە لە قەڵەمڕەوی خڵقەتی ئەودا جێگای بێتەوە. بەڵام لەمە زیاتر نەدەگەیشتە شتی تر. ئەو پێی وابوو دەبێ ئەو تایبەتمەندییانەی وا ئەم خودا تازەیە لە خودا کۆنەکە جودا دەکاتەوە دەبێ گەلێک زۆر بن. تا ئەو تایبەتمەندییانەیشی لای خۆی دیاری نەکردایە ئەوا خواکەی خوایەکی پڕ لە کەمو کوڕی دەبوو و هەربۆیە نەدەبووە خودای راستەقینە. لێرەدا بوو کە کاکە عەبە لە زیرەکیی پێغەمبەرەکانی ناو مێژوو گەیشت و، لای خۆی گوتی "بەڕاستی زیرەک بوونە!"

لە دەرەوەی جەستە و زەینی ئەو، ژیان سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکانی هەر بەردەوام بوو. ئیستا فێرببوو کە لێرە و لەوێ یەک یەک و دوو دوو نوێژەکانیشی دەخوارد، نەیدەکردن. ژنەکەی زوو زوو دەنگی دەدا و دەیگوت ئەیەڕۆ ئەوە چیت لێ بەسەرهاتووە، بۆ وات لێهاتووە،... داخۆ لە غەزەبی خودا ناترسی؟ کاکە عەبە هەڵدەستا و بە ناچاری نوێژی دەکرد. دەیزانی ئەم نوێژنەکردنانە دۆخەکەی لێ خراپتر دەکا. هەر ئەوەندەیە دەنگۆ لەم شارە بچوکەدا بڵاو بێتەوە، یاخود ئەوەیکە خەڵکی وەک جاران لە مزگەوت نەیبینن،... ئیتر لەمە خراپتر نابێ. دەیزانی ئەمە دووڕووییە، بەڵام چاری نەبوو. بە گوێرەی عادەتی کۆن نوێژەکانی دەکرد و لە دڵەوە لەو خوایەی کە باوەڕی پێی نەمابوو داوای دەکرد بیبەخشێ. لە کاتی نوێژەکاندا هەموو جەستەی دەکەوتە سەر ئارەق. بن باڵ و دەورووبەری مل و سەرسینگی تەڕتەڕ هەڵدەگەڕا. جارێکیان رێک لە دووای نوێژی جەماعەت کاک رەحیمی دراوسێیان پێی گوت "بەڵا دوور،... خۆ شوکور نەخۆش نیت؟" کاکە عەبە بە چاوە پڕ لە نیگا ونەکانی لێی رووانی و گوتی کە نا، ئەلحەمدولیلا سیحەتی باشە. بەڵام کاکە رەحیم باوەڕی پێنەکرد و هەر کە عەبە لە مزگەوت وەدەرکەوت دەستبەجێ چووە لای هەندێ لە نوێژکەرەکانی تر و چیرۆکەکەی بۆ باس کردن. ئەوان رایان وابوو کە عەبە وەک هەمیشە شەرمنە بۆیە باسی نەخۆشییەکەی ناکا، ئەگینا دەبێ دەردێکی هەبێ و، بۆیە خوای گەورە بیخاتە بەر لوتف و رەحمەتی بێ پایانی خۆی.

کاکە عەبە جاری وابوو نیوەەشەوان لەخەو بەئاگا دەهات و جگەرەیەکی دادەگیرساند و تێرتێر دەکەوتە ناو بیرانەوە. ئاخر چۆن دەبێ خودا کە دەلیلی داماوان بوو ئا بەم شێوازە ترسناکە پشت لە داماوان بکا؟ سەری بادەدا و باوەڕی نەدەکرد. لەم بەخەبەر هاتنانەی نیوەشەوان ئیتر بە تەواوی گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە خودا درۆیەکی گەورەیە وا مرۆڤ یان بوونەوەری تر سازیان کردووە، بەس بۆ ئەوەی خۆی پێ بخەڵەتێنن. خۆی و ئەوانی تریش. بۆ؟ نازانێ. خەڵەتاندنێک کە تا مۆخی ئێسقان ئارەقەی پێدەردەدا.

