رزگار لوتفی

نازانم چ رازێکە، کاتێک گرتە ویدیۆییەکە دەگاتە ئەم بەشەی خۆی، دڵەڕاوکێ کۆنەکە دەمگرێتەوە و لەوە دەترسم نەکا دیسانەوە کارەبا ببڕێت‌و، هورووژمی تاریکی رامـماڵێتەوە سەر وەختی جەڵتە ناوەختەکەی باوکم‌و ناشتنە باراناوییە پاییزییەکەی پارێکە ئەم‌ وەختانە!

 

باوکم مردووە، کەچی کاتێک گرتە ویدیۆییەکانی دەبینم واهەست دەکەم لەم خانووە ئاپاڕتمانی‌یەی ئێستا تێیدا دەژیم واقیعی‌ترە، بە تایبەت ئەم دی‌وی‌دییەی کە باوکم هەشت ‌مانگ بەر لە کۆچی دوایی، بە خەتە شپڕێوەکەی لە سەری نووسیویەتی:" سیانزە بەدەری ساڵی ١٣٩٢ی کۆچی هەتاوی". هێشتا چاوی تەلەفزوێنەکە بە یەکەم دیمەنی گرتە ویدیۆیەکە نەپشکووتووە دەزانم کامێراکە بە خێرایی لە پڕایدە ١٣٢ە سپی‌یە یەخچاڵی‌یەکەی باوکم مەودا دەگرێ‌و دەڕوا پژۆ ٤٠٥ە زێوینی‌یەکەی منیش دەربخات. دەرگای سندووقەکەی ئۆتۆمبیلەکەم کراوەیە، لەو دیویەوە بزاوتێک هەست پێدەکرێ و کەللـە سەرێک مسۆگەرە. پڕایدەکە رووی لە چۆمەکەیەو پژۆکەش پێچەوانەی راگیراوە. هێندە ئەم گرتە ویدیۆییەم بینیوە بست‌ بە بستی دیمەنەکانیم لە بەرە. بە تایبەت چون خۆم دەرهێنەرەکەی بووم و کامێراکەشم بە حەزو لەزەوە بەم لاولادا گێڕاوە گەیشتووەتە قووڵایی یادگەم‌و بە سانایی رەگی داکوتاوەو جێگای خۆی خۆش کردووە. تا کامێراکە لە ئۆتۆمبیلەکان مەودا دەگرێ و دوورتر دەکەوێتەوە سرووشت ئامێزی ئاوەڵاتر دەکا. لێڕەوارێکی چڕوپڕی بێ‌ جل‌وبەرگ بەرەو مە دێ‌و تیوتیوەی حەزمان دەدا زووتر وێکكەوین‌و لە مابەینی‌ دارەکانی‌ و لە سەر چیمەنە ساواکەی دامێنیاندا ئۆقرە بگرین. بەر لەوەی بیگەینێ؛ رووبارێک هەڵوەدای لاقە رووتەکانمانە و بە تەمایە نازیان بکا. تێکڕای بنەماڵەکەمان بە کەل و پەلەکانی دەستیانەوە لە قەراغ بواری چۆمەکە خستوویانەو خەریکن گۆرەوییەکانیان دادەماڵن. ئەم بەشەی گرتە ویدیۆییەکە، دیمەنی لە هێلکە دەرچوونی کیسەڵە دەریاییەکانم دەخاتەوە یاد. هەموو جارێ لێرەدا زووم دەکەمە سەر ئەو بێچووە کیسەڵانەی هێشتا بە جوانی چاویان نەپشکووتووە و بێ سەبرانە بە ناو لمی قەراغ دەریادا بەرەو دەریان. دایکم لە پێش هەموواندا دەپەڕێتەوە، دەبێتە قریوەو هەڵڵا. ئاوی رووبارەکە بەفراوی کێوەکانی دەورووبەرو کانیاوە تازە تەقیوەکانە. بە دوای دایکمدا برابچووکەکەم و دواتر خوشکەکانم دەپڕنەوە. بە گوومانم تا ئەم کاتە لاقەکانیان خۆری دیتبێ!، لە باوکم دەچمە پێشێ، هێشتا بە لاقی رووتەوە بڕیاری پەڕینەوەی نەداوەو لە شوێنی خۆی دانیشتووەو لە بنەماڵەکەی دەڕوانێت. نازانم بیر لە چی دەکاتەوە. زووم دەکەمە سەری و دەمەوێ کەمێک بیبزوێنم. دەمەوێ بە بیرلێ‌کردنەوە رستەیەکی مانادار بهۆنمەوە و ئاراستەی بکەم، بەڵام لەو دەرفەتە کورتەدا ئەوەم پێناکرێ یاخود لەوانەیە لە دەستم بەر نەیەت. بۆ ئانێک پێموایە بەرە پێم چووەتە سەر وردە شووشەو دەشبێ مەودایەک بەوجۆرە ببڕم. شووشەکان لە ژێر پێمدا دەخرمێنن‌و، منیش لەرزۆکانە دەئاژوێم. هەر کاتێک دێمەوە سەر ئەم باژی ویدیۆییە؛ بێ‌ ئەم لاولا دەچمەوە سەر ئەو وردە شووشە گەش‌و ڕوونانەی هەڵڕژاونەتە بەرپێم‌ و دەستبەجێ خۆفێک بە هەناوما رادەخووشێ و پاش چرکەساتێک جێگاکەی دەدا بە دڵەکوتەیەکی ناباو. گرفتەکەم لەوەدایە ناتوانم زوو بیر بکەمەوەو بە پەلە بڕیار بدەم. بۆ ئەوەی چاونەترسانە لە سەر بابەتێک هەڵوێستە بکەم و تێی‌بفکرم دەبێ لە بێدەنگی و مەندییەکی رەهادا بچەقم. مەندییەک سریوە پێی نامۆ بێ‌و چرپە پێی غەوارە.