ئیتر لە یەکێک لە بەیانییەکانی ئەم جۆرە نیوەشەوانەوە بەڕاستی وازی لە نوێژکردن لە ماڵەوە و لە مزگەوت هێنا و لەبەر خۆیەوە گوتی هەرچی دەبێ با ببێ،... چش! بڕیاری دا ئەمە وەک حەقیقەتێک بۆ هەمیشە لای بمێنێتەوە و ئیتر کاری بە کەسی تر نەبێ چی پێ دەڵێن. لای خۆی گوتی مادام مرۆڤێکی بێ ئازارە و دەست پاک و زمان سەلامەتە ئەمە بەسە بۆ ئەوەی بتوانێ بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ناو کۆمەڵگادا رێزی خۆی بپارێزێ و بە دڵنیاییەوە و بەدوور لە بەدکار درێژە بە ژیان بدا. مەگەر نەک ئەوەیکە مامۆستای مزگەوتیش جارێکیان گوتبووی خوای گەورە دینی ئیسلامی بۆ چاکە ناردبووە سەر زەوی. مەگەر نەک ئەوەی هەر لە کۆنەوە وتراوە عیسا بە دینی خۆی و موسا بە دینی خۆی!

رۆژەکان هاتن و رۆیشتن. شەڕ وەک جاران، بگرە بە شێوەیەکی خراپتریش، بەردەوام بوو و ببووە بابەتێکی سەرەکیی قسە و گفتوگۆی ناو خەڵکی. شەڕ ببووە ژیان و ژیان ببوە شەڕ. ئاسۆیەک بۆ کۆتاییەکەی نەدەبینرا. رۆژ نەبوو هەواڵی ناخۆش لە سەرتاسەری وڵاتەوە نەیەت. هەموو ئەو هەواڵە ناخۆشانە ئەوی بەو قەناعەتە گەیاندبوو کە زیاتر لە سەر بڕوا تازەکەی سوور بێت. ئەو پێی وابوو ئیتر شەڕ لەچاو هەموو ئەو نەهامەتییانەی تر، وا خودا لە گەڵ خڵقەتی خۆی خوڵقاندبووی، شتێکی یەکجار جیاوازە و بگرە ترسناکترین دیاردەیەکە کە مرۆڤ دەتوانێ عەقڵی پێ بشکێ و خوداکەی جاران خوڵقاندبووی. ئەو ئێستا بەرەبەرە هەستی بە نەفرەتیش دەکرد. تەنانەت شەوێکیان کاتێ ژنەکەی لە نوێژی شێوان و دۆعا هەمیشەییەکەی بووەوە، رووی تێکرد و گوتی کەلیمەکانت لەو سەقفەی سەر سەرت زیاتر بڕناکەن،... وازبێنە خانمۆکێ!

خانمۆکێ بە سەرسووڕمانەوە لێی رووانی و، هیچی نەگوت.

سەرئەنجام رۆژێکیان دیسان فڕۆکەکان روویان لە ئاسمانی شارەکە کردەوە. کاکە عەبە لە دووکان بوو و خەریکی بەڕێکردنی مشتەری بوو کە دەنگە ترسناکەکەی بیست. دەنگەکە لە چەند چرکەدا وەها بەرز و بەرزتر بووەوە کە دەڵێی دونیای بەسەر یەکتردا تێک قرنجاند. ئەوسا بۆمبەکان یەک لەدووای یەک لە گەڵ دەنگەکە تێکەڵ بوون و دونیایان کرد بە جەهەننەم. کاکە عەبە هەر ئەوەندەی لەبیر دێت کە وەک پووشی دەم بایەکی بەهێز لە جێگای خۆی هەلکەندرا و،... ئیتر ئەوەی وا بۆ هەمیشە لە زەین و بیرەوەییدا مایەوە، فڕینی پەیکەری سووکی خۆی بوو لە حەوادا.

کاکە عەبە بەختی هەبوو و گیانی دەربرد، ئەگەرچی بە بێ قاچێک و قۆلێکی. لەناو ئەو راستە بازاڕەدا هەر ئەو دەرچووبوو. شار ئەمجارە وەها کارەساتێک رووی تێکردبوو، نەبێتەوە. ژنەکەی ئیستا لە کاتێکدا خزمەتی کاکە عەبەی مێردی دەکردو بە دەم سڕینی فرمێسکەکانیەوە ئاهی هەڵدەکێشا و شوکری خودای دەکرد، دیسان دڵخۆش بوو بەوەی کە وەک ژنانی تری پیاوانی ئەو راستە بازاڕە نەببووە بێوەژن.