باوکم نیگای قورسی خۆی خستووەتە سەر دارستان و بنەماڵەکەمان لەوبەر و، ئاگای لە من نییە چۆن شێلگیرانە لە پرسیارێکی هەواڵنێرانە دەگەڕێم بەشکوو بیخەمە دۆخێکی نەخوازراو و بۆشم نابینرێتەوە. دۆخێکی وا تەواو و کەماڵ بە دڵی خۆم. بیرۆکەیەک بە مێشکمدا تیژ دەبرووسکێنێ و یەک ئان مێشک و چاوم دادەگیرسێن: ــ " بابە! ماشەڵڵات لێ بێ خۆ ئەم ساڵ گەنج‌تری لە پار!". بزەیەک دەیگرێ‌و واق‌وڕماو لە کامێراکە دەڕوانێت، دەپەشۆکێ و واهەست دەکەم چاوەڕێی دەربڕینی ئەم وتەیە نەبووبێت. دەڵێم:ــ" بۆ ئەوە دەبی سێ‌ژنی دیکەت لێ مارە بکەن بابە!". دەدا لە قاقای پێکەنین‌و بە دوادا دەکەوێتە سەر گازەرەی پشت. بە دەم پێکەنینەوە دەڵێ:ــ " ئەگەر ئازای بچۆ لە مەرکەز وا بڵێ رۆڵە، مەرکەز!". وشەی مەرکەز، تەرکیزی خۆم و کامێراکەم دەشێوێنێت. تا ئەو رادەیەی رووی کامێراکەم دەنواڕێتە دووردەستەکان و بە دامێنی ئەو کێوانەی هێشتا بەفرەکەیان نەچۆتەوە هەڵدەزنێت، رێک لەو شوێنەوە کە گەڵاجاڕەکان کۆتاییان دێ و شان‌و ملی رووتەنی چیاکان خۆ دەنوێنن. مەرکەز وشەیەکی نامۆ نییە بۆ ئێمە. رەنگە پێشینەکەی بچێتەوە سەر باوەگەورەمان یاخود بەرەو پشت‌تریش. بەڵام ئێستاشی لە گەڵ‌دا بێ نەمزانیوە ئەم وشەیە کەی کەوتووەتە ناومان و بۆ هێندە دەکار دەکرێت. بە تایبەت ئەو کاتانەی لای باوکم باسی ژن‌هێنان دێتە گۆڕێ و ئەویش دەست‌ لە سەر پەلەپیتکە، دەستبەجێ دەستەواژەی " ئەگەر ئازای بڕۆ لە مەرکەز وا بڵێ " لە زارییەوە دەپژێت. ئێستا وەختییەتی بەر لەوەی لووتکەی چیاکەی ئەو بەرمان بەڕێ بکەین، کامێراکە بگەڕێتەوە سەر باوکم و بژاری بەردووچکەکانی قەراغ چۆمەکە بنوێنێت. پاشان زووم بکاتە سەر ئەو سیانزە بەردە لووسە