کاکە عەبەیش ئیستاک هەر بەردەوام بە یەک قۆل و یەک قاچەوە دیسان بیرەکە بەرۆکی بەرنەداوە و بیردەکاتەوە کە داخۆ ئیستا لە دووای ئەم گیان بەدەربردنە، هەرچەند بە نیوەناتەواوی، باوەڕی بە خوداکەی جاران هەبێت یان نا. خودایەک کە بە گوێرەی قسەی ژنەکەی ئەوی لەناو ئەو هەموو خەڵکە جەستە لەت و پەتەدا نەجات دابوو و دیسان بەخشیبوویەوە بە بنەماڵەکەی. کاکە عەبە بیری دەکردەوە کە داخۆ دەکرا نیوەجەستەیەک بە مانای روحمی خودا کۆنەکەی جاران بێت.

زستان هات و کورەی داریان دانا. نەوت وەک جاران دەست نەدەکەوت. سەرما و بەستەڵەکی ئەمساڵیش وەک هیچ ساڵێکی تر نەبوو. ژنەکەی چوو لە یەغانە قەدیمییەکە باڵتاوێکی رەشی کۆنی دەرهێنا کە هی ساڵانی ساڵ لەوە پێش بوو. کاکە عەبە لەمێژ بوو ئەم باڵتاوەی لەبەر نەدەکرد. بگرە هەر لە بیریشی چووبووەوە. ژنەکەی لە تەشتێکی گەورەدا دیسان شۆردییەوە. جوان جوان. ئەوسا لێیگەرا بە جوانی بچۆڕێتەوە. کاکە عەبە لە ناو جێگاکەیدا خەوی لێکەوتبوو و پرخەی دەهات. ژنەکەی کورەکەی نێڵ دا و چوو پاڵتاوەکەی هێنایە ژوورەوە. ئەوسا بەو چێورەختییەیدا کرد وا لە ژنی دراوسێکەیانی وەک دیاری وەرگرتبوو. دیاری و شتێکی نوێ. چێوڕەختییەکی تازە مودێل کە ئەم شان تا ئەو شانی پاڵتۆکەی پڕدەکردەوە. وەک بڵێی زەلامەکە بۆ خۆی تێیدا بێت چوارشانە و رەپ رایدەگرت و رایدەوەستان. ئەوسا بە حەڵقەکەی کردی بەو بزمارەیدا وا بە دیواری بەرامبەری جێگاخەوەکەی کاک عەبەوە بوو. لەکۆتاییدا گڵۆپە زەردە کەم تینەکەی کوژاندەوە و نووست.

نیوەشەو وەک هەمیشە کاکە عەبە بە قاچ و قۆلێکەوە لەخەو بەئاگاهات. جەستەی نیشتبووە سەر ئارەق. بەئاگاهاتنی ئەمشەوی دەڵێی جۆرێکی تر بوو. وەک بڵێی کەسێک شانی راوەشاندبێ و هاوکات بە ئەسپایی بە گوێی دا چرپاندبێ کە: "عەبە،... عەبە، هەستە،... هەستە!" کاکە عەبە هەستا. ژوورەکە تاریک تاریک بوو. کورەی دارەکە لەگەڵ ئەوەی هێشتا گەرم بوو بەڵام گڕەکەی نیشتبووەوە. ژنەکەی لێفەکەی لەسەر خۆی فڕێدابوو و پرخەی خەوی دەهات. بەتەمای کێشانی جگەرەیەک بە دەم باوێشکدانەوە دەستی برد پاکەتە جگەرەکەی لە پشت سەرینەکەیەوە دەرهێنا. لەو کاتەیدا جگەرەکەی بە لێوەوە بوو و دەیویست بە فەندەکەکەی جگەرەکە داگیرسێنێ، هەستی بە سێبەری گەورەی شتێک لە سنووری نێوان تاریکیی ژوورەکە و ئەو رووناکاییە بە ئاستەمەدا کرد وا لە پەنجەرەکەوە خۆی بە ژوورەوەدا دەکرد. کاکە عەبە جەستەی تەزی و پەنجەکانی تاقە قۆلی چلورەیان بەست. جگەرەکە شل بوو و لە لێوەکانی ترازا و کەوتە خوارەوە. ئا، کەسێک یان شتێک لەوێدا بوو، چوارشانە و پان،... رێک لەو سەر سنوورە نەگبەتە. بیری چووە سەر ژنەکەی، ویستی هەڵیستێنێ، بەڵام نەک تەنیا جەستەی نیوەناتەواوی بۆ نەدەجوڵا، بەڵکو دەنگیشی چلورەی کردبوو. سڕسڕ. کاکە عەبە نازانێ بۆ دڵی لە ترسا نەتۆقی، یاخود نازانێ بۆ هەموو ئازای جەستەی وەک مۆمێک نەتووایەوە و نەڕژایە ناو پێخەفەکەیەوە. ئەو ئەوەتەی لە بیری دێ و لەم ژوورەدا و لە ناو ئەم پێخەفانەدا خەوتووەو بە نیوەشەوان بۆ کێشانی جگەرە خەبەری بووەتەوە، قەت بەتووش شتی لەم چەشنەوە نەببوو. زۆر سەیربوو بە هیچ جۆرێک نەیدەتوانی چاوی لێهەڵبگرێ. جەستەکە، تاریک تاریک، وەک بڵێی بە بێ قاچ لە سەر زەوی راوەستابێ و خاوەنی هیچ سەرێکیش نەبێ. تەنیا ناوقەدێکی ئەستووری رەش رەش. بە بێ جووڵە. سەرتاپا.