رەنگاوڕەنگەی ناوچنگی باوکم و دواتر هەنگاوێک بکشێتە دواوەو چاوەڕوانی هەڵدانی بەردەکان بێ بۆ پشت سەری. بەرد بە بەرد زووم بکاتە سەریان و ئاخاڤتنی باوکیشم بەرجەستە بکاتەوە. هێشتا باوکم یەکەم بەردی نەهاویشتەوەتە پشتەوە، وێردێک فەزای ئەفسووناوی دەکاتە ناواخنی گرتەکە. ترووکە ترووکی لێوەکانی باوکم پتر سەرنجی کامێراکە دەبزوێنێت. پاش قەدەرێک دەنگی لە بەرزیدا دەپژێتەوەو بە چاوی نووقاوەوە دەڵێ: ئەم بەردەیان لە نییەتی ئەوەی ئەم ساڵە پڕ لە نەگبەتی و نەهامەتییە بڕوات و هەرگیزاوهەرگیز نەگەڕێتەوە. دەستبەجێ بەردووچکەیەک هەوارگەی دەستی جێ دەهێڵێ پڵتەی ماچەکەی، تێکەڵ بە لرڤەی چۆمەکە دەبێت. لە هەڵدانی دووهەم بەرددا دەبێ راوەستم گرتە ویدیۆییەکە بگاتە جێ. باوکم دەڵێ: ئەمەشیان لە نییەتی تووڕهەڵدانی گرانی؛ بڕوا و هەرگیز نەگەڕێتەوە. بەردی دووهەم و سێهەم و چوارەم و .. دواتر پشوویەکی بۆ دەگرێت، پاشان بە ئارامی پشتە چەق‌ بەستووەکەی راست دەکاتەوەو بە بێ‌ مەیلییەوە هیوای دووبارەی دەروونی دەژیێنێتەوە. جامەدانەکەی دەکاتە ملپێچ، کڵاوەکەی بە قیتەوە دەنێ و مەودای نەکەم‌ نەزۆری رووبارەکە دەبڕێت. گەر باوکایەتی‌و چرچەکانی رووخسارو دەوری ملی نەبان، لەوانەبوو لە گەڵ عەبدووڵڵا ئۆجالان‌دا لێکم نەکردبانەوە ، بەو جیاوازییەوە ئەم تا ئێستا لە بەرەی ناندا خەباتی کردووەو ئەو ...            

نازانم چ رازێکە، کاتێک گرتە ویدیۆییەکە دەگاتە ئەم بەشەی خۆی، دڵەڕاوکێ کۆنەکە دەمگرێتەوە و لەوە دەترسم نەکا دیسانەوە کارەبا ببڕێت‌و، هورووژمی تاریکی رامـماڵێتەوە سەر وەختی جەڵتە ناوەختەکەی باوکم‌و ناشتنە باراناوییە پاییزییەکەی پارێکە ئەم‌ وەختانە!. 

 

 

 

بازدید: 1637