کاکە عەبە جگەرە و فەندەکەکەی لەدەست کەوتەخوارەوە. ئارام لە کاتێکدا جەستەی نیوەناتەواوی وەک شەقشەقە دەلەرزی، پاڵکەوتەوە و لێفە ئەستوورە بەرگ جاجمییەکەی بە خۆیدا دایەوە و هەموو جەستەی لە ژێریدا نوقم کرد. ئەگەرچی بە دەستێک ئەم لاو و ئەو لا پێکردنی لێفە قورسەکە زەحمەت بوو، بەڵام جەستەی لەرزۆک و تاساوی دەرەقەتی هات. هەر جوڵەیەک دەڵێی ساڵێکی دەخایاند.

لەژێر لێفەکەوە لەبەر خۆیەوە گوتی: "خوایە گیان،... خوای گەورە گووم خوارد بێ جێم کرد،... ناشوکریم کرد،... هەر خۆت خوای گەورەی،... هەر خۆت ساحیب دونیا و ساحیب قیامەتی،... بە کەرەم و گەورەیی خۆت بمبەخشە،... من سەگی کێ بم کە گومان لە هەبوونت بکەم،... بە گونمەوە کێ لەت و پەت دەبێ و کێ دەمرێ،... کێ قاچ و دەستی دەپەڕێ و کێ بێ کەس دەبێ،... گووم خوارد،... گوو...!"

بۆ سبەی ژنەکەی کە لەخەو هەستا، یەکسەر چوو دەستێکی لە باڵتاوەکە دا بزانێ وشک بووەتەوە یان نا. بەدەم رێگاوە چاوێکیشی لە مێردەکەی کرد کە وەک کۆرپەلەی ناو سکی دایک خۆی کۆکردبووە و هیچ شوێنێکی بەدەرەوە نەبوو. باڵتاوەکە وشک بوو. هەڵیگرت و بردی کردی بە بزمارەکانی داڵاندا. چێوڕەختییەکەیشی برد و خستیە ناو یەغانەکەوە.

هەر ئەو رۆژە، کاکە عەبە کاتێک خەبەری بووەوە، دەستی کردەوە بە نوێژکردن. بە چێوشەق هەموو رۆژانی هەینی خۆی دەگەیاندە نوێژی جەماعەت و هەتا تینی تیابوایە لەوپەڕی باوەڕمەندی و ملکەجیدا دۆعای دەکرد.

مەلای مزگەوت لە جەمعی هەندێکدا گوتبووی خودای گەورە دەلیلی داماوانە،... شفا و دەرمانی هەمووان لای ئەوە و بەس،... بەڵام بەینی خۆماندا بێت ئەوەی لە رێگای راست لابدات خوای گەورە بە ناردنی تەیارە راستی دەکاتەوە!

 

 Bilderesultat for ‫پالتو‬